(١)
ئەمڕۆ ( ٢٨) ڕۆژە خۆپیشان بەردەوامە, لە سەرەتاوە خۆپیشاندانێکی ئاسایی و یاسایی بوو بەڵام زۆر بە داخەوە لە کۆتاییا ئاڕاستەکەی گۆڕا و بووە ئاژاوە و شەڕی بەرد و گوولە و خوێن ڕشتن و کۆمەڵێک لاو بوونە قوربانی. ئیتر لێرەوە کێشەکە گۆڕا بە قەیرانێکی سیاسی و بووە مایەی توڕەبوونی کۆمەڵێکی زۆر لە