گۆران دوکانی : جارێکیتر دەنگێکی خۆش, وەک دەنگی پروشەی باران و دەگێکی جوان وەک دیمەنی سروشتی کوردستان لەدەرگای ڕوحمان دەدات, دەنگێک لێوان لێو لەعەشق و پڕاوپڕ لەئارام بەخشی, دەنگێک ھەمیشە لەسەر ھەستە, زۆرجار دەمانباتەوە بەرەو مەنزڵگەی تراژیدیاکانی دوێنێ و ئاشنامان دەکاتەوە بەفرمێسکی چاوی دایکە شەھیدەکان وھەندێکجاریش دەمانکاتەوە بەھاوڕێی ئەستێرەکانی ئاسمان و ئاشتمان دەکاتەوە لەگەڵ پێکەنین, دەنگێک تژی لەئاسودەی, ھونەرمەندێک لەمیھرەبانی و پیاوێک لەمۆڕاڵ.
ئاشکرایە ھونەرمەند خالید ڕِەشیدیش وەک ھەر ھونەرمەندێکی دیکە خاوەن ستایلێکی تایبەت بەخۆیەتی, بەڵام ئەوەی پێویستە بگوترێت کێن ئەوانەی گوێ لەدەنگی ئەم ھونەرمەندەو ستایلەکەی دەگرن؟ ئەگەربێئینسافی نەبێت ئەوەی گوێگری دەنگی ئەم ھونەرمەندەیە باکگراوندێگی سەقافی وتێگەیشتنێکی ناوەزەترو ڕامانێکی جوانتری ھەیە بۆشتەکان, بەدیوێکی دیکە دەتوانین ئەومافەبەخۆمان بدەین وبڵێین زۆرینەی جەماوەری ئەم ھونەرمەندە ئاستی تێگەیشتنیان لەجەماوەری زۆربەی ھونەرمەندەکانی سەردەمی ئەمڕۆ زیاترە, بەشێکی ئەم ھۆکارەش دەگەڕێتەوە بۆئەوەی ھونەرمەندی ناوبراو بۆھەموو چین وتوێژەکان گۆرانی دەچڕێت, لەکاتێکدا زۆربەی ھونەرمەندانی دیکەش ھەمیشە پێیان وابوە کەبۆسەرجەمی چین وتوێژەکان گۆرانی دەچڕن ولەھەمووتەمەنەکاندا بەپیروگەنجەوە گوێگریان ھەیە, بەڵام خۆقسەی ھونەرمەندێک مەنتق نیە لەسەر کورسی پڕۆگرامی تیڤیەک دانیشتبێت و مێزەکەی بەردەمی بەشامپانیا ڕازاندرابێتەوە!, بەڵکو مەنتق ئەوەیە کەلەگۆڕەپانەکەدا بەڕوونی دەبینرێت وھەموو کەسێکی ڕۆشنبیر بەسانای درکی پێدەکات, بەشەکەی دیکەشی پەیوەستە بەسەلیقەی ولێزانینی ھونەرمەندی ناوبراو خۆیەوە چی تێکستێک ھەڵدەبژێرێت بۆگۆرانی و ھاوکات لەڕێگەی ھەڵبژاردنی جۆری مقامەکانەوە چی ئاوازو موزیکێک دەکات بەبەری ئەو تێکستەداو دواجار چۆن ئەوگۆرانیە دەچڕێت.
ئەوەی خالید ڕەشید دەیڵێت ڕەنگە بەھەندێک ھونەرمەند بکرێت و بگوترێت, وەلێ نایڵێن!چونکە ھەندێکیان لەبەرژەوەندیە شەخسیەکانیان دەدرێت و ھەندێکیشیان خۆیان وتەنی(ھونەری بێگانەتێکەڵ بەخوێنیان بوە!), بەڵام قسەی جدی ئەوەیە زۆرینەیان ئەوتواناو سەلیقەو تێگەیشتن وخوێندنەوەیان نیەو لەدیدگای ئەوانەوە ھەمووجوانی وتاموچێژی گۆرانیەک لەدیمەنەکانی کلیپی خۆڕوتکردنەوەی کچێکدا, یاخود بەپێچەوانەوە باوەشکردن بەکچێکدا کۆدەبێتەوە!.
