حەمەسوار عەزیز : سەرەتا دەمەوێ بەو پرسیارە دەسپێبکەم ئایا ئەرکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سینەمایە فیستیڤالی (نا بۆ توندو تیژی دژی مێینە) ساز بکات؟ ئایا ئەمە ئەرکی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی نییە؟ ئەگەر وانییە ئەی کاری ڕێکخراوەکانی ژنان و ئەنجوومەنی باڵای خانمان و ئەو ڕێکخراوە ناحکومییانەی کە کار بۆ کەمکردنەوەی توندو تیژی نێو خێزان دەکەن چییە؟ ئایا شیاو و گونجاوە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سینەما لەجیاتی ئەم ڕێکخراوانە ئەم کارە بکات؟ ئایا بەڕێوەبەرایەتی گشتی سینەما بۆ ئەوە دانەمەزراوە کە ژێرخانی پیشەسازی سینەما لە کوردستان دابمەزرێنێت و برەو بە ڕەوشی سینەما بدات و بەرنامەڕێژی کاری فیڵمسازی بکات لە ھەرێمی کوردستان؟ ئەرێ ئەو ئامانجەی کە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سینەما بۆی دامەزراوە لەکوێ لەگەڵ ئەوە یەکدەگرێتەوە کە کار بۆ نەھێشتنی توندوتیژی بکات لە دژی ژنان؟
ئەگەر لەسەر ئامانج و مەبەستی فیستیڤاڵەکەش قسە بکەین، دەبێ بپرسین ئایا مەبەست لەم فیستیڤاڵە سازدانی فیستیڤاڵێکی سینەماییە کە تییایدا کۆمەڵێک سینەماکار و فیڵمساز کۆمەڵێک بەرھەمی سینەمایی پێشکەش دەکەن و باشترین بەرھەمەکان لەڕووی دەرھێنان و سیناریۆ و نواندن و وێنەگرتن و مۆنتاژ و تەکنیک دیاریدەکرین و خەڵات وەردەگرن، یا فیستیڤاڵەکە بە مەبەستێکی کۆمەڵایەتی وەک فاکتەرێکی کاری فیمینیزم لە کوردستان مامەڵەی لەگەڵ کراوە، کە تیاییدا ھونەری سینەما تەنھا وەک فاکتەر بەکارھاتووەو ئامانجی سەرەکی پەیامە کۆمەڵایەتییەکەیە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارەش پێموایە بۆچوونی دووەم کراوە بە مەبەست و ئەم فیستیڤاڵە سینەمای کردۆتە فاکتەرێکی کاری فیمینیزمی لە کوردستان و تاکە مەبەستی ئەوەبوو کە دژایەتی ئەو توندوتیژییە بکات کە دژی ژن پیادەکرێت، ھەر بۆیە بینیمان بەشێک لە ئەندامانی لێژنەی دادوەری فیستیڤاڵ پێکھاتبوون لە کەسانێک کە دوورو نزیک پەیوەندییان بە کاری فیڵمسازییەوە نەبوو، ئەو فیڵمانەش کە خەڵاتیان وەرگرت تەنھا لەو ڕووەوە مامەڵەیان لەگەڵ کرابوو ئایە خزمەتییان بە بیرۆکەی ئەو فیستیڤاڵە کردبوو، واتە فیڵمەکان تەنھا لەڕووی بابەتەوە سەیرکراون و لایەنی ھونەری و تەکنیک و داھێنان لە بواری فیڵمسازی ھیچ بایەخێکی نەبووە.
