نووسینی: بورھان شێخ رەئوف
جەنگ بریتیە لە پرۆسیسی ناکۆکی و ململانێ ی لە نێوان دوولایەن یان زیاتر بە ئامانجی لە ناوبردن و تێکدانی لایەنی بەرامبەر جەنگ چەند جۆرێکی ھەیە لەوانە جەنگی سەربازی کە بە شەڕی دەستەویەخەو بەرامبەر کە ھەموو جۆرەکانی چەک چ ئاسمانی و چ زەمینی ….تد
تیادابەکار دەھێنرێت یان جەنگی ھزر و سیاسەتە کە ئەویش بە نانەوەی ئاژاوەو فێڵ و تەڵەکەبازی لەنێوان کۆمەڵانی خەڵکی ووڵاتێکدا یان ھۆزو تیرەیەکدا بە مەبەستی لاواز کردن و پەرت و بڵاوە پێکردنیان بۆ ئەوەی ھەرکات ویستیان دەست بگرن بە سەریاندا , ھەروەھا جەنگ چەندین ھۆکارو پاڵنەری ھەیە لەوانە یان لە پێناوی سامان و داھاتدا یە یان لە پێناوی گەیشتن بە دەسەڵات و حوکمڕانیدا ,یان جەنگ لە پێناوی ئاشتی وئارامی و وەرگرتنەوەی مافی زەوتکراو ویان پارێزگاری لە خاک و وڵات و بەھا پیرۆزەکانی ھەرگەلێک ئەگەر بەر ھەر شاڵاوێک بکەون ,یان جەنگ لە کاتێکدا ڕوودەدات کە ھیچ بوارێک نەمێنێتەوە بۆ چارەسەری کێشەو ململانێکان لە ڕێگەی دایا لۆگ و دان وسانەوە یان ناکۆکی ئایدیۆلۆجی وئایینی و ئاینزاکان یان جەنگی ڕزگاری نیشتمانی و سەربەخۆیی گەلانی بندەست و ئازادیخوا بۆ وەرگرتنەوەی ماف وخاکی داگیرکراو یان ڕووخاندنی ڕژێمە دکتاتۆرو ملھوڕەکان .
جەنگ چەندین جۆرو شێوازی ھەیە لە پۆلین کردندا سەرکیترینیان جەنگی پیس و جەنگی عادیلانەیە , مەبەست لە جەنگی پیس ئەوجەنگە دڕندانەیە کە تەڕو وشک بە یەکەوە دەسوتێنێت و کۆمەڵکوژی بەرامبەر خەڵکی سڤیل و بێ دیفاع ئەنجام دەدات وەکو لە جەنگی کۆریادا لە ساڵی ١٩٥٠ و شەڕی فەرەنسا دژی جەزائیر ١٩٥٤- ١٩٦١ و شەڕی خێڵەکانی ھۆتو توتسی لە ڕوندا ١٩٩٣ و ھەروەھا بەکارھێنانی ژەھری کیمیاوی دژی کوردەکانی عێراق لە پرۆسەکانی ئەنفالدا ساڵی ١٩٨٨ ,بەڵام شەڕی عادیلانە ھەرچەندە فەیلەسوف و بیرمەندەکان لە دیاریکردنی مانای ئەم زاراوەدا جیاوازن لەبەرئەوەی ھەندێک لە سەرکردە سەربازی و سیاسیەکان زۆرجار بە کاری دەھێنن بۆ جێبەجێکردنی مەرامەکانیان ھەرچەندە بە زۆرێک لە پێوەرەکان جەنگەکە عادیلانەش نەبێت , بەڵام گەورە بیرمەندێکی وەکو (کانت )سەرەکۆنەی جەنگ دەکات و وای نابینێت جەنگی عادیلانە ھەبێت بەڵکو کتێبێکی دانا بە ناوی ( پرۆژەی ئاشتی ھەمیشەیی ) کە دواتر بووە سەرچاوەی داڕشتنی بەندەکانی کۆمەڵەی گەلان لە گەڵ ئەوەشدا وتی ئاشتی ھەمیشەیی مەحاڵە بەڵکو دەتوانین ئەو ئامانجە بە دەست بھێنین بە شێوەیەکی نزیک لێ ی .
بە ھەرحاڵ شوێنەواری جەنگ لە ھەرکوێ بێت کوشتن و بڕین و سەرگەردانی و ماڵوێرانیە زیان بە ژینگەو ژێرخانی وڵات دەگەیەنێت ,برسێتی و نەخۆشی و دواکەوتن لە کاروانی زانیاری و زانست و تەکنۆلۆجیا و ھەروەھا کاریگەری دەروونی خراپی لە سەر ھەمووتاکەکانی کۆمەڵگە بە جێدەھێڵێت و بە فیڕۆدانی داھاتی گشتی وڵاتە لە ڕووی ئابووری و مرۆیی و سامانە سروشتیەکانیشەوە .
بۆ بەرگرتن لە ڕوودانی جەنگ وئەڵتەرناتیف بۆی پەنا بردنە بۆ ئاشتی و دوورکەوتنەوە لە توندو تیژی و بێ لایەنی و دبلۆماسیەت و دان وسان وڕێکەوتن و سازان و سزا]دانی نێودەوڵەتی و ھەستکردن بە مەترسیەکانی تێوەگلانە لەشەڕ و تێچوونی ڕادەیەکی زۆرە لە سامان و داھاتی وڵات .
ئەوەی سەرەوە پێناسەیەکی کورتی جەنگ و پوختەیەکی ھۆکارو ئامانج و جۆر و شێوازو شوێنەوار وئاکامەکانی جەنگە بە شێوەیەکە گشتی , لە سۆنگەی ھەموو ئەوانەوە چۆن جەنگی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش دژ بە گەلی کوردستان لە باشوورو رۆژئاوا ی کوردستان پۆلین بکەین؟؟
لە کاتێکدا کورد لە نێوماڵی خۆیدایە لەسەرخاکی خۆیەتی ھەر لە جەلەولا و کەرکوک تا زوممارو شەنگال تا کۆبانێ ی قارەمان و سومبولی خۆڕاگری و نەبەزین , ئەوە کوڕو براو خوشک ومناڵەکانمانن چ پێشمەرگە و چ گەریلا و چ شەڕەڤان لە بەردەرکی ماڵەکانی خۆمان شەھید دەبن و گیانیان بە سەخاوەتەوە فیدای خاکی نیشتمان دەکەن .کەسیان پایان نەخستۆتە نێو ماڵی کەسێکی ترەوە .
لە کۆتاییدا دەپرسم ئایا جەنگ لەمە عادیلانەترو پیرۆزتر ھەیە ؟؟ وەڵامەکەی جێدێڵم بۆ خوێنەرانی خۆشەویست وڕای گشتی و ھەموو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ؟؟؟