چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی :ھونەرمەند کەمال محەمەد بە “گۆرانیبێژی عاشقان” ناسراوە، یەکێک لەدیارترین گۆرانیبێژەکانی سلێمانییە، چەند ساڵێکە کوردستانی جێھێشتووە لەوڵاتی سوید دەژی، دەڵێت “ناتوانم بەبێ کوردستان بژیم و ھەموو ساڵ ١٠جار دەگەڕێمەوە”. کەمال محەمەد لەم چاوپێکەوتنەی لەگەڵ (سڤیل) رایگەیاند “ئەگەر بزانم خەڵک لەگۆرانییەکانم بێزارن و شەش کەس پێمبڵێ گۆرانی مەڵێ حەوتەمین کەس خۆمم، ئیتر واز لەگۆرانی دێنم”.
سڤیل: ئەم ساڵ ئەلبوومێکی نوێی گۆرانیت بڵاوکردەوە، بەڵام گوێگرەکانت ھەر گۆرانییە کۆنەکانی تۆیان لاجوانترە و زیاتر چێژ لەگۆرانییەکانت دەبین وەک لەوەی ئێستا، ھۆکاری ئەوە بۆچی دەگەڕێنیەوە؟
کەمال محەمەد: ھونەرمەند دەبێ بیر لەشتە کۆنەکان بکاتەوە، ئەگەر ھونەرمەند ھونەرێکی کۆنی نەبێت ناتوانێ شێوازێکی تازە لەگۆرانی پێشکەش بکات، من سوپاسی ئەو کەسانە دەکەم کە گۆرانییە کۆنەکانی منیان لاجوانترە لەوانەی ئێستام، ھەمیشە بیرم لەوە کردۆتەوە لەگۆرانییە تازەکانم گۆرانییە کۆنەکانیشم تازە بکەمەوە، بەڵام خۆشە ھونەرمەند لەسەر یەک شێوازی گۆرانی بەردەوام نەبێ، گۆڕانکاری ھونەرمەند بەرەوپێشەوە دەبات.
سڤیل: ساڵی رابردوو راتگەیاند ھیچتر ئەلبووم ناکەی، لەجیاتی ئەلبووم گۆرانیەکی درێژ دەکەی، بەڵام دوای ئەوە ئەلبوومت کرد و گۆرانییە درێژەکەشت نەکرد، بۆچی؟
کەمال محەمەد: ھێشتا گۆرانییە درێژەکەم تۆمار نەکردووە، خوازیارم ئەو گۆرانییە وەک حیکایەتێک بکەم و ماوەکەی ٢٠ یاخود ٣٠ دەقیقەیە بێت، بەڵام ئەو گۆرانییە ھێزی میزیک و شیعری دەوێت، ھەمیشە تێکست بەلای منەوە سەرچاوەی ھونەری گۆرانییە، ئەگەر تێکستەکە بەھێز نەبوو خەڵک گوێی لێ ناگرێت، بەڵێ راستدەکەی کاتی خۆی وتم ئەلبووم ناکەم، بەڵام ئینشاڵڵا بەدرۆ دەرناچێت و ھیوادارم بتوانم لەداھاتوویەکی نزیک ئەوە بکەم.
سڤیل: داتناوە لەگۆرانییە درێژەکە باس لەچی بکەی؟
کەمال محەمەد: بیرم لەوە کردۆتەوە گۆرانییەک بێت بەدەر لەخۆشەویستی، من دەمەوێت گۆرانییەکە وابێت پیر و منداڵ گوێی لێی بگرن و پێیان خۆش بێت، لەگۆرنییەکەدا باس لەو کەسانە دەکەم کە بە پاکی و دڵسۆزەییەوە لەکوردستان کار دەکەن.
سڤیل: ساڵانی ھەشتاکان ئێوە گروپێک بوون لەسلێمانی کارتان دەکرد “تۆ و کاروان عوسمان و سالار مەحموود” بەڵام بۆچی زیاتر گۆرانییەکانی کاروان عوسمان لەنو خەڵک باس دەکرێ؟
کەمال محەمەد: من خۆشحاڵم توانیبێتم لەگەڵ ئەو بەڕێزانە کارم کردووە، ئەگەر گۆرانییەکانی کاروان عوسمان رۆیشتبێتە ناو خەڵک من پێم خۆشە، یەکەم کەس من بووم لەکۆنسێرتی خۆم باسی کاروان عوسمانم کرد و گۆرانییەکی ئەوم گوتووتەوە، دوای من لەم ساڵانە نازدار و کاروان کامیل گۆرانی کاروانیان گوتەوە.
سڤیل: ھیچکات بیرت لەوەکردۆتەوە واز لەگۆرانی گوتن بێنی؟
کەمال محەمەد: تائێستا بیرم لەوە نەکردۆتەوە واز لەگۆرانی بێنم، بەڵام بیرم لەوەکردۆتەوە ئەگەر بزانم خەڵک بێَزارە لە گۆرانییەکانم واز لەگۆرانی دێنم، ئەگەر شەش کەس پێمبڵێ کاک کەمال گۆرانی مەڵێ حەوتەمین کەس خۆمم ئیتر گۆرانی ناڵێم، مرۆڤ لەو پیشەی کە کاری تێدا دەکات خۆی دەزانێ تاچەند سەرکەوتووە.
