ئێستا وەک بەرپرسێک لە حکومەتى سوید لە بەشى پەنابەران کار دەکەم
نەمویستووە بە پارەى خەڵک خزمەتى هونەرەکەم بکەم
چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیى
لەبەر سەرقاڵى بۆ بڵاوبوونەوەى ئەلبوومە نوێیەکەى، نارین فەقێ هیچ چاوپێکەوتنێکى رۆژنامەوانى ناکات، بەڵام وەک خۆى گوتى “چونکە گۆڤارى (سڤیل) لاى من خۆشەویستە، بەڵێنمدا چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بکەم، لێرەوە موژدە بە گوێگرانم دەدەم لەساڵى نوێدا ئەلبوومە نوێکەمیان پێشکەش بکەم”. نارین فەقێ ساڵى 1980 لەشارى (دێریک هامکۆ) نزیک شارى قامیشلۆ لەرۆژئاواى کوردستان لەدایبکووە و ئێستا لەگەڵ خانەوادەکەى لە ستۆکهۆڵم پایتەختى وڵاتى سوید دەژى.
سڤیل: بۆچى سێ ساڵە بەرهەمى نوێت نییە؟
نارین فەقێ: ئەوەیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى هونەرمەند چى پێشکەش دەکات، لاى من باشى بەرهەمى باش گرنگە نەک بەرهەم کردن لەپێناوى کردن، ئەوە من سێ ساڵە بەیەک ئەلبووم خەریکم دەمەوێت شتێک بکەم بمێنێتەوە، ئەلبوومە نوێیەکەم ناوى “زمانى دایک”ـە، لە 12 تراک پێکهاتووە و ستایلەکان نوێن و هەموو گۆرانییەکانم لەتورکیا تۆمار کردووە، ئەو ئەلبوومەم باس لەخەم و ئازارەکانى کورد دەکات، لەبەرئەوەى هەموو گۆرانییەکان نوێن بۆیە ماوەیەکى زۆر پێیەوە خەریکم، پێم خۆشە باسى گۆرانى “زمانى دایک” بکەم، کە شیعرى مامۆستا ئەدیب جەلکی و ئاوازى عیماد عەلییە، ئەو گۆرانییەم وەک پشتگریى خۆمە بۆ بەرگریکردن لەزمانى دایک، زۆر بەداخەوە تائێستاش گەنجانى کورد لەئەوروپا بە زمانى بێگانە قسە دەکەن، تەنانەت لەشارەکانى کوردستانى باکور لەماڵ زمانى تورکى و لە سوریا عەرەبى بەکاردێن، هیوادارم گۆرانى “زمانى دایک” ببێتە کتێبێکى مەزن و بزانن چەند گرنگە زمانى دایک بەکاربێنن نەک بێگانە.
سڤیل: ستایلى گۆرانییەکانى ئەمجارەت چۆنن؟
نارین فەقێ: گۆرانییەکانم بە ستایلی مۆدێرن و پرۆڤیشناڵ ئامادە کراوە، دەتوانم بڵێم بەشێوەی کلاسیکە، بەڵام فۆلکلۆر نین، بەڵکو بە شێوەى ئیسپانى و پۆپ و ئۆرێنتالە، هەست دەکەم ستایلى خۆمە، جیاوازى ئەو ئەلبوومەم لەگەڵ ئەلبوومەکەى پێشووم کە ساڵى 2009 بڵاوم کردەوە، ئەوەیە کە من ئەمجارە باسى زمان دایک و سەردەمى ئێستاى کورد دەکەم، هیوادارم خەڵکى لەڕێگەى منەوە میوزیکى رەسەنى کوردى و زمانى دایکیان خۆشتر بووێت، هەر کەسێک حەز دەکات گوێبگرێت لەمیوزیکى جوان، شیعرى جوان و گۆرانى جوان و خۆش، با گوێ لەگۆرانییە تازەکانى من بگرێت، لەمنزیکانە بڵاوى دەکەمەوە.
سڤیل: چەند پارەت لە ئەلبوومەکەت خەرج کردووە؟
نارین فەقێ: هەموو مەسروفاتێک خۆم لەسەر خۆم بوو، من وەک هونەرمەندێک نامەوێت بە پارەى خەڵکى خۆمان خزمەتى هونەرەکەى خۆم بکەم، تائێستا بە پارەى خۆم هونەرەکەى خۆم گەیاندۆتە ئەم رۆژە، بەدڵنیایى نازانم چەند پارەم خەرجکردووە، بەڵام مەسروفاتێکى زۆرم کردووە و هەموو گۆرانییەکانم لەباشترین ستۆدیۆ لەتورکیا و بە باشترین تەکنیک گۆرانییەکانم تۆمار کردووە.
سڤیل: بۆچى ئێستا گۆرانیبێژەکانى ئێستا کەمتر گۆرانى نیشتیمانى دەڵێن، زیاتر بۆتە گۆرانى ئەڤیندارى؟
نارین فەقێ: لەهەموو دنیا هەر هونەرمەندێک بە ستایلێک کار دەکات، من بەخۆم وەک هونەرمەندێکى رۆشنبیر حەز دەکەم خزمەتى هونەرى کوردى بکەم و تەنیا لەبەر ئەوەش دەستم بە گۆرانى گوتن کردووە، لەبەرئەوە لەهەر ئەلبوومێکم گۆرانییەکى نیشتیمانیم گوتووە، لەم ئەلبوومەشدا گۆرانییم بۆ “زمانى دایک” گوتووە و پێشکەشى هەموو ماڵێکى کوردی دەکەم، ئەوە مافێکى رەواى هەر کوردێکە بەزمانى دایک بخوێنن و قسە بکەن.
