مەسعودی مەلا ھەمزە : لە کۆبوونەوەیەکدا سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئەنجوومەنی سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان کردو گفتوگۆیان لەبارەی چەند پرۆژەیەکی سەندیکا و حکومەت کرد.
ئەم کۆبوونەوەیە کە لە ئەنجومەنی وەزیران بە ئامادەبوونی ھەریەک لە “د. بەرھەم ساڵح” سەرۆکی حکومەت و “د. کاوە مەحمود” وەزیری رۆشنبیری و لاوان و نەقیب و ئەندامانی ئەنجوومەنی سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان بەرێوەچوو.
بەگوێرەی راپۆرتی راگەیاندنی بەشی راگەیاندن و پەیوەندیییەکانی سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان ھاتووە، کە بۆ قسەکردن لەسەر چەند پرۆژە یاسایەک و مافی ھونەرمەندانی کورد و چەند پرسێکی دیکەی گرنگ بە ئامادەبوونی وەزیری رۆشنبیری و لاوان ئەنجوومەنی سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان لەگەڵ د. بەرھەم ساڵح سەرۆکی حکومەت کۆبوونەوە.
ھەر لەو راپۆرتەدا ھاتووە کە لەو دانیشتنەدا سەرۆکی حکومەت رەزامەندی لەسەر چەند خاڵێک دەربڕی لەوانە پرۆژەیاسای سندوقی خانەنشینی ھونەرمەندان و ھاوکاری ساڵانەی حکومەت بۆ سندوقی ھاوکاری ھونەرمەندانی تایبەت بە سەندیکا، گرنگیدان بە بواری خوێندنی ھونەری لە پرۆژەی تواناسازی لاوان و تەرخانکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ ھونەرمەندان لەرێگای پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە شارەکانی کوردستان، پێداچوونەوە بە دەرماڵەی رێزلێنان و زیادکردنی بڕەکەی.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەی سەندیکادا ھاتووە کە سەرۆکی حکومەت بڕیاریداوە کۆلیژە ھونەرییەکان بەدەربکرێن لە سیستەمی فاکیۆلێتی “دمج”ی کۆلیژەکان، ھەروەک باس لە یەکلاکردنەوەی کێشەی کۆشکی ھونەر و گەڕاندنەوەی بۆ ھونەرمەندان کراوەو سەرۆکی حکومەت پشتگیری دەربڕیوە بۆ سەرجەم ئەو پرۆژە ھونەرییانەی کە لە سەندیکاوە ئاراستەی حکومەت دەکرێن و بەڵێنیشی داوە ٣ ستۆدیۆی مۆدێرن لە شارەکانی کوردستان دروست دەکرێت”.