به‌شار عه‌زیز- توانا ته‌ها: رواندز: عه‌نته‌ر عه‌نته‌ر، كورِه گه‌وره‌ى مو‌سا عه‌نته‌ر (كه سیاسه‌تمه‌دار و نووسه‌ر و شۆرِشگێرِ و رابه‌رێكى سیاسى كورد بوو، دواى چه‌ندین جار زیندانى كردنى له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تى تورك تیرۆر كرا). ساڵى 1946 له ئیسته‌نبۆل له دایك بووه‌و تا ساڵى 1969 لهوىَ ژیاوه، دواتر به‌هۆى خه‌باتى سیاسى و كاركردنیان له‌و بواره‌دا، مه‌ترسى ده‌وڵه‌تى توركیان ده‌كه‌وێته سه‌ر و باوكیان ده‌یاننێرێته سوید. ئه‌و ئێستا به خۆبه‌خشى ئه‌ركى كارگێرِى هه‌وارگه‌ى پانكى گه‌شتیارى گرتۆته ده‌ست. له‌م دیداره‌ى زارى كرمانجى، ئه‌وه روون ده‌كاته‌وه كه حكومه‌ت تاكى كوردى ته‌مبه‌ڵ كردووه. هه‌رچه‌نده نایشارێته‌وه كه حه‌زى كردووه له‌گه‌ڵ به‌رپرسان و له‌نێویشیاندا سه‌رۆكى هه‌رێم دابنیشێ و باسى كوردایه‌تى بكه‌ن، به‌ڵام گوتى “تا ئێستا یه‌ك كه‌س نه‌هاتووه پێم بڵێ به‌خێر بێى بۆ وڵاتى خۆت”. عه‌نته‌ر عه‌نته‌ر، ده‌رباره‌ى هه‌وڵى گه‌یاندنى كوردستان به ئهورِوپا، روونى ده‌كاته‌وه زیاتر له 50 ساڵى تر‌ى دهوىَ بۆ ئه‌وه‌ى بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه، به‌ڵام ده‌ڵێت “ده‌خوازین بگه‌ینه ئاستى دوبه‌ى، به‌ڵام دوبه‌ى ئیفلاسى كردووه”.
ئه‌وه‌ى زۆر كورِهكهى مو‌سا عه‌نته‌رى توورِه كردووه، ئه‌وه‌یه له باشوور كورد كار ناكه‌ن. ئه‌و كه زیاتر له شه‌ش مانگه له هه‌وارگه‌ى پانك به خۆبه‌خشى كار ده‌كات، نایشارێته‌وه “بینینى خۆم له‌سه‌ر باشوور ده‌ڵێم، له‌وه‌ته‌ى لێره كار ده‌كه‌م، كوردانى باشوور ده‌هێنم بۆ كاركردن، به‌ڵام ئه‌وان كار ناكه‌ن، ئه‌وه‌ى زۆر كار بكات، مه‌سیحى و عه‌ره‌ب و كوردانى باكوورن، ئه‌وانیش ناچارن كار بكه‌ن. ده‌چمه هه‌ولێر ده‌بینم هه‌موو ئه‌وانه‌ى كار ده‌كه‌ن خه‌ڵكى ده‌ره‌وه‌ن و به ده‌گمه‌ن ده‌بینى كورد كار بكات” بۆیه به سهرسورِمانهوه ئه‌وه دهخاتهرِوو “كورد عه‌جه‌ب ته‌مبه‌ڵ بووه، ئه‌وه‌نده‌ى بیریش له‌و ته‌مبه‌ڵ بوونه ده‌كه‌مه‌وه، بۆ ئه‌وه‌یه كه خه‌ڵك هه‌مووى مووچه‌ى بۆ برِدراوهتهوه، یه‌ك خێزان زیاتر له سێ مووچه و چوار مووچه‌ى هه‌یه”.
عه‌نته‌ر بوونى سیسته‌مى مووچه، به شتێكى هه‌ڵه ده‌زانێت و هاوكات به هۆكارێكى سه‌ره‌كى تهمبهڵبوونى كوردى داده‌نێت، هه‌روه‌ك ده‌ڵێت “وێرِاى ئه‌و هه‌موو مووچه‌یه، كه‌س كار بۆ خۆشى ناكات، هه‌موو شتێكیان بۆ ده‌چێته ماڵه‌وه‌ش، من به تۆ بڵێم وه‌ره كار بكه رۆژانه 25 هه‌زار دینارت پێ ده‌ده‌م، كار ناكه‌ى، چونكه حكومه‌ت ئه‌و پاره‌یه‌ت پێ ده‌دات بێ ئه‌وه‌ى كارێكى ئه‌وتۆش بكه‌یت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆ نموونه هه‌شت هه‌زارت پێ دان، به‌شیان ناكات، ناچارن كار بكه‌ن، بۆیه‌ش باوهرِى من وایه حكومه‌ت و حزبه‌كان، خه‌ڵكیان ته‌مبه‌ڵ كردووه له پێناو خۆیان. كوردى باشوور ته‌مبه‌ڵ بووه، مووچه با هه‌بێ، به‌ڵام به شێوه‌یه‌ك نا كه ئه‌گه‌ر ئه‌و مووچه‌یه ببرِێ له برسان بمرن و هه‌میشه چاویان له‌و برِه مووچه‌یه بێ، به‌ڵكو ده‌بێ به‌شێوه‌یه‌ك چالاكیان بكات كار بكه‌ن. ناچاریان بكات كار بكه‌ن، با چیتر خه‌ڵكى تر نه‌هێنینه سه‌ر كار، به‌ڵكو خۆمان كار بكه‌ین بۆ خۆمان. له ئه‌نجامى ئه‌وه‌ش به‌داخه‌وه كوردى باشوور له‌خۆبایی بووه, واته ده‌ڵێ چۆن ده‌بێ من كار بكه‌م، چۆن توالیت ده‌شۆم؟ ئاخر چ عه‌یبێكى تێدایه؟ من جار هه‌بووه خۆم w.c یه‌كانم شوشتوون و شه‌رمیشم پێى نه‌بووه”.
ده‌رباره‌ى ره‌وشى ئابوورى و نه‌بوونى به‌رهه‌مى ناوخۆیی، عه‌نته‌ر به مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌ى ناو ده‌بات و ده‌ڵێت “ئه‌و ته‌مبه‌ڵ بوونه له ئه‌نجامى شه‌كه‌ت بوونى دۆخى ئابوورییه، كارگه‌ى پیشه‌سازى و كۆمپانیاى به‌رهه‌م هێنان و كارگه‌ى به‌رهه‌م هێنان له كوردستان نییه، هه‌موو شتێكمان له ئێران و توركیا و سین و نازانم كوىَ و كوىَ بۆ دێت، هه‌رێمێكى گه‌وره‌و گران و پرِ داهاتى سروشتى، كه‌چى هه‌موو شتێكمان له ده‌ره‌وه بۆ دێت. ئاوا نابێ، له هه‌موو شاره‌كان كارگه و پرِۆژه بكه‌نه‌وه، توانا‌مان هه‌یه با خه‌ڵكى ئیش بكات، با خۆمان به‌رهه‌ممان هه‌بێت و بینێرینه ده‌ره‌وه. مادام پاره‌مان هه‌یه‌و زیاده، ئه‌ى ئه‌و پاره‌یه له كوێیه؟ یان هه‌ر كه‌سه و عهشیرهتێكى دروستكردووه‌و له ده‌ستى ئه‌وانه؟ ئاخر نازانم خه‌ڵك فه‌قیره، كه‌چى دوو سه‌یاره‌ى هه‌یه؟ نازانم ئه‌مه چۆنه”.
ئه‌و باس له ئاو و هه‌وا و بناغه‌ى شارى هه‌ولێر ده‌كات و له ده‌ره‌نجامى نه‌بوونى بناغه‌یه‌ك و ژێرخانێكى ئابوورى پته‌و، وه‌ها پێشبینى ده‌كات “10 بۆ 15 ساڵى تر هه‌ولێر خراپ ده‌بێت، راسته بینایه و باڵه‌خانه له به‌رزبوونه‌وه‌دان، به‌ڵام ژیانى خه‌ڵكى سفره‌و بناغهكهیشى پته‌و نییه” ده‌رباره‌ى ئاو و هه‌واش، نموونه به‌وه ده‌هێنێته‌وه “هه‌واى هه‌ولێر زۆر زۆر پیسه، له دونیا له نموونه‌ى ئاو و هه‌وا هه‌ره پیسه‌كانه. بۆ نموونه سوید وڵاتێكى زۆر زۆر گه‌وره و فراوانه، هه‌ر كه‌س تاكسى به‌كار ناهێنێت، له هه‌ولێر نه میترۆ، نه شه‌مه‌نده‌فه‌ر هیچ نییه. ته‌واوى تاكسى سوید له ته‌نها هه‌ولێر هه‌یه، واته له هه‌موو سوید 5500 تاكسى كار ده‌كات. به‌ڵام ته‌نها له هه‌ولێر، زیاتر له‌و رێژه‌یه‌ش له كاردان”.
