راپۆرتی: زانا دڵشاد دزەیی : ٢١ ساڵ لەمەوبەر جەوھەر باپیر بڕیاریدا رانەکات و لەناو جەرگەی شار رووبەڕووی حکومەتی بەعس بێتەوە، بەڵام دواجار گیانی خۆی فیدا کرد، جەوھەر تەنیا چل ساڵێک ژیا، بەڵام لەو چل ساڵەدا ژیانی سەرکێشەیەکی فیداکارانە بوو، ئەو لە فیتەرییەوە بوو بە ئەکتەر، راستە ئەکتەرێکی خۆڕسک بوو، بەڵام زوو ناسرا، بەرلەوەی شەھیدبێ توانای دەرھێنانی ھەبوو، لەدوا ھەوڵەکانیشی بۆ کوردایەتی ئەوە بوو گیانی لەدەستدا و بووە ئەکتەرێکی شەھید.
ھونەرمەند جەوھەر باپیر، ساڵی ١٩٥٢ لەشاری کەرکووک لەخێزانێکی ھەژار و کاسبکار لەدایکبووە، بەئەسڵ خەڵکی “دێی دێگەڵەن” لەشاری ھەولێر، بەڵام بەھۆی کاسبی باوکی لە ١٩٥١ چۆتە کەرکووک و بەمانگانەی ھەشت دینار بۆتە شوفێر، ساڵی ١٩٦٢ گەڕاونەتەوە ھەولێر و ساڵی ١٩٦٥ ھونەرمەند جەوھەر باپیر خوێندنی سەرەتایی لەقوتابخانەی “یەکەمی نموونەیی” لەھەولێر تەواوکردووە و دوو ساڵیش لەناوەندی “سەیداوە” خوێندوویەتی، “بەڵام بەھۆی ھەژاری و کاروکەسابەت ساڵی ١٩٧٠ دەستی لەخوێندن ھەڵگرت و بۆتە فیتەر”.
پێش ئەوەی دەست بەکاری ھونەری بکات بە “جەوھەر فیتەر” ناسراو بوو، دواتر بەھۆی بەشداریکردنی لەتەمسیلی “تاپۆ حەقی چییە” بە “خدر لۆبیا فرۆش” ناسرا، دوو خێزانی ھەبوو لەھەردوو خێزانەکەیدا تەنیا سێ کچی ھەیە، لەخێزانی یەکەم کچێک و لەخێزانی دووەم دوو کچی ھەیە، “نادیە، میدیا، مەھاباد”. نادیە و میدیا لەھەردوو تەمسیلی (لۆ تێم ناگەن و گوڵی نھێنی) بەشداریان کردووە، براکەی دەڵێت “شەھید جەوھەری برام ئاواتی ئەوە بوو کوڕێکی ھەبێت، بەڵام خوا نەیکردە قسمەت”.
ساڵی ١٩٧٨ لەڕێگەی ھونەرمەند شێرزاد پۆلیس، کە ئەوکاتە فیتەر بوو دەرھێنەر تەلعەت سامان دەناسێ و دەست بەکاری تەمسیل دەکات، کە بەشداریکردنی لەکاری ھونەری حەزی سەرەکی ئەو بووە، ساڵی ١٩٧٨ بۆ یەکەمجار بەشداری لەشانۆی “قەل و رووتە” کرد لەدەرھێنانی تەلعەت سامان، ھونەرمەند تەلعەت سامان لەبارەی جەوھەر باپیرەوە دەڵێت “رۆژێک ھونەرمەند شێرزاد پۆلیس ھاتە لام گوتی فیتەرێک ھەیە زۆر حەزدەکات لەتەمسیل و شانۆ بەشداری بکات، دەیھێنم ئەگەر پێتباش بوو بەشداری پێ بکە، منیش تاقیم کردوەوە زۆرم پێباش بوو، زانیم بەھرەیەکی باشی تێدایە، ئەوە بوو لەچەند شانۆیەک بەشداریم پێکرد و زۆر چالاک بوو وایلێھات بەمدوایانە پێشئەوەی شەھیدبێ خۆی دەرھێنانی بۆ شانۆییەک کرد بەناوی (شێتەکانی ئەم رۆژگارە) کە ساڵی ١٩٩٠ لەھۆڵی گەل نمایشی کرد و خەڵکێکی زۆر ئامادەی بوون”. تەلعەت سامان ئاماژە بەوە دەکات، کە ھونەرمەند جەوھەر باپیر لەکاری ھونەریدا زۆر چالاک و سەریح بوو، زۆر زوو پێگەیشت “وەکو ئەوە وابوو دەیزانی زوو ماڵئاوایی دەکات، زوو کارە ھونەرییەکانی دەکرد و دەچووە پێشەوە”.
