سەدیق سەعید ڕواندزی
کەر، یەکێکە لەو گیاندارانەی کە بە ھێمای گەمژەیی و بێ ئەقڵی لە کولتووری مرۆڤایەتی ناسراوە و زۆرجار ئەگەر مرۆڤێک کارێکی نەشیاو و نەگەنجاو بکات، پێی دەڵێن ( خۆ کەر نی ) بەڵام بڕوام وایە، زۆرجار کەر لە بەشێکی زۆری مرۆڤەکان ھوشیارتر و تێگەیشتووترە، چونکە کەر یەک جار پێی بگوترێت (ھۆش) دەوەستێت، بەڵام مرۆڤگەلێک ھەن، تا مردن ئامۆژگاری دەکرێن، کە چی واز لە خو و کردەوە و ڕەفتاری خراپ و نامرۆڤانە ناھێنن، کەواتا ئەوانە شیاوی ئەوە نین بھێنرێنە ئاستی کەریش. بێگومان کەر وەک گیانەوەرێک، زۆر جار دەبێتە تیمەی دەقێکی ئەدەبی و شیعرەکانی نالی و پەشێو لە بارەی وەسفی کەرەوە، دوو لە دیارترین تێکستە شیعرییەکانی نێو مێژووی شیعری کوردین. بۆیە گەلێک جار، باس و خواسی ڕۆمانێک و نووسینێک، ھەر لە دەوری باسکردن لە کەر و بە سەرھاتەکانی دەخولێتەوە. کەرەکەم پێی گوتم، ناونیشانی ڕۆمانێکی نووسەری میسری تۆفیق حەکیمە، ئەم کورتە ڕۆمانە، باس لە پەیوەندی کەر و خاوەنەکەی کە ھەر نووسەری ڕۆمانەکە خۆیەتی، لە ژێر چەندین ناونیشانی جیاواز وەک :_( کەرەکەم و سیاسەت، کەرەکەم و دادگا، کەرەکەم و حزبایەتی، کەرەکەم و کۆنگرە، کەرەکەم و زێر، کەرەکەم و وێنەکەم، کەرەکەم و ئافرەت) دەکات و لە پەراوێزی ھەر ناونیشانێکیشەوە، چیڕۆکێک دەگێڕێتەوە، کە ھەموویان بە جۆرێک لە جۆرەکان، ڕەخنەگرتنە لە کار و ڕەفتاری بەشێک لە مرۆڤەکان و پەسن و ستایشی کەرە، وەک گیاندارێک کە ملیۆنان ساڵە لە خزمەت مرۆڤ دایە و ماندووەتی دەکێشێت. لە یەکێک لەو چیڕۆکانە داھاتووە ( ڕۆژێکییان کەرەکەم بە ھەڵەداوان و بە پڕتا و بە تکا و پاڕانەوەیەکی زۆر، داوای لێکردم کە کارێکی ھەیە و نابێ ڕێگری لێ بکەم، خاوەنەکەشی واتە تۆفیق پێی دەڵێت باشە ڕازیم بەڵام با بزانم کارەکە چییە؟ کەرەکەش دەڵێت بڕیارم داوە بچمە نێو سیاسەت و ببمە ئەندامێکی حزب، بەڵام دەبێ حزبێک ھەبێت ڕازی بێت کەرێک ببێتە ئەندامی؟)حاوەنەکەشی دەڵێت :_مەبەست چییە دەچیتە نێو سیاسەت و حزبایەتی؟ کەرەکەش پێی دەڵێت:_( بێگومان خزمەتکردنی خەڵکی بیرنەکردنەوە لە بەرژەوەندی تایبەتی خۆم و ھەموو ھەولێک دەدەم خزمەتی کەسەکان بکەم، ھەرچییەک باش بێت ئەوە بۆ ھاوڵاتییان دەکەم) خاوەنەکەشی پێی دەڵێت:_( ئەم کارە نەکەی! کەرەکەشی دەڵێت بۆ؟ ئەویش لە وەڵامدا پێی دەڵێت:_( چونکە تۆ چیتر بە کەر نامێنیتەوە) سەرنج لەو دەربڕینە پڕ مانایە بدەن، مەبەستی نووسەر لێرەدا ئەوەیە، ھەمووان باسی بەرژەوەندی گشتی و خزمەتی مرۆڤەکان دەکەن، بەڵام کە دەستیان لە پۆست و پلە و پارە گیر بوو، چی دەکەن؟ کەسیان بە بیر دەمێنێت؟ بۆیە باشتر وایە تۆ ھەر کەر بیت و ئەم خەسڵەتەی مرۆڤەکان نەگریت. جارێکی دیکەش کەرەکەی بە خاوەنەکەی دەاَێت:_( با حزبێک دابمەزرێنین و تۆش سەرۆکی حزبەکە بە، تۆفیقیش دەلێت ئەی پەیڕەو پرۆگرام؟ کەرەکەش دەڵێت گرنگ ئەوەیە حزبەکەمان ئەندام و سەرۆک و سکرتێری ھەبێت، پەیڕەو پڕۆگرام زۆر گرنگ نییە) بەو مانایەی ئەگەر حزبەکان، بە پێی کارنامەی پڕۆگرامەکانییان کار بکەن، بێگومان ئەوەی لە واقیعدا دەیبینین شتێکی ترە. جارێکی دیکەیان، تۆفیق کە خاوەنی کەرەکەیە، گاڵتە بە کەرەکەی دەکات و دەڵێت تۆ کەری و لە ڕەگەزی کەرانی، کەرەکەشی بە تووڕەییەوە پێی دەڵێت:_( گاڵتە بە من نەکەی، مەگەر ئێوەی مرۆڤ خۆتان بە چی دەزانن؟ ئەی ھەر ئێوە نین ھیچ کەسێکتان تێدا نییە بیەوێت ئارەق بکات بۆ ئەوەی شایەنی پارووە نانەکەی بێت؟ ھەر ئێوە نین کاتێ لە فەرمانگەکانتان دەست بە کار دەکەن، ھەر تەماشای کاتژمێر دەکەن ئاخۆ کەی دەوامەکەتان تەواو دەبێت! ھەر ئێوە نین قوتابیەکانتان دەیانەوێت بە بێ خوێندن دەربچن و بڕوانامە بێنن، ھەر ئێوە نین ھەموو ئامانجی ژیانتان لە دوو شت کۆدەبێتەوە کە ئەویش کچێکی جوان و ئوتومبێلێکی مۆدێل بەرزە، ھەر ئێوە نین بەلاتانەوە گرنگ نییە ئەوەی دەستان کەوتووە، چۆن و بە چ ڕێگەیەک بەدیتان ھێناوە، ھەر ئێوە نین ھیچ مەعریفە و زانستێکتان بەلاوە گرنگ نییە، سەرۆکەکانتان تەنھا ئەوەیان بەلاوە گرنگە باس بکرێن نەک کار و خزمەتیان چییە؟) بەم شێوەیە کەرەکە بەردەوام دەبێت لە ڕەخنەگرتنی خاوەنکەی و ئەویش وەک مرۆڤ تەریق دەبێتەوە. جارێکی دیکەیان کەرەکە بە خاوەنەکەی وەک مرۆڤێک دەڵێت:_( بژاردەیەک بدە دەست خەڵکەکە لە نێوان پارە و بیر و باوەڕدا، ئەوسا بۆت دەردەکەوێت بژاردەی ھەموو خەڵکی چی دەبێت) بە ڕاست ھەموو ئەو قسانەی کەرەکە دەیکات، بۆ ئێستای کۆمەڵگەی ئێمە و مرۆڤەکانی پڕ بە پێست نین؟ لە کاتێکدا نووسەر ئەو کتێبەی لە ساڵی ١٩٤٥ نووسیوە؟ بێگومان ھەمان ئەو تایبتمەندییانە و ئەو قسانەی کەرەکە دەیکات، دروستن بۆ کۆمەڵگەی ئێمە. دواجار دەڵێم، ئەم ڕۆمانە بچووکە، پەند و حیکمەتی گەورەی بۆ مرۆڤەکان تێدایە، کە ئێمە بەشێکی کەممان باس کردن. دەستخۆشانە لە وەرگێڕی ڕۆمانەکە ( حەمید بانەیی) دەکەم، کە بەڕاستی ڕۆمانێکی کورت و پوخت و ناوازەی وەرگێڕاوە.
*کەرەکەم پێی گوتم: ڕۆمان، نووسینی: تۆفیق حەکیم، وەرگێڕانی : حەمید بانەیی، بڵاوکراوەی : دەزگای سەردەم ٢٠٢٢.
* ئەم بابەتە، لە ھەفتەنامەی ڕێگای کوردستان، ژمارە (١٢٤) ڕۆژی ١٦/٥/٢٠٢٣ بڵاوکراوەتەوە.
Discussion about this post