بۆیە لێرەدا حەقە بپرسین ئەوە چ گاڵتەرجاڕییەکە لە فیستیڤاڵی سینەما کەسانێک لێژنەی دادوەری بن کە دوورو نزیک پەیوەندییان بە سینەماوە نەبێت، ئایا ب.گ. سینەما بەمشێوەیە کار بۆ گەشەکردنی سینەمای کوردی دەکات لە کاتێکدا لە جێگەی یەکێتی ژنان و یەکێتی ئافرەتان فیستیڤاڵی فیمینیزمی ڕێکدەخات، ئایا ئەوە لاساییکردنەوەی کاری چەندین ساڵەی یەکێتی ژنان نییە کە بەمشێوەیە مامەڵە لەگەڵ سینەما دەکەن لە خزمەت کێشەی ژن، کە ئەمە ئەرکی ئەو ڕێکخراوەیە؟ ئایا کاتی ئەوە نەھاتووە کە دەسخۆشی لە وەزارەتی رۆشنبیری بکرێت کە بەڕێوەبەرایەتیەکی بەوشێوەیە دادەخات کە نازانێت ئەرکی چییە و بۆچی کار دەکات؟ ئەگەر ئەوەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە دەیکات ئەرکی ب.گ.سینەما بێت، ئێمە چ پێویستیمان بەو بەڕێوەبەرایەتییە ھەیە لە کاتێکدا کە ڕێکخراوەکانی ژنان ژمارەیان بە دەیان ڕێکخراوەو کار بۆ کێشەی ژن و یەکسانی و کەمکردنەوەی توندوتیژی نێو خێزان دەکەن.
ئەگەر باس لە ناوەڕۆکی فیڵمەکانیش بکەم دەبێ ئەوە بڵێم ئەم فیستیڤاڵە باڵاترین فیستیڤاڵ بوو لە ڕووی ناشیرینکردنی تاکی کورد بە ژن و بە پیاوەوە، ئەو فیڵمانە کۆمەڵگای کوردییان بەشێوەک نیشاندا ئیتر ھیچ ژنێک نەوێرێت بە شەقام و کوچەکانی وڵاتی ئێمە گوزەر بکات، سەیر نییە لە ھەموو فیڵمەکانی فیستیڤاڵ تەنھا دوو ژن سواری تاکسی دەبن و ھەردووکیان دەستدرێژی سێکسیان دەکرێتە سەر!!! ئایا ئەوە سەلماندنی ئەوە نییە کە کۆمەڵگەی ئێمە جەنگەڵستانەو ھیچ یاسا و بەھایەکی مرۆڤانەی تیا نییە، ئایا دوای سەیریکردنی ئەم فیڵمانە ھیچ ژنێک زاتی ئەوە دەکات سواری تاکسی بیت؟
ئەمە تەنھا نمونەیەکی بچوکە لە بابەتی ئەو فیڵمانەی کە لەو فیستیڤاڵە نمایشدەکران و ڕەنگە ھەندێکیشیان خەڵاتیان وەرگرتبێت، بەداخەوە چەندین ساڵە کۆمەڵێک کەس بەناوی سینەما و فیڵمسازی لەسەر ناشیرینکردنی کورد لە فیستیڤاڵەکانی دەرەوە خەڵات وەردەگرن، من تەنھا دەمەوێت یەک پرسیار بکەم، ئایا ھیچ کەس بەقەد ئەمریکا دەستدرێژی کردۆتە سەر گەلانی دونیا، ئایا گەورەترین کارەساتەکانی ئەم سەدەیە ئەمریکا وەک دەولەت و حکومەت لێی بەرپرسیار نییە ، ھەر لە ھیرۆشیما و ھەڵەبجە و ڤێتنام و فەلەستین؟ ئەی قێزەوەنترین تاوان لەناو خودی کۆمەڵگای ئەمریکی ڕوونادات؟ ئەی بۆ رۆژێک لە ڕۆژان نەمانبینی سینەمای ئەمریکی کە باڵاترین سینەمای دونیایە، مرۆڤی ئەمریکی بەوە تاوانبار بکات کە مرۆڤ دەکوژێت؟ بە پێچەوانەوە ھەموو سینەمای ئەمریکی بۆ ئەوە کار دەکات کە ئەمریکا وەک ڕزگارکەری جیھان و مرۆڤی ئەمریکیش وەک پاڵەوان و مرۆڤ دۆست وێنا بکات.
لە کۆتاییدا دەڵێم ئەگەر ئەوە ئەرکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سینەمایە، حەق نییە ناوەکەی بکرێتە “بەڕێوەبەرایەتی گشتی سینەما بۆ نەھێشتنی توندوتیژی دژی مێینە!!!