سه‌ر که‌ناری ده‌ریای سوور میسر3سه‌ماو حیجاب شه‌وێکیان له پیاسه‌کانی ناو شاره‌که بێزاربووم، خۆش نییه له ئاپووره‌یه‌کی زۆری ناو یه‌ک شه‌قامی دوورودرێژدا که‌س نه‌ناسیت، که‌س سڵاوی ناسیاریت لێ نه‌کات، ناوی که‌سیان نه‌زانیت، ته‌نها ئه‌وه‌نده دێته به‌رگوێت، خاوه‌ن بوتیکه‌کان، تا نیوه‌ی شه‌قامه‌کان بۆت دێنه پێش، شۆستهکهت لێده‌گرن، بانگت ده‌که‌ن، فه‌رموو پاشا، پاشا .. کالای جوانمان هه‌یه، تۆ کێندهریت له‌ناو ئه‌و ئاپووره‌یه دوورکه‌وتمه‌وه، له‌ناو کۆمه‌ڵگای هوتێله‌که دوورکه‌وتمه‌وه، ویستم گلۆپه‌کانی رووناکی سه‌رپشتی ده‌ریا ببینم، له مه‌ستی ئه‌و رۆژه درێژه هه‌ستیان لێ راگرم، بزانم چرپه‌ی شه‌پۆله‌کان کام باسکه مه‌له‌ی ناسکێکیان لا جوان بووه، بزانم به بۆنی به‌رۆکی کامیان ئاوه‌که بۆنی گرتووه، سه‌ڵاوێ له ده‌ریای خه‌وتووی چاوه‌روان بکه‌م، به په‌رۆشه‌وه بۆ نازو سه‌مای به‌یانی له‌گه‌ڵ تیشکی خۆر هاوده‌نگ بم، که به‌یه‌که‌وه به جه‌سته‌ی ناسکی مێوانه‌کان مه‌ست و حه‌یران ده‌بن.
له‌و شاره گهشتوگوزهیهدا، به هه‌موو شێوه‌یه‌ک له‌ناو تاکسییه‌کان، له‌ناو جامخانه‌ی بوتیگهکان، ده‌نگ و شێوه‌و ناوی ئیسلام و ده‌نگی قورئان و نووسینی ئایه‌ته‌کان ده‌بینرێت، چه‌ند ژنی سینگ رووت و پشتکراوهو بنههڵگهل له‌ده‌رو دوا مۆده‌و نازی زۆری گه‌شتیاره‌کان ده‌بینیت، ئه‌وه‌نده‌ش رووی ئیسلام و ئیسلامیه‌تی هه‌موو لایه‌ک له شه‌قامه‌کان هه‌ست پێده‌کرێت، له بوتیگه کریستیانه‌کانیش به شه‌رمه‌وه وێنه‌یه‌کی ناسکی مه‌سیح و رووناکی سه‌ر مریه‌میش ده‌بینیت. شاره‌که به هه‌موو سیماکانی شارێکی شێوه موسلمانییهو ژنه‌کانیان به زۆری محجبهن. شارێکی دوو روو، دوو سیمایه، رووی توریستی رووتی نازدارو ده‌نگی به‌رزی بانگدان و هیماکانی موسلمانی پێوه‌یه.
شه‌وه‌که له‌سه‌ر ده‌ریاکه سه‌رمایه دڕه‌که هه‌راسانی کردم، به ته‌نگاوی چوومه‌وه ناو سالۆنی هوتێله‌که، له‌گه‌ڵ کردنه‌وه‌ی ده‌رگاکه‌ی گه‌رمایی و جۆشی موزیکایه‌ک ئارامی کردمه‌وه، له کارمه‌نده سپیپۆشه‌که‌ی پێشوازی نزیک بوومه‌وه، که زۆر پێیان خۆشه پرسیاریان لێبکه‌یت، لێم پرسی ئه‌و ئاهه‌نگه چییه، ئه‌ویش به پاشا، وڵامی دامه‌وه، شه‌وانه پاش یازده‌ی شه‌و، بۆ میوانه‌کانمان، شه‌وانه‌و به‌خۆرایی به‌رنامه‌ی موزیکامان هه‌یه، بۆ سه‌ماو خه‌یاڵ و مه‌ستی گۆشه‌یه‌کمان جۆش داوه، به‌رنامه‌که‌مان، ماوه‌ی سه‌عاتێکی بۆ سه‌مای شه‌رقیش هه‌یه، لێره سه‌ماکه‌ری خۆمان هه‌یه، خه‌ڵکی ئه‌و شاره‌ن، وه‌ک شوێنه‌کانی تر، سه‌ماکه‌ری رووسی و ئوکرانی سه‌مای شه‌رقی ناکه‌ن، کیژه باڵابه‌رزه ئه‌سمه‌ره‌کان، قژرهشهکانمان، به جۆشی سترانی میللی میسری سه‌ما ده‌که‌ن، هه‌موولایه‌ک ده‌خه‌نه سه‌ما، میوانه رووسه‌کان، سویدییه‌کان، فنلندییه‌کان، ئه‌لمانه‌کان .. کۆرییه‌کان ده‌که‌ونه سه‌ما، بۆ جه‌سته‌و جوله‌ی سه‌ماکه‌ره‌که سه‌رسام ده‌بن، به پووله‌که‌ی جله ناسکه‌کانیان چاوه‌کان بۆ نیگا گه‌شتر ده‌که‌ن، به گۆرانی ( ارکب الحنطور ) هه‌مووان ده‌خه‌نه هه‌ژان.
