شانۆگەری (پارێزەرەکەى رەحەمە) بریتیە لە دەیەمین بەرهەمی شانۆیی تیپی هونەری “رەنگاڵە” ئەو بەرهەمە لە رێکەوتی 10- 9- 2010 یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانەوە نمایشدەکرێت و تا دوێنێ رێکەوتی 3- 11- 2010 دەکاتە (55) رۆژ نمایشکردنی ئەو شانۆگەرییە.
شانۆگەری (پارێزەرەکەى رەحەمە) لە نووسینی هونەرمەند (تۆفیق عەبدول)ـە، کاری ئامادەکردن و دەرهێنانی لەلایەن هونەرمەند (ماهیر حەسەن) ئەنجامدراوە، ئەو هونەرمەندانەی کاراکتەری شانۆگەرییەکە بەرجەستە دەکەن بریتین لە (ماهیر حەسەن، ئەحمەد رەئوف، رێزان فەرەج، فەریدون حەمە ساڵح، ئاڵا عومەر، کەمال چالاک، قادر جەلال، کوردە عوسمان نەوزاد ئەحمەد، بروسک بەهادین)، بەرێوەبەری بەرهەم هونەرمەند (ئومێد محەمەد عەلی) کاری دیکۆر لە لایەن هونەرمەند (بەکر مستەفا) ئەنجامدراوە.
هونەرمەند (ماهیر حەسەن)، کە دەرهێنەری شانۆگەریەکەو لەهەمان کاتدا (3) رۆڵ لەناو شانۆگەرییەکەدا بەرجەستە دەکات، لە لێدوانێکی دا بە رۆژنامەی “هەولێر”ـی راگەیاند : “ئەو شانۆگەرییە لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆزەوە نمایشی دەکەین، جەماوەرێکی بەرچاو رۆژانە دێن بۆ سەیر کردنی شانۆگەرییەکەمان، سوپاسی ئەو جەماوەرە خۆشەویستە دەکەین، کە ئەوەندە بە پەرۆشەوە دێن بۆ سەیر کردنی بەرهەمێکی شانۆیی”.
دەربارەی پێشوازی کردنی رێژەی ئەو جەماوەرە زۆرە، (ماهیر) گوتی : “جەماوەری ئێستای شانۆ پێویستە بەرهەمێکیان پێش کەش بکرێت، خۆی تێدا ببینێتەوە، نەک بەرهەمێک بێًت نەزانێت باسی چی دەکات و، ناوەرۆک و تێکستێک بێت سەری لێدەر نەکات، ئێمە لە بەرهەمەکانماندا هەمیشە بەزمانی شانۆ باسمان لە کێشەو گرفتەکانی کۆمەڵگامان کردووە، ئەو بەرهەمەی ئەم ساڵیشمان بەرهەمێکە ناوەرۆکەکەی باس لە چەند کێشەیەکی کۆمەڵایەتی دەکات، ئەو رێژە زۆرەی بینەرانی ئامادەبووی شانۆگەرییەکە شایەتی ئەوەیان بۆ داوین کە بەرهەمەکەمان تا چەند لەگەڵ ناخی خەڵک نزیک بووە”.
هونەرمەند (ئەحمەد رەئوف) کە رۆڵی (پارێزەرەکەی رەحەمە)ـو هەروەها یاریدەدەری دەرهێنەرە لەو شانۆگەریەدا، دەربارەی ئەو بەرهەمەی ئەم ساڵیان گوتی : “شانۆگەری (پارێزەرەکەى رەحەمە) یەکێکە لە دەقە چاکەکانی هونەرمەند (تۆفیق عەبدول) توانیومانە ئەو بەرهەمە بە شێوەیەکی چاک پێش کەشی جەماوەری ئامادەبووی بکەین، هەموو ئەو ئەکتەرانەی بەشدارییان کردووە، ئەکتەری زۆر باش و دیارن لەبواری نواندا”.
دەربارەی ژمارەی رۆژەکانی نمایشی شانۆگەرییەکە (ئەحمەد رەئوف) گوتیشی : “ئەو بەرهەمە هەموو ئێوارەیەک لەکاتژمێر (7:00) نمایشدەکرێت، تا ئێستا (55) رۆژە نمایشی بەردەوامە، لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا رۆژانە (2) جار نمایشمان کردووە، بەنیازین تا دوای جەژنی قوربان نمایشەکانمان بەردەوام بێت، چونکە جەماوەرێکی زۆر رۆژانە دێن بۆ سەیرکردنی شانۆگەریەکەمان تەنانەت لە شار و شارۆچکەکانی دەوربەری سلێمانیش دێن بۆ سەیرکردنی”.
دەربارەی ژمارەی ئەو بینەرانەی ئەو شانۆگەریان کردووە گوتی :”جگە لەو میوانانەی کە هاتوون بۆ سەیرکردنی شانۆگەریەکەمان و هەڵسەنگاندنی بەرهەمەکە، ژمارەی ئەو بلیتانەی کە فرۆشراون تا ئێستا نزیکەی (21000) بیست و یەک هەزار بلیت فرۆشراوە، ئەو رێژەیەش پێم وایە رێژەیەکی کەم نیە بۆ نمایشی شانۆگەرییەک، سوپاس بۆ خوای گەورە و بۆ پێشوازی خەڵک”.
لە کۆتایی دا هونەرمەند (ئەحمەد رەئوف) دەربارەی هاتنی شانۆگەریەکەیان بۆ شاری هەولێر گوتی : “ئێمە لە ماوەی (3) ساڵی رابردوودا هەوڵمان داوە بەرهەمەکانمان بهێنین بۆ هەولێر، چونکە جەماوەری شاری هەولێر بۆ هەموو بەرهەمەکانمان هاتوون بۆ شاری سلێمانی سەیریان کردووە، داوایان کردووە بەرهەمەکانمان بهێنین بۆ شاری هەولێر، ئەم ساڵیش بەنیازین لەسەر داواکاری ئەو جەماوەرە خۆشەویستە جارێکی تر ئەو داواکارییە پێش کەش بکەینەوە بزانین چ وەڵامێکیان دەبێت”.