راگەیاندنی دەزگای کەڤاڵ: لەدرێژەی چالاکییەکانی خۆیدا لە شاری ئامەد و لەمیانی چالاکییەکانی فێستیڤاڵی شانۆی ئامەد، دەزگای کەڤاڵ بۆ راگەیاندن و بەرھەمھێنانی ھونەری خەڵات و بڕوانامەی رێزلینانی بەخشیە سەرجەم شانۆگەرییە بەشدارەکانی فێستیڤاڵ کە بریتی بوون لە “١٧ شانۆگەری لە سەرجەم پارچەکانی کوردستان.
فێستیڤاڵی شانۆی ئامەد کە لە رۆژانی ٢٩/٤/٢٠١٢ دەستی پێکردو لە ٦/٥/٢٠١٢ کۆتایی ھات تێیدا ١٧ شانۆگەری لەھەرچوارپارچەی کوردستان نمایشکراو دەزگای کەڤاڵ لەو فێستیڤاڵەداو بە ئامانجی برەودانی زیاتر بە شانۆو شانۆکاران بڕوانامەو خەڵاتی رێزلێنانی بەخشیە سەرجەم دەرھێنەرە بەشداربووەکانی فێستیڤاڵ.
بەگوێرەی راپۆرتی راگەیاندنی بەشی پەیوەندییەکانی دەزگای کەڤاڵ ھاتووە، کە دەزگای کەڤاڵ بە ئامانجی خزمەتکردنی زیاتر بە شانۆکاران و برەودان بە تواناکانیان بە ئەرکی سەرشانی خۆی زانی دەرھێنەران و شانۆکارانی بەشدار لە فێستیڤاڵی ئامەد خەڵات بکا.
ھەر لەو راپۆرتەدا ھاتووە لە دەستپێکی فێستیڤاڵەکەشدا دەزگای کەڤاڵ بڕوانامەی رێزلێنانی بەخشیوەتە سەرجەم سەرکەوتووانی بەشی پێشبڕکێی تێکستی کوردی کە بریتی بوونە لە”دڵشاد حسێن، گەزیزە عومەر، دلبەر ھێما، بەھار حوسێنی، تەیب تەمەل”.
لەکۆتابەشی راپۆرتەکەدا ناوی سەرجەم ئەو شانۆگەرییانە خراوەتەڕوو کە لەفێستیڤاڵی ئامەد نمایشکراون و بڕوانامەی رێزلێنانی دەزگای کەڤاڵیان پێبەخشراوە، کە بریتین لە”شانۆگەری قەفەس، شانۆگەری خوڵامێ دوو خودێ، شانۆگەری دیسکۆ ٥، شانۆگەری تانکەر، شانۆگەری چار دیالۆگ، شانۆگەری کالیگۆلا، شانۆگەری میترا، شانۆگەری کایۆ مخەنەت، شانۆگەری خاڵ و خوارزا، شانۆگەری شریت، شانۆگەری پەپووجین من ئەن خویشک، شانۆگەری بووکە بارانێ، شانۆگەری بیزا مەسەل ئەنلەتمەین، شانۆگەری حەفت و ھەشت، شانۆگەری قرینا ئاژەڵان، شانۆگەری ماکبێس، شانۆگەری من و ئەو”.