مەسعودی مەلا ھەمزە : دوای گەڕانەوەی لە وڵاتی ئەڵمانیا، ھونەرمەندی شانۆکار لوقمان مەجید لە ئێستادا سەرقاڵی پرۆڤەکردنە لە شانۆگەری قڕنیس، کە بەرھەمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و ھونەر- بەڕێوەبەرایەتی ھونەری شانۆی ھەولێرە.
شانۆگەری قڕنیس لە نووسینی مۆلێر و ئامادەکردنی ھیوا سوعاد و دەرھێنانی لوقمان مەجیدە، لەم شانۆگەرییەدا ھەریەک لە”ئەیام ئەکرەم، نەوزاد رەمەزان، قاسم نوری، تارا عەبدولرەحمان، دلڤین موحسین، ھێمن حەمەرەشید، عەلی ئەحمەد”. وەک ئەکتەر بەشدارن.
لە لێدوانێکدا لوقمان مەجیدی دەرھێنەر وتی”دوای گەڕانەوەم لە ئەوروپا ویستم کارێکی شانۆیی بکەم و گەیشتمە ئەو بڕوایەی کە لە کوردستان دوو رێگا ھەیە بۆ کارکردنی شانۆیی، یەکێکیان کۆمیدی بێ و خەڵک بۆ ماوەیەک چێژ وەرگرێ و لە چەرمەرسەرییەکانی ژیان دوورکەوێتەوە، دووەمیشیان شانۆگەرییەک بێ بینەر خۆی لەناو بدۆزێتەوەو ببێتە ھەوێنی چارەسەری کێشەکانی و رەنگدانەوەی واقیعی ژیانی، من لەو کارەدا دەمەوێ ھەردوو بوارەکە بکەمە ئامانج و کاری تێدا بکەم بە شێوازێکی کۆمیدی”.
لوقمان وتیشی”لەم شانۆگەرییە کۆمیدیەدا ھەوڵمداوە بە کۆمیدیایەکی ئامانجداری رەنگدراوە لە واقیع کاربکەم و لە ماوەیەکی نزیکیشدا شانۆگەرییەکە نمایش دەکرێ”.
شایانی باسە لوقمان مەجید ساڵانێکی زۆرە نیشتەجێی وڵاتی ئەڵمانیایەو لەوێ لە چەندین کاری شانۆیی ئەڵمانی بەشداری کردووە.