مەسعودى مەلا هەمزە:لەسێ رۆژدا و بەنمایشکردنى شانۆگەرى عەبا لە دەرهێنانى کرمانج مستەفا وەرزى هەولێری شانۆیی بەردەوام بوو، ، ئەم وەرزەش کە بەڕێوەبەرایەتى گشتى رۆشنبیری و هونەر- بەڕێوەبەرایەتى هونەرى شانۆى هەولێر سازیکردووە.
ئەم شانۆگەرییە کە کاتژمێر 4،30ى رۆژانى 26و27و28/10/2010 لە هۆڵی گەلى شارى هەولێر نمایشکرا، تێیدا هەریەک لە “هاوار حەمیدو نەرمین ئەسیر” رۆڵی سەرەکیان هەبوو.
کرمانج مستەفا دەرهێنەر شانۆگەرییەکە لە لێدوانێکدا گوتى: ئەم شانۆگەرییە لە نووسینى فەلاح شاکر و یوسف سائیغەو رێبین رەسول وەریگێڕاوەتە سەر زمانى کوردی، ماوەیەکى زۆر بوو ئەو دەقەم خوێندبۆوە و حەزمدەکرد ئیشی تێدا بکەم، بەڵام بەردەوام بیرۆکەم تازەم لەلا گەڵاڵە دەبوو، بەڕادەیەک کە دواجار گەیشتمە ئەو بڕیارەى کارى تێدابکەم”.
کرمانج گوتیشی: لەم شانۆگەرییەدا هەوڵمدا کۆمەڵێک تەکنیکى جوان بەکاربهێنم و شەڕ بەو شێوازەى کە هەیەو تا دنیا ماوە بەردەوام دەبێ دیوە ناشیرینەکەى نیشان بدەم، چونکە کەم نین ئەوانەى باجى شەڕ و جەنگە یەک لەدواى یەکەکان دەدەن”.
ناوەرۆکى ئەم شانۆگەرییە باس لە وێنەگرێکى جەنگ دەکا، کە لە جەنگ دەگەڕێتەوە خێزانەکەى قسەى لەگەڵ ناکاو بێدەنگە، دواى هەوڵێکى زۆر دێتە قسە، کەچی ئەوکاتەى ئەو دێتەوە قسە زەنگى شەڕ لێدەداو دووبارە شەڕ دەستپێدەکاتەوە.