خۆئەگەربەخوێندنەوەی ئەوبەناوھونەرمەندانەش شیکاری بۆمباسەبکەین کەھەرڕۆژەی پێیەکیان لەھەرێم وپێیەکیان لەوڵاتانی بەرودراوسێیەو(ھەندێکیان)گومانی سیخوڕیکردنیشیان لێدەکرێت!, گەر درۆلەگەڵ خۆیان وجەماوەرەکانیاندا ناکەن و پێیان وایە ئەم پاشاگەردانیەی ئەمڕۆکە ھونەری کوردی تێی کەوتوە,(ئەوان ناویان ناوە پێشکەوتن)و ئەمەشە وای کردوەھەر ڕۆژەی لەوڵاتێکی بەرودراوسێی دوژمن بەمێژوو کلتورو ھونەری ئەم میللەتەن, خۆیان باش دەزانن لەوڵاتێکی وەک تورکیاو ئێران وسوریاو لوبناندا بەھەمان شێوەی بڵاوکردنەوەی کتێبێک, ھونەرمەندانیش دەبێت ژمارەی سپاردنی ئەلبومەکانیان پێبدرێت, بەپێچەوانەوە ھیچ کەسێک مافی ئەوەی نیە میکرۆفۆن بەدەستەوە بگرێت وگۆرانی بڵێت ھەتا بەرھەمەکانیان لەفیلتەری دامودەزگاھونەریەکانی دەوڵەت نەدرێت و ڕەزامەندی وەزارەتی ڕۆشنبیری پێنەدرێت,دەنا بەرھەمی ئەوھونەرمەندە نە ئیعترافی پێ دەکرێت ونەدەوڵەتیش لەڕوی یاساییەوە پارێزگاری لەبەرھەمەکانی دەکات بەتایبەت لەڕوی کۆپی کردنەوە, ئەم لێپرسینەوە جدیەش بەتەنھا بۆئەوەیە ھونەرمەند بەجدی خزمەتی کۆمەڵگابکات نەک وەک زۆرینەی بەناوھونەرمەندانی کورد کەڕۆژانە بەبڵاوکردنەوەی دەنگی نەشازو تێکست وئاوازو موزیکی نەشازەوە ژەھر دەرخواردی کۆمەڵگا دەدەن وخزمەت بەوڵاتانی بێگانە دەکەن.
خالید ڕەشید بەتەنھا ھونەرمەند نیە زۆرجارلەسیاسیەکی بەتواناو لەمێژوو نوسێکی شارەزا دەچێت, ئەوەی لەنزیکەوە ئاشنای ئەم پیاوەبێت یان چاوپێکەوتن ودیمانەکانی بینیبێت یانیش ئاگاداری سەرنج وتێبینی وپێشنیارەکانی بێت لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ولەپەیجی تایبەتی خۆیەوە درک بەوە دەکات خەرمانی زانیاریەکانی ئەم پیاوە چەند گەورەیە لەڕوی سیاسی وئابوری و مێژوی وئەدەبی و ھونەر بەراورد بەھونەرمەندانی دیکە ناکرێت, ئەمەش نیشانەی سەرکەوتن وبەتوانای ھەرھونەرمەندێک نیشان دەدات ولەھەر کۆمەڵگەیەکدا ئەم ھونەرمەندە خاوەن زانیاریانە خوێندنەوەیەکی دیکەیان بۆدەکرێت, بەپێچەوانەوە لەوھەرێمە بەش مەینەتەی ئێمەدا ھونەرمەند ھەیە ناتوانێت لەچاوپێکەوتنیێکی تەلەفزیۆنیدا چوار ڕستەبڵێت بەبێ ھەڵە!, لەو ھەرێمەدا ھونەرمەندھەیە لەدیداری رۆِژنامەیەک یان گۆڤارێکدا بەشانازی وسەربەرزیەوە دەڵێت: پەیوەندیەکی زۆرباشم لەگەڵ بەرپرسەکانداھەیەو شەوانە ئاھەنگیان بۆدەگێڕم!, ھونەرمەند ھەیە تیجارەت بەمادە ھۆشبەرەکانەوە دەکات!, ھونەرمەند ھەیە پەیوەندی نێوان باندی لەشفرۆش وبەرپرسەکانە!, ھونەرمەند ھەیە لەگشت کۆنگرەی حیزب وھەڵمەتەکانی ھەڵبژاردندا گۆرانی بۆلایەنێکی سیاسی گوتوەو شانازیشی پێوەکردوە!…..بەتەنھا ئەم دیاردە نەشیاوانە کارەسات نین, وەلێ کارەساتەکە لێرەوە دەستپێدەکات ئەم جۆرە مەخلوقە کەناوی پیرۆزی ھونەرمەندیان لەخۆیان ناوە زۆرترین جەماوەریان ھەیەو زۆرترین خەڵکیش چەپڵەیان بۆلێدەدەن!.
