هەولێر، مەسعودى مەلا هەمزە : دواى ئەوەى کۆمەڵەى هونەرى نوێى کوردى لە لەندەن شانۆگەرى سوتووەکانى جەنگى لە هەردوو شارى لەندەن و مانچستەر و سلێمانى نمایشکرد، بڕیارە لەسەر داوەت و بانگهێشتى بەڕێوەبەرایەتى شانۆی هەولێر لە شارى هەولێریش نمایشی بکەن.
شانۆگەرى سوتووەکانى جەنگ لە نووسینى نووسەرى سویدى (لاش نۆرین)ە و وەرگێڕانى هونەرمەند دلاوەر قەرەداغییە و پێداچونەوەى دەق و دەرهێنانى هونەرمەند سەلام مەجیدە، هونەرمەندان شەماڵى عەبەڕەش، شادان فوئاد، شنۆ شەماڵ، قادر سەمەد” وەکو ئەکتەر لە کارەکە بەشدارن و لە 8/8/2010 لە هۆڵی رۆشنبیری شارى هەولێر نمایش دەکرێ.
شەماڵى عەبەڕەش وەکو ئەکتەرێکى سەرەکى لە لێدوانێکى تایبەتدا گوتى: شانۆگەرى سوتووەکانى جەنگ لە فێستڤاڵى ئەنفال لە شارى مانچستەر بەشدارى کردووە و پاشان لە لەندەن نمایش کراوە، ئێستاش لە رۆژى 8/8/2010 لەسەر داوەتى فەرمى بەڕێوەبەرایەتى شانۆی هەولێر ئەم شانۆگەرییە لە هۆڵى رۆشنبیری نمایشى بکەین.
شەماڵ گوتیشى: ئەم دەقە باس لە کارەساتەکانى جەنگ و دواى جەنگ دەکات، کە چۆن خێزان تیایدا زەرەرمەند دەبێت و هەڵدەوەشێتەوە، بێگومان خێًزانیش بنەمایەکى گرنگى دروست بوونى هەمو کۆمەڵگایەکە، ئێمەى کوردیش ئەوە نەبێت بێبەریی بین لە جەنگ و کارەساتەکانى پاش جەنگ، بۆیە بەپێویستمانزانى ئەم دەقە مرۆڤایەتییە هەڵبژێرین و پێشکەش بە بینەرانى شانۆى کوردى بکەین، بەتایبەت بۆ نەوەی نوێ.
شایانى باسە دواى هەولێر و سلێمانى بڕیارە ئەم شانۆگەرییە لە وڵاتانى (ئەڵمانیا، سوید، دانیمارک، هۆڵەندا) نمایش بکرێت.