ئەڵقەى هاوسەرگیرى، هیماى گەیشتنى دوو مرۆڤە بە یەکتر، ئەگەرچى زۆر کەسان هەن پابەندى لە پەنجە کردنى نابن یاخود بۆ ماوەیەک لە پەنجەى دەکەن و دواتر توڕى هەڵدەدەن، ئەمەش رەنگە هەندێ جار درزێک بخاتە نیوانیانەوە. بۆ زیاتر گفتو گۆ کردن لەسەر ئەم تەوەرە، چەند پرسیارێکمان ئاراستەى چەند کەسانێک لە هەردوورەگەزە کرد لە هەر یەکیان پرسیارى ئەوەمان کرد، چەند ساڵە خێزانت پێکەوە ناوە؟ ئەڵقە لە پەنجە کردن بە لاى تۆوە چى دەگەیەنێ ؟ هیچ رۆژێک لە یادت نەکردووە یاخود ونت نەکردووە؟ ئەگەر ونى بکەیت چى بە هاوسەرەکەت دەڵێت؟ ئامادەى دواتر یە کێکى دیکە بکریتەوە؟ کامیان زیاتر ئەڵقە لە پەنجە دەکەن، پیاو یاخود ژن؟ پێت وایە ئەو پیاوانەى ئەلقە لە پەنجە ناکەن بۆ ئەوە بێت وا خۆیان نیشان بدەن کە هێشتا سەڵتن و ژیانى هاوسورییان پێکەوە نەناوە، واتە بوخچەى نەکراوەن یاخود بۆ ئەوەى کچانى پێ دەسخەڕۆ بکەن؟ ئەدى بۆ ئەوانە چى دەڵێت کە ساڵانێکە زەواجیان کردووە و ئەلقە لە پەنجە ناکەن؟
قاسم حوسێن:
من نزیکەى 8 ساڵە خێزانم پێکەوە ناوە، ئەڵقە لە پەنجە کردنیش بە راى من تەقلیدە، من بۆ خۆم تەنها 3 مانگى یەکەم ئەڵقەم لە پەنجە دەکرد دواتر فڕێمدا، هۆکارەکەشى رەنگە هەر ئەوە بێت یەک دوو جار لە پەنجەم دەشکا، لەپەنجە نەکردنیشى زۆر ئاساییە بە لاى منەوە و گرنگییەتى ئەوتۆى نەبووە، پێم وایە 90% ى پیاوان پابەند نین بە لە پەنجە کردنى ئەلقە، بڕواش ناکەم ئەمە مەبەستێکى لە پاڵەوە بێت، ئەوانەى چاویان لە دەرەوەیەو بۆ ئەوە لە پەنجەى ناکەن بۆ ئەوەى لە ناو خەڵکیدا واخۆیان نیشان بدەن سەڵتن، من دەڵێم ئەوانە خۆیان هەڵدەخەڵەتێنن. ئەڵقەش ئەگەر چى ئاماژەیەکە بۆ بەردەوام بوون و زیندوو راگرتنى پەیمانى نیوان ژن و مێرد، لە پەنجە نەکردنى هیێ شتێک لە مەسەکە کەم ناکاتەوە، من لە ناخمەوە رێزى تایبەتیم بۆ هاوسەرەکەم هەیە و با ئەلقەشم لە پەنجە نەبێت.
خاتوو ئالان نەجدەت عەبدولرەحمان :
من بۆ خۆم 9 ساڵە شووم کردووە، ئێستا ئەڵقە لە پەنجە ناکەم، پیاوەکەشم لە پەنجەى ناکات، هەر ئەمەشە منیش وەک ئەو لە پەنجەى ناکەم، ئەگەر چى ئەلقە هیمایەکە بۆ زەواجى نیوان دوو کەس و نیشانەى بەستنى پەیمانێکى کۆمەڵایە تییە لە نیوان دوو مرۆڤ، وەنەبێت هەر لە پەنجەم نەکردبێت، خۆ منیش ماوەیەکى زۆر لە پەنجەم دەکرد، لێ کاتێک بینیم مێردەکەم لە پەنجەى ناکات منیش هەروەک ئەو توڕم تێهەڵدا، کەلێى دەپرسم بۆ لە پەنجەى ناکەیت، لە وەڵامدا پێم دەڵێت، پەنجەم حەساسییەت دەکات، باشە ئەگەر وایە، خۆ حەساسییەتیش چارەسەرى هەیە، بۆ ئەو پرسیارەى کە دەپرسى کێ زیاتر ئەڵقە لە پەنجە دەکات؟ من دەڵێم ئافرە لە پیاو زیاتر پابەندە بەو نەریتەوە، پیاو کە لە پەنجەى ناکات، دوور نییە نیازێکى هەبێت، حەزیش بکات کەس نەزانێت خێزاندارە بۆ ئەوەى بە ئارەزووى خۆى چاو بگێڕىِ، هەموو ئەمانە مومکینە و بییەوێ کەسێک دەسخەڕۆ بکات بە نیازى کردنەوەى دەرگایەکى نوێ بۆ پەیوەندییەکى نوێ بێت، هەڵبەت گومانى ئەو ژنەش بۆ پیاوەکەى ێەندین پرسیارى بۆ دروست دەکات و رافەى جیاوازیشى بۆ دەکات و لەم حاڵەتەدا مافى خۆیەتى لە پیاوەکەى بە گومان بێت.
