مەسعودی مەلا هەمزە: بە ئامادەبوونی كۆمەڵێك لە هونەرمەندان و رۆشنبیرانی شاری هەولێر، رۆژی دووشەممە 3/5/2010 كاتژمێر(4)ی دوای نیوەڕۆ (بنكەی مەقام) بە هاوكاری سەنتەری ئاڵا، ئێوارە كۆڕێكی بۆ رۆژنامەنووس و حەیرانناس (غەفور مەخموری) سازكرد، كە كۆڕەكە تایبەت بوو بە شرۆڤەكردن و بەدواداچوونی ئەم دەقە حەیرانانەی كە لە كتێبی (حەیرانی سەردەم) دا، لە لایەن حەیران دۆست و حەیرانناس (عوسمان رەحمان قەساب) چاپ و بڵاوكراوەتەوە.
شایانی باسە دوا بەدوای كۆڕەكە ژمارەیەك لە هونەرمەندان و شارەزایان بە تێبینی و سەرنجی هونەری خۆیان كۆڕەكەیان دەوڵەمەند كرد و لە لایەن چەند حەیرانبێژێكی ئامادەبووی كۆڕەكە چەندین حەیرانی بە پێز و جوان ئەداكران، دواتر چەپكە گوڵی (بنكەی مەقام) لە لایەن هونەرمەندی بە ئەزموون مامۆستا (باكووری) بەخشرایە بەڕێز (غەفور مەخموری). دوای دوو كاتژمێر بەچەپڵەڕێزانی حەیران دۆستان كۆتایی بە ئێوارە كۆڕەكە هات.