مەسعودی مەلا ھەمزە : فیلمی دیکۆمێنتی ھاواری بێدەنگ لە ئامادەکردن و دەرھێنانی ئەمیر تەھا بەشداری خولی حەوتەمی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لە لەندەن دەکات، کە بابەتی فیلمەکە سەبارەت بەو ئافرەتانەیە کە ھەوڵی خۆسوتاندن دەدەن لەبەر ھەبوونی گرفتی کۆمەڵایەتی”.
لە لێدوانێکی تایبەتدا ئەمیر تەھای دەرھێنەر گوتی”لەم فیلمەدا دیدار لەگەڵ ئەو ئافرەتانە کراوە کە لەبەربوونی کێشەی کۆمەڵایەتی خۆیان سوتاندووە و کەوتونەتە نەخۆشخانە, لە فیلمەکەدا ھۆکاری ئەم دیاردە کوشندە کۆمەڵایەتیە خراوەتە روو و سەرجەم ئەو کەسانە پەشیمانی خۆیان دەردەبڕن بۆ ئەو کارەساتەی بەسەریاندا ھاتووە و دەرەنجامیش خانەوادەکەی تێکچووە و منداڵەکان یان بێ دایک بوونە یان بە ناچاری دەبێ لەگەڵ دایکێک بژین کە رووخساری سوتاوە و ناحەز بووە”.
شایانی باسە ماوەی فیلمەک ١٦ خولەکەو ھەریەک لە “بلال شاکر, ئەمیر تەھا, ئیبراھیم عەدنان, سامی کاکە” وەک وێنەگر لەکارەکە بەشدارن و جانۆ رۆژبەیانی کاری مۆنتاژی فیلمەکەی کردووەو پێشتریش ئەم فیلمە لە فێستیڤاڵی ئۆبسکۆرای وڵاتی پۆڵەندا بەشداری کردووەو لە فێستیڤاڵی بابلیش خەڵاتی مۆنتاژی پێ بەخشراوە”.