توانا تەھا :کرێکاران شایەنی ھەمووشتێکن، زۆرجار لەکاتی کارکردن دەمرن کەسیش جورئەتی ئەوەناکات باسیان بکات، ئەوان سەندیکای تایبەتی خۆیان ھەیە وەلێ جارێک نەم بینیوە سەندیکا لەگرفتەکانی کرێکارن بکۆڵێتەوە،
کاتێ دەمیشیان دەکەنەوە لەسەر مێزی گفتوگۆ بەقسە ژیانی کرێکار دەکەنە ژیانی شا، ھەرکات گفتوگۆی سەرمێز بەکۆتا ھات ئیدی کەس کرێکاری بیرنامێنێت کەسیش بیرلەم کارانە ناکاتەوە کەبە بازوو شانی کرێکار وەدی ھاتووە.
ھەر کرێکار بوو تەکنەلۆژیای خستە خزمەتی مرۆڤ، لەھیلاکی رۆژگاریان کەمکردەوە کەچی کەسێ نەیبێژی تەکنەلۆژیا قەرزاری یەکەیەکەی ھێزی کرێکارە، کەسێ نەی گوت تەکنەلۆژیا بەرھەمی دڵۆپە دڵۆپە ئارەقی نێوچەوانی ئەوانە، کام باڵەخانەء قادرمەء ڤێلاکانی ھەموو حزبء رێکخراکانی جیھان و دەزگاو دامەزراوەکان ھەیە، بەرھەمی ئێسقانی بڕبڕەی پشتی کرێکارە، ھەرچی شەقامء پارکء باڵەخانەء تەکنەلۆژیا ھەیە ھەرھەموویان بەدەستیء بازووی کرێکارەوە ھاتۆنەتە درووست کردن. ھەرچی کێبلء برغوی ئۆتۆمبێلء ئینتەرنێتء کۆمپیوتەرء سەتەلایتء مۆبایلء فرۆکە ھەیە، ئەوا شەرمەزاری بازووی کرێکارن، کەچی ھیچ لەمانە تاقە رۆژێک سوباسی تاقە کرێکارێکیان نەکرد، ئاخ لەم نەھامەتیە. کرێکار خاوەنی سەندیکاء رۆژی تایبەتی خۆیەتی لێ نەمان بینی لەم رۆژەدا سەندیکا بەھانای کرێکارێکەوەبێت، نازانم چۆن جورئەتی ئەوەدەکەن تەنیا لەسەر کورسیەکی رەق، بڕوانە ژیانی کرێکار، دەبێت سەندیکا ھەست بەوەبکات کە کرێکاران گەلانی چەوساوەن پێویستە ھەموومان پێشتیوانیان بکەین، ھەژاران بەئاگابکەینء پێیان بڵێین ھیچ مرۆڤێک شایەنی ئەوەنیە بەھەژاری بژیت لەوڵاتێکی دەوڵەمەندو خاوەن سامانی زۆر.
وەرن بابەیەکەوە بەئازایەتی کۆسپی سەر رێگەکانمان لابەرین کۆسپێک کەدەیەوێت ژیانمان نابود بکات، بیرێکی کۆن ھەیە ئاراستەی سروشتی ژیانی ئێمەی گۆڕیوە، کەبوژایەوە بیرێکی دیکەھەیە دەیەوێ ژیان بگەڕێنێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی مەبەستم ژیانێکی سروشتی ئەوەیە کەخاڵی بێت لەچەوسانەوەء بەکۆیلەکردن، تەژی بێت لەبەیەکەوەژیانء بڕوابەیەکترکردنء یەکتر قبوڵکردن، کۆمەڵگەیەک درووست بکەین لەبەیەکەوە ژیان بەتەنھا سەرمایەدار نەبن کەدەیانەوێت وەک دڕندە بژنء گۆشتء خوێنی مرۆڤ بخۆن بەبێ ئەوەی بیر لەژیانء ئازاری کرێکاران بکەنەوە، کرێکار شەھیدێکی زیندوە ھەمیشە مردن چاوەڕێی دەکات، کێ لەمەشەھیدترە لەنێوان دوو تەڵی کارەبا رەق بمێنێتەوە تاشار بێ کارەبا نەبێتء ببێتە چراخان، کێ لەوەگەورەترە خانوویەک درووست دەکا تامنداڵێک سەرمای نەبێ! نەخۆشخانەیەک بنیات ئەنێت تانەخۆشەکانمان ھەراسان نەبن، لەبچووکترین کەرستەی سەرەتاییەوە بگرە تائۆتۆمبێلء فرۆکەو کەشتیت بۆ درووست دەکا، ئۆتۆمبێلت بۆ درووست دەکا تالە بەردەم قوتابخانەی کچان قوتابیان بێزار بکەیتء دەست بکەیت بەفیکو ھۆرنەلێَدان، شەقامت بۆ قیرتاو دەکات تارێگەو بانەکان وەک رێگەی دێلزیان جەرگء ھەناوت نەکەن بەشەربەت، کارەبات بۆ دەگوازێتەوەنێو ماڵ تاحکومەت لەسەرت ببرێت، دەنگت بۆ دەدات تالە پەرلەمان بخەویت ھەڵت دەبژێرێت تالەبیری بکەیت، ئەمەسیفەتی کرێکارە ھەمووشی داھێنانە رەنجی ھیلاکیء ماندووبوونە، کەچی کەس پێی نازانێت ھەرچی مامۆستا دەڵێن “دیارە لەقوتابخانە تەمبەڵ بووە، بۆیە ناچارە ملی داوەتە کرێکاری باجی نەخوێندەواری دەدا، ھەرچی دادوەریشە دەڵێت “مەر بە پێی خۆی بزنیش بەپێی خۆی، سەندیکای کرێکارانیش پێی وایە کرێکاران بێ کێشەن بۆیە گرنگیان پێ نادات حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش پێی وایە کرێکاری کورد بێ تاقەت بووە بۆ یە کرێکاری تورکیء فلیپینی و ئەسوبی، بانگ دەکات بێ خزمەت دەیھێڵیتەوە، نان بڕاویان دەکا لەپایتەخت فێرە سواڵکردنیانء دەست پانکردنەوەیان دەکات. ئا ئەمەیە حاڵی کرێکار، سەندیکا لەبڕی ئەوەی لەرۆژی جیھانی کرێکاران سەردانی ماڵء منداڵی کرێکار بکات کەچی ئاھەنگ دەگێرێت کەچی نازانن کێشەی کرێکار ئاھەنگء ھەڵپەرکێ نییە، کێشەی ئەوان بەرێ کردنی ژیانێکی سادەیە نەک ئاھەنگ، حکومەتی ھەرێمیش پێی وایە جوانکردنی دارو بەردی کوردستان پێویسترە لەدابین کردنی ژیان بۆ ھاوڵاتیانی ئیدی ئاخیری خێربێت.
Twana_taha٨٨@yahoo.com
٢٧-٤-٢٠١٢