گازانده‌ش له سه‌رمایه‌دار و بزنسمانه كورده‌كان ده‌كات به‌وه‌ى پاره‌كانیان له به‌رژه‌وه‌ندى كوردستان ناخه‌نه گهرِ. ئه‌و به سهرسورِمانهوه ده‌ڵێت “رێژه‌یه‌كى زۆرى سه‌رمایه‌دارى كورد هه‌یه، كار ناكه‌ن و پاره‌یان هه‌یه، زۆرم پێ سه‌یره كه ئه‌وانه كار ناكه‌ن، نازانم ئه‌و پاره‌یه‌یان له كوىَ بوو!چۆن دروسته بێ؟! ئه‌وه‌ى جێى داخه ناتوانى لێشى بپرسی ئه‌و پاره‌یه‌ت لهكوىَ بوو؟ چونكه هه‌ڵده‌چێت و به چاو سووركردنه‌وه، بگره ههرِهشهشت لێده‌كات، مرۆڤ ناتوانێت زمانى له‌و كه‌سانه‌ش بكاته‌وه. خه‌ڵكیش له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ته‌مبه‌ڵه، پاره‌یان پێ ده‌ده‌ن و ئیتر بێده‌نگ ده‌بن، هه‌ر كه‌سێكیش قسه‌یه‌كیان پێ بڵێت ( دچیت به‌ر رهحمهتا خودێرِه)”. بۆیه‌ش زۆر به نیگه‌رانییه‌وه عه‌نته‌ر عه‌نته‌ر ئه‌وه دهخاتهرِوو “ئه‌و ره‌وشه‌ى ئێستاى له باشوور به‌چاوى خۆم ده‌بینم، به‌و شێوه‌یه ده‌وام ناكات، دهرِوات، به‌ڵام ده‌كه‌وێت”.
عه‌نته‌ر بۆ به‌ره‌و باش ئاراسته‌كردنى ئه‌و دۆخه، پێشنیار ده‌كات “خوێنده‌وارى كورد له ته‌واوى وڵاتانى جیهان بڵاوبوونه‌ته‌وه، پێویسته حكومه‌ت ئه‌و كه‌سانه كۆ بكاته‌وه و توانایان پێ بدات و ئاسانكارییان بۆ بكات، بۆ ئه‌وه‌ى زانست كارى خۆى بكات، بۆ ئه‌وه‌ى زانست ئه‌و وڵاته بهرِێوه ببات، با مرۆڤه‌كانمان ئیش بكه‌ن، با سه‌رمایه‌دارانمان كۆ بكاته‌وه و پرِۆژهیان بخاته به‌رده‌ست. بۆ نموونه حازم كورده كه خه‌ڵكى رواندزه، هاتۆته‌وه، 35 ساڵه له سویده، وه‌ك من هه‌موو كارێك ده‌كات و هیچى پێ شه‌رم نییه، به‌ڵام ئێمه خۆمان دروستكرد. منیش ده‌خوازم برِۆمهوه باكوور، به‌ڵام كێشه‌ى من ئه‌وه‌یه قبووڵ ناكرێم، حازم كورده‌ش ده‌یتوانى هه‌وارگه‌ى پارك له هه‌ولێر بكاته‌وه‌و پاره‌یه‌كى زۆر زیاتریشى قازانج ده‌كرد، هاوكارى كوردانیشى كرد و به ماناى كه‌لیمه كورده. یه‌ك حازم كورده هه‌یه، یه‌كێكى تر نییه له باشوور، كه‌س نایه‌ت له به‌رژه‌وه‌ندى وڵاته‌كه‌ى كار بكات و سه‌رمایه‌ى بخاته گهرِ، ئه‌وه‌ش به پله یه‌ك حكومه‌ت لێى به‌رپرسه، خۆى له‌و كه‌سانه به‌خاوه‌ن نازانێت و ناچێت ده‌عوه‌تیان بكات و پرِۆژهیان بخاته به‌رده‌ست. ناچێت ئاسانكارییان بۆ بكات، ئێمه له هه‌موو بواره‌كان مرۆڤمان هه‌یه، دكتۆر و ئه‌ندازیار و هه‌موو