محەمەد حەسیب یاریدەرى بەڕێوبەرى پەیمانگەى هونەرە جوانەکانى کەرکووک:
لە ساڵى 1999 وە خێزاندارم، ئەڵقەش هەندێ جار لە پەنجەى دەکەم و هەندێ جاریش لە پەنجەى ناکەم، رەنگە چەند جارێک لێشم ونبووبێت، هەر بۆیە ئێستا لە ماڵەوە هەڵم گرتووە، خۆم کەچووم بۆ حەجیش ئەو ئەڵقەیەى لە دەستمدا بووبە دیوارى کەعبەدا خشاندووە، ئەمە بیرو باوەڕى خۆم بووە، بۆیە دەترسم ونى بکەم. ئەوەش نییە بڵێى لە پەنجە نەکردنى دڵگرانم بکات، ئەڵقەش بە لاى منەوە هیچ شتێک ناگەیەنێ ، تتەنها ئەوە نەبێت کە نیشانەى بوونى هاوسەرى دوو مرۆڤە، بڕواش ناکەم ئەڵقە پەیوەندى بە خۆشەویستییەوە هەبێت و لە پەنجە نەکردنیشى له خۆشەویستى نیوان دووکەس کەم ناکاتەوە، خۆشەویستى بە ئەڵقە پێوەر ناکرێت و تەنها رەمزێکە،من بۆ خۆم خێزانەکەم زۆر خۆش دەوێت، کاتێکیش لە پەنجەى ناکەم ماناى ئەوە نییە چیتر خۆشم ناوێ، ئافرەتى هیندى کە زەواج دەکات ناوچەوانى بە خەڵوز خاڵێ رەشى بۆ دەکرێت ئەمەش هیمایەکە کە ئەو ئافرەتە زەواجى کردووە و لاى ئیمەش بە ئەڵقە ئەو ئافرەتە جیا دەکرێتەوە لەوەى کە کچە، ئەلقە لە پەنجە کردن نەریتە و ئارەتان زیاتر لە پیاوان لە پەنجەى دەکەن، ئافرەت لەبەر چاوە بەتایبەتى ئەوانەى جوانن، هەربۆیە گەنجان پێش هەموو شتێک دەڕواننە پەنجەى ئەو ئافرەتە بزانن ئەڵقەى لە پەنجەدایە بەتایبەتى ئەوانەى کە بیانەوێ هاوسەرى خۆیان هەڵبژێرن.
خاتوو نامۆ عومەر:
من وا بۆ 5 مانگ دەبێت زەواجم کردووە، بە بەردەوامیش ئەڵقەم لە پەنجەدایە، ئەلقە شتێکى پیرۆزو ژیانى هاوسەریش بە ئەڵقەوە جوانترە، لە پەنجە کردنى هیچ ئەکێکى نییە، سوزو خۆشەویستى و وەفایەکە بۆ بەرامبەر، هەرگیز بیرم لەوە نەکردۆتەوە رۆژێک لە پەنجەى نەکەم، ئافرەتى ئێمەش زیاتر پابەندن بە لە پەنجە کردنى وەک لە پیاو، رەنگە لەپەنجە نەکردنى لاى هەندێ پیاو تەفسیرى جۆراو جۆرى هەبێت، خۆ رەنگە کەسانى واش هەبن هیچ مەبەستێکى خراپیان نەبێت کە لە پەنجەى ناکەن، دوور نییە پێى سەخڵەت بن لە بەرامبەریشدا بە تەئکید کەسانى دیکە هەن کە مەبەستیان چاوگردانە بەر هەرچوارلاى خۆیاندا.