ھەر دوو ھونەرمەندی لاو (میرا و لۆکە) لە دیمانەیەکدا: لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا تۆمارکردنی گۆرانی ئایینی لەلایەن ھونەرمەندانەوە بووەتە مۆدێلێک و بەتایبەتی لەسەرووبەندی مانگی ڕەمەزاندا بەرھەمە ئایینییەکە لەسەر شاشەی کەناڵە ئاسمانی و لۆکاڵییەکان دەبێتە میوانی ھەموو ماڵەکان، بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیار بوو لە چەند ساڵی ڕابردوو غیاب و نەبوونی ئافرەتانی ھونەرمەند بوو لەم بوارەدا، وەک دەگوترێ (لۆکە) بەشێوازێکی جیا لە گۆرانیبێژانی تر کاری بۆ بەرھەمھێنانی ئەم ئەلبوومە ئایینییە کردووەو،
بە پێی گوتەی تۆمارگەکان گۆرانییەکانی (لۆکە) داخوازییەکی زۆری لە لایەن گوێگرانەوە ھەیە.
دوا بەدوای ئەوەیش (لۆکە) بە ھاوبەشی لەگەڵ (میرە) ئەلبوومێکی ئاینیی کە ٧ تراک لەخۆ دەگرێت لەمانگی ڕەمەزندا بڵاو کردەوە، لەم چوارچێوەیەدا ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئەم دوو ھونەرمەندە ڕووبەڕووی چەند پرسێک دەکاتەوە.
سەرەتا لە (لۆکە)ـمان پرسی کە پێشتر ھونەرمەندان تەنیا بە یەک گۆرانی یا کلیپێک خزمەتیان بە بواری ئایینی کردووە، بەڵام ئێوە بە بەرھەمھێنانی ئەلبوومێک ھاتوونەتە مەیدان؟، ” لە بارەی ئەم پرسیارەوە ئەو خانمە گۆرانیبێژە ئەم کارەی بۆ لێھاتوویی (ھەڵکەوت زاھیر) گەڕاندەوە کە ئەو ھەمیشە بەبیرکردنەوەی نۆێخوازییەوە و بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵ ھەڵسەنگاندنێکی باشی بۆ تواناکانی ئێمە دەکات، دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ من و (میرا) بڕیارمان دا بە شێوەیەکی ئەلبووم ئەم بەرھەمە بڵاو بکەیەنەوە، بەو ھیوایەی بتوانین خزمەتێکی بچووکی ئەو کەسانەمان کردبێت کە خولیای گۆرانی ئاینین.
دواتر، (لۆکە) زیاتر لە بارەی ئەم بەرھەمەوە دەدوێت و دەڵێت: “ئەم بەرھەمە کە بەشێوەی ئەلبومێک بوو و لە مانگی ڕەمەزاندا بڵاوکرایەوە. من و (میرا) ھەریەکەمان ٣ گۆرانیمان ئامادە کردوو، ھەروەھا ھونەرمەند کاک (ھونەر)ـیش بە گۆرانییەک میوانی ئەم ئەلبوومەبوو، ھیوادارم ھەموومان توانیبێتمان خزمەتێکمان بەو کەسانە گەیاندبێت کە سۆزی ئاینییان ھەیە.
لە وەڵامی ئەوەی کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا وتنی گۆرانیی ئایینی لە سەروبەندی مانگی ڕەمەزاندا لە نێو گۆرانیبێژان بووەتە مۆدێلێک، لەم بارەیەوە ھونەرمەند (لۆکە زاھیر) گوتی: “ھەمیشە حەز دەکەم ھەموو چینەکانی جەماوەر بە بەرھەمەکانم ڕازی بکەم، ئاینیش بەشێکی گرینگی ژیانی مرۆڤایەتیە و ھونەرمەندیش لەو لایەنەوە ھەست و سوزی
خۆی بۆ ھونەرەکە دەردەبڕێت.”
لە بەشێکی دیکەی وتووێژەکەماندا بە (لۆکە)ـەمان وت کاریگەریی ئایین لەسەر ئێوە لە چی ئاستێکدایە؟ لە بەرسیڤدا (لۆکە) گوتی: “من مرۆڤێکم ڕێز لە ھەموو ئاینێک دەگرم و بۆخۆشم کەسێکی موسڵمانم. بێگومان کاریگەری ئاینم لەسەر ھەیە، بەو پێیەی ھەمیشە ئێمە لە ڕێگەی بەرنامە ئاینییەکانەوە فێری زۆر شتی باش بووین، بۆیە ئایین بەشێکی گرنگە لە ژیانماندا.