سڤیل: تۆ ھاوڕێی منداڵی ھونەرمەند میدیا حوسێنی، ئێستا وەک ھاوڕێیەک لەچ شتێک دەتوانی ئامامۆژگاری بکەی؟
کەمال محەمەد: من ناتوانم ئامۆژگاری میدیا حوسێن بکەم، ئێستاش مامۆستای منە، کەسێکی نووسەر و ئەدیبە، بەڵام ھەمیشە گوتوومە خۆزگە بەس شیعری بنووسیبایە، کۆمەڵێک شیعری جوانی ئەوم کردۆتەوە گۆرانی، ئەو زۆر جوان شیعر دەنووسێت، لەبەرئەوە من ھەمیشە لەنزیکەوە بەکاک میدیام گوتووە خۆزگە تۆ بەس شیعرت بنووسیبایە، نەک گۆرانی، ئەوە باشتر بوو.
سڤیل: ھیچکات گلەیی ئەوەت لە جەلال سەعید نەکردووە گۆرانی گوتن ساردبۆتەوە و گۆرانی ناکات؟
کەمال محەمەد: کاک جەلال پەیامی خۆی گەیاند، ھونەرمەندێکە ئێستاش گوێی من لێی تێرنابێت، لەبەرئەوە ئەگەر گەنجێک بێتە لای من باسی ئەو ھونەرمەندە بکات ئەوە بەسە، جەلال سەعید گەیشتە ئەو پەیامەی کە خەڵک باسی بکات، من گوێم لە گۆرانییەکانی کاک جەلال و چەندین ھونەرمەندی تر بووە وایکرد منیش لەگۆرانی نزیکبەمەوە، ھەروەھا ئینکاری لە حەیرانەکانی عارەب عوسمان ناکرێت، خەڵک دەباتەوە دەشتی ھەولێر و شتە کۆن و جوانەکانمان بیردێنێتەوە، ئەوانە پەیامی خۆیان گەیاندووە.
سڤیل: گوێگری گۆرانییەکانت لە ھەولێر زۆرن، بەڵام بۆچی کۆنسێرتێک لەم شارە نەکردووە؟
کەمال محەمەد: ھەولێر مالێکی گەورەیە بۆ من، دەتوانم بڵێم کوڕی ھەولێرم، شارێکە بەدەر لە سلێمانی زۆر تێیدا ژیاوم، لەگەڵ ھونەرمەندانی ھەولێر کاری زۆرم کردووە و یادگاری جوانیشم لەگەڵیان ھەیە، من لە ھەولێر دانەبڕوام، ھەولێر کلیلی قوفلی ھونەری ئێمەشە، ئەگەر گۆرانی بڵێی و لە ھەولێر شەھادە نەھێنی ئەو ھونەرە جوان نییە، ئینشاڵڵا لە ئایندەیەکی نزیک دێمە شاری ھەولێری خۆشەویست و لەگەڵ ھونەرمەندانی ئەو شارە کۆدەبمەوە.
سڤیل: ھونەرمەند رۆژ کەریم دەڵێ ئامادەم لەکوردستان ئیشی شوفێری تەکیسی بکەم، تۆش بگەڕێیتەوە کوردستان ئامادەی ھەموو ئیشێک بکەی؟
کەمال محەمەد: من ئامادەم ھەموو ئیشێک بکەم لەپێناوی ژیان و خزمەت، بەڵام باڕاستت پێبڵێم ئیشەکەی من ھونەرە، لە ھونەر بترازێ ئیشی دیکەم بۆ ناکرێ، من دەتوانم بەس گۆرانی بڵێم، لەوەیان لەگەڵ کاک رۆژ کەریم رام جیاوازە، ئەگەر بچمە ھەر کارێکی دیکە بەرەو پارە و جیھانی سەرمایەداری دەڕۆم، وام بیرکردۆتەوە ئەو تەمەنەی کە من ماومە بۆ کاری ھونەری تەرخانی بکەم.
سڤیل: کەی بە یەکجاری دەگەڕێیەوە سلێمانی؟
کەمال محەمەد: من خزمم ھەیە لە کوردستان، بەس کەسی نزیکم نییە، دایک و باوک و خوشک و برام لە کوردستان نەماوە، دایک و باوکم کۆچی دواییان کردووە، برایەکم پێشمەڕگە بووە شەھید بوو، خۆم و دوو خوشکم ماوینەتەوە، دوو خوشکەکەشم لە ھەندەرانن، من قەت خۆم لەکوردستان بە میوان دانانێم، بۆیە ھەموو ساڵێک نزیکەی ١٠ جار دەگەڕێمەوە کوردستان.