چاوپێکەوتن/ زانا دڵشاد دزەیی :نازێ عەزیزی خانمە ھونەرمەندی رۆژھەڵاتی کوردستان کە چەند ساڵێکە لە ھەولێر دەژی، باس لەوە دەکات سەرەتا کە ھاتە کوردستان زۆر بە سادەیی و دڵپاکی مامەڵەی کردووە، بەڵام ئێستا پەیوەندییەکانی خۆی کەمکردۆتەوە و دەڵێت “سەرەتا کە ھاتم بۆ کوردستان وامدەزانی ھەموو وەک من دڵپاکن، بەڵام وانەبوو”.
سەرەتا دەمەوێ ئەوەت لێ بپرسم بەنیازی ھەر لەکوردستان بمێنیتەوە؟
نازێ عەزیزی: کوردستان مەبدەئی ئاوات و ئارەزووەکانی من بووە، لە ئەوروپا و ئێران لەھیچ شوێنێک نەمتوانی بمێنمەوە، ئەو ئارامیشیەی کە لەکوردستان ھەمبووە لەھیچ شوێنێک بەدەستم نەھێنا، ئەو ھاوڕێیانەشم کە لەدەرەوە دەگەڕێنەوە ھەمیشە پێیان دەڵێم کوردستان شوێنێک دەتوانی بەتەواوی ئاوات و ئارەزووەکانت بگەی، بەڵێ سەد لەسەد لەکوردستان دەمێنمەوە، لەکوردستانیش شوو دەکەم.
دەڵێن نازێ لەگەڵ جاران گۆڕاوە و چاو کراوە بووە، مەبەستم ئەو کاتەیە کە تازە بۆ کوردستان ھاتبووی؟
نازێ عەزیزی: راستییەکەی سەرەتا کە ھاتم بۆ کوردستان وامزانی ھەموو وەک من دڵپاکن، تۆ ھاوڕێی نزیکی منی دەزانی چ جۆرە کەسێکم، دواتر بەتێپەڕبوونی کات بۆم دەرکەوت وانییە، ئەو خەڵکانەی کە من لەگەڵیان پاک بووم و یارمەتیانم دەدا و دەھاتن بۆ ماڵەکەم و خواردنم بۆ ساز دەکردن، دواتر زەمی کردووم، ھونەرمەندی وا ھەبووە پارەی تاکسی نەبووە من یارمەتیم داوە، زۆر کەسی دیکەش، من ناڵێم کچێکی زۆر دەوڵەمەندم، بەڵام بەپێی توانا و ناوبانگی خۆم توانیوومە ئیشیان بۆ بدۆزمەوە، بەڵام وەک گوتم بۆ دەرکەوت ئەو خەڵکانە وەک من نین، بۆیە ئێستا پەیوەندیم کەمکردۆتەوە، بەحوکمی ئەوەی زۆر ئاھەنگ و کۆنسێرتم لەکوردستان کردووە بێگومان زیاتر شارەزای خەڵکی کوردستان بوویمە، دەزانم کێ بۆ خاتری دەنگم من بانگ دەکات و کێ بۆ خاتری جوانییەکەم بانگم دەکات.
ھاوڕێتی و ھاوکاری ھونەرمەندەکان بۆ یەکتری چۆنە؟
نازێ عەزیزی: ھاوکاری نێوان ھونەرمەندەکان سفرە، کەس ھاوکاری کەس ناکات، ھونەرمەند میکائیل لەو بارەیەوە قسەیەکی جوانی گوت، کاتێک لەھونەرمەندەکانی ئەمڕۆ دەپرسن دەنگی کێت پێخۆشە؟ دەگەڕێن و دەگەڕێن کام ھونەرمەند مردووە و ئێسکیشی نەماوە، ناوی وی دێنن! لەکاتێکدا ئێستا لەناو خۆمان چەندین ھونەرمەندی باش و دەنگخۆشمان لەژن و لە پیاودا ھەیە، ئەوە ھەمووی حەسادەتی ھونەرمەندانە.
خۆ دڵت نەشکاوە؟
نازێ عەزیزی: چۆن دڵم نەشکاوە! ھێدەی خوا حەز بکات دڵم شکاوە، لەتەواوی ئەو کەسانەی لێم نزیکن دەڵێن خۆشمان دەوێیت، بەڵام وانییە، من لە کەسی دووروویی بێزاربووم.
دەڵێن ئێستا وازت لەئەلبووم ھێناوە، بە تاک گۆرانی دەکەی، ئەوە راستە؟
نازێ عەزیزی: ئێستا سپۆنسەری باش و گەورە بۆ کارەکانم ھەیە، بەڵام سینگل گۆرانییەکانم دەکەم و کلیپەکەی دەکەم و بڵاوی دەکەمەوە، تاوەکو سێ ساڵی دیکە ئینجا لەئەلبوومێک کۆیان دەکەمەوە، دامناوە ئەمجارە ئەگەر ئەلبووم بکەم ١٢ گۆرانی دەکەم کە بە سەرجەم زاراوەکانی کوردی، ئێستاش وا خەریکی کلیپکردنی مەقامێکی عەلی مەردانم و لەگەڵ چەند گۆرانییەک بەزمانی فارسی، ھەر گۆرانییەک بکەم دواتر کلیپی بۆ دەکەم، چونکە بەڕاستی خەڵکی کوردستان خۆشەویستیان بۆمن زۆر ھەبووە و ھەمیشە سپۆنسەری کارەکانی منیان کردووە، من یەکەم ھونەرمەندم دوای کۆچی عیرفان زەنگەنە، ھوتێل چوارچرا کلیپیان بۆ گۆرانییەکی من کرد، کە بەمنزیکانە بڵاودەبێتەوە، زۆر سوپاسیان دەکەم.
