ئاکۆ عارف :خۆزیە مۆرینهۆ تا چەند ساڵێکیتر بۆندى ئەرکى راهێنەرى خۆى لە گەڵ یانەى ریاڵ مەدرید واژو کردۆتەوە ، رۆناڵدۆش خۆى ووتەنى بە کۆمەڵێک خەون و ئاواتەوە لەگەڵ تیپەکەى بەردەوام دەبێت ، سەربارى ئەوەى تائەم ساتەش یانەکە ناى هەوێت دەستبەردارى گۆنزالۆهیگوین ى هێرشبەر بێت لە بەرامبەردا لەهەوڵى هێنان و پەلکێشکردنى چەند یاریزانێکی تریشدایە بۆریزى تیپەکە ، تالە وەرزى نوێى یارییەکاندا ئامانجە بەدینەهاتووەکان یان راستربڵێین ئەو ئامانجانەى کە چەندساڵێکە نازناوەکەى لەدەست داوە بەتایبەت نازناوى پاڵەوانى خولى یانەپاڵەوانەکان و بەدوایدا پارێزگاریکردن لەنازناوى لالیگاى پێ بپێکێت .
هەموومان ریاڵ مەدرید مان لە وەرزى رابردوودا بینى ریاڵێک لەسەردەستى مۆرینهۆ جیاوازتر لەو ریاڵ مەدریدەى کە لەژێر بەرنامە و پلان ى شۆستەر و پلگرینى و تارادەیەکیش کاپیلۆ دابوو ، هەوڵدانى بەردەوام لە پێناو بردنەوەو کۆڵنەدان لەبەردەم رووداو و ئەنجامە نەخوازراوەکاندا و دۆزینەوەى رێگەکانى چۆنیەتى بردنەوەو وونەکردنى نەخشەکانى پلان ى یاریکردن و گونجاندنى تەواو لە نێوان زۆربەى یاریزانەکاندا لە هەموو ئەمانەدا باڵانسى بەهێزى یانەکە ، ریاڵ مەدریدى لە دوا خاڵى بردنەوەدا دەوەستاند ، گەرچى ئەوان تەنیا نازناوى لالیگا یان دەستەبەرکرد لەوەشدا بەرشەلۆنەى رکابەری تەقلیدیان تا دواهەفتە کانى کۆتایى وەک مۆتەکە لەسەرسنگیان بوو لە چامپیۆنس لیگ یشدا نەگەیشتنە یارى کۆتایى بەڵام ریاڵ مەدرید ریاڵ مەدریدى راستەقینە بوو ، تیپێک بوو لە ئاستى زۆرێک لە چاوەروانیە کاندا ، ئەگەر بێتو راهێنەر و یاریزانانى ئەو تیپە ئەمجارەش لەسەر هەمان ریتم و ئاواز گەمە بکەن و هەمان گیانى یاریکردنیان هەبێت ئەوە دوو دڵ نابین لەوەى لە وەرزى نوێدا سەربارى هەمووشتێک تەواوى ئەرکە تەواو نەکراوەکان ى پێشوتریان بە کۆتا دێنن ، هەرچەندە مۆرینهۆ لە زۆر جارەکاندا شتى نوێى پێیە بەڵام گەر بەهەڵدا نەچوبین دەتوانیین بڵێین مۆرینهۆى راهێنەر لە وێوە نەخشەى نوێ بۆ وەرزى نوێى یارییەکان دادەرێژێت و ئەمجارەش دوو ئامانجى سەرەکى تیپەکە چامپیۆنس لیگ و لالیگا دەبێت ، بەڵام سەربارى بەهێزى تیپەکە ئەرکیشى قورسترە چونکە دەبێت پارێزگارى لە نازناوى لالیگا بکات و بۆهەمووتیپە بەهێزەکان و ریاڵیش رێگاکانى گەیشتن بەپلەى یەکەمى خولى یانەپاڵەوانەکان دژوار و پڕکەند و کۆسپە ،ئەمە بە لەبەرچاوگرتنى ئەوەى لەم قۆناغەدا ریاڵ دەتوانێت مستەحیل بکاتە واقع.
ساڵى 2010 کاتێک یانەى ریاڵ مەدرید گرێبەستى لەگەڵ خۆزیە مۆرینهۆ واژۆکرد ئەودەمەش هەروەک ئێستا دوو ئامانجى سەرەکیان هەبوو ، ئەوان گەرەکیان بوو بەتیرێک دوو نیشانە بشکێنن یەکەم عەرشى لالیگا لەژێردەستى بەرشەلۆنە دەربهێنن کە چەندساڵێک بوو ئەو تیپە بەتەواوى کۆنرۆڵى کردبوو و دووەم سەرلەنوێ و بۆجارێکیتر جامى یانەپاڵەوانەکان بۆ مەدرید بهێنەوە ، گەرچى لە ساڵى یەکەمدا مۆرینهۆ تەنیا جامى شاى ئیسپانیاى بۆ بردنەوە و گرەنتى دەستەبەرکردنى تەواوى نازناوەکانى لە ساڵى دووەمدا پێدان ، بەڵام لە دووەم ساڵیشدا وەک بینیمان تەنیا نازناوى لالیگا ى بۆ دەستەبەرکردن ،ئێستا ئەوەى گرنگ و جێگاى هەڵوەستەیە ئەوەیە کە نەگەیشتنەوە بە نازناوى خولى یانە پاڵەوانەکان نەبووەتە هۆى ئەوەى بەرگێکى شکست خوارد و یاخود لاواز بەگیانى تیپى شاهانەدا بکات ، چونکە ئەوەى لە گەلە ئەستێرەى ریاڵ مەدرید مان بینى وەک هەندێک تیپى تر جوانیەکانى تۆپى پێ بوو ، یاریزانەکانى ریاڵ توانیان لە رکابەرى و ململانێ و یاریکردن بە تۆپ و گۆڵى جواندا ریاڵ مەدرید مان وەک تیپى شاهانە نیشان بدەن ، ئەوان لە وەرزى پاردا بەهێزى و تواناکانیان هەوادارانى یارى سەرسام دەکرد ، هەمان ئاست و تواناى وەرزى رابردووشیان لە وەرزى نوێدا کەم و زۆر رەنگدانەوەى دەبێت.