سه‌رم له هۆله تاریکه‌که هه‌ڵکێشا، چه‌ند که‌سێک رووبه‌رووی یه‌کتر دانسیان ده‌کرد، چه‌ند ده‌قه‌یه‌ک مامه‌وه، دیمه‌نه‌که نهیجولاندم، چوومه ده‌ره‌وه، له سالۆنه‌که دانیشتم، له سه‌ر کورسیه‌کانی یه‌ک دوو هه‌نگاو له من دوور، ژنێکی محجبهو پیاوێک وه‌ک چاوه‌روان و سوار دانیشتبوون، ده‌م نا ده‌م پیاوه‌که، سه‌رێکی له هۆلی دیسکۆیهکه ده‌داو ده‌گه‌رایه‌وه لای ژنه‌که، دیاره که‌وا چه‌ند میوانی له‌و جۆره ژن و پیاوانه‌ش له هوتێله‌که‌و ڤیلاکان هه‌بوون، من به میوانه‌کانی هوتێله‌که‌م زانین.
که سه‌ماکه ده‌ستی پێ‌کرد، به چه‌ند هه‌نگاوێک گه‌یشتمه ناو هۆله‌که، له پێشه‌وه له سه‌ماکه نزیک بووم، له‌گه‌ڵ جوله‌و ده‌نگی موزیکاکه ئاوێتهببووم، سه‌ماکه‌ره‌که نازدارانه سه‌رنجی هه‌موویان بۆ لای جوله‌و جه‌سته نیمچه رووتهکهو جله به پووله‌که‌ی راکێشابوو، سه‌ماکه‌ی گه‌رمتر ده‌کرد، چه‌ند کیژۆله‌یه‌کی بێگانه‌یه‌ش به لاسایی کردنه‌وه‌ی له ته‌نیشتی سه‌مایان دامه‌زراند، به‌و شێوه‌یه‌و به چه‌ند ئاوازێک سه‌مای ده‌کرد، تا ههناسهبڕبوو سه‌مای کرد، که راوه‌ستا چه‌پله‌یه‌کی گه‌رمیان بۆ لێدا، ئه‌ویش به هه‌مان جۆشه‌وه‌و به هه‌ڵپه‌رینه‌وه له‌سه‌ر شانۆکه دوورکه‌وته‌وه، به رۆیشتنی ئه‌و منیش به نه‌رمی خشیم، له ده‌رگاکه، له په‌نای تاریکی ده‌رگاکه ژنه محجبهکهم بینی، دیاره ئه‌ویش ته‌ماشای سه‌ماکه‌و به‌زمه‌که‌ی ده‌کرد، پیاوه‌که‌ش دوو هه‌نگاویش له‌و هاتبوو پێشتر، ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ سه‌ماکه هاتبوونه ژووره‌وه، من دوور که‌وتمه‌وه، به‌ڵام ژنه محجبه‌که‌و پیاوه‌که نه‌رۆیشتن، مانه‌وه، من گه‌رامه‌وه سه‌ر کورسیه‌که‌ی خۆم، بیرم بۆ شه‌وانی ته‌له‌ڤزیۆنه ره‌ش و سپیه‌که‌ی هه‌فتاکانی به‌غدا گه‌رایه‌وه، که چۆن زۆربه‌ی شه‌وان له جیاتی فیلمی شه‌وانه ماوه‌یه‌کی باش ئه‌و سه‌مایه‌ن نیشان ده‌دا، هه‌موولایه‌ک له ماڵه‌وه له دیاری داده‌نیشتن، به ده‌نگی به‌رزیش ئاخ و ئۆفیشیان بۆ باڵا‌و کهمهرو سینگ و سمتی هه‌ڵده‌کێشا، به تایبه‌تی له چایخانه میلله‌کان، له‌و