مستەفا ئەحمەد : ” پرۆژەی بەرنامەیەکی کۆمیدی و رەخنەیی لە رێگەی یەکێک لە تەلەفزیۆنەکان ھاتۆتە بەردەستم ئەگەر باشبێت لەوانەیە بێمەوە سەر شاشە!”.
ھونەرمەندی بە ئەزموونی بواری شانۆ و درامای کوردیی (مستەفا ئەحمەد) ناسراو بە (وەستا عەلی) لە لێدوانێکی تایبەتدا بە رۆژنامەی “ھەولێر”ـی راگەیاند : لە ئێستادا ئامادەکاریی دەکات بۆ یارییەکەی نێوان پەرلەمان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی وەک پێش کەشکاری ئەو یارییە شیکردنەوە بۆ یارییەکە ئەنجام بدات، ھەروەھا ئاماژەی بۆ چەند کارێکی تازەی ھونەریی خۆی کرد.
لە دەستپێکی قسەکانی دا ھونەرمەند (مستەفا ئەحمەد) لەبارەی کارە ھونەرییەکانی گوتی : “دەمەوێ جارێکی دیکە بچمەوە سەر تەختەی شانۆ، بۆ ئەوەی چەند کارێکی دیکەی شانۆیی پێش کەش بکەینەوە، بە ھاوکاری ئەو ھونەرمەندە ھاوڕێیانەی کە لە ژیان ماون و توانای کارکردنیان لە باردایە”.
زیاتر گوتی : “لە ئێستادا تیپەکەمان تیپی (شانۆی پێشڕەوی کوردیی) جارێکی دیکە بنیاتمان ناوەتەوە، بارەگامان بۆ گرتووەو رۆژانە لەگەڵ پۆلێ لە ھاوڕێ و ھاوکارانم کۆبوونەوە دەکەین، سەبارەت بە ئامادەکارییمان بۆ چەند کارێکی شانۆیی، ھەروەھا پلانی ئەوەشمان ھەیە چەند کارێکی درامی بە ئەنجام بگەینین”.
ئەو ھونەرمەندە بە ئەزموونەی بواری شانۆ و درامای کوردیی، کە نزیکەی (٤٥) ساڵە لەو بوارەدا خزمەت دەکات ئەوەشی راگەیاند : “لە ئێستادا توانای کارکردنی وەک جاری جارانەو ھیچ کاتێک خۆم وانابینم بڵێم بە تەمەندا کەوتووم و توانای کاری باشم نەماوە، ئێستاکەش باوەڕی ئەوەم ھەیە شانۆگەرییەک بەرھەم بھێنم بۆ ماوەی چەند مانگێک نمایشی بۆ بکەین لە شارەکانی سلێمانی ھەولێریش و شارەکانی دیکەش نمایشی بۆ بکەین، من تا ئێستاکەش توانا ئیبداعییەکانم لە ھەڵچوون دایەو ھونەر ئەو عەشقەیە، کە تا ئەو رۆژەی ماڵئاوایی لە دونیا دەکەم لەگەڵما دەژیێت و ناتوانم لێی داببڕێم”.
لە ئێستادا کە باسی ئەوە لە ئارادا ھەیە، یارییەکی تۆپی پێی دۆستانە لە نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت، بۆ ئەو مەبەستە ھونەرمەند (مستەفا ئەحمەد) پیشنیاریەک دەخاتە روو بەم شێوەیە دەڵێت : “ئەو یارییە بە یارییەکی مێژووی ھەژمار دەکرێت، من ھیوادارم یارییەکی جوان و ئاستێکی باشی ھەبێت و بە گیانێکی برایانەو دۆستانە سەرۆکایەتی حکومەتی ھەرێم و پەرلەمانی کوردستان یارییەکە ئەنجام بدەن، من ھاندەرێکی بێ لایەنم بۆ ئەو یارییە بەڵام وەک پێشنیارییەک من ئامادەکارییەکی پێویستم کردووە، بۆ ئەوەی وەک بێژەرێکی وەرزشی شیکردنەوەی یارییەکە بگرمە ئەستۆ و راستەوخۆ یارییەکە بۆ بینەران بەزمانی کوردیی بگوازمەوە، بەڵێنی ئەوەش دەدەم ئەوەی من لەکاتی گواستنەوەی یارییەکە پێش کەشی دەکەم، پێشتر ھیچ پێش کەشکارێکی وەرزشی نەیتوانی بێت ئەو شێوازە شیکردنەوەی کردبێت، چونکە من دەزانم ئەو جۆرە یارییانە پێویستی بە چ جۆرە شیکردنەوەیەک ھەیە!”.
ھەروەھا (وەستا عەلی) پێشینیەی خۆی لەگەڵ تێکەڵ بوون بە وەرزش و شارەزایی لە یاریی تۆپی پێ بۆ ئەوە گەڕاندەوە : “بەر لەچەند ساڵێک تیپی تۆپی پێمان لەگەڵ ھونەرمەندانی ھاوڕێ و ھاوکارم لەشاری سلێمانی پێکھێنا، من چەند سالێک کاپتنی ئەو تیپە بووم و چەندیین گۆڵی مێژوویم تۆمار کردووە، لە ھەموو یارییەکانیشدا وەک یارزانێکی سەرەکی یارییم دەکردو، چەندیین ھونەرمەندیش لە ئێستادا لە ژیان ماون، شایەت حاڵی ئەو راستیەن، بۆیە من پێشنیار دەکەم بۆ یارییەکەی نێوان حکومەت و پەرلەمان ئامادەیی ئەوەم ھەیە بێمە شاری ھەولێر و یارییەکەیان بۆ بگوازمەوە بە زمانی شیرینی کوردیی”.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا (مستەفا ئەحمەد)ـی ھونەرمەند ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد : “ئێستاکەش من دڵم بۆ وەرزش لێدەدات و سەیری زۆربەی یارییەکانی تۆپی پێ دەکەم، بەتایبەتی سەیری یارییەکانی خولی ئیسپانی، ئیتاڵی و ئینگلیزی دەکەم، سەرسام بە یاریی یانەکانی (ئەی سی میلان، ئەنتەر میلان، ریاڵ مەدرید، بەرشلۆنە، مانچستەر، ئەرسنال) ھەروەھا سەیری یاریی ھەڵبژاردە گەورەکانیش دەکەم، لە یانەکانی کوردستانیش لە ئێستادا یانەی ھەولێر زۆر دەڵم بە ئەنجامەکانی خۆشە، پێم خۆشە بچێتە یاریی کۆتایی خولی جامی یەکێتی یانەکانی ئاسایا، ئەگەر گەیشتە یاری کۆتایی من لە یاریی کۆتایی ئامادە دەبم لە نێو یاریگای ھەولێر و ھانی بردنەوەی نازناوەکەیان دەدەم، زۆر سەرسامم بە یاریی کردنی گۆڵپارێزی یانەکە (سەرھەنگ موحسین) چونکە کاتێک لەناو گوڵ دەوستێت، یاریزانی بەرامبەر لێ ئەترسێت و ناتوانن زۆر خۆی لێبدەن و زۆرجار تۆپەکەش تا دەگاتە ناو دەستی ھێزی تیا نامێنێت و بەئاسانی دەچێتە ناو دەستیەوە، ھیوای سەرکەوتن بۆ سەرجەم یاریزانەکانیان دەخوازم یانەیەکی بەھێزە و جوان یاری دەکەن!”.
لە کۆتایی دا ھونەرمەندی شانۆکار (مستەفا ئەحمەد) ئەوەشی ئاشکرا کرد :”پرۆژەی بەرنامەیەکی کۆمیدی و رەخنەییم لە رێگەی یەکێک لە تەلەفزیۆنەکان ھاتۆتە بەردەستم، ئەگەر بەرنامەکە باشبێت لەوانەیە جارێکی دیکە بێمەوە سەر شاشە، بەڵان جارێ ناوی تەلەفزیۆنەکە نابەم، با ئەوەیان ببێتە “سوپرایز” ھەر چەندە لە ئێستادا ھەفتانە لە رادیۆی نەوا بەرنامەیەک پێشکەش دەکەم، ئەوەش بۆ جەماوەرەکەمە بۆ ئەوەی لێان دانەبڕێم چونکە بە خوا لێم قبوڵ ناکەن!، بە پێکەنینەوە”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا