لە دیانا باس لە پێکەوە ژیانی ئاینی کرا
پڕۆفیسۆر د. عەرەفات ستوونی: بەھۆی تێکھەڵ بوونی ئاین بە سیاسەت خەڵک ئینتیمای نەماوە
توانا تەھا
بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری ئەو قافی سۆران وەیسی سەعید و قەشە یەترون قەشەی کەنیسەی دیاناو ھەودیان و بندیان، و عەبدولواحید رواندزی نوێنەری لقی ١٠ ی پارتی دیموکراتی کوردستان، و چەندین کەسایەتی دیکەی بەرچاوی دیانا، لە ھۆلی بۆنەکانی کەنیسە لە ژێر ناوی پێکەوەژیانی ئاینی لە کوردستان، سمینارێک بۆ دکتۆر عەرەفات کەرەم، راگری فاکەڵتی یاسای زانکۆی سۆران بەڕێوەچوو”.
لەم رووەشەوە پڕۆفیسۆر دکتۆر عەرەفات ستوونی راگری فاکەڵتی یاسای زانکۆی سۆران، بە چرای گوت “بارووی دۆخی کوردستان، دەزانین باروودۆخێکی سەقامگیرنییە، کاری گەری ھەرێمی زۆرە بەتایبەتی ھەبوونی ئەم شۆرەشە عەرەبیانەو ھەروەھا بوونی ئیسلامی سیاسی کە زۆر بەھێزە، ئێستا ئێمەش لەگەڵ برایانی ئاشوری بە پێویستمان زانی کە بابەتێک لەسەر پێکەوە ژیانی ئاینی لە کوردستان بکرێت بەتایبەتی بابەتەکە ئەکادیمی زانستی بێت، چونکە من لەگەڵ ئەوەدامە ھەتاکەی موجامەلەی یەکتربکەین، پێویستە ئەم بۆچوونانە بەیەکرت بڵێین بۆنموونە من وەکو پسپۆڕ لەبواری ھزری ئیسلامی و ئاینزانکانی دیکە بۆچوونم وایە کە پێکەوە ژیان فەلسەفەیەکی راستەقینەیە لە قورئان و لە قسەکانی پێخەمبەریش ھاتووە، بۆیە پێویست ناکات ئێمە وەکو مرۆڤێکی سیاسی بچین مجامەلەی مەسیحیەکان و لایەنەکانی دیکە بکەن، دەبێت ئەو حەقیقەتەبڵێن ئەگەر ھاتوو ئێمە مێژووی خۆمان بخوێنینەوە، بەدیدێکی زانستی و ئەکادیمی سەیری دەکەین چەندە ھابەڵگەی مێژووی ھەیە بەڵێ موسلمان و مەسیحیەکان و یەھودیەکان و جولەکەکان بەیەکەوە ژیاون”.
پڕۆفیسۆر دکتۆر عەرەفات کەرەم ستوونی گوتیشی “من کە ئەم پەرتوکەم نووسی بەناوی ژیانی ئاینی لە نەھریەوە بۆ بارزان، بۆم دەرکەوت زیاتر کە ئەم دەڤەرە زۆر نموونەیەکی رێک و جوانە لەسەر پێکەوە ژیانی ئاینی لەم دەڤەرە، نموونەی ئەوەشم ھێنایەوە کە کاتی خۆی گەورەترین شۆرەش کورد لە نەھری بوو، نەھرییەکان کە ئەم شۆرەشەیان کرد یەکەم شت کە گرنگیان دەکردە سەر ئەوە بوو کە ئاگاتان لە مەسیحەکان بێت زولم و تەعدایان لێمەکەن، ھەتانموونەی ئەوەشم ھێنایەوە کە چەند کەسانێک ھەبوون دەیانەویست ھێرش بکەنە سەر مەسیحیەکان، بەڵام سەرکردەکانی کورد نەیان دەھێشت دەیان گوت “بە ھیچ شێوەیەک رێگەی ئەمە نادرێت، چونکە کوشتنی مەسیحی بەم شێوەیە دژی بنەماکانی ئیسلامە”. ھەروەھا لە سمینارەکە نموونەی بارزانم ھێنایەوە بگرە لە شێخ مەحەمەدی بارزان باوکی مەلامستەفاو شێخ عەبدول سەلامی یەکەم و دووەم و ئەوانە ھەموویان بەناو بانگ بوون لەمێژوو کە ئەوانە پارێزەری سەرەکی مەسیحیەکان بوون، ھەتا زۆرجار تۆمەتیان بۆ دروست دەکردن کە ئەمانە موسلمان نین، بەڵام