جەوھەر باپیر لەماوەی کارکردنی ھونەریدا بەشداری لە ١٧ شانۆ و ٩ بەرھەمی تەلەفزیۆنی کردووە، بەرچاوترینیان “تاپۆ حەقی چییە لەدەرھێنانی زوبێر عەبدولمەسیح، ئاسکە لەدەرھێنانی سەعدون یونس، لۆ تێم ناگەن لەدەرھێنانی تەحسین شەعبان، میوانی ناوەخت لەدەرھێنانی ناسر حەسەن”.
رۆژی ٣١/٣/١٩٩١ ھونەرمەند جەوھەر باپیر لەلایەن رژێمی بەعسی پێشووی عێراق لەشاری ھەولێر لەیەکەم رۆژی کۆڕەوەکە ئەو لەناو شاری ھەولێر مایەوە تاوەکو شەھید کرا، جەودەت باپیر کە برای ھونەرمەند جەوھەر باپیرە و ئێستا فەرمانبەرە لەوەزارەتی رۆشنبیری، رۆژی شەھیدکردنەی بەمشێوەیە بۆ (سڤیل) گێڕایەوە و گوتی “رۆژی ٣١/٣/١٩٩١ کە دەکاتە رۆژی ھەڵاتنەکەی خەڵکی کوردستان من خۆم لەگەڵ جەوھەری برام بووم، ھەولێر ھێشتا نەگیرابوو، ئێمە ١٧ کەس بووین لەئیسکان کۆببووینەوە خۆمان ئامادەکردبوو شەڕ لەگەڵ حکومەت بکەین، نزیکەی سەعات ١١:٣٠ بوو کە حکومەت داخیل بوو، ئەوان بەدبابە و ئێمەش بەسیلاح شەڕمان دەکرد، براکەم بەو تۆپانەی کە بەعەبل دەتەقێت شەڕی لەگەڵ حکومەت دەکرد، دوای ماوەیەک شەڕمان کرد و بەبراکەم گوت جگە لەمن و تۆ کەس نەماوە و داوام لێکرد بڕۆین، ئەو گوتی من ناڕۆم تاکۆتایی شەڕ دەکەم، چونکە بشگیرێم لەعامودمان ھەڵدەواسن، گوتی بڕۆ ماڵەوەمان رزگار بکە، چونکە دایکم و خوشکەکانم لەھەولێر مابوونەوە”، براکەی دەڵێت “جەوھەر، گوتیشی لەلای نەخۆشخانەی رزگاری یەکتر دەبینینەوە، ھەتا ئێوارەیەکی درەنگ لەلای مەدینە توب چاوەڕێم کرد ھەر بەدیار نەکەوت”. جەودەت باپیر لەقسەکانی بەردەوام دەبێت و دەشڵێت “دوای دوو رۆژ کوڕە پلکێکم ھات و پێیگوتم جەوھەر بەم رێگایەدا رۆیشت، ئەوجا نازانم چی لێھات، کە وایگوت زانیم شەھیدکراوە، لەگەڵ ئافرەتێکی ئامۆزام پێکەوە چووینە ئەو رێگایە، چونکە ئەگەر پیاو ئافرەتی لەگەڵ بوایە ھیچیان لێنەدەکرد، لەرێگادا کۆمەتە خۆڵێکم دیتەوە و گوتم لێرە بۆنی براکەم دێت، ئامۆزەکەم گوتی قسەی وامەکە، ئەو شەھید نەبووە، کە کۆمەتە خۆڵەکەم ھەڵدایەوە تەرمی شەھید جەوھەری تێدا بوو”.