بیره‌دابووم موزیکا میسرهکهو گۆرانییه خێراکه‌ی سه‌مایه‌که دووباره ده‌نگی دایه‌وه، دووباره هه‌ڵسامه‌وه، له رێزی پێشه‌وه‌ی هۆله‌که له دیار هه‌مان کیژه سه‌ماکه‌ره‌که خۆم دۆزییه‌وه، به‌ڵام ئه‌و خۆی گۆریبوو، دیزاینی جله‌که‌ی له‌گه‌ڵ شێوه‌ی سه‌ماکه‌ی جیاوازبوو، به هه‌مان سۆزه‌وه سه‌رنجی هه‌مووانی راکێشا، به‌زمه‌که‌ی گه‌رم، سه‌ماکه‌ی به هه‌ژان و نه‌رم، وه‌ک سوسکه و وه‌ک که‌و به‌بێ شه‌رم، هه‌ڵده‌په‌ری تا دووباره نۆره‌که‌ی ته‌واوبوو، دووباره به چه‌پله‌یه‌کی گه‌رمتر به‌رێیان کرده‌وه، کیژه‌که له‌ناو شه‌لالی ئاره‌قه بۆ لاچه‌پی هۆله‌که رایکردو له په‌نا په‌رده‌یه‌ک بزربوو، منیش بۆ سه‌ر کورسیه‌که‌ی خۆم له ده‌ره‌وه گه‌رامه‌وه، دیسان ژنه محجبه‌که‌و پیاوه‌که نه‌هاتنه‌وه ده‌ره‌وه له ژووره‌وه مانه‌وه، موزیکاکه گۆراو جۆشه‌که نه‌ما، ئه‌وان نه‌هاتنه ده‌ره‌وه، پاش گاڤێک کیژه سهماکهرهکهم ده‌ناسیه‌وه، زۆرم دیقه‌ت دابوو به‌ژن و کهمهرو چاوه ره‌شه‌کانی، به‌ڵێ زوو زانیم، سهماکهرهکهیهو خۆی گۆرییوهو کاتی ته‌واو بووه‌و ده‌چێته دره‌وه، به‌ڵێ، کیژه‌که وه‌ک ئه‌سپێ بۆ ده‌ره‌وه‌و ده‌روازه‌ی هوتێله‌که له‌گه‌ڵ ژنه محجبه‌که‌و پیاوه‌که رۆیشتن، نه‌مده‌توانی ئه‌و دیمه‌نه قبول بکه‌م، ئه‌و کیژه چه‌ند ساتێک زووتر، نیوه رووت، سینگ و مه‌مک کراوه، سمتی ده‌هه‌ژاندو ناو‌کی ده‌جولاند، وه‌ک فرۆکهفرۆکه له‌گه‌ڵ موزیکاکه ده‌سورا، وا ژنه محجبهیهک ده‌ستی گرتووه‌و به‌پێکه‌نینه‌وه ده‌چنه ده‌ره‌وه، له کارمه‌نده‌که‌ی پێشوازی هوتێله‌که‌م پرسی، داوامکرد، ئه‌و هاوکێشه‌یه ئاڵۆزم بۆ بکاته‌وه، ئه‌و سێ که‌سم بۆ پێناسه بکات، ئه‌ویش نه‌رم وتی، کیژه‌که کیژی ئه‌و ژنه‌و پیاوه‌یه، لێره ده‌وامی ته‌واوبوو، هه‌ر ئه‌و شه‌وه له چه‌ند شوێنی تر سه‌مای ماوه، بۆیه‌ش وا به‌په‌له ده‌رچوون. ژنه محجبهکهی دایکی سه‌ماکه‌ره‌که‌یه، دایک و باوکی به‌و شه‌وه دره‌نگه دڵیان ئاوی ناخواته‌وه، کیژه‌که‌یان به‌ته‌نیا ره‌وانه‌ی به‌ر گلوپهکانی شه‌وانی تاریک و ناو سۆزی موزیکا ناکه‌ن.
شێرزاد هه‌ینی ــ