چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی : دوای ئەوەی ناوبانگێکی گەورەی لەلایەن گۆرانیبێژە ئەستێرەکانی جیھان بۆ خۆی دروستکرد، ئێستا “گۆران کای” ھاتۆتەوە کوردستان و دەیەوێت لێرەوە کچە گۆرانیبێژێکی کورد دەستنیشان بکات وەک ئەستێرەیەک لە جیھان بیناسێنێ، گۆران دەڵێت “کچە گۆرانیبێژەکەم دەستنیشان کردووە، بەڵام جارێ زووە ناوەکەی ئاشکرا بکەم”. گۆران کای کوڕی ئاوازدانەر بورھان موفتیزادەیە، بۆیە رێچکەکەی باوکی گرتووە، بەڵام ستایلی ئاوازدانان و میوزیکیان تەواو جیاوازە، باوکی ئاوازدانەری کوردەکان بووە، خۆیشی ئاوازدانەری ئەستێرەکانی جیھان، گۆران ساڵی ١٩٨٣ لە تاران لەدایکبووە، ئێستا لە وڵاتی بەریتانیا نیشتەجێیە، بەسەردانێکی یەک ھەفتە گەڕاوەتەوە کوردستان، (سڤیل) ئەم چاوپێکەوتنەی لەگەڵ ئەنجامدا.
سڤیل: ھەر بۆ سەردان گەڕایەوە کوردستان یان بە مەبەستی پڕۆژەیەکی ھونەرییە؟
گۆران کای: باوکم زۆر ھانیدام بێمەوە کوردستان، ئێستا وا ھەست دەکەم لە ماڵەکەی خۆمم، زۆر سوپاسی میدیاکانی کوردی دەکەم پێشوازیەکی گەرمیان لێکردم و کارە ھونەرییەکانی منیان بەرز نرخاند، لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا لەرووی ھونەرییەوە پێگەیشتووم و پەیوەندیم لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی بەرھەمھێنان لە ئینگلیز دروست بووە، دەمەوێت لێرە گۆرانیبێژێکی کورد ھەڵبژێرم کە بتوانێ گۆرانی ئینگلیزی بڵێت، گۆرانی بۆ بکەم، بەڵکو شانسی ئەوەی ھەبێ بەھەموو جیھانی بناسێنم، وەک ئەستێرەیەکی کورد لە دنیا سەیر بکرێ.
سڤیل: گۆرانیبێژەکەت دیاریکردووە کێیە؟
گۆران کای: بەڵێ، بەڵام جارێ زووە ناوەکەی ئاشکرا بکەم، دوو مانگی تر کارەکانی تەواو دەبێ، ئاواتی منە چەند گۆرانیبێژێکی کورد بھێنمە ناو دنیا مۆسیقای جیھانی و لە تەواوی دنیا وەک ئەستێرەیەک سەیر بکرێ، ئەگەر ئەفریقا و ئەمەریکای جنوب و عەرەب فارس بیکات، بێگومان کوردیش دەتوانێ بێتە ریزی ئەستێرەکانەوە، چەند کەسێک ھەن لەناو کورد دەتوانم پشتیان پێ ببەستم و وەک شاکیرا ناوبانگی جیھانی دەربکات، ئێستا من توانام ھەیە شانسێکی وا بە چەند گۆرانبێژی کورد بدەم، چونکە ئێستا پەیوەندیم لەگەڵ کۆپانیاکانی بەرھەمھێنان لە ئینگلیز زۆر بەھێزە، لەدنیاش کار بەمشێوەیە دەکرێ کە کۆمپانیایەک ھەبێ پشتگیری کارەکانت و سەرکەوتوو بی.
سڤیل: میوزیکی باوکت تاچەند رەنگدانەوەی لەسەر کارەکانی تۆدا ھەبووە؟
گۆران کای: ھەر لە منداڵیمەوە میوزیکی باوکم لە گوێچکەم بووە، ھەموو کوردەکان بورھانی باوکم بە ئاوازەکانی دەیناسن، گوێگر تەنیا ئاوازەکەی باوکم گوێبیست دەبێ، بەڵام شانسی من ئەوەبوو کوڕی ئەوم لەماڵەوە ھەوڵمدەدا بزانم باوکم چۆن ئەو گۆرانیانە دروست دەکات، سەیری پەنجەکانی باوکم دەکرد کاتێک میوزیکێکی دروست دەکرد، ئەوە رەنگدانەوەیەکی زۆر گەورەی لەسەر من ھەبوو.
سڤیل: میوزیکی باوکت تەواو کوردییە و ھی تۆش ئینگلیزییە، ئەو جیاوازییە لە ستایلی کارەکانی باوک و کوڕێک لەماڵێک چۆن لەموزیکی یەکتر دەڕوانن؟
گۆران کای: زۆر راستە من و باوکم لە ستایل زۆر لێکدوورین، بەڵام ئەو گۆرانی بۆ خۆی ساز دەکات منیش بۆ خۆم، باوکم قەت تەداخولی ئیشی منی نەکردووە، بەڵام زۆرجار داوام لێ دەکات بۆ گۆرانیبێژانی کوردیش کار بکەم، حەزدەکات گۆرانی کوردیش دروست بکەم ئیتر ھەر لەسەر داواکاری ئەویش وا لە کوردستانم، ھەروەھا لەسەر پێشنیاری باوکم ئەلبوومێکی گۆرانی ئینگلیزیم بۆ “چۆپی فەتاح” دروستکرد کە یەک لە گۆرانییەکانی بەناوی MY HOME LAND کلیپ کرد و ئەلبوومەکەش بڵاودەکرێتەوە.
