مامەیارە ئەحمەد
: ئێوارەی هەینیی لەدەستچوو، لە یەکەم یاریی خۆیدا لە قۆناغی بژاردەی خولی عێراق، یانەی هەولێر لەسەر دەستی یانەی شوڕتەی بەغدا شکستی تووش بوو.
دوای ئەوەی ماوەیەکی زۆر بە هۆی نوێکردنەوەیەوە لێی دوور کەوتبووەوە، ئەوە یەکەم یاریی یانەی هەولێر بوو لەسەر یاریگەی خۆی، کەچی لە بەدبەختی هەولێر و هاندەرانیدا، یانەکە شکستی تووش هات و بە 0 – 1 گۆڵ دۆڕا، ئەو گۆڵەیش یاریزانی کورد (یوونس شکوور) لە نیوەی دووەمی یارییەکەدا تۆماری کرد
لە دوای یارییەکە یوونس شکوور لێدوانی بۆ ڕۆژنامەی بارزان سپۆرت دا و ئاشکرای کرد: “یانەی هەولێر بە ناو یانەی هەولێرە، دەنا هەر نادی ئەربیلە، ئەی ئەوە نییە هەموو یاریزانە سەرەکییەکانی عەرەب بوون، من دەڵێم بە داخەوە با بایەخ بە خۆمان بدەن نەک یاریزانی بێگانە بهێنن، با یانەکە هەموو یاریزانە کوردە باشەکانی کوردستان کۆ بکاتەوە و یەک تیپی زۆر بەهێزی لێ دروست بکات کە مۆرکی کوردبوونی پێوە دیار بێت، نەک وەک ئەوەی ئێستا کە عەرەبی لێ دەبارێ.
لێرە بە دواوە بارزان سپۆرت هەوڵ دەدات شیکردنەوەیەکی هونەری و ناهونەری بکات و لە بارەی هۆیەکانی دۆڕاندنەکانی یانەی هەولێرەوە بە نووسین بێت.
یارییە گرینگەکان و دۆڕاندن
یانەی هەولێر، بە یەکێک لەو یانانە دادەنرێت کە لە یارییە زۆر هەستیارەکاندا شکستی دێتە ڕێ، کە ئەم خاسیەتەی لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردووەوە پێوە لکاوە و لە زۆر یاریی چارەنووسسازدا شکستی خواردووە، بە تایبەتی ئەو یارییانەی کە زۆرترین هاندەری تێدا ئامادە دەبن، هەولێر لە وەرزی ڕابردوو لە یاریگەی خۆیدا دڵی 20 هەزار هاندەری سارد کرد و بە یانەی دهۆک دۆڕا، هەروەها لە یاریی چارەکی کۆتایی جامی یەکیەتیی ئاسیادا نەیتوانی سەرکەوتن بەسەر یانەی کوەیتی کوەیتیدا تۆمار بکەن و بە هۆی ئەنجامەکەیەوە (1 – 1) هەولێر ماڵئاوایی لەو لیگە کیشوەرییە کرد.
یانەیەکی یاریزان زۆر
یانەی هەولێر، بەو هۆیەوەی بوودجەیەکی زۆری لە بەردەستدایە، زۆرترین یاریزانی باشی کڕیوە و کاری بە کەم لەو یاریزانانە هەیە، سەرنج بدەن، هەر لە یارییەکەی هەولێر و شوڕتەدا، یانەی هەولێر ئەم یاریزانانەی یەدەگ بوون (سەرهەنگ موحسین، دارا محەممەد، ڕافد بەدرەددین، هەردی نوورەددین، ئەحمەد سەڵاح، دڵدار ئیبراهیم، ئیسماعیل بانگۆرا، شوان مامۆ و ئەحمەد کوبی، کە ئیشی بە 5 لەوانە نییە، هەرچەندە لە هەندێ یاریدا لەوانەیە پێویستی بە بەشێکی دیکە بێت، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی لە هەر یارییەکدا یانەکە پێویستی بە 15 یاریزانی زۆر باش هەیە، مەبەستمە بڵێم زۆری یاریزانی باش، زۆر جار ڕاهێنەر بە مل هەڵەدا دەبات و نازانێت یاری بە کامیان بکات، یان نازانێ چی پێکهاتەیەک دابنێ، پێشتر ئەو بارە بەسەر چەند یانە و هەڵبژاردەیەکی جیهاندا هاتووە و بەڵگەی روون هەن.
گۆڕینی 3 ڕاهێنەر لە یەک وەرزدا
هەرچەندە کاپتن عومەر مەجید بە شێوەیەکی کاتی ڕاهێنەری یانەی هەولێر بوو، بەڵام هەر حسێب دەکرێت و وا لێک دەدرێتەوە کە لەم وەرزەدا یانەی هەولێر 3 ڕاهێنەری هەبوو (سائیر ئەحمەد، عومەر مەجید و ئەییوب ئۆدیشۆ) ئەوەیش کاریگەریی زۆری دەبێت و ناهاوسەنگییەک چێ دەکات، چونکە کاتی دەوێت تا ڕاهێنەرێک بێت و سەرلەنوێ شارەزای تەواوی یاریزانانی یانەکە بێت، بۆیە دەشێت بەشێکی هۆکاری دۆڕاندنەکەی هەولێر بەرانبەر شوڕتە، بۆ ئەو بارە بگەڕێنینەوە.
نادڵسۆزیی بەشێک لە یاریزانان:
هەرچەندە زۆربەی یاریزانان بە دڵسۆزییەوە ئەرکی نێو یاریگەیان ڕادەپەڕێنن، وەلێ بەشێک لەو یاریزانانەی هەولێر کە دەشێ یاریزانی سەرەکییش بن، بە دڵسۆزی و لە دڵەوە یاری ناکەن، هەر تیپێکیش یاریزانی وەهای هەبوو کە دڵسۆز نەبێت بۆ تیپەکە، زوو بێت یان درەنگ، شکست دێتە پێشی. کە ئێستا خەریکە ئەوە لە یانەی هەولێر ڕوو دەدات و هیوا هەیە زوو کۆنتڕۆڵی ئەو بوارە بکرێت، بەوەی کارگێڕانی یانەکە کۆبوونەوەی خێرا بە یاریزانان بکەن و ورد و درشتی ئەو لایەنانەیان تێ بگەیەنن.
نەبوونی سزا، لە کاتی دۆڕاندن:
مرۆڤ سروشتی وەهایە، هەر شتێک سزای لە دوا بێت، کەمتەرخەمی دەکات جا لە هەر پیشەیەکدا بێت، لەو ئیدیۆمەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە پێویستە یانەی هەولێر سیستمێک دابنێت و لە کاتی دۆڕاندنی یانەکەدا، بە تایبەتی ئەو دۆڕاندنانەی یاریزانان تێیدا بەرپرسن، سزا بۆ یاریزانان دابنێت، چۆن گۆڵکار خەڵاتی گۆڵتۆمارکردنی دەدرێتێ، دەیشبێت لە کاتی لە دەستدانی هەلی ئاساندا، سزا بخوات، هەروەها یاریزانانی دیکەیش سزا بدرێن، چونکە لە باری سزادانی تەنیا یاریزانێک، دەشێت ئەو یاریزانە لە ڕووی دەروونییەوە تێک بشێکت، ئەوەیش لە بری قازانجی یانەکە، زیانی بۆی دەبێت.
دۆنگای بەڕازیل و ئەیووبی هەولێر
بەکارهێنانی ئینتەرنێت و کارپێکردنی فەیس بووک، تەلەفۆنکردن و قسەوتن، لە لای ڕاهێنەری بەڕازیلی (دۆنگا) لە مۆندیالدا قەدەغەبوو، ئێستایش کاکە ئەیووب ئۆدیشۆ دێت خەریکە پێڕەوی ئەو هەنگاوانەی دۆنگا دەکات و لێدوانی لە یاریزانان قەدەغە کردووە، ئەوەیش ئاماژەیەکە بۆ نزیکبوونەوەی دۆڕاندن، چونکە سیستمی “بەزۆری” و نادیموکراتی، هیچ کات ئەنجام و کاردانەوەی باشی نابێت. بۆیە دەبێت دیسان ئەیووب ئۆدیشۆ لەو ڕووەوە وە ئاگا بهێندرێت، دەنا کە کار لە کار ترازا، پەشیمانی و پەنجەگەستن دادی یانەی هەولێر نادات.
