ئەو کۆمپانیایانەی خۆمان ھەر خەریکی ئەوەن بچن ڕێگەوبان و خانوو دروست کەن، یان پیواز و تەماتە بەرھەم بھێنن.
(حوسێن شەریفی)، بەشێکی زۆری تەمەنی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بەسەر بردووە و ماوەی ھەشت ساڵە لە باشووری کوردستان و شاری ھەولێر نیشتەجێیە و ئەم بەشەی کوردستانی کردووەتە دەروازەیەک بۆ بەدواداچوونی کارە ھونەرییەکانی و تا ئاستێکی زۆر باش توانیویەتی لە ناو باوەشی نیشتیمانەکەیدا،
کۆمەڵێک کاری جوان پێشکەش بکات و لە بواری ھونەرییەوە، چەندین کاری جیاجیای ئەنجام داوە و چۆنیەتیی گەشەکرنی میووزیکی کوردی، بابەتی سەرەکیی ئەو دیمانەیە دەبێت.
* ماوەیەک بەر لە ئێستا، دەنگی تۆ لە ھەموو کون و کەلەبەرێکی کوردستاندا ھەبوو، کەچی ئێستا خۆت ون کردووە، بۆ؟
ـ لە ڕاستیدا من پێم وانییە لە دنیایی ھونەر دوور کەوتبمەوە، چونکە ھەمیشە ھونەر بە بایەخترین شت بووە لای من، بەڵام جارێ کارە ھونەرییەکانم وەستاندووە، ئەوەیش پێوەندیی بەو ڤایرۆسەوە ھەیە کە ئێستا خۆی تێکەڵ بە کارە ھونەرییە ڕاستەقینەکانمان کردووە، بۆیە لەم کاتەدا من و چەند کەسانێکی دیکە، دوورەپەرێزیمان ھەڵبژاردووە، چونکە وا ھەست دەکەین لە ئێستادا ھەر کارێک بکەین، بێسوودە و لەگەڵ کارە خراپەکان وەسف دەکرێن.
* بۆچی تا ئێستا ھونەرمەندانی ئێمە نەیانتوانیوە خۆیان لە لۆکاڵی ڕزگار بکەن و چالاکییەکان ببەنە دەرەوەی کوردستان و لەگەڵ جیھانی دەرەوە وەکوو پێویست ئاوێتە بکەن؟
ـ ھونەرمەند کەرەستەیە، دەبێت کەسێک بێت ئەو کەرەستەیە وەگەڕ بخات. ھونەرمەند ناتوانێت بواری فەرھەنگی و سیاسی و ئابووری بڕەخسێنێت. ھونەرمەند تەنیا ئەوەی لەسەرە گۆرانییەکەی بە کوالێتێکی باش بەرھەم بھێنێت، بەداخەوە تا ئێستا بەرنامەڕێژییەکی باش نەکراوە کە بتوانێت ئەم ڕەوشەی ئێستا لە قۆناغێکەوە بپەڕێنێتەوە قۆناغێکی دیکەوە. لە لایەکی دیکەیشەوە، دابەشکردنی میووزیک و میووزیک بە تایبەت نەکراوە، ئایا کە ھەمووی فۆلکلۆرە یا میووزیکی تازەیە یان کلاسیکە؟ لێرەبشدا من میدیاکان تاوانبار دەکەم، چونکە ئەوان بە بێ ئاوڕدانەوە لە وردەکارییەکانی ھونەری گۆرانیبێژی و بۆ پڕکردنەوەی بەرنامەکانیان، ھەر کەسێک ھات و کلێپێکی پێ بوو، خزمەتی دەکەن. بە داخەوە نایەن کارە خراپەکان بوەستێنێن. ئاخر ئەمە خۆی لە خۆیدا گەورەترین زیانە، دواجار ئەمە دەبێتە ھۆی ئەوەی کە ڕۆح و زەوقی گوێگر نەشاز بێت، بۆیە دیسان دەیڵێمەوە دەبێت بەرنامەیەک ھەبێت و دەرفەتێک فەراھەم بکەن بۆ ئەوەی ھونەرمەندە بەئەزموونەکان بێنە پێشەوە.
* پێت وانییە زۆربەی چالاکییەکانی ئەو گۆرانیبێژانەی ئێستا، ئەو چالاکییانە نییە کە لەسەر ستراتیژیی دوور بنیات نرابن و چالاکیی داھاتوو بن، ئایا دەتوانن دوای خۆیان شتێک بۆ بە ئەرشیڤکردن جێ بھێڵن ؟
ـ من ھاوڕام لەگەڵ ئەو پرسیارەت. پیًَم وانییە ئەوان بتوانن لە داھاتوودا یەک گۆرانیشیان بکرێت بە ئەرشیف، ئەوەیش قۆناغێکە بۆ بە دەربازبوون تا خۆیان لەو ھەڵانەی ئەمڕۆ بپەڕینەوە. ئەوانەی لەو ساڵانەدا کراون، ھیچی ناچنە ناو کارە میللییەکانەوە، ھەروەھا ھەموویشمان دوای دە ساڵی دیکە ئەو شتە دەڵێینەوە کە نایانتوانیوە ھیچ بکەن بە ئەرشیف.