سڤیل: بۆچی تائێستا لەمیدیای کوردی دەرنەکەوتی؟
گۆران کای: کارکردنی من کەمتر بووە لەگەڵ گۆرانیبێژە کوردەکان، ھەروەھا یەکەمجارە دەگەڕێمەوە کوردستان، پێم باشبوو لەکاتێکدا بێمەوە کوردستان شتێکی گرنگم لەبەردەستدا بێت و بڵێم ئەو کارانەم کردووە و دەمەوێ ئەوەش بکەم، سەرەتای کارکردنم نزیکەی ھەشت ساڵ زۆر سەخت بوو، ھەم دەمخوێند ھەمیش ئیشی گۆرانی و مۆسیقام دەکرد، ئێستا کارەکەم گەیشتۆتە ئەوەی کە لەگەڵ گۆرانیبێژانی جیھانی کار بکەم و کۆمپانیای گەورەی بەرھەمھێنان پشتگیری کارەکەم دەکەن، ئێستا کاتی خۆیەتی ھاتوومەتەوە کوردستان بڵێم ئەوە مۆسیقای منە و ئەوانەش نموونەی کارەکانمە، راستە کارەکانم کوردی نییە، بەڵام ھەست دەکەم دەتوانم کارێک بکەم بۆ کوردستان کە لە دنیا ناوی بەرز بکەمەوە و بۆ شانازی وڵاتەکەم. لەگەڵ ئەوەشدا لەو سەردانەمدا میدیاکانی کوردی زۆر بەگەرمی پێشوازیان لێکردم و پرسیاری جوانیان لێدەکردم، سوپاسیان دەکەم.
سڤیل: بۆ کام لە گۆرانیبێژە ئینگلیزەکان و ئەسێرەکان کارت کردووە و بەنیازی لە داھاتوو بۆ کێ کار بکەی؟
گۆران کای: دوو گۆرانی بۆ سیلین دیۆن داناوە کە بە گۆرانیبێژی گۆرانی تایتانیک ناسراوە، ھەروەھا زۆربەی کارەکانم لەگەڵ گروپی g٤ بووە، لەپڕۆژەی کۆمپانیاکەدایە لەگەڵ چەند گۆرانیبێژێکی دیکە گرێبەست بکەن کە من ئاواز و میوزیکەکەیان بۆ ئامادەکەم.
سڤیل: جگە لە “چۆپی فەتاح” بەنیازی کار بۆ گۆرانیبێژی دیکەی کورد بکەی؟
گۆران کای: وەک حەز زۆرم پێخۆشە، بەڵام ئەوکاتەی من لەگەڵ چۆپی کارم کرد، لەگەڵ ھیچ کۆمپانیایەک گرێبەستم نەبوو، خۆم تەنیا کارم دەکرد، بەڵام ئێستا لەگەڵ کۆپانیایەکی بەریتانیا گرێبەستم ھەیە، دەبێ ھەموو کارەکان لەڕێگەی کۆمپانیاکەوە ئەنجام بدرێت، کارکردن لەئینگلیز بەمشێوەیە، ئێستا خۆم ناتوانم ئەوەی پێم خۆشبوو کاری بۆ بکەم و ئاواز و گۆرانی بۆ دروست بکەم، پێم خۆشە ئاماژە بەوەش بکەم ھەر لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە ئەمجارە سێدیەکی گۆرانی بۆ خۆم دروست دەکەم، کە ئاواز و تێکستەکان ھی خۆمە، چونکە دەنگی منیان زۆر بەدڵە، بڕیارە چەند مانگێکی تر لە ئینگلیز و بەرجیکا سێدیەکەم بڵاوکرێتەوە.
سڤیل: کارەکانی تۆ لە دەرەوە تاچەند کاریگەری ھەبووە لە ناسینی کورد بە وڵاتانی دەرەوە؟
گۆران کای: لەسەر ھەموو سایتەکانم ئاماژەم بەوە کردووە “من ھونەرمەندێکی کوردم.. نەئینگلیزم و نەئێرانیم و نەعەرەبم” کێشەی من ھەر ئەوەیە کە من گۆرانی بۆ ھەر گۆرانیبێژێکی ئینگلیزی دروست دەکەم دەیەوێت من ئینگلیزی بم، لەبەرئەوە من چەند گۆرانییەکی زۆر بەھێزم ھەیە پێمخۆشە بۆ کورد ئەنجام بدرێت، ئێستا ھاتوومەتەوە کوردستان گۆرانیبێژێکی کورد ھەڵبژێرم شانسی ئەوەی پێبدەم لەڕێگەی منەوە بڕواتە ناو مۆسیقای جیھانی، وەک کوردێک لە ھەموو دنیا بناسرێت. ئەوە خزمەتێکی زۆر گەورەیە بە کورد. بەڕێوەبەری ئەو کۆمپانیایەی کە ئێستا کاریان لەگەڵ دەکەم کاتێک زانی من کوردم لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە زانیاری ئەوەندە وردی لەسەر کورد کۆکردبۆوە کە منیش نەمدەزانی، جگە لەوە ئەگەر لەپرۆژەکەم سەرکەوتوو بم ئەوە سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ کوردستان ئەستێرەیەکی لە جیھان ھەبێ.
سڤیل: پێت خۆشە چی تر بڵێی؟
گۆران کای: ئەوەندە گرنکە کوردستان پشتگیری لەو ھونەرمەندانە بکەن کە من بەنیازم لە دەرەوە کاریان بۆ بکەم، بۆئەوەی لە پڕۆژەکانمان سەرکەوتوو بین، چونکە ئەگەر وڵاتەکەی پشتگیری کەسەکە خۆی نەکات ھونەرمەندێک ناتوانێ بەتەنیا ھەنگاوی گەورە ببڕێت و بێتە ریزی ئەستێرەکانی جیھان.
zanadzey@yahoo.com