توانا تەھا: ئەمرۆ ھەموو کەسێک دەتوانێت فۆتۆ بگرێ، بەڵام ئایا بە ھەموو کەس دەگوترێت فۆتۆ گرافەر؟ فۆتۆ گرافەر پێویستە ھەست بەو فۆتۆیە بکات کە دەیگرێت،
پێویستە بۆ ھەر فۆتۆیەک پەیامێکی ھەبێ و پەیامەکە لەلای بینەر روون و ئاشکرا بێت. فۆتۆگرافی ھەر دەبێ وا لە خەڵک بکات فۆتۆیان خۆشبوێت و لە کامێرا نەترسن، فۆتۆ ھونەرێکی لەو رێگەیەوە ژیان بەیان دەکا، فۆتۆ دنیایەکی جیاوازە لەو دنیایەی ئێمە تێیداین.
جەمال پێنجوێنی – فۆتۆ گرافەر و ھونەرمەندێکی کوردە، پەیمانگەی فۆتۆگرافی تەواو کردووە لە لەندەن، وێنەکانی لە زۆربەی رۆژنامەو گۆڤارە بەناوبانگەکانی جیھان بڵاوبوونەتەوە، ھەریەک لەوانە: رۆژنامەی نیۆرک تایمز، واشنتۆن پۆست، ناشناڵ جیۆگرافیک و ۆرلد پرێس فۆتۆ ماگەزین، لە ساڵی ٢٠١١ ە، جەمال وەکو باشترین فۆتۆ گرافەری نا ئەوروپی لەلایەن (موسێ دو کوای برانلی)، ھەڵبژێردرا، چەندان خەڵاتی نێودەوڵەتی بەدەست ھێناوەو بەشداری چەندین فێستیڤاڵ و پێشنگەی نێودەوڵەتی و نێو خۆی کردووە وەک وانەبێژ ورۆک شۆپی بەڕِێوەبردووە لەبارەی ھونەری فۆتۆگرتن.
جەمال پێنجووێنی – لە چاوپێکەوتنێکی ھەفتەنامەی زاری کرمانجیدا ئاماژە بەوە دەکات دەڵێت “نەبوونی کەسێک لەمیدیای کوردی کە بڕیار بدات چ فۆتۆیەک بڵاودەبێتەوە وای کردووە نەتواندرێت کامە فۆتۆ ھەڵدەبژێردرێت، ئەو رای دەگەیەنێت کە “کەمترین فۆتۆ دەڕوات بۆ دەزگاکانی راگەیاندن لەکاتێکدا سەدان بابەت دەچێت بۆ رۆژنامەیەک یان ماڵپەڕێک یان دەزگایەکی راگەیاندن کەچی کەمترین فۆتۆدەڕوات بۆ ئەم دەزگایە کاتێک کەمترین فۆتۆ دەڕواتە دەزگاکە، تۆ لەو کەمیەتە فۆتۆکان بڵاودەکەیتەوە، بەڵام تۆ کە دەھەزار فۆتۆت ھەبێت رۆژانە بۆت بێت، چیت بوێت دەتوانیت ئەو بڵاوبکەیتەوە.
فۆتۆگرافەری نێودەوڵەتی جەمال پێنجووێنی، لایوایە فۆتۆ لەمیدیای کوردی مێژوویەکی دوورو درێژی نییە، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە میدیای کوردی لە کۆنەوە ئەوانەی بەڕێوەیان بردووە ھەر نووسەران و ئەدیبان بوونەو لەم کاتەشدا فۆتۆ بەکار ھاتووە بۆ پرکردنەوەی بۆشایی، بەڵام لەدوای ساڵی ١٩٩٠ کە کوردستانی عێراق رزگار بوو میدیایەکی زۆر پەیدابوو دیارە فۆتۆ جارێکی دیکە ھاتەوە ناومیدیای کوردی لەمەش دیارە وەک پێویست نییە، ئەمە وەک ئەوەنییە کە لە میدیای ئەمریکا یان دنیا ھەیە، کە فۆتۆ لەپاڵ نووسیندا ئەرکی تایبەتی خۆی ھەبێت، ئەگەر بێت و سەیری رۆژنامەو ماڵپەرو گۆڤارە کوردییەکان بکەیت، زۆرجار وێنەکان لەگەڵ نووسینەکە لە شوێنی خۆ بەکار نەھاتووە، ئێمە دەیبینن زۆرجار وێنەیەک ئەگەر نەش بێت دەبێت، ئەو وێنەیە نەبووە لەبەر ئەوەی ئەو وێنەیە نییە کەدەبوو ھەبوایە”. جەمال پێیوایە میدیای کوردی قۆناغێکی دیکەی ماوە، چونکە تا ئێستا لەنێو میدیای کوردی ھیچ سەرنووسەرێکی فۆتۆگرافەری نییە لەناو رۆژنامە یان بڵاوکراوەکە کە بڕیاری ئەوەبدات کە فۆتۆکە جیابکاتەوەو بڕیار بدات چ فۆتۆیەک باشەو کامەی لەگەڵ سیاسەت و بۆچوونی رۆژنامەکە دەگونجێت بڵاوی بکاتەوە.
