١-٢
ئەحمەد سەنگاوی : بەوپێیەی گۆڵدروستکار لە ھەستیارترین جێگای یاریگادا یاری دەکات, پێویستە ھەڵگری چەندین تایبەتمەندی بێت, بۆ ئەوەی لەتوانایدا ھەبێت کۆمەکی و پاڵپشتی تیپەکەی بکات، تاوەکو بتوانێت ڕێژەی مەترسی لەسەر تیپی بەرابەر زێدەتر بکات, لە ڕێگای یارمەتیداتی ھێرشبەرانەوە. پێویستە گۆڵدروستکار بەشدارییەکی بەرچاوی ھەبێت لەسەر چۆنیەتی بیناکردن و سەر رێگاخستنی ھێرشەکان, لە ھەمانکاتدا پێویستە دەستێکی باڵای ھەبێت لە دووبارە رێکخستنەوەی تیپەکەدا، بەتایبەتی لەو ساتانەدا کە فشارێکی زۆر بۆ سەر گۆڵەکەیان چێ دەبێت. لە وەھا دۆخێکدا پێویستیەکی لەحەد بەدەرە گۆڵچێکەر خۆی لە بەرگریکاران نزیکبکاتەوە بە ئامانجی وەرگرتنی تۆپ لە بەرگریکاران و یاریزانانی چەق, چونکە گۆڵساز شارەزاییەکی ئەندازەیی ھەیە لە چۆنیەتی پاشەکشەپێکردن بە تیپی نەیار. لە وەھادا دۆخێکدا ئیمکانیەتی ھەیە تا ئەوکاتەی یاریزانانی ھاوڕێی دەچنەوە جێگاکانی خۆیان تۆپ لەلای خۆی گلبداتەوە, تاوەکو سەرلەنوێ تیمەکە شکڵی ئاسایی خۆی وەربگرێتەوە, ئاخر بەھۆی شاڵاو و گوشاری زۆری بەرابەرەوەیە یاریزانان شوێن بە خۆیان ناگرن و جێ لەق دەبن بەھۆی گەڕانەوەیان بۆ نێزیک دەریڤەکەیان, تەنھا یاریزانێک لە توانایداھەبێت و بتوانێت ڕادەی شپرزەیی بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمبکاتەوە (گۆڵساز)ە.
چەندین شێوازی گۆڵدروستکار بەھۆی گەشەسەندنی تەکتیکی تۆپی تپێوە ھاتوونەتە ئاراوە، چونکە لە تەکتیکی تۆپی پێدا یەک جۆر گۆڵچێکەر نییە، چەندین فۆڕمی جوداجودا پەیدابووە, کە لە ڕووی جەوھەری و بوونیادیەوە جیاوازییەکی بنچینەیی لە ئەرکەکانیاندا ھەیە… ئێستا دیارترینیان بریتیین لە (گۆڵدروستکاری کلاسیکی، گۆڵسازی کارامە، گۆڵچێکەری گۆڵزان، گۆڵدروستکاری دواکەوتە) بەھۆی ئەم جوداییەوە ڕۆڵ و کاریگەری لە گۆڵسازێکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەگۆڕێت… تاھەنووکە چوار جۆر گۆڵدروستکار ھەیە ئەمەیش خۆی لەخۆیدا دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە لە تۆپی پێدا یەک جۆر گۆڵساز نییە، ھەریەک لە (ریکێلمی, چاڤی, شنایدەر, مێسی, پێرلۆ) گۆڵدروستکارن, لێ ھەریەکە لەم یاریزانانە لەنێو یاریگادا ڕۆڵ و کاریگەرییان جیاوازە, چەندە لێکچوون بەدی دەکرێت ھێندەیش جیاوازی لە شێوە یاریکردنیاندا ھەستپێدەکرێت.
ئێمە ھەوڵدەدەین لەم بەشەدا تیشک بخەینە سەر دووان لەم چوار لایەنە، ئەوانیش بریتین لە گۆڵسازی کلاسیکی و گۆڵسازی گۆڵزان.
گۆڵسازی کلاسیکی:
ئێستا کەمتر پشت بەم شێوازە دەبەسترێت، بەمانایەکی دی بڕێکی زۆری تایبەتمەندیەکانی گۆڵسازی کلاسیکی لە بۆتەقەی سیانەکەی دیکەدا توێنراوەتەوە. بەھەرحاڵ ناچارین لە ڕابوردوو یاریزان قەرزبکەین بۆ شرۆڤەکاری ئەم فۆڕمە لە گۆڵساز, ساڵانی پێشوو (ریکێلمی (ئەرجەنتین), گۆتی (ریال مەدرید)) گۆڵدروستکاری کلاسیکی بوون… ئەرکی تەکتیکی بریتییە لە جووڵەکردن بە ئاراستەی ستوونی.. لە یەککاتدا ھەم بەرەو ڕووی گۆڵی دژبەرەکەی، وە ھەم پاشەکشەکردنیشی بەئاراستەی دەریڤەکەی. ھەر دەبێت بە شێوەی ستوونی بێت.
