دیــــدار نانەکەلی : یەکێک لەو دیاردە سەیرو سەمەرانەی میدیای ئەمرۆی کوردی بریتیە لە حوکمی بەتاڵی ھەندێک رۆژنامەنووس بەسەر ھەندێک مەسەلەی لاوەکی کە نە پەیوەندیان بە خەڵک ھەیە و نە باس کردنیان ھیچ لە بابەتەکە دەگۆرێت.
لەنێو بەرنامە و ئیتیکی رۆژنامەنووسی پرۆفیشنالدا ھاتووە، کە رۆژنامەنووس مافی ئەوەی نیە جگە لە دەرخستنی راستەقینە و گەیاندنی بە شێوەکانی ریپۆرتاژ و ھەواڵ و ووتار ھیچ کات ببێتە دادوەر و بڕیار لەسەر بنەمای ھەوەس و بیرو باوەڕی خۆی دەربکات.تەنانەت بۆی نیە رای تایبەتی خۆشی لە دروستکردنی ھەواڵ و ڕیپۆرتاژدا دەربخات.کە ئەوەیان تایبەتمەندی کارکردنی رۆژنامەنووسیە و دەبێ ووردبکرێتەوە لە ماوەی مومارەسەکردنی پیشەکەی.بەڵام زۆر بەداخەوە ھەندێک لەو رۆژنامەنووسانەی کە خۆیان بە ئەزموونداری ئەو بوارە دەزانن خۆیان دەخەنە نێو ئەو گێژاوی ھەڵەیەکی رۆژنامەنووسی زەق کاتێک حوکم لەسەر مەسەلەیەک دەدەن، لەبەر ئەوەی لە دادگای رۆژنامەنووسی دروست دا. رۆژنامە رۆڵی بینەری نێو کۆبوونەوەکان دەبینێت ،
خوێنەر دەبێتە دادوەر و بڕیاردەری راستیەکان.
ھەر بۆیەش مەکسیم گۆرکی پێی وایە کە رۆژنامە دەبێت رۆڵی ئاوێنە ببینێت و لە شوێنی رۆژنامەنووس ئەوە خەڵک و خوێنەرە کە دەبێت کێشە و بابەتەکانی تایبەت بە خۆی لەو ئاوێنە بێ خەوشەدا ببینێتەوە.
دەبێت رۆژنامەکانیش ببنە مینبەری ھەقیقەتی مەسەلەکان و بایەخ بە متمانەی خوێنەر بدەن کە بناغەی کاری رۆژنامەنووسیە. بابەتە تاکە کەسیەکان و مەسەلە لاوەکیەکان بەلاوەبنێن و ببنە رۆژنامەی خەڵک و
سەرتاپای خوێنەری ئەو ووڵاتە.