راپۆرتی/ زانا دڵشاد دزەیی :گەنجێکی کوردی شاری ھەولێر دوای چەند ساڵێک ژیان لەئەوروپا ئێستا گەڕاوەتەوە کوردستان و دەیەوێ دانسی سالسە لێرە دروست بکات، ئێستا راھێنان بەکۆمەڵە کچ و کوڕێک دەکات و گەنجان لێی کۆبوونەتەوە، ئەو دەڵێت “تەنیا لەئەفغانستان و سعودییە دانسی سالسە نییە، ئەگەر لەکوردستان سالسە فراوان بێت لەھەموو ئەوروپا خەڵک دێتە کوردستان”.
سالسە دانسێکی جیھانییە، میوزیک و گۆرانی تایبەت بەخۆی ھەیە، کە تێکەڵکردنی میوزیکی دوو وڵاتە، کاتێک ئەفریقییەکان بەکۆیلەیی چوونە ئەمریکای لاتین، ئەفریقییەکان و ئەمریکییەکان میوزیکی خۆیان تێکەڵ کرد و میوزیکی سالسەیان دروستکرد، بۆ ھەموو تەمەن و باڵا و شێوە و دەبێ، جلوبەرگی تایبەت بەخۆی نییە، ئێستا لەھەموو جیھان گەنجەکان دەیکەن، بەڵام تەنیا ئەفغانستان و سعودییە دژی ئەم جۆرە دانسەن و قەدەخەیان کردووە.
خەسرۆ سالسە، گەنجێکی شاری ھەولێرە و لەگەرەکی تەیراوە لەدایکبووە، چەند ساڵێک لەچەند وڵاتێکی ئەوروپی ژیاوە و ھەشت ساڵ دانسی سالسەی کردووە و ئێستا گەڕاوەتەوە ھەولێر و سالسە فێری گەنجەکان دەکات و لەبەرنامەی دایە گروپێکی گەورەی سالسەی کوردستان دروست بکات و بەشداری فیستیڤاڵەکان بکەن، ئێستا کۆمەڵە گەنجێکی کچ و کوڕ لەلای خەسرۆ خۆیان فێری دانسی سالسە دەکەن.
خەسرۆ گوتی “ساری پار کە لەبەریتانیا ھاتمەوە کوردستان ھەستمکرد گەنجەکانمان زۆر بێ چالاکی ھونەرین، شتێک نییە دڵیان پێخۆش بکەن، من بڕیارمدا لەکوردستان سالسە بکەمەوە، چونکە کورد حەزی لەرەقسە”. سەرەتا خەسرۆ لەشارۆچکەی عەنکاوە دەستی پێکرد و دواتر ھاتە ھەولێر، دەڵێت “چووم بۆ وەزارەتی رۆشنبیری بۆئەوەی لەھەولێر ھۆڵێکم بۆ دیاری بکەن، چونکە ھەموو کەسێک نەیدەتوانی بێتە عەنکاوە، کاک نەوزاد قانون لەوێ بوو گوێی لەقسەکانی من بوو، زۆری پێخۆشبوو، گوتی وەرە ھۆڵی سەنتەری ئاڵا، دەمێک بوو کۆمەڵە گەنجێکی زانکۆ چاوەڕێ بوون شوێنێک ھەبێ دانسەکە دەست پێبکرێ، ئێستا لەوێ کۆرسەکە ھەیە”. ساڵی پار ھەندێ لەقوتابی زانکۆی کوردستان گروپێکیان دروستکردبوو بەناوی گروپی سالسەی زانکۆی کوردستان، کە لەکچ و کوڕ پێکھاتبوون، خەسرۆ دەڵێ ئەوانە منیان دۆزیەوە و ئێستا لای من رۆژانە پرۆڤە دەکەن، ھەروەھا دەڵێت گەنجی “گەنجەکان لەئێرانی، مەسیحی، کورد، ئاشورییە، غەرەب، چیکی تێدایە”.
منار سەعد، تەمەن ١٨ ساڵ، کچە عەرەبێکی شاری موسڵە، ئێستا لەگەڵ خانەوادەکەی لەھەولێر نیشتەجێیە و قوتابی قۆناخی سێدی زانکۆی کوردستانە، یەکەم رۆژ بوو لەگەڵ ھاوڕییەکی خۆی ھاتە ھۆڵی راھێنان، بە سەرسوڕمانییەوە سەیری ھاوڕێکانی خۆی دەکرد، کاتێک دانسیان دەکرد، گوتی “چەند ھاوڕێیەکم داوایان لێکردم بێم سەیریان بکەم، گوتم ئەگەر خۆش بوو منیش دەیکەم، ئێستا بەلامەوە سەرنجڕاکێشە و یەکەمجارە ئەم دانسە دەبینم، موزیکەکەی زۆر خۆشە، بۆیە بڕیارمدا منیش بیکەم”. ھەروەھا منار دەڵێت “خۆشەکەی ئەوەیە ھەموو کەسێک دەتوانێ لەماڵی خۆی بیکات و زووش فێری دەبی”.
