ھونەرمەند موخلیس رواندزی: موزیکی بیانی لەسەر موزیکی ھەر گەلێک کاریگەریی ئەرێنی و نەرێنی ھەیە
ھونەرمەند موخلیس سەید جەبار ناسراو بە (سەید موخلیس رواندزی)،یەکێکە لە ژەنیارەکانی بەتوانای کوردستان ئەندامی تیپی موزیکی پاشای گەورەیە برای ھونەرمەند (سەید ئەحمەد رواندزی)یە ئەزموونی لە ژەنینی چەندین ئامێری موزیک ھەیە بەشداری چەندین کۆنسێرت و بەرنامەی تەلەفزیۆنی کردوە جگە لەوەش دەستێکی رەنگینی ھەیە لە چاککردنەوەی ئامێری موزیکی ..ئێمەش لە نزیکەوە ئەم ھەڤپەیڤینەمان لەگەڵیدا سازدا.
*سەرەتا با بزانین وەکوو ژەنیارێک چۆن ئاشنای جیھانی موزیک بوویت؟
– سەرەتای ئاشنا بوونم بەھونەری موزیک دەگەرێتەوە بۆ ئەوە کاتەی کاتێ ،ئێمە کۆمەڵێک قوتابی بووین کە لە تەمەنێکی ھەرزەکارییەوە لەسەر دەستی مامۆستای بەناوبانگ و ڕابەری ھونەر لە دەڤەرەکەمان مامۆستا( زرار محەمەد مستەفا) چووینە بەر خوێندنی ھونەر و مۆسیقا کاتێ خوولێکی موزیکی کردوە لەسەر دەستی ئەو فێری ئەلف و موزیک بووم،بۆیە بە یەکەمین مامۆستای خۆمی دەزانم لەوساکەوە دانەبڕاوم و درێژە بە خۆپێگەیاندن داوە و خۆم فێری ژەنینی چەند ئامێرێک کردووە بەشداری چەندین کۆنسێرت و بەرنامەی تەلەفزیۆنی کردوە.
* بە ھۆی ئەوەی جەنابتان برای ھونەرمەند (سەید ئەحمەد رواندزی)ین، تا چەند ھاوکارت بوو یاخود کاریگەریی لەسەر تۆ وەکوو ھونەرمەندێک ھەبووە؟
– ئاماژەت بە خاڵێکی گرنگی ژیانی ھونەریم دا دوای مامۆستای ڕەحمەتی (زرار محەمەد)، ھونەرمەند و برای لێھاتووم سەید ئەحمەد ڕواندزی بە دووەمین مامۆستای ژیانی خۆمی دەزانم کە بە بەردەوامی ئەزموونم لێ وەرگرتووە و وانەی گرنگی ھونەر و مۆسیقای پێ داوم کە ھەمیشە رێگای رۆشنکەرەوەی ژیانی ھونەریم بووە .
* بەرێزت زۆرێک لە ئامێرەکانی موزیک دەژنیت زیاتر خۆت لە کامە ئامێر دەبینیتەوە؟
– بەڵێ، لە ژەنینی ئامێرە ژێدارەکان ئەزموون و شارەزاییەکی باشم ھەیە و لەگەڵیان دەژیم وەکو ساز، کەمانجە، جەمبووش ..بەڵام زیاتر خۆم لەپسپۆڕی ژەنینی ئامێری (عود) دەبینمەوە..
* ئێوە وەکوو پیشەی خۆتان شوێنێکی تایبەتیتان ھەیە بۆ چاککردنەوەی ئامێرە موزیکییەکان؟ ئەگەر باس لەو ئەزموونەش بکەیت؟
– بەڵێ وەرشەی تایبەتی خۆم ھەیە. لەسەر دەستی ھونەرمەند سەید ئەحمەدی برام شارەزاییم لە چاککردنەوەی ئامێرە موزیکییەکان پەیدا کردووە و ئێستاش لە شاری ڕواندز ڕۆژانە خەریکی ئەم کارەم لە زۆر شوێن سەردانەم دەکەن .