سڤیل: واتا تۆ خۆت بە هونەرمەندێکى نیشتیمانپەروەر لە قەڵەم دەدەى؟
نارین فەقێ: من وەکو کچێکى هونەرمەند لەبنەماڵەیەکى هونەردۆست ساڵى 2003 دەستم بەگۆرانى گوتن کردووە، یەکەمین گۆرانیم ناوى “نالینکێ”بوو، کە شیعرى شاعیرى نەمر جگەرخوێن و ئاوازى محەمەد شێخۆیە، هەروەها ساڵى 2009 گۆرانى “هێڤى”ـم تایبەت بۆ ژنانى کورد کرد، ساڵى 2012 ئەلبوومە نوێیەکەم بڵاودەبێتەوە باسى گرنگى زمانى دایکم کردووە، کە دەبێت هەموو کوردێک بە زمانى دایک قسە بکەن و واز لەزمانى بێگانە بێنن، ئەوە ئیشى هونەرمەندە هەست بەم مەسەلە نیشتیمانیانە بکات، هەر هونەرمەندێک بەگۆرانى خۆى و بە شیعرى خۆى، لەسەر کوردستان، لەسەر ئافرەتانى وڵاتەکەى، لەسەر زمانى دایک گۆرانى بڵێت، بێگومان هونەرمەندێکى نیشتیمانپەروەرە.
سڤیل: تۆ پێت وایە هونەرمەند چۆن سەرکەوتوو دەبێت؟
نارین فەقێ: پێویستە لەکارى هونەرى زۆر ئاگادارى میللەتەکەى و گوێگرانى بێت، پێشئەوەى ئیشێک بکات بیر بکاتەوە چى دەکات و بۆچى کار دەکات، بەروحێکى هونەرى کارەکانى خۆى پێشکەش بکات، هونەرمەند هەمووکات موڵکى خەڵکە و دواجار جەماوەر بڕیار دەدات سەرکەوتووە یان نا.. من هونەرمەندی سەرکەوتوو لەوە دەبینم کە هونەرمەندێک بێت لەسەرخۆبێت و هەڵبەستى جوان و میوزیکى کوردى رەسەن لەگەڵ دەنگێکى خۆش تێکەڵیان بکات و پێشکەشى بکات، ئەوەیان دەبێتە خزمەتکردن.
سڤیل: کاتى ئەوە نەهاتووە لە کوردستان بژى، ئەگەر ئەو بڕیارەتدا کام شار هەڵدەبژێرى؟
نارین فەقێ: جارێ نازانم کەى بە یەکجارى دەگەڕێینەوە و من لەگەڵ خانەوادەکەمم، بەڵام پرسیارێکى زەحمەتە کام شار هەڵدەبژێرم، هەر شارێک لە کوردستان جوانى و تایبەتمەندى خۆى هەیە، کوردستانى هەموو شارەکانى خۆش و دڵرفێنە.
سڤیل: تۆش وەک هەندێ لەهونەرمەندان پێتخۆشە ئیشى بازرگانى بکەى؟
نارین فەقێ: بێگومان نا.. من کارى بزنسمان ناکەم، شەش ساڵە کۆلێژى یاسام تەواو کردووە لەستۆکهۆڵم و بڕوانامەى ماستەرم لەمافى مرۆڤ هەیە، ئێستاش وەک بەرپرسێک لە حکومەتى سوید لە بەشى پەنابەران کار دەکەم.
سڤیل: کەواتە تۆ وەک ژنە هونەرمەندێکى کورد، ئینجا بڕوانامەکەت لەسەر مافى مرۆڤە، هەڵوێستت لەسەر بەردەوامبوونى دیاردەى ژن کوشتن لەکوردستان چى بووە؟
نارین فەقێ: هەڵویستم هەبووە و هەمووکات ئیدانەى ئەو توندوتیژیەم کردووە، ساڵى پار گۆرانیم بۆ ژنانى ئازادیخواز کرد، بەڵام بەڕاستى زۆر شەرمە لە کوردستانێکى ئاوەدان و ئازاد و دیموکراتى هەتا ئێستا توندوتیژى و زوڵم بەرامبەر بە ئافرەتان بەردەوامە، ئەوە بۆ ناوبانگى کوردستان زۆر خراپە، مافى پیاو و ئافرەت یەک مافە، دەبێت لە قوتابخانە منداڵەکان وا فێربکەن جیاوازى لە نێوان ژن و پیاو نییە، ژن کوشتن کوردایەتى نییە، بەڵکو رێزگرتن لەژن نیشتیمانپارێزى و کوردایەتییە.
سڤیل: حەزى تایبەتیت چییە؟
نارین فەقێ: خەونى گەورەى من هەر چوار پارەى کوردستان ئازاد بێت و کوردستان ببێتە وڵاتێکى نموونەیى بۆ هەر مرۆڤێک لەدنیادا، بێتە ریزى وڵاتە پێشکەوتووەکانى خەڵکەى بەخۆشى و ئازادى بژین.
سڤیل: دوا قسەت چییە؟
نارین فەقێ: زۆر سوپاسى گۆڤارى (سڤیل)ـى خۆشەویست دەکەم، بەهیوام سەرکەوتوو بن، گۆڤارەکەتان دەخوێنمەوە، پێم خۆشە دواى بڵاوبوونەوەى ئەلبوومە نوێکەم سەردانێکى کوردستان بکەمەوە و کۆنسێرت بکەم.