مەسعودى مەلا هەمزە : وەکو بەشێکى گرنگ و بەشدار لە کۆمەڵگا، هونەرمەندان لە رێگاى بەڕێوەبەرایەتى گشتى سینەما بۆ بەشداریکردن لە هەڵمەتى توندوتیژی دژی ژنان فێستیڤاڵی نا بۆ توندوتیژی کورتە فیلم سازدەکەن.
ئەم فێستیڤاڵە کە لە رۆژانى 19و20و21/12/2010 لە هۆڵی پێشەواى شارى هەولێر بەڕێوەدەچێ، رۆژانە لەدوو کاتى جیاوازدا بەیانیان لە کاتژمێر 10،30ى بەیانى و ئێواران کاتژمێر 4 کورتەفیلمە بەشدارەکانى فێستیڤاڵ نمایش دەکرێن، کە خۆی لە 31 فیلم دەبینێتەوە.
ناسر حەسەن بەڕێوەبەرى گشتى سینەما لە لێدوانێکى تایبەتدا گوتى”بۆ ئەم فێستیڤاڵە جگە لەو 10 فیلمەى کە خۆمان بەرهەممان هێنا، 50 فیلمى دیکە لە “هەولێر، سلێمانى، دهۆک، کەرکووک، پارچەکانى دیکەى کوردستان، وڵاتانى ئەوروپا” گەیشتە دەستمان و دواى ئەوەى لیژنەى دادوەرى دانیشتن، بڕیاردا لەسەر ئەوەى 11 کورتە فیلم لە بەشی پێشبڕکێ نمایش بکرێ و 20 کورتە فیلمیش لە بەشی نمایش بەشدارن”.
ناسر وتیشی لە رۆژی یەکەمى فێستیڤاڵدا هەریەک لە دەرهێنەرانى فیلمى سینەمایی “شوێنێک بۆ یارى- شەوکەت ئەمین کورکى، گەڕەکى داهۆڵەکان- حەسەن عەلى و عومەر چاوشین” خەڵاتى رێزلێنانیان پێشکەش دەکرێ، ئەمەش لەپاى ئەو خەڵاتەى کە لە بەغدا ئەوان وەک نوێنەرانى کورد بەدەستیان هێناوە”.
فیلمە بەشدارەکانى بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵی نا بۆ توندوتیژی بریتین لە:” ژن، چریسک، ئاوازى رەش، خوێنى هەنار، لێرە جادەکان بێ کۆتایین، بڕیارێک، دایکێکى تر، هێلین، پێش تۆفان، پەنا، ئاوس”.