* تا چەند گرنگە ژەنیار بە شێوەیەکی ئەکادیمی ئامێرەکەی بژەنێت و شارەزایی لە نۆتە خوێندنەوە ھەبێت؟
– لەگەڵ ئەوەی زۆرێک لە ژەنیارە بەناوبانگی جیھان بەبێ نۆتە فێری موزیک بوونە و لەم بوارەدا قووڵ بوونەتەوە، بەڵام نکووڵی لەوە ناکرێت کە خوێندنی ئەکادیمی بایەخێکی یەکجار زۆری ھەیە لە پێگەیاندنی ھونەرمەند و پێشڤەچوونی توانستی ھونەری بەم شێوەیەش بنەماکانی موزیک فێر دەبێت و ھەلی فێربوون و کارکردن لە بەردەستی ژەنیارانی لێھاتوو و مامۆستایانی ئەو بوارە بۆ فێرخوازەکان دەڕەخسێت. گرنگیی شارەزایی لە نۆتەدا لەوەدایە کە ھونەرمەند تێگەیشتنێکی قووڵتری لە موزیک بەدەست دەھێنێت ئاسانتر و باشتر لەگەڵ تیپەکانی موزیکدا دەگونجێت..
* کاریگەریی موزیکی بیانی بە (ئەرێنی و نەرێنی) لەسەر شوناسی موزیکی کوردی چۆن دەبینت؟
– لە بنەڕەتدا موزیکی بیانی بۆ سەر موزیکی ھەر گەلێک ھەم کاریگەریی ئەرێنی ھەیە، ھەم نەرێنی. لایەنی ئەرێنییەکەی ئەوەیە کە دەکرێت موزیکی کوردی بە تەکنیک و میلۆدیی نوێ دەوڵەمەند بکات، موزیکی کوردی بە ڕووی کەلتووری جیھانیدا بکاتەوە و ئاڵوگۆڕی ھونەری بێنێتە دی، ئەمە جگە لەوەی لایەنی تەکنیکی بەرھەمھێنان و تۆمارکردنی بەرھەمی ھونەری بەرەو پێشەوە دەبات و ڕوانگەیەکی دیکە لە تێکەڵکردنی جوانیی موزیکی کوردی و جیھانی ساز دەبێت. بەڵام دەبێت ئاگاداری کاریگەرییە نەرێنییەکانیش بین کە دەکرێت لە چەند لاوە زیان لە موزیکی کوردی بدات، لەوانە: ئەگەر وریا نەبین و لە وەرگرتنی موزیکی بیانی، شارەزایی ڕەچاو نەکەین، ئەوە ھەندێک تایبەتمەندەکانی موزیکی ڕەسەنی موزیکی کوردی لەدەست دەدین، ئامێرە کلاسیکییە کوردییەکان وردەوردە باویان نامێنێ و کۆمەڵێک مەقام و ئاواز و گۆرانیی فۆلکلۆر لە بیر خەڵک دەچنەوە. لاساییکردنەوەی کوێرانەی موزیکی بێگانان زۆر زیان لە موزیکی کوردی دەدات و دەیشێوێنێت. ئەمانە ھەموو تێکڕا کارێک دەکەن کە نەوەی داھاتوومان لە کەلەپووری موزیکی گەلی خۆی دووور دەکەوێتەوە و ھەڕەشە و مەترسی دەکەوێتە سەر ناسنامەی گەلەکەمان. پێشنیار دەکەم ھاوسەنگی ڕابگرین لە نێوان تازەگەری و پاراستنی ڕەسەنایەتیی موزیکی کوردی نەوەی نوێ لەسەر ئەو بنەما موزیکییانە پەروەردە بکەین کەپردێکی پەیوەندی لە نێوان نەوەی ئێستا و نەوەی ڕابردووی ئەم بوارە بنیات بنێین. واتە دەتوانین ھەم سوود لە موزیکی بیانی وەربگرین ھەم ناسنامەی موزیکی خۆشمان بپارێزین.
Discussion about this post