زانا دڵشاد دزەیی- لوبنان : خانمە گۆرانیبێژی لوبنانی مادلین مەتەر بۆ (سڤیل) ئاشکرایکرد، ئەو ھونەرمەندانەی سەردانی کوردستانیان کردووە، کە گەڕاونەتەوە زۆر خۆشحاڵبوونە، بۆیە ئەویش حەزدەکات بێتە کوردستان ئاھەنگ بکات و گوتی “ئینشاڵڵا دێم و دیاریتان پێشکەش دەکەم”.
مادلین مەتەر لەماڵەکەی خۆی لەجونییە پێشوازی لە(سڤیل) کرد و نوێترین کاری خۆی باسکرد و گوتی “من کاری ھونەری و گۆرانی و کلیپی ترم زۆرە، لەو زووانە کلیپێکی تازەم دادەبەزێت بەناوی (اھل الغرام)، بەتایبەت پێشکەش بەئێوەی دەکەم، ئینشاڵڵا بەدڵتان دەبێت”.
ئەو وەکو خۆی باس دەکات، زۆر شتی لەبارەی کوردستانەوە نەبیستووە، بەڵام ئەو ھونەرمەندانەی سەردانی کوردستانیان کردووە، کە گەڕاونەتەوە خۆشحاڵبوونە بەوەی خەڵکی کوردستان بەمجۆرە پێشوازی لێکردوو و گوتی “خەڵکی کوردستان ئەو ھونەرمەندانەیان خۆشیانویستوون و رێزیان لێگرتوون و زۆر بەگەرمی میواندارییان کردوون، لەدڵیشەوە حەز دەکەم ئاھەنگ لەکوردستان ساز بکەم و ھەموو خەڵکی کوردستان بەخۆشحاڵی و شادوومانی ببینم، ئینشاڵڵا سەردانی کوردستان دەکەم و لەوێ دیارییەکتان پێشکەش دەکەم”. ھەروەھا گوتیشی “ھیوای ھەموو خۆشحاڵی و بەختەوەرییەکتان بۆ دەخوازم، ئینشاڵڵا ھەموو رۆژانی ژیانتان خێر و بەرەکەت دەبێت، ئومێد و ئاواتی ئەوپەڕی سەقامگیریی و خۆشبەختیتان بۆ دەخوازم، ئومێد دەکەم ھەموو ئەو ھونەرمەندانەی خۆشتان دەوێن سەردانی کوردستان بکەن، ئینشاڵڵا منیش یەکێک دەبم لەوان، ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم و زۆر سوپاستان دەکەم”.