ئەو فۆتۆگرافەرە کوردە لایوایە نەبوونی کەسێک لەمیدیای کوردی کە بڕیار بدات چ فۆتۆیەک بڵاودەبێتەوە، کەمترین فۆتۆ دەڕوات بۆ دەزگاکە سەدان بابەت دەچێت بۆ رۆژنامەیەک یان ماڵپەڕێک یان دەزگایەکی راگەیاندن کەچی کەمترین فۆتۆ دەڕوات بۆ ئەم دەزگایە کاتێک کەمترین فۆتۆدەڕواتە دەزگاکە تۆ لەو کەمیەتە فۆتۆکان بڵاودەکەیتەوە، بەڵام تۆ کە دەھەزار فۆتۆت ھەبێت رۆژانە بۆتبێت، چیت بوێت دەتوانیت ئەو بڵاوبکەیتەوە، بەڵام ئەگەر کەمترین فۆتۆبێتە نێو دەزگاکان ئەوا لە کەمیەکەی فۆتۆ بڵاودەکرێتەوە، ئەگەر دەھەزار فۆتۆت ھەبێت سەت فۆتۆ بڵاودەکەیتەوە، بەڵام کە تۆ سەت فۆتۆت ھەبوو بەو رێژە کەمیە ناتوانیت باشەکەی ھەڵبژێریت، واتە قۆناغێکی ماوە کە لەپاڵ نووسیندا گرنگیەک بۆ فۆتۆش دابندرێت، فۆتۆگرافەری ھەر ئەوەنییە تۆ وێنە بگریت یان وێنەت ھەبوو بڵاوی بکەیتەوە، دەبێت پەیامێکی گەورە ھەبێت لەپشت بڵاوکردنەوەی ئەم فۆتۆیە ئەو ھەواڵەی کە گرنگەو ھەدەفێک دەپێکێت دەبێت فۆتۆکەش ھەمان پەیامی ھەبێت.
جەمال – لەبارەی کاری باشەوە دەڵێت “ئێستا خەڵک بە دوای شتی باش ئەگەڕێ، بەڵام ئەوەی گرنگە کە چی بێشکەش دەکەی لە کوردستان خەڵکێکیش ھەیە کە تێدەگات کاری باش کامەیە میدیا چۆن ئەتوانێت باشترین پێشکەش بە بینەرانی یان خوێنەرانی بکا، خۆ ئێستا فۆتۆگرافەری باش لە کوردستان ھەیە”. سەبارەت بەوەی کە لەکاتی بڵاوکردنەوەی وێنەکان چۆن ھەڵسەنگاندن بۆ وێنەکان بکرێت و شێوازی بڵاوکردنەوەیان کێ بڕیاری لەسەر بدات، یان دیزاینەر ئەم ئەرکە بگرێتە ئەستۆ، بەڵام لەم رووەوە جەمال، ئاماژە بەوەدەکا کە “بەھیچ شێوەیەک لە ھیچ شوێنێکی دنیا کاری دیزاینەر نییەو بۆی نییە دابنیشێت و فۆتۆکان دیاری بکا، چونکە ئەو کارەکەی خۆی زۆر گەورەیەو دیاری کراوە، ئەگەر لەیەک کاتدا دیزاینەر لەکاری نووسیندا باش بێت و بتوانێت دەسکاری نووسین بکات ئەوا ئاساییە ئەمەبکا.
فۆتۆگرافەری نێودەوڵەتی – جەمال پێنجووێنی، رایدەگەیەنێت کە کارکردن لە بواری رۆژنامەگەری و فۆتۆگرافەری دوو بورای لێک جیاوازن زۆرکەس دەتوانێت لەیەک کاتدا ھەردووک شت بکات”. جەمال پێنجووینی دوای ئەوەی لە پێشەنگەیەک بەشداری دەکا لە وڵاتی ئەمریکا، کەسێک فۆتۆکەی ئەو دەکا بەھی خۆی خەڵاتی پێ بەدەست دەھێنت چ ھەستێکی لادروست بوو ئەو لەم بارەیەوە دەڵێت “چەند تەلەفزیۆنێک چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کردم قسەی من تەنیا ئەوەبوو کە من سوپاسی ئەو کەسە دەکەم کە کارەکەی منی پێ جوان بووە”. چونکە ئەو فۆتۆگرافەرە دەڵێت “من لەسەدان پێشەنگە فۆتۆکانم نمایشکراون و خۆم تیا ئامادەنەبوومە بۆ ئەوەش کارناکەم و چاوەڕێی سوپاسیش ناکەم، بەڵام ئەوەی سوپاسم دەکا من رێزی دەگرم و خۆشحاڵ دەبم بە سوپاسکردنەکەی و کە بەکارەکانی من سەرسامەو شتەکانی من جێگەی بایەخی ئەون، کارەکانی من لە گەلەرییە گەورەکانەوە لە میدیا ھەربە بەناوبانگەکانی جیھان، بڵاو بۆتەوە زۆرکەسیشم بینیوە کە کارەکانی منی بەناوی خۆیەوە بڵاوکردۆتەوە، منیش بەردەوام بیرلەوە دەکەمەوە کەسێک رۆژێک لەمن باشتر کاربکات و پێویستی بەمن نەبێت، نموونەشم بۆ ئەوەی جارێک کەسێک لە وڵاتی ئەمریکا خەڵاتی وەرگرت بەناوی منەوە بوو کردبووی بەھی خۆی من لە تەلەفزیۆنەکانی ئەمریکا وتم سوپاسی دەکەم کە ئارەزووی لەکاری من بووەو بەھی خۆی داناوەو ھیوادارم خۆی لەوەباشتر بکاو پێویستی بەمن نەبێت.
ئەو دەڵێت “زۆرجار چوومەتە نێو پێشەنگەی فۆتۆگرافەری کەچی فۆتۆکان ھی من بوونەو منیش بەسەر خۆمم نەھێناوەو بەڵکو پێچەوانەوە سوپاسم کردووەو دەست خۆشی کارەکانم لێکردووە، من وابیردەکەمەوە کە ئەمە بووە بەبەشێک کە ئەو خەڵکە فۆتۆکانم بەھی خۆی بزانێت، کاتی خۆشی کە لە ئەمریکا فۆتۆەکەم کەسێک خۆی کرد بەخاوەنی لە میدیای ئەمریکی زۆر دەنگی دایەوەو یەک ھەفتە باسی لێوەکراو منیش کاردانەوەم تەنیا سوپاسکردنی کەسەکە بوو”. پێنجووێنی، لەگەڵ ئەوەدانییە کەسێک فۆتۆگرافەربێت و چاوەڕێی ئەوەبکات کەسێک یان لایەنێک بێت وێنەکان نمایش بکات، بەڵکو دەبێت کەسەکە خۆی ھەوڵبدات و خۆی ئەم کارەبکات، ئەمەش رێگەی خۆی ھەیە دەبێت کەسەکە بڕیاری ئەوەی دابێت بەشتێک ئەوا رۆژێک دادێت دەرگایەک بەروویدا بکرێتەوە، تۆ کە یەک سەردەستت کرد بەکارکردن ھەموودەرگاکانت بەروودا ناکرێتەوە، دەبێت ئینسان خۆی ھەوڵبدات و بزانێت چی دەکا و ھەولی چی دەدا و بۆکوێ کاردەکا و دەیەوێ چی بێ لەم نیشتیمانە، چونکە کەس نایەت پێت بڵێت تۆکامێرامانی و پارەت پێدەدەم و کاربکە من نایەم و بەشوێن تۆ بڵێم پارەت پێدەدەم کاربکە، ئەگەر کاربکەیت و کاری باش بکەت ئەوا پارەی باش پەیدا دەکەیت، چونکە ھیچ کاتێک لە ھیچ شوێنێکی دینا کەس پێت ناڵێت وەرە کارم بۆبکەو پارەت پێدەدەم، بەڵام دەبێت مرۆڤ خۆی کاربکات و لە رێگەی کارە جوانەکانیەوە خەڵک بەلای کارەکانیەوە رابکێشێت و دەبێت بەردەوام لە پێشکەوتن بێت.
لەبارەی کارکردن و دوا پڕۆژەکانی خۆی رای گەیاند “ماوەیەک بەر لە ئێستا کاری زۆرم ھەبوو لە مۆزەخانەکانی ئاسیاو ئەمریکا، ئەو رووپا، نمایشم ھەبوو، ئێستاش نمایشێکمان لە یەکێک لە گەورەترین مۆزەخانەکانی جیھان ھەیە، ئەمە کارەم پێشتریش لە چەندین مۆزەخانە نمایشکردووە، بەڵام لە سەر دووبارە دەکرێتەوە لە مۆزەخانەیەکی دیکە، زۆربەی کاتەکانیش کە لە چەندین مۆزەخانە کارەکانم نمایشکراون ئەوان میوانداریان کردوم من نەڕۆیشتوومە بۆی لەبەر ئەوەی کە کارەکانم لەوێ بوونەو من خۆم حەزم نەکردووە بچم، چونکە ژیان زۆر کورتە پێویستە تۆ ھەر بڕۆیت و لەبەر ئەوە ژیان بەشی رۆیشتن ناکا.