*خاوەن تۆمارگەکان سکاڵایان لەوەیە کە گۆرانییەکان زوو کاڵ دەبنەوە و بەداخن لەوەی کە سێدییەکان بازاڕێکی وەھایان نییە و نافرۆشترێن؟
ـ من دیسان باس لە ھونەرمەندی ڕاستەقینە دەکەمەوە. ھونەر تا ئێستا لە کوردستاندا نەبووە بە پارە، ئەگەریش کۆمپانیایەک ھەستا بە کارەکانی ھونەرمەندێکی باش، ئەوە کارێکی نایابی لێ دەردەچێت و ئەو کات ھونەری کوردییش دەتەقێتەوە، جا ئەو کات دەتوانی وەڵامی تۆمارگەکان بدەیتەوە. بەداخم بۆ ئەو کۆمپانیایانەی خۆمان ھەر خەریکی ئەوەن بچن ڕێگەوبان و خانوو دروست کەن، یان پیواز و تەماتە بەرھەم بھێنن. ئەوان خەریکی کوولتوور نین و بەرژەوەندیی ئەوان لە ئابوورییەکەدایە و بەشێک لەم بەرژەوەندییانە بۆ فەرھەنگ و کولتووری کوردی تەرخان ناکەن.
*نووسەر و شاعیر و ڕەخنەگر (حەمە سەعید حەسەن) پێی وایە کە ئەو ھونەرمەندانەی بۆ خۆیان تێکست بۆ گۆرانییەکانیان دەنووسن، ، جگە لە (حەمەساڵح دیلان)، ھیچیان نەیانتوانیوە سەرکەوتوو بن، ڕای جەنابت چییە؟
ـ من ڕێزم ھەیە بۆ گوتەکەی کاک (حەمەسەعید حەسەن)، بەڵام کێشەکە تەنیا بە تێکست چارە ناکرێت، تێکست دەنگی میللەتێکە، بەڵام میووزیک بۆ خۆی جیاوازە و میلۆدی جیاوازە، بنەماکانی میووزیک شتێکی دیکەیە. بۆ نموونە ئەگەر ھونەرمەندێک توانای ھەبوو کە شیعرێک لەسەر ئەو میلۆدییە دروست بکات، ئەوە باشترە، ئەگەرنا ئەوە نابێتە گرفتێک. مامۆستا (حەمەساڵح دیلان) مەقاماتی ھەیە و گوتنی ئەو مەقامانەیش، بە ھەر شیعرێک جا غەزەل بێت یا چوارینە، دێتەوە. ئەوە کێشەی مووزیکی ئێمە نییە کە ھونەرمەندێک ناتوانێت تێکست بۆ میلۆدییەک دابنێت.
* تا چەند (حوسێن شەریفی) ھەوڵی داوە سوود لە میووزیکی بیانی وەربگرێت و تێکەڵ بە میوزیکی کوردی بکات، ئەویش بە شێوەیەک کە نەبووبێتە ھۆی تێکدانی میوزیکی کوردی؟
ـ من ھیچ کات ئەو ھەوڵەم نەداوە، چونکە کە تۆ پێناسەیەکی میووزیکی خۆت نەبوو و پێناسەیەکی میووزیکی دیکەت ھێنا، ئەوە ئەو ئەوەی دیکە لە ناوی دەبات. ئێستا دەکرێت میووزیکی ڕۆژئاوا و رۆژھەڵات بەربەرەکانێی یەکتر بکەن، چونکە ئەوانە پێناسەیان ھەیە، یا مووزیکی عەرەبی دەتوانێت، بەربەرەکانێی میووزیکی ھیندی بکات بە ھەمان شێوە، بەڵام دیسان میووزیکی کوردی ھێشتا بناماکانی دیار نییە. خۆ ئەگەر ئێمە بناماکانمان ھەبوو، سوود لە وڵاتێکی دیکەیش وەربگرین، زۆر باشە، بەڵام وەک گوتم، تا ئێستا نیمانە، بۆیە دەتوانم بڵێم میوزیکی کوردی لە قەیراندایە.
* بارودۆخ و ئاڵۆزییەکانی ئەندواییەی کوردستان بە تایبەتی لە شارێکی وەک سلێمانی، تا چەند کاریگەریی لەسەر پەکخستنی پڕۆژە ھونەرییەکان ھەبووە؟
ـ بۆ ماوەیەکی کورت، ڕەنگە کاریگەرییەکی بچووکی ھەبێت، بەڵام پێشم وانییە ھونەر پەکی لەسەر ئەو دۆخەوە کەوتبێت.
تێبینی: (حوسێن شەریفی)، وێڕای کارە ھونەرییەکانی، ئێستا سەرنووسەری تەلەڤزیۆنی “قەڵات”ـە.
کارۆخ مەلائەسعەد
٠٧٥٠٧٧٦٧٠٣٦
Sam_gr_music@hotmail.com