بەپێی بریاری دەستە بژێرى هونەرمەندى ساڵ بۆ وەرگرتنى خەڵاتى (ماملێ)، کەلەلایەن مەڵبەندى هونەرى ماملێ دابین دەکرێت و هەرساڵ پێشکەشى کەسایەتییەکى هونەرى کوردستان دەکرێت.بەخۆشحاڵییەوە رایدەگەیەنین کەخەڵاتى ئەم ساڵ 2011 پێشکەشى هونەرمەندى هەڵکەوتو و بەناوبانگى کورد مامۆستا (عەباسى کەمەندى) دەکرێت.
بەرێز مامۆستا عەباسى کەمەندى ماوەیەکى دوور و درێژە لەبوارەکانى فەرهەنگ و هونەرى نەتەوەکەماندا خزمەتێکى زۆرى گۆرانى و مۆزیکى کوردى کردووە و رۆڵ و نەخشى زێرینى خۆى لەنێو پانتایى فەرهەنگ و کلتوورى گەلەکەیدا جێگیرکردووە.
لەم روانگهیهوه و بۆرێزگرتن لە ئەرک و خزمەتەکانى کاک عەباسى کەمەندى ، کۆمیتەى هەڵبژاردن لەمەڵبەندى هونەرى ماملێ ئەو کەسایەتییە لێوەشاوەى دەستنیشانکردووە بۆ وەرگرتنى خەڵاتى ماملێ بۆساڵی 2011
جێى بیرخستنەوەیە ئەمە سێیەم جارە ئەم خەڵاتە پێشکەشى هونەرمەندانى کورد دەکرێت.
یەکەم خەڵات لە2009پێشکەشى رەوانشاد(قالەمەڕە)کرا
دووەم خەڵات لە 2010پێشکەشى مامۆستا( باکورى) کرا.
بریاریشە ئەم ساڵ لەبیرەوەرى سێزدەمین ساڵیادى هونەرمەندى نەمر(محمدماملێ) لە رێورەسمێکى شکۆداردا لەشارى هەولێر بەئامادەبوونى چەندین کەسایەتى هونەرى و فەرهەنگى هەرچوارپارچەى کوردستان و میوانانى ناوخۆودەرەوە وخانەوادەى ماملێ(سێیەم خەڵاتى ماملێ)پێشکەشى هونەرمەند مامۆستا عەباسى کەمەندى بکرێت.
مهڵبهندی هونهری ماملێ