گوشاری هاندەران لەسەر یاریزانان
هاندەرانی یانەی هەولێر، بەوە ناسراون کە دۆڕاندن قبووڵ ناکەن، بۆیە ئەو بیرکردنەوەیە وای کردووە لەو یارییانەی هاندەرانی یانەکە بە ژمارەیەکی زۆرەوە ئامادە دەبن، گوشارێکی دەروونی زۆر بخرێتە سەر یاریزانان، هەموو پسپۆڕانی دەروونی و نادەروونیش دەزانن گوشار هەموو کات کاردانەوەی نەرێنی دەبێت، ئاکامەکەیشی هەر وا بوو، ئەدی ئەوە نییە هەولێر بۆ جاری سێیەم لە یارییە پڕ هاندەرەکاندا شکست دەبێت میوانێکی ڕەزا قورسی.
هەولێر؛ پەلەی ناسناوی چوارەمیەتی:
یانەی هەولێر کە پێشتر سێ جار لەسەر یەک بە ناسناوی جامی خولی عێراق گەییشتووە، ئێستا گەرەکیەتی بۆ جاری چوارەم بەو نازناوە شاد بێت، بەڵام پەلە پەلییان پێوە دیارە، ئاشکرایشە پەلەکردن لە هەر کارێک، بە مل هەڵەتدا دەبات، بۆیە یانەی هەولێر دەشێت هەر لە ئێستاوە جارێکی دیکە خۆی ڕێک بخاتەوە و بە هێمنییەوە مامەڵە لەگەڵ یارییەکانی داهاتوویدا بکات، دەنا نە هاندەران، نە مێدیکاران، شکستی یانەی هەولێریان پێ قبووڵ ناکرێت، دەشێ لە یارییەک یان دوواندا دۆڕاندن ببێتە بەشی یانەی هەولێر، بەڵام دۆڕانی درێژخایەن لە کاتی نەبوونی کێشەی ڕاستەقینەدا، لێپرسینەوەی بە دوادا دێت.
هەڵەی ڕاهێنەری هەولێر:
یانەی هەولێر لەو یارییەدا، هێڵە ناوەڕاستەکەی دەیناڵاند و زۆربەی جار ناوەڕاستکارانی شوڕتە باڵادەستیی خۆیان لەو ناوەندەدا دەنوواند، خۆ ئەگەر ئەو گۆڵەی شورتەیش نەبایە، لەوانەیە تا کۆتایی یارییەکە هەر ئەوان سەرکەوتووتر بانایە، ئەمە لە کاتێکدایە کە یانەی هەولێر خاوەن باشترین یاریزانانی هێڵی ناوەندە، ئەو خاڵەیش ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت کە هەم ڕِاهێنەر پلانی گونجاوی دانەناوە، هەمیش لەوانەیە یاریزانان کەمتەرخەم بووبن.
یەکێک لە هەڵەکانی دیکەی ڕاهێنەر، دەرهێنانی یاریزان (موسلیم موبارەک) بوو، ئەو هەڵەیە ئەوەندە گەورەیە، وێنا ناکرێت، ئاخر موسلیم لە دوو وەرزی ڕابردوودا کەم یاریی یانەی هەولێر هەیە کە بە ئاستێکی نموونەیی دەرنەکەوتبێت، ئەوەی لایەنی لاوازی موسلیمە دەمارگرژییەکەیەتی، کە لەو یارییەدا دەمارگرژیش نەبوو، بەڵام ئەدیشۆ خستییە دەرەوەی یاریگە و یانەکەی بێ “پلەی مەیکەر” هێشتەوە.