ئەوان بەردەوام دەبوون لەسەر پاراستنی مەسیحیەکان، چونکە ھەرکەسێک ئارەزوی لێیەو بەتایبەت ئەوانەی لەفەلسەفەی ئیسلام تێنەگەیشتوون بۆ ئەو مەبەستیان بووە لە رووی بەرژەوەندییەوە سوودیان پێبگات، وەک لێسەندنەوەی زەوی مەسەلەی جیھادو سڕینەوەی لایەنی بەرامبەرو چەندین شتی دیکە، ئێمە ئەگەر سەیری قورئان بکەین و فەرموودەکانی پێخەمبەر ببینین ئەوا خۆی گوتیەتی من دژی ئەو کەسەم کەمەسیحیەک ئازار دەدەن، لە ئیسلام دانییە کەسێک موسلمان بێت ئازاری کەسێکی دیکەبدات”. لەبارەی گرنگی سمینارەکەش پێیوابوو “ئەم سمنیارانە بەردەوام بن و راگەیاندنەکانیش رۆلی سەرەکیان ھەبێت لەم بارەیەوە، چونکە ئەگەر ئێستا سەیری بکەین لەم باروودۆخەدا بەتایبەتی ئەوانەی ئەم دوایە رویاندا ئەگەر ھاتوو ئێمەی ئەکادیمی خۆمان چارەسەری نەکەین ئەوا سەرکردە سیاسیەکان ناتوانن چارەسەری بکەن من قەنعاتم وایە سەرکدەی سیاسی موجامەلەدەکات، بەر پرسێک دەگۆڕێت، بەڵام شتێکی لەم شێوەیە ئەرکی مرۆڤی ئەکادیمی و پسپۆرو ھزرڤانن بچن خەڵکەکە بێنە قەنعات مەلا لەسەر مینبەر بە فەرموودەو مێژوو خەڵک بێنە قەنعات کە مەسیحیەت و یەھودی ھەرھەبووە ئێستا کە یەھودی نییە، ئەوا حەدەسێکی مێژووییە کە زولم لەوان کراوە، ئەگینا ھەموویان پێشتر برای یەکتربوونە، لەشۆرەشەکانی گەلی کورد رۆلێکی سەرەکیان ھەبووە بەڵکو ئەگەر سەیری ئەم دەڤەرە بکەین میللەتێکی وەکو یەھودی جوولەکە دەورێکی زۆر سەرەکیان ھەبووە لە خەبات لە شۆرەش و خوێندن”. نموونەی ئەوەشی ھێنایەوە کە “لە ساڵی (١٩١٣) سەرۆکی ھەموو خاماتی جوولەکە لەکوردستان کابرایەکی بارزانی بووە بەناوی ئەھارون بارزانی، ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەیە کە کورد چ مەسیحی چ یەھودی چ موسلمان دەورێکی سەرکیان ھەبووە، کە چەندەھا زانای گەورەو قەشەی گەورە لێرە ھەبوونەو بە برایانە ژیاون، ھەستێکی نەتەوەی مەزنیان ھەبووە”.
ھۆکاری لاواز بوونی ھەستی نەتەوایەتیشی گەڕاندەوە بۆ تێکەڵکردنی سیاسەت بە ئاین و گوتیشی “چۆن ئێستا خەڵکی ئێمە ئینتیمای زۆر لاواز بووە بۆ دین و بۆ وڵاتەکەی ئەمەش دوای ئەوەدێت کە ئیسلامی سیاسی سەری ھەڵداوە، مەسیحیەکانیش پرسیاریان کردو گوتیان ئێمەش ھەمان کێشەمان ھەیە کە مەسیحی سیاسی دروست بووە، پێویستە ئێمە مەسیحی و یەھودی و موسلمان وەک نەتەوەیە بژین نەک وەکو حزبێک، چونکە ھەر کاتێک سیاسەت ھاتەناو مەوزوعەکە ئەوا باروودۆخەکە ئالۆز دەبێت، چونکە بەرژەوەندییە، بەڵام ئەگەر ئێمە وەکو ئاین سەیری یەکتر بکەین، بۆیە زۆر گرنگە گرنگی بکەینە سەر ئەم بابەتەو نەوەی داھاتوو پەروەردە بکەین لەسەر ئەوە، چونکە ئەگەر وانەبێت نەک لە مەسیحیەکان تێک دەچێت، بەڵکو لە ھەموومان تێک دەچێت کە واشی لێ ھات ئەوا لەھەموومان تێک دەچێت، کە تێکیش چوو ولاتەکە وای لێدێت کە کەس نازانێـت چی بەسەر ھاتووە”.