ئەحمەد سەنگاوی :پیپ گواردیۆلا لە سەروەختی دەستبەکاربوونییەوە وەک راھێنەری نوێی بەرشەلۆنە رووبەرووی چەندین تەنگ و چەڵەمە بووەتەوە، لە سەرەتادا ھاندەرانی بەرشەلۆنە چاوەڕان بوون (خوان لاپۆرتا)ی سەرۆکی پێشووی یانەکە راھێنەرێکی بەناوبانگ و بە ئەزموون بە کەناڵەکانی راگەیاندن بناسێنێت، ئەوەبوو بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو (گواردیۆلا)ی وەک راھێنەری نوێی یانەکە ناساند.
ئەم راھێنەرە توانی ھەر لە یەکەم ساڵدا ھاندەرانی بەرشەلۆنە تووشی دەھشەت بکات، بەجۆرێک توانی شەش نازناوی مێژوویی بۆ یانەکەی دەستەبەر بکات، ئەمە لە کاتێکدا ھیچ راھێنەرێک لە مێژوودا نەیتوانیوە ٦نازناو بھێنێت لە یەک ساڵدا, بەڵام ئەوەی منی کەمەندکێش کرد بۆ نووسینی وەھا باسێک، ئەو پرسیارە نەبڕاوەیە کە لەلایەن ژمارەیەکی زۆری تەماشاکەری تۆپی پێ بەگومانەوە دەڕواننە سەرکەوتنەکانی(گواردیۆلا) ھەندێک دەڵێن: ئەوەی وایکردووە ئەم ڕاھێنەرە بتوانێت ئەو ژمارە زۆرە لە نازناو بەدەست بھێنێت لە فەڕی یاریزانەکانەوەیە، نەک ڕاھێنەر, ھەندێکی دی دەڵێن: ئایا ئەو سەرکەوتنەی دەگەلڕ بەرشەلۆنەدا دەستەبەری دەکات ببێت بەڕاھێنەری یانەیەکی دیکە ھەمان ئەزموونی سەرکەتوو دووبارەدەکاتەوە؟. واتا جۆرێک لە شەک دەکرێت لە لێھاتوویی گواردیۆلا, بە تایبەت لای ھەوادارانی مەدرید زیاد دووبارە دەبێتەوە. بە بۆچوونی من ئەم گومانکردنە لە لێھاتوویی گواردیۆلا بڕێک لە بێ ویژدانی تێدایە, چونکە دانانی نیشانی پرسیار لەسەر ڕاھێنەرێک کە توانیویەتی لە تەمەنێکی کورتی ڕاھێنەرایەتیدا ئەو دەستکەوتە زۆر و زەوەندە بۆ یانەکەی دەستەبەر بکات, ئیدی دەبێت چی بکات؟ من دەپرسم لە چەند دەیەی ڕابردوودا کام لە ڕاھێنەرەکانی پێشوو توانیان نیو ھێندەی گواردیۆلا خەزێنەی یانەکە دەوڵەمەند بکەن؟ کام لە ڕاھێنەرەکانی پێشووی بەرشەلۆنە گەشەیان بە توانای شاراوەی یاریزانە لاوەکانی بەرشەلۆنە داوە؟ بە دیاریکراویش یاریزانە ئیسپانیەکان. سەردەمانێک ئیسپانیا ناوی دەچێتە مێژووەوە کە ژمارەیەکی زۆری یاریزانی بەرشەلۆنەلە ڕیزی ھەڵبژاردەکەدان و دەستێکی باڵایان ھەبووە لەسەرکەوتنی ئیسپانیا. بۆیە دروستکردنی وەھا باسێک جگە لە جەنگێکی دەروونی ھیچی دیکە نییە.
ئایا گواردیۆلا تەنھا ڕاھێنەرە کەوا ئەزموونی دەگەلڕ یانەیەکی دیکەدا نییە؟ ئەگەر گواردیۆلا چوارسالڕ ڕاھێنەری بەرشەلۆنە بێت ڕووبەڕی ئەم پرسیارە بوبێتەوە، بۆچی ھەمان پرسیار و گومان لە (سێر ئەلێک فێرگسۆن) ناکرێت؟ کە لە کاتێکدا زیاد لە چارەکە سەدەیەکە ڕاھێنەری یەک یانەیە, ئەی بۆ لەتەمەنی ڕاھێنەرایەتیدا نیشانەی پرسیار لەسەر شارەزابوونی دانەنرا؟ لە کاتێکدا لەگەڵ ھیچ یانەیەکی بە ناوبانگی دیکەدا کەرنەڤاڵی خۆشی نەگێڕاوە؟ ھەروەھا (ئارسن ڤینگەر) راھێنەری یانەی ئەرسناڵی لەندەنی ساڵانێکی زۆرە ڕاھێنەری ئەم یانە لەندەنیەیە و لەچەندین قۆناغدا خاوەنی پۆلێک لە ئەستێرەی بەناوبانگ بووە (ھێنری, رۆبەرت پێرس..تاد). کەسێک ھات ھەمان پرسیاری گواردیۆلای لێ بکات؟ ئەگەر بگوترێت پیپ یاریزانی بە توانای لەبەردەستدایە خۆ (رۆبەرتۆ مانشینی) راھێنەری یانەی(مان سیتی) دەستی چووەتە خەزێنەی یانەکە، کە زیاد لە ملیارێکی بۆ یانەی مان سیتی خەرجکردووە، کەچی یەک لەسەر سێی (گواردیۆلا)ی لەدەست نەھاتووە.
ھەرچی (ڤیلاس بواس)ی راھێنەری چێڵسییە بە پاڵپشتی ملیاردێر (رۆمان ئیبراھیمۆڤیج)ی رووسی و ئەو لەشکرە لە ئەستێرە کەچی نەک یانەکەی بەرەو لووتکە نەبرد، بگرە یانەکەی تووشی سەرەولێژبوونەوەیەکی پڕ لە مەترسی کردووە، بۆیە کاتێک کە گواردیۆلا دەستبەکاربوو لەبری ھێنانی ئەستێرەی ناوداری جیھانی، کەچی ئەستَرە گەورەکانی یانەکەی ئیزندا.
لەکۆتایدا دەڵێم بۆچی فێرگسۆنی بە ئەزموون نەیانتوانی بە ئەندازەی گواردیۆلا دەستی ھەبێت لە چێ کردنی(جیرارد پێکی) کە توانی لەماوەی دوو ساڵدا لەسەر دەستی گواردیۆلا بوو بە یەکێک لە باشترین بەرگریکارەکانی جیھان, ئەگەر خواردیۆلا ھاتبێتە سەر خوانێکی ئامادەکراو؟ ئەگەر گواردیۆلا چانسی ئەوەی ھەبووە ئاستی یاریزانەکانی روو لەبەرزییەکی بەردەوامبووە، ئەوا ئەم توانی زۆر بە باشی بەکاریان بھێنێت بۆخزمەتکردنی یانە کەتەلۆنییەکە.