ئەوھەرێمە خاڵیە لەمۆڕاڵی ھونەری, خاڵیە لەتێفکرینی ھونەرمەند بۆشتە جوانەکان, ئەوەی پێی دەگوترێت ھونەرمەند لەلایەن دووحیزبی خاوەن دەسەڵات وبەرپرسەکانیەوە دەستەمۆی حیزب کراوە, ئێمە دەبینین لەماوەی بیستویەک ساڵی ڕابردوودا چی بێحورمەتیەک بەتاکی کورد کراوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی دووحیزبە زلھێزەکەی باشووری کوردستانەوە, دەبینین چەند خیانەتی نیشتیمانی کرا, شەڕی ناوخۆکرا, تاکوئەمڕۆش سوکایەتی بەکەسوکاری شەھیدانەوە دەکرێت, سوکایەتی بەکەسوکاری ھەڵەبجەو ئەنفالکراوەکان دەکرێت, سەروەت وسامانی کۆمەڵگایەک بەدەستی چەند مافیایەکەوە بەفیڕۆدەدرێت….ھتد, کەچی بڕوانن ئەم ھەرێمە چەند خاڵیە لەھونەرمەند! پرسیارئەوەیە کام ھونەرمەند توانیویەتی یاخود ڕونتر بڵێین ئەو بوێریەی ھەبووە ھەریەک لەم دۆسیە تراژیدیا گەورانە لەچوارچێوەی کاستی بەرھەمێکی ھونەریدا بگەیەنێتە دەسەڵات وپەیامو ئیتیکی ھونەری خۆی جێبەجێ بکات وببێتە پردێک لەنێوان ھاوارە نامۆکانی میللەت ودەسەڵات؟!,(بەھەموو ھونەرمەندە ڕاستەقینەکانیشەوە کەبەجدی ساڵانێکە خزمەتی ھونەروموزیکی کوردی دەکەن) بەداخەوە ئەوانیش بێ ھەڵوێستن, ئەوانیش بێدەنگن بەرامبەر بەوھەموو ناعەدالەتی دادپەروەری وگەندەڵی وخیانەتانەی کەجەستەی نیشتمانیان ئەتک کردوە!, ئەوانەشی کەڕۆژانێک ھەڵوێستیان ھەبوە ھەموو ئەوھەڵوێستانەیان لەمڕۆدا لەسیناریۆیەک زیاتر لەھیچیترناچێت چونکە ئەمڕۆ نزیکترین کەسێکن لەدەسەڵاتەوە, بەتەنیا ئەوھونەرمەندانەی کەگوێیان بەبەرژەوەندیە تایبەتەکانی خۆیان نەداوەو دەنگی ڕاستەقینەی خەڵکی ھەژارو بەشمەینەت بونو دووربون لەدەسەڵاتەوەو مەھامە ئەخلاقیەھونەریەکەی خۆیان جێبەجێکردوە, ھونەرمەندان(خالید ڕەشیدو بورھان مەجید)ن, لەم دووھونەرمەندە زیاتر کێن ئەوانەی خاوەن ھەڵوێستبون؟ لەکاتێکدا ھیچ کۆمەڵگایەکی دونیا بەقەد کۆمەڵگای کوردی خاوەن بەندبێژو گۆرانیبێژ نیە!.
ئەوەی لەکۆتایدا ماوەتەوە بۆگوتن, خالید ڕەشید جگەلەوەی بەئاوازو موزیک ودەنگەڕەسەنەکەی ساڵانێکە خزمەتی ھونەری کوردی دەکات, ھاوکات ھەمیشە ھونەرمەندێکی خاوەن ھەڵوێست بوەو لەگشت ساتەھەستیارەکاندا چەندین گۆرانی سیاسی ونیشتیمانی چڕیوە, باھەموومان ڕێز لەم ھونەرمەندە نەتەوەیە بگرین, باڕێز لەماندوبون وگەورەی وھەڵوێستەکانی بگرین, با لانیکەم ڕێز لەئەلبومە نوێیەکەی بگرین وکۆپی نەکەین,چونکە من لەنزیکەوە ئاگادارم جگەلەوەی زۆربەی تیڤیەکانی دەسەڵات بایکۆتی کلیپ وڕێکلامی ئەلبومە نوێیەکەیان کردوە(لەکاتێکدا ئەمەجوانترین خەڵاتە بۆخالید ڕەشید), ھاوکات خەرجی تەواوی کارە ھونەریەکانی ئەم ئەلبومەی لەئەستۆی خۆیبوە,بەپێچەوانەی ئەوبەناو ھونەرمەندانەی ڕۆژانە ئەنفالی ھونەری کوردی دەکەن بە بەرھەمە تورکی وفارسی وعەرەبی ئامێزەکانیان وحکومەت ودەسەڵاتی کوردیش پارەی منداڵە ڕشوڕوتو پێپەتیەکانی گەرمیان وھەڵەبجەیان دەخاتە خزمەت!….سڵاو لەتۆ خالید ڕەشید, درود بۆمیھرەبانیت پیاوی جوان, تۆھەمیشە جوانترو جوانترین ھونەرمەندیت وبەو ئومێدەش تاسەرئاوابەپاکی وڕاستگۆی بمێنیتەوە, چونکە لەئێستادا ئەوە تۆیت سەرمایەی ڕاستەقینەی ھونەری میللەتێکی بەش مەینەت, تۆیت دەشێت لەھەموو ڕوانگەیەکەوە شانازیت پێوە بکەین ھونەرمەندی مەزن.