عەلی مەشود، گەنجێکی فارسی ٢١ ساڵە، ئەویش لەزانکۆی کوردستان دەخوێنێ، ئەو باش فێری دانسی سالسە بووە، پێشتریش مامۆستایە یابانیەکەی لەزانکۆی کوردستان کەمێکی فێرکردبوو، بۆیە لەگەڵ چەند ھاوڕێیەکی لەفەیسبووک گروپی سالسەی زانکۆی کوردستانیان دروستکردبوو، گۆرانی و میوزیکی ئەم دانسەیان نمایش دەکرد، عەلی گوتی “کاتێک مامۆستایە یابانیەکەم جارێک ئەم دانسەی بۆ کردم من نەمتوانی فەرامۆشی بکەم، مامۆستاکەم رۆیشت، بەڵام لەئینتەرنێت زۆر بەدوای ئەم دانسە کەوتم، کەسێک نەبوو فێرم بکات، پێم خۆشە لای مامۆستا خەسرۆ تەواو فێربم و بچمە فیستیڤاڵەکان”. لەکاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە لەسەنتەری ئاڵا ناوناوە دوو، سێ گەنج پێکەوە دەھاتنە ژوورەوە سەیری دانسەکە بکەن و دواتر بڕیار بدەن، خۆیان فێر بکەن یان نا، ئەوان زۆربەیان کورد بوون.
خەسرۆ کاتێک ھاتەوە کوردستان لەبەرنامەیدا بووە گەنج فێری دانسی سالسە بکات، بۆیە ھەموو گۆرانییەکانی سالسەی لە بەریتانیاوە لەگەڵ ھێناوەتەوە و گوتی “چونکە ئێستا رەمەزانە ھەفتەی جارێک پڕۆڤە و راھێنان دەکەن، بەڵام دوای رەمەزان دەبێتە ھەفتەی سێ رۆژ، دوای ئەوە گروپێک دروست دەکەم بۆ نمایشی دانسی سالسە، دەتوانین لەفیستیڤالەکان بەشداری بکەین، ھەروەھا لەکلیپی ھونەرمەندان بەشداری بکەین”. خەسرۆ ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەگەر حکومەت ھاوکاری بکات دەتوانێ لەھەموو وڵاتانی ئەوروپی خەڵک بێنێتە کوردستان، چونکە ئەو دەڵێ سالسە سروشتی وایە خەڵک رادەکێشێ، ھەروەک خۆی گوتی “لەزۆر شت پشتم بەخۆم بەستووە، من ھەشت ساڵە خەریکی ئەم دانیسەم، لە بەریتانیا و فەرەنسا و ئەلمانیا و ئیسپانیا بەسەر وڵاتەکان دەگەڕام، چونکە خەڵک بۆ ئەم دانسە لەوڵاتێک دەڕوات بۆ وڵاتێکی تر، بۆ نموونە فیستیڤاڵێکی سالسە ھەیە لە بەرلین لەھەموو ئەوروپا خەڵک بۆی دەچێت. منیش دەتوانم وابکەم لەھەموو ئەوروپا خەڵک بێنم بۆ کوردستان بۆ ئەم دانسە، ئەگەر حکومەت ھاوکاریم بکات”.
توانا فاروق، تەمەن ٢٢ ساڵ، دانیشتووی ھەولێرە و زۆر حەزی لەدانیسی سالسە کردووە، کاتێک لەفەیسبووک زانیوویەتی کەسێک ھەیە فێریان دەکات، خەسرۆی دۆزیوەتەوە، بەڵام دەڵێت “حەزدەکەم بۆ خۆم فێر بم، جارێ بڕیارمدا نەداوە بۆ خەڵک ئەم دانسە بکەم، چونکە لەوانەیە بەچاوێکی تر سەیرم بکەن ئەگەر بزانن دانیس دەکەم، لەوانەشە قسەم پێ بڵێن”. ئەو گەنجە گوتیشی “ماڵەوەمان زۆر باشن، لەھیچ شتێک رێگریم ناکەن، منیان زۆر خۆشدەوێت، بەڵام خەڵکی دەوروبەرم وەکو ماڵەوە سەیری من ناکەن”.
خەسرۆ ئەوە ئاشکرا دەکات، زۆر گەنج بە تەلەفۆن و فەیسبووک گوتیانە دوای رەمەزان دێن بۆئەوەی خۆیان فێری دانسی سالسە بکەن “بەڵام ئەگەر کەسانێک رەخنەمان لێ بگرێ، گوێیان بۆ ناگرین، من لەئەوروپا ھاتوومەتەوە ئەم کارە بکەم، ئامادەم رووبەرووی ھەموو شتێک ببمەوە، شایی کوردی ھیچ جیاوازییەکی لەگەڵ دانسی سالسە نییە، شایی کوردی دەستی یەکتر دەگرن، سالسە لەبەرامبەر یەکن”.