چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی : مەھلێت، ناوی ئەو کچە ئەسیوپییە کە پێنج ساڵ پێش ئێستا بۆ کارکردن ھاتە کوردستان، لەماڵی ئاوازدانەر ھەڵکەوت زاھیر دەستی بەکارکردنکرد، کە ماڵێکی ھونەرییە و جمەی دێ لەو ھونەرمەندە لاوانەی ھەڵکەوت زاھیر گۆرانیان بۆ دەکات، ئەمساڵ ھەر لەو ماڵەدا مەھلێت گۆرانییەکی بۆ کرا بەناوی “لە ئەسیوپیا بۆ کوردستان”. کە باس لە یەکسانی و دیمەنی جوانی کوردستان دەکات.
مەھلێت ساڵی ١٩٨٩ لە ئەدیساباد لەدایکبووە و بڕوانامەی دبلۆمی ھەیە، لەو چاوپێکەوتنەیدا لەگەڵ (سڤیل) مەھلێت دەڵێ “لە ئەسیوپیا زیاتر بەکاری کەنیسە خەریکبووم، بەڵام بەھۆی ھەژاری ھاتم بۆ کوردستان ئیش بکەم”. دوای بڵاوکربوونەوەی گۆرانییەکەی، کە ئەمساڵ ھەڵکەوت زاھیر بۆیکرد و کەناڵی ھەولێر کلیپی کرد، مەھلێت کە بەزمانی کوردی گۆرانییەکە دەڵێت و باسی دیمەنە جوانەکانی کوردستان و یەکسانی نێوان رەش و سپی دەکات، ئەم گۆرانییە مانگێکە بڵاوکراوەتەوە لە ماڵپەری یوتوب ١٨ ھەزار جار بینراوە.
لەو بارەیەوە مەھلێت دەڵێت “ئەوەندەی کە پێیان گوتووم و دەستخۆشیم لێکراوە، ھەست دەکەم گۆرانییەکەم سەرکەوتوو بووە، بۆیە من ھەوڵدەدەم بەردەوام بم، بەپێی دەرفەت و رەخساندنی کات، بەڵام کارێکی ترم ھەیە مامۆستا ھەڵکەوت زاھیر پێیگوتم لە ساڵی ٢٠١٢ کارێکی تر دەکەین”. دەشڵێت “ئەو گۆرانییەم گوت مەبەستم ئەوە نەبوو نیشانی بدەم دەنگم خۆشە، خۆشی دەنگ جەماوەر دەبێ بڕیاری لێبدەن، بەڵام زۆرتر ویستمان پەیامی یەکسانی و جوانی کوردستان نیشان بدەین”. مەھلێت ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد ماڵەوەیان گۆرانییەکەی ئەویان بینیووە و زۆریان پێ باش بووە و دەستخۆشیان لێکردووە، “ماڵەوەمان حەز دەکەن بەردەوام بم، ھەروەھا ھاوڕێکانیشم لە کوردستان و ئەسیوپیا دەستخۆشیان لێکردووم”. گوتیشی “گۆرانییەکەمان ناردووە بۆ کەناڵەکانی ئەسیوپیا و لێیان داوە، داوای چاوپێکەوتنم لێدەکەن و زۆر پێیان خۆش بووە”.
لەپرسیارێکی (سڤیل) داوا لە مەھلێت کرا گۆرانییەکی دڵداری بەزمانی ئەسیوپی بۆ کوڕە ئەسیوپییەکانی کوردستان بکات، مەھلێت بەپێکەنیەوە گوتی “بیرۆکەیەکی زۆر جوانە و ھەوڵیش دەدەم بیکەم، بەڵام کوڕەکانی کوردستان زۆر جوانترن”. ئەو کچە ئەسیوپییە ئاوا باسی کوردستان دەکات “کوردستانم زۆر خۆشدەوێت، سروشتی کوردستان و خەڵکەکەی زۆر باشن و ناخ جوانن، ئەسیوپیاش بۆ من دایکی دووەمە، کوردستان و ئەسیوپیا ھەردووکیان بۆمن وەک وڵاتی خۆم سەیر دەکەم”. مەھلێت کاتی گەڕانەوەی یەکجاری بۆ وڵاتەکەی خۆی دیاری نەکرد، بەڵام ئەگەریش بیری ئەسیوپیا بکات وەک خۆی دەڵێت مامۆستا ھەڵکەوت زاھیر دەمنێرێتەوە بۆ سەفەرکردن”.
مەھلێت لەسەر ئەو خواردنانەی کە لەماڵی ھونەرمەند ھەڵکەوت زاھیر دروستی دەکات ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە ئەو دەزانێ ھەموو جۆرە خواردنێک دروست بکات، “بەڵام مامۆستا ھەڵکەوت خواردنی ئەسیوپی ناخوات، بەس خواردنی ئێرانی و لوبنانی حەز دەکات و دەخوات، لەقوتابییەکان لۆکە حەز بە خواردنی ئەسیوبی دەکات و دەیخوات”. ھلێت ئەوەشی راگەیاند، تائێستا لەماڵپەڕی فەیسبووک بەشداری نەکردووە و گوتی “بەڵام منیش بەنیازم دایبنێم”.