بەختیار سەعید :سەعات (10)ی سەلەبەیانی ڕۆژی 6/11/2010 تەلاری هونەری سلێمانی بووە جێژوانی عاشقانی حەمە جەزا، و ئەمجارەش حەمە جەزا توانی هەموو هونەرمەندان و دڵسۆزان بە خاک و نیشتمان، هەموو حیزبە کوردییەکان، هەموو هاوڵاتیانی باشوری کوردستان، هەموو ڕۆژنامە نووسان کۆبکاتەوە، حەمە جەزا تەنانەت لە چلەکەشیدا نەیویست تەنها بێت، ئەو نەریتەی کە ژیانی پێ گوزەراندبوو کە دەبێت هەموو ساتەکانی لەگەڵ کۆمەڵێکدا بەسەر بەرێت و باس لە نیشتمان و باس لە عاشق و باس لە شانازییەکان بکات، هەموو ئەوانە بوونە ئەوەی زیاتر لە 800 کەس ئامادەی هۆڵی تەلار بوون و پێکەوە چلەیەکی هونەری سازبکەن.
سەرەتای چوونە ژورەوە چاوم بە پیشانگەیەکی فۆتۆ گەشایەوە کە هەریەکەیان باس و خواسی خۆی هەبوو، هەر فۆتۆیەک و تەمەن و ساتێکی ئەم هونەرمەندە نەمرەی دەگێڕایەوە کە لەلایەن هەردوو هونەرمەند (محەمەد فەتاح، سەردار خدر)ەوە ئامادەکرابوو، لەلایەکی تری هۆڵەکەش ئەو جلووبەرگ و پێداویستایە خرابوونە ڕوو کە هونەرمەند لە ژیانیدا بەکاری هێنابوون، ئەم بەشەش لەلایەن هەردوو شانۆکار (بەکر ڕەشید، )ەوە ئامادەکرابوون، دواتر هەریەک لە ئامادەبوان زەرفێکیان وەردەگرت کە تیایدا کوڕاسەیەک و کتێبێک و سیدییەکی لەخۆگرتبوو، کوڕاسەکە لە ژمارەیەک لە نووسینی هونەرمەندان و نووسینی بیروەری هاوڕێیان و هەڵسەنگاندی کاری هونەری (حەمە جەزا)ی هونەرمەندی لەخۆگرتبوو، ئەم کوڕاسەیە لەلایەن (دیاری قەرەداغی، عادل محەمەد کەریم، بەختیار سەعید)ەوە ئامادەکراوەو (بازیان جەلال) ئەرکی دیزاینی لەئەستۆگرتبوو، هەروەها کتێبەکەش لەهەموو شیعرانە پێکهاتبوو کە حەمە جەزا لە ژیانیدا نووسیوونی و لەلایەن (عەبدولواحید ئیدریس شەریف)ەوە ئامادەکرابوو، هەروەها سیدییەکەش لەدوایەمین بەرهەمی حەمە جەزا لەگەڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی ئەنجامی دابوو بەناوی (شەهید) لەئاوازی مامۆستا (عادل محەمەد کەریم) و شیعری (عەلی بێ بەش، خاڵە حەمە، حەمە جەزا) بوو.
دواتر بەرەو ناو هۆڵەکە دەبوویتەوە.
مەراسیمەکە بە خوێندنەوەی چەند پارچە شیعرێکی هونەرمەند حەمە جەزا دەستیپێکردو پاشان بەڕێز (مەلا سامان) چەند ئایەتێکی قورئانی پیرۆزی خوێندەوە، دواتر وتاری هەریەک لە سەرۆک کۆماری عێراق لەلایەن بەڕێز (ئازاد جوندیانی) و، وتاری بڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەلایەن (فەلەکەدین کاکەیی) و وتاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەیران لەلایەن (د. بەرهەم ئەحمەد ساڵەح)ەوە خوێندرایەوە.
مامۆستا (شێرکۆ بێکەس) بە شیعرێکی تایبەت و هەڵقوڵاوی هاوڕێتی و بەهەڵوێستی چەند ساڵەی یەکتر ناسینیانی خوێندەوە، پاشان لەلایەن کەناڵی کوردساتەوە بەرهەمێکی دیکۆمێنتاری لەسەر هونەرمەند پێشکەشکرا.
دواتر کلیپی دوابەرهەمی هونەرمەند حەمە جەزا بەناوی (شەهید) کە کە کەناڵی کوردسات بەشێوەیەکی زۆر جوان بەرهەمیان هێنابوو نمایشکرا، دواتر بە بەشداری زیاتر لە 100 هونەرمەندی هەموو شارو شارۆچکەکانی باشوری کوردستان هەردوو گۆرانی (هۆ کاکی پێشمەرگە، مەڕۆ مەڕۆ) پێشکەشکرا کە کۆمەڵێک دەف ژەن و عود ژەن بەشداریان تێداکردبوو.