ئەوەت راگەیاندبوو وەک راوێژکاری ھونەری لەوەزارەتی رۆشنبیری دامەزراوی، ئەی بۆچی دەوام ناکەی؟
نازێ عەزیزی: نەخێر من ئەوەم رانەگەیاندبوو، میدیاکان خۆیان بەمەیان زانی بوو، لە ١/١٧/٢٠١١ بڕیاری دەستبەکاربوونم وەک شارەزا نەک راوێژکار لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان دەرچوو، بەڵام بۆ ساڵێک مۆڵەتم وەرگرتووە، تاوەکو ژیانم رێکدەخەم، ئەگەرنا من ئێستا لەوەزارەتی رۆشنبیری و لاوان پلەی شارەزام ھەیە.
ھەمیشە ھونەرمەندەکان گلەیی ئەوە دەکەن ھەر کەسێک پلەیەک لەحکومەت وەردەگرێ کار بۆ شەخسی خۆی دەکات، ئەوە تۆش ناگرێتەوە؟
نازێ عەزیزی: خۆت دەزانی من لەحکومەت چەندە خەڵک دەناسم و دەست رۆیشتووم، تائێستا یەک دینارم بۆ خۆم وەرنەگرتووە، کۆمپانیاکان خۆیان تەلەفۆنم بۆ دەکەن سپۆنسەری کارەکانم دەکەن، پارەم بۆ لەپاکەتی دەنێن و دەڵێن پێمان خۆشە ئەو بەرھەمە بکەی، ئێستا دوو گۆرانیم بەدەستەوەیە، یەکێکیان بۆ منداڵەکانی سەر شەقامە و ئەوی دیکە ھەڵپەڕکێیە، ھێشتا دەستم پێنەکردووە تەنیا گوتوومە کارێکی وا دەکەم، چەندین کەس پەیوەندیان پێوەکردووم سپۆنسەرم بن، من پێویستم بەپارەی حکومەت نییە، سپۆنسەر بۆ من زۆر زۆرە.
بیستوومە لە ئاھەنگەکانت کە دەیکەی پارەیەکی زۆر وەردەگری، بەچەند ئاھەنگ دەکەی؟
نازێ عەزیزی: ھەر ئاھەنگ و کۆنسێرتێکم کردبێ خۆیان پارەیەکی زۆرم دەدەنێ و لە پاکەتێک بۆم دادەنێن، ئەسڵەن قەت خۆم مامەڵەی پارە نەکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ھەندێجار ئاھەنگم کردووە پارەم وەرنەگرتووە، ئەو پارەیەشی کە دەستم دەکەوێت لەھونەرەکەی خۆم سەرفم کردۆتەوە و ئەویتریشم کردۆتە خێرخوازی.
من چەندینجار لەماڵەکەت بینیوومە قورئان دەخوێنی، بەڵام زۆر گۆرانیبێژ لەمانگی رەمەزان گۆرانی دینیان کردووە، کەچی تۆ تائێستا گۆرانی دیینیت نەکردووە، بۆچی؟
نازێ عەزیزی: چەندینجار گوتوومە دیین پەیوەندی نێوان مرۆڤ و خوایە، رەمەزانی ساڵی پار بوونی خودام لە تەک تەکی ماڵەکان ھەست پێدەکرد، خۆشترین رەمەزانی ژیانی من بوو، توانیم لەیەک مانگ دووجار خوێندنی قورئان تەواو بکەم، بەڵام من نایەم گۆرانی دینی بکەم، لەبەرئەوەی جارێ ئیمان و دینی من ئەوەندە بەرز نییە کە بتوانم پەیامی خودا بگەیەنم بەم کەسانەی کە موسلمانن، لەمن سوسلمانتر و لەمن کەسی باشتر ھەیە، من ئەو ھەڵەیە قەت ناکەم دانیشم خۆ بکەم بە فریشتە، دەبێ یەکروو خۆت نیشانی خەڵک بدەی، چونکە خەڵکەکە چاو و گوێی کراوەتەوە، یەک مانگ خەڵکی بەدەوری خۆیان دەخافلێنن دوای مانگی رەمەزانیش ھەمان بەزم و رەزم دەستپێدەکەنەوە.
ئێستا تەمەنت گونجاوە، تاکەی دەتەوێت شوو نەکەی؟
نازێ عەزیزی: وایە منداڵ نیم و ژنێکی تەواوم، بەڵام ئەوە بزانە کە ئەوەی ئیشی ھونەری دەکات لەژن و پیاو، دەبێ زۆر بەوردی بیر لەپرۆسەی ھاوسەرگیری بکاتەوە، نەوەکو تووشی ھەڵەیەکە گەورەی ژیان بێت، چونکە ھونەرمەند کە ھەستی شکا چاکبوونەوەی زۆر سەختە، جا بۆیە بەناسکی دەمەوێت زۆرتر بیری لێ بکەمەوە.
بەخێرایەکی زۆر شوفێری دەکەی، زۆربەی ھاوڕێکانت کە لەگەڵت سوار دەبن دەترسێن، لە رووداوی ئۆتۆمبێل ناترسی؟
نازێ عەزیزی: وایە خێرام، ھەمیشە دەمەوێت زۆر زوو بگەمە ئەو شوێنەی کە بۆیدەچم، یەکجار خۆم لە سارەیەکی ھاوڕێیەکی خۆمدا، چونکە لووتی زۆر بەرز بوو، بەڵام ئەوانی تر خەڵکی خۆیان لێم داوە، سەرەتا پێکدادانێکی زۆر گەورەم کرد کە نەمدەوێرا چیتر سەیارە لێخورمەوە، بەڵام ئێستا زۆر باشم.