بواره‌كانى ترمان هه‌ن. له وڵاتان كار ده‌كه‌ن. له وڵاتانى ده‌ره‌وه ئه‌و پاره‌یه‌ى ئێمه باسى ده‌كه‌ین نییه. حازم كورده كه كارگه‌و كۆمپانیاى هه‌یه له سوید، هه‌ر دینارێك قازانج ده‌كات دێنێت له كوردستان ده‌یخاته گهرِ، به‌ڵام سه‌رمایه‌دارانى تر نایهێنن. پێویسته حكومه‌ت له‌وباره‌وه هه‌وڵى خۆى بخاته گهرِ. به‌ڵام جێى داخه حكومه‌ت له جێى خۆى دانیشتووه و پاره‌ى داوه‌ته ده‌ست چه‌ند كه‌سێك و ئه‌وانیش ورگیان پێ گه‌وره ده‌كه‌ن”.
عه‌نته‌ر عه‌نته‌ر، گازانده‌ى له سیسته‌مى بهرِێوهبردن و سیسته‌مى كاركردنى باشوور هه‌یه، ئه‌و رایده‌گه‌یه‌نێت كه به به‌راورد له‌گه‌ڵ پێشتر، ئێمه پێشكه‌وتوو بووینه‌و له رووى تهكنهلۆژیاشهوه ئامێره‌كان هاتوون، به‌ڵام “سیسته‌م و عه‌قڵیه‌تى كاركردن نه‌هاتووه” گوتیشى “پێویسته سیسته‌مى كاركردن بێننه كوردستان، سیسته‌مى پێشكه‌وتوو، عه‌قڵیه‌تى كاركردن، توانستى فه‌رمانبه‌ران و چۆنیه‌تى كاركردنیان” له باسى كاركردنیش، نموونه‌ى كاركردنى خراپ به‌وه ده‌هێنێته‌وه”ده‌چمه ئیقامه‌ى هه‌ولێر ماڵ خراپ بوونه، كارمه‌نده‌كان وه‌ك سه‌رده‌مى هێتلهرن، هه‌ر به تێهه‌ڵدان مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خه‌ڵكى ده‌كه‌ن، ئاوا نابێت. له ئیقامه به چاوى خۆم بینیومه ناشایسته مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كوردانى باشوور كردووه، به‌ڵام له هه‌مانكات كارمه‌ندى تورك لهوىَ بووه، زۆر بهرِێزهوه له‌لاى ژووریان داده‌نا. پێویسته به سیسته‌م بكرێت. له سوید كه ده‌چم ئیقامه بهێنم، 10 ده‌قیقه‌ى ناوێت، به‌ڵام لێره بۆ چه‌ند مانگێك هاتوچۆت پێ ده‌كه‌ن تا مامه‌ڵه‌كانت رایی ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر سیسته‌م هه‌بێت، له ئاسایشى ئیقامه له هه‌موو كوردستان20 كه‌س كار بكات، به‌سه، به‌ڵام عه‌جه‌ب فه‌رمانگه‌ى یه‌ك قه‌زا هه‌یه به ته‌نیا له سه‌رووى 500 كارمه‌ندى هه‌یه، ئه‌وه‌ش بۆ دهمبهستكردن و تهمبهڵكردنه و هیچى تر”.
بۆ ئه‌وه‌ى پێشكه‌وتنى راسته‌قینه له وڵات بێته‌دى، عه‌نته‌ر پێى وایه “پێویسته مرۆڤى كورد كار بكات، مووچه كه‌مبكرێته‌وه، حكومه‌ت كار بداته تاكى كورد، كارگه و كۆمپانیا بكاته‌وه، با كۆمپانیاى وڵاتانى ده‌ره‌وه بێنه كوردستان، به‌ڵام با كارمه‌ند و كرێكاریان كورد بن”.
له وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌ى كه ئه‌و وه‌ك كه‌سێكى كوردپه‌روه‌ر و له بنه‌ماڵه‌یه‌ك كه ژیانى خۆیان له‌سه‌ر كوردایه‌تى داناوه، دواى ماوه‌یه‌كى زۆر له دووره وڵاتى و هاتنه‌وه‌ى بۆ كوردستان، تا چه‌ند له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداره‌كان رێزى لىَ گیراوه‌و له‌گه‌ڵى دانیشتوون، عه‌نته‌ر عه‌نته‌ر گوتى “تا ئێستا ئێوه چه‌ند جارێك هاتوون، له‌گه‌ڵ سێ چوار كه‌سى تر، زۆر جێگه‌ى داخه كه له كوردستان ناتوانى قسه له‌سه‌ر سیاسه‌ت بكه‌ى، هه‌موویان ته‌نها بیر له ورگى خۆیان ده‌كه‌نه‌وه” گوتیشى “دواى ئه‌وه‌ى ته‌مه‌نی خۆم به‌خشى به كوردایه‌تى و باوكیشم له‌و رێیه گیانى خۆى به‌خشى و بنه‌ماڵه‌كه‌مان چه‌ندان ده‌ربه‌ده‌رییان دیوه‌و له مێژوودا شوێنمان دیاره، زۆر خۆشحاڵم كه ئێستا له كوردستان ده‌ژیم، به‌ڵام نهبهرپرسێك، نه حكومه‌ت كه‌سیان نه‌هاتوون پێم بڵێن به‌خێر بێیت بۆ وڵاتى خۆت. ته‌نها حازم كورده ده‌عوه‌تى كردووم و منیش ده‌ستم له كوردستان به‌رنه‌بوو وایكرد بمێنمه‌وه. به‌ڵام كه‌س پێى نه‌وتووم مه‌رحه‌با، ئاخر بابه منیش به‌ناوبانگم. ته‌نها هاورِێیهكم هه‌یه كه ناوى ئازاد بارزانییه پێم ده‌ڵێ ئاپۆ به‌خێر بێى، به‌ڵام ئه‌و ره‌سمى نییه و شه‌خسییه. هه‌ڵبه‌ت حه‌ز ده‌كه‌م رۆژێك له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى هه‌رێم دابنیشم و له ژیانم بپرسێت. من پێویستی ماددیم نییه، به‌ڵام حه‌ز ده‌كه‌م له‌گه‌ڵیان دابنیشم” گوتیشى “یه‌ك فلسیش ناخوازم، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاوكاریم بكرێت “وه‌قفى مو‌سا عه‌نته‌ر ده‌كه‌مه‌وه، كه هه‌ر دینارێكم قازانج كرد له رێى ئه‌و وه‌قفه به هه‌ژارانى ده‌به‌خشم”.
ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى ئاخۆ هه‌ستى چییه كه دواى 42 ساڵ له ژیانى تاراوگه، ئێستا له وڵاتى خۆى ده‌ژیێت و كه‌س بهخێرهاتنیشى نه‌كردووه، گوتى “توورِه نابم، له‌وانه‌یه ئیشیان هه‌بێت، یان له‌وانه‌یه به‌خۆیان شه‌رم بێت له‌گه‌ڵم دابنیشن، به‌ڵام ئه‌وه ساڵ و نیوێكه لێره‌م یه‌ك كه‌س وه‌ك ئێوه نه‌هاتووه له‌سه‌ر كوردایه‌تى له‌گه‌ڵم دابنیشێت قسه‌ى له‌سه‌ر بكه‌ین، به‌ڵكو هه‌ر كه‌س به‌دواى قازانجى خۆیه‌تى”. داواكاریشبوو له به‌رپرسان “چیتر كورد ته‌مبه‌ڵ نه‌كه‌ن، پێم سه‌یره كورد له وڵاتانى ده‌ره‌وه هه‌موو كارێك ده‌كه‌ن و خزمه‌تى بێگانه ده‌كه‌ن، به‌ڵام لێره كار ناكه‌ن، هیوام وایه بناغه‌یه‌ك بۆ خه‌ڵكى دروست بكه‌ن و چیتر كارمه‌ندى بیانى لێره كار نه‌كات”.