لە بارەی ئەوەی کە ئایا (لۆکە) بیری لەوە نەکردووەتەوە کە دوای ڕەمەزانیش بە باڵاپۆشییەوە دەربکەوێت، لە وەڵامی ئێمەدا
ئەو کچە گۆرانیبێژە دەڵێت مەرج نییە بە باڵا پۆشییەوە دەرکەوم، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ھەندێ گۆڕانکاری لە شێوازی جلوبەرگەکانم دەکەم.
لە کاتێکدا کە دەتوانین بڵێین (میرا) و (لۆکە) دەرچووی پەیمانگەی (ھەڵکەوت زاھیر) بوونە، ئایا ئەو دەزگا ھونەرییەی کە ئێوە لێتان خوێندووە تا چەند بووەتە پاڵپشتێکی ھونەری بۆ دەنگی ئێوە وەک دوو گۆرانیبێژ؟ ئەوان پێیانوایە قوتابخانەکەی (ھەڵکەوت زاھیر) لە چڕینی ھەموو جۆرە گۆرانییەک ئێمەی شارەزا کردووە و فێری ھەموو وردەکاریی و تەکنیکیی باشی ھونەری کردووین.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانمان (لۆکە) باسی لەو گۆرانییە ئاینییەی ساڵی ڕابردووی (میرا) کرد و ڕایگەیاند کە (میرا) دەنگێکی زۆر خۆشی ھەیە و بەتایبەت کە لە ساڵی پاردا کاتێک ئەو گۆرانییەی وت، پێموایە سەرکەوتووترین گۆرانی ئاینی بوو، ھەربۆیە ئەو بەرھەمە ئاینییەی پێشووی (میرا) بووە ھەوێنی لە دایکبوونی ئەم بەرھەمە ھاوبەشەی ئێستای ئێمە، لە ئێستاوەیش خۆمان بۆ ساڵی ئایندە بۆ بەرھەمھێنانی بەرھەمێکی دیکەی ئایینی ئامادە دەکەین.
لە لایەکی دیکەیشەوە لە بارەی ئەم ئەلبووەمە تازەیە، چەند پرسێکمان ڕووبەڕووی گۆرانیبێژی لاو (میرا) کردەوە کە ئەویش بە ٣ گۆرانی بەشداری ئەو ئەلبوومەی کردووە.
سەرەتا لە بارەی ئەوەی کە (میرا) دەنگی چ گۆرانیبێژێکی ئایینی بەسەرەوە ھەیە، ئەو گوتی: “ھونەمەندی گەورە ( نجاە الێغیرە ) بەرھەمێکی زۆر جوانی وتووە و بێگومان دەنگی ئەو ھونەرمەندە کاریگەری لەسەر من درووستکردووە.”
دواتر، (میرا) دەست خۆشی لە (لوکە) کرد کە وەک ئافرەتێک بەو پەڕی خۆشحاڵییەوە بەشداری ئەو بەرھەمە ئایینیەی کردووە و دەتوانیین بڵێین ئێمەش خاوەنی گۆرانی ئاینین بە دەنگی ئافرەت لە کوردستاندا، ھیوادارم بەو بەرھەمەی من و ئەو خاتوونە توانیبێتمان خزمەتێک بەبواری گۆرانی ئاینی بکەین.
دواتر، (میرا) ھێمای بۆ پلانی داھاتوویان کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان بەردەوام دەبن لە خزمەتکردنی ھونەری کوردی بەگشتی و ئێستا ئەم بەرھەمەی بە ھاوبەشی لەگەڵ (لۆکە) بە ئەنجامایان گەیاندووە خوازیارن جێگای ڕەزامەندی جەماوەری خۆشەویستی کوردستان بێت، (میرا) گوتیشی: “نابێت ڕۆڵی ھونەرمەند (ھونەر) لە بیر بکەین کە بە بەرھەمێک بەشداری لەو ئەلبوومە کردووە.”
(میرا) کە بۆ یەکەمجار لە ڕێگای ستۆدیۆی ئەستێرانەوە ھاتە ناو دونیای ھونەرەوە لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: “بەرنامەی ستۆدیۆی ئەستێران سەرەتایەکی باش بوو بۆ ھاتنە پێشەوەی ئەو بوارە و بەھۆی بوونی ئەم پڕۆگرامەوە دەرفەتی ئەوەمان بۆ ڕەخسا کە مامۆستا (ھەڵکەوت زاھیر) بناسین، لە نزیکەوە ئەو گرنگیەکی زۆری بە من دا، کە بۆ ھەمیشە لە بیری ناکەم.”
دیمانە: کارۆخ مەلائەسعەد
٠٠٩٦٤٧٥٠٧٧٦٧٠٣٦
Karox_gr_music@hotmail.com