کێ ژیانی کچە رۆژنامەنووسەکان دەپارێزێت، کێ گوێ لە خەمی ئەوان دەگرێت؟ ئایا کچە رۆژنامەنووسەکانیش رووبەرووی تووندوتیژی دەبنەوە؟ چی کچە رۆژنامەنووسەکان دەکووژێت؟ وەڵامی ئەو پرسیارانە لە لە کورتە فیلمی (کچە رۆژنامەنووسە)، دەدرێتەوە.
کچە رۆژنامەنووسەکە، بەرھەمی بەرێوەبەرایەتی گشتی سینەمایە، بۆ دووەمین فیستسڤاڵی تووندوتیژی دژ بە مێینە بەرھەمھێنراوە، لە سیناریۆ و نواندنی (ئاڤان جاف) ە، دەرھێنانی (ئاواز ئەحمەد)، وێنەگرتنی(دڵشاد)، سەرپەرشتی وێنەگرتن(فرانک کلبرت)ە.
ئاڤان جاف:”وەک کچە رۆژنامەنووسێک ویستوومە لەرێی ھونەرەوە خەمەکانم بخەمەڕوو، کچە رۆژنامەنووسەکان بەردەوام رووبەرووی تووندوتیژی دەبنەوە، کلتوور و کۆمەڵگا و توانج و قسە و باسەکان بەردەوام ئازارمان دەدەن”.
من لەو کورتە فیلمە ئەودیوی ژیانی کچە رۆژنامەنووسەکان نیشاندەدەم، ئازار و مەینەتیەکان و بەسەرھاتەکان، روونیدەکەمەوە کاری رۆژنامەوانی کچان ھەروا ئاسان نیە، زۆر کات کچە زۆڵملێکراوەکان ئیرەیمان پێدەبەن، نازانن ئێمەش بەقەی ئەوان ئازارو مەینەتی دەکێشین”.
ئاڤان فارس، قوتابی بەشی راگەیاندنی کۆلێژی ئەدەبیات زانکۆی سەلاحەدین، دیپلۆم لە رۆژنامەنووسی، ماوەی ٨ ساڵە کاری رۆژنامەوانی دەکات، ئێستا رۆژنامەنووسە لە دەزگای خەندان.