گۆڵسازی کلاسیکی زۆر وردو ژیرانە یاریزانی بەرابەر دەخوێنێتەوە, لێزانانە بە شێوەی چاوەڕواننەکراو تۆپ ئاراستەی ھێرشبەر دەکات, بەوپەڕی وردبینیەوە دەرگا دەخاتە سەرپشت بۆ ھێرشبەرەکەی ھاوڕێی، کە چاوەنواڕی وەرگرتنی تۆپە لە گۆڵسازی کلاسکیەوە. ھەروەسا ڕۆڵێکی مەزنی ھەیە لە ڕاگرتنی باڵانسدا, ئەم جۆرە لە گۆڵدروستکار زۆر بەکەمی تووشی شەکەتی و ماندوێتی دەبێت و کەمتر وزە و تاقە بە خەرج دەدات, گرنگی بە کارامەیی و بەرزی ئاستی ھونەری نادات, بەرپرسیاریەتی سەرەکی دابەشکردنی تۆپە بە ئاراستەی پێشەوە و ھاوکات لاتەنیشتەکان و دەستێکی باڵای ھەیە لە بیناکردنی ھێرشەکاندا لە ڕێگای جووڵەپێکردن و سەرخستنی ھەردوو لاتەنیشتەکەوە, تاوەکو بتوانن ژمارەزۆری دروستبکەن لە دوو لەسەر سێی نیوەیاریگای بەرابەردا، گۆڵدروستکاری کلاسیکی زۆربەکەمی دەگەڕێتەوە بۆ نیوەیاریگای خۆی.
پێویستیەکی دی گۆڵدروستکاری کلاسیکی خۆی لە ھەماھەنگیدا دەبینێتەوە لەگەڵ ھێرشبەری ھێڵی پێشەوە، چونکە ئەو تیپانەی پشت بەم جۆرە گۆڵسازانە دەبەستن پێیان وایە کرۆک و بناغەی تیپەکەیە بۆ دەستیارکردنی ھێلی پێشەوە, واتا بە پلەی یەک تاقە چاوگی ھاریکاریکردنی ھێڵی پێشەوە بە تەنێ گۆڵسازی کلاسیکە.
گۆڵسازی گۆڵزان:
ئەرکە بنچینەیەکەی پێکھاتووە لە جووڵە بەشێوەیەکی زۆر خێرا خوولانەوە لە زۆربەی جێگاکانی یاریگا، بەتایبەتی نیوەیاریگای تیپی بەرابەر, پاشان فشاری بەرز لە نزیک ھەژدە یاردەی تیپی نەیار. بەجۆرێک بتوانێت بەرگریکاران و یاریزانانی سێنتراڵ تووشی شڵەژان بکات و دەبێت توانایەکی ھێندە بەرزی ھەبێت لە تێکدانی شیرازەی ھێڵەکان بە چەشنێک بتوانێت ھێڵەکانی ناوەند و بەرگری لەبەریەک ھەڵبووەشێنێتەوە.
ئەرکێکی دیکەی دروستکردنی فشاری خێرا و تیژ تێپەڕە و بە کورتترین کات بەرەو پێشەوە بێت. دەبێت گۆڵدروستکاری گۆڵکەر لەکاتێکدا ھەستیکرد ھەموو دەرگاکان بەڕووی ھێرشبەرەکەی ھاوڕێیدا داخراوە، پێویستە لەسەری دەلاقەی نوێ بکاتەوە، یان زۆر کارامە بێت لە ھاویشتنی شووت بە ئاراستەی دەریڤەی دەروازەوان بەوپەڕی بەوردبینییەوە.
ئەرکێکی دیکە شوێنگۆڕکێیە لەناوەندەوە بۆ لاتەنیشتەکان و ھێڵی پێشەوە. زۆرجار دەبینین (ویسلی شنایدەر) دەگەڕێتەوە بۆ نزیک ھێڵی بەرگری تیپەکەی بەنیازی کۆمەکیکردن و دروستکردنی ژمارەزۆری لە نیوەیاریگای تیپەکەیدا, بەکورتی دەبێت لەیەککاتدا گۆڵساز و گۆڵزان بێت، کە ئەمە ئەرکێکی فرە سەخت و ئاستەم و دژوارە، ئەو یاریزانەی ئەم ئەرکە لەئەستۆ دەگرێت دەبێت بزانێت چۆن وزە و توانای بەکاردەبات و توانایەکی چاکی ھەبێت لە گۆڵ تۆمارکردندا.
بەکورتی دەبێت گۆڵسازی نیشانە شکێنێکی بێوێنە بێت ھەرکات تیمەکەی ئاتاجیان پێی ھەبوو.