مەسعودی مەلا ھەمزە : لەماوەی ٥ رۆژداو بە نمایشکردنی ٩ شانۆگەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و ھونەر- بەڕێوەبەرایەتی شانۆی ھەولێر دووەمین فێستیڤاڵی شانۆی منداڵان لە ھەولێر سازدەکا.
ئەم فێستیڤاڵە کە لە رۆژانی ٢٤ تا٢٩/٧/٢٠١١ لەھەردوو ھۆڵی بەڕێوەبەرایەتی ھونەری شانۆی ھەولێر و بەڕێوەبەرایەتی چالاکی قوتابخانەکان سازدەکرێ تێیدا کۆمەڵێک کاری شانۆیی منداڵان نمایش دەکرێ و لە کۆتا رۆژیشدا خەڵات بەسەر سەرکەوتووان دابەش دەکرێت.
لە لێدوانێکی تایبەتدا ھیوا سوعاد بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی شانۆی ھەولێر گوتی”بۆ برەودان بە تواناکانی منداڵان و بایەخدان بە شانۆی منداڵان لە ماوەی ٥ رۆژدا دووەمین فێستیڤاڵی شانۆی منداڵان سازدەکەین”.
ھیوا سوعاد گوتیشی لەم فێستیڤاڵەدا ھەریەک لە شانۆگەرییەکانی”مێروولە- دەرھێنانی زیاد کەریم، توورەگەی پڕ لە سێو- دەرھێنانی ئەردەوان سابیر، تاوانی ئەسپەکە- دەرھێنانی یونس عوسمان، چۆلەکەو مرۆڤ- دەرھێنانی نەوزاد حاجی شووشە، دارستان خەون و خەیاڵە- دەرھێنانی یوسف عەبدولرەحمان، ستران- دەرھێنانی لەیلا حوسێن، خەونەکانی گوێدرێژێکی تەمبەڵ- دەرھێنانی محەمەد تاھیر، ئامۆژگاری- دەرھێنانی شاھین نەجمەدین، گرەوە دۆڕاوەکە- دەرھێنانی مەسعود عوسمان” نمایشدەکرێن و لە کێبڕکێکان بەشدارن.
شایانی باسە پارساڵ لە ھەمان کات یەکەم فێستیڤاڵی شانۆی منداڵان لە ھەولێر سازکرا.