بۆجاری یەکەم تەرمی ھونەرمەند جەوھەر باپیریان لەگۆڕستانی سەید مەعروف بەخاک سپارد، دوای گەڕانەوەی باوکی بۆ شاری ھەولێر، تەرمەکەیان گواستەوە لەگۆڕستانی شێخ ئەحمەد بەخاکیان سپارد. جەودەت باپیر لەبارەی خێزانەکەی خۆیانەوە گوتی “باوکمان دوو ژنی ھێناوە، ئێمە چوار برا و خوشکێک لەدایکێک بووین و سێ برا و دوو خوشک لەدایکێکی تربوون”. ھونەرمەندە ھاوڕێکانی باسی ئەوە دەکەن، جەوھەر باپیر پیاوپێکی زۆر کوردپەروەر بووە و حەزی دەکرد دەوڵەتێکی کوردی دابمەزرێت، حەزێکی زۆری بۆ تەمسیل و مۆسیقا و گۆرانی ھەبووە، بەتایبەت گۆرانییەکی تایەر تۆفیق و حەسەن زیرەک، زیاتر سەیری فیلمی بیانی دەکرد.
دوای ٢١ ساڵ لەشەھیدبوونی براکەی (جەودەت باپیر) سوپاسی ھاوکارییەکانی حکومەتی کرد کە وەک خۆی دەڵێ حکومەت کەمتەرخەمی نەکردووە و ئاگایان لەخێزانی براکەم بووە، گوتیشی “زەویان پێدراوە و شەوقەشیان داوە، موچەی شەھیدانەشیان بۆ بڕاوەتە”.
ھاوسەری دووەمی ھونەرمەند جەوھەر باپیرە، (وەھەبیەخان) بۆ (سڤیل) دەڵێ دڵمان بەوە خۆشە ھونەرمەندە ھاوڕێکانی و حکومەتیش ئەویان لەیاد نەکردووە، گوتیشی “زۆر ئاگایان لێمان بووە، ھەر لەو ماوەیەدا چووم بۆ لای وەزیری رۆشنبیری گوتم گۆڕەکەی شەھید جەوھەر تێکچووە، دەمانەوێت چاکی بکەینەوە، ملیۆنێک و نیو دیناری سەرفکرد، ھەروەھا ھیوا سوعاد بەڕێوەبەری شانۆ کەمتەرخەمی نەکردووە، ئەوجا ساڵی پار مەراسیمیان بۆ کرد و بەڕێز پارێزگار و ھونەرمەند و رۆشنبیرەکان ھاتن، ھەندێجار ھاتوونەتە ماڵەوە و چاوپێکەوتنی ئێمەشیان کردووە”، دەشڵێت “ئەمساڵ دووجار پەیوەندیان پێوەکردووین مەراسیمێک بۆ ساڵیادی شەھیدکردنی ئەنجام بدەن، بەڵام پێم وایە کەناڵێکی تەلەفزیۆنی دەیەوێت ئەمساڵ بەم کارە ھەڵسێت”. خاتوو وەھەبیە باسی ئەوەش دەکات کە ئاواتی سەرەکی ھونەرمەند جەوھەر باپیر دروستبوونی دەوڵەوتی کوردی بووە و دەڵێت “لەماڵەوە و لەگەڵ خەڵکیش بەھەموو شتێک تووڕە نەدەبوو، زۆر حەزی لەشتی فۆلکلۆری دەکرد، بەتایبەت خەنجەر، زۆر لەشتە تایبەتییەکاتی خۆی مابوو، بەڵام لەماڵەکەی تری بوو لەلای ھاوسەرەکەی تری، ئەویش نازانم چیان لێکرد، بەڵام ئەوەی لای من ماوەتەوە تەنیا وێنەکانیەتی، ئەویش لەلای کچەکەمە”. ھاوسەرەکەی ئەوەشی ئاشکرا کرد، ھەندێکجار لەکاتی پەخشکردنی تەمسیلەکانی لەتەلەفزیۆن منداڵەکانی دەگریێن، دەڵێت “ئێمە پێشمان خۆشە کاتێک زوو زوو تەمسیلەکانی ئەو لێدەدەن، بەڵام بڵێی و نەڵێی منداڵەکان خەفەت دەخۆن و ھەنێجار کە لە تەلەفزیۆن دەیبینن دەگریێن، بۆیە ئەگەر ئەوان ئاگایان لێ نەبێت من تەلەفزیۆنەکە دەگۆڕم”.
کامەران باپیر، برایەکی دیکەی جەوھەر باپیرە و فەرمانبەرە لەنەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا، کاتێک باسی لەشەھیدکردنی براکەی بۆ (سڤیل) کرد گریا و گوتی “براکەم زۆر لەخەمی ئێمەدا بوو، پێشئەوەی شەھیدبێ ئێمەی رزگارکرد و گوتی منیش دوای ئێوە دێم، بەس ئاگات ماڵەوە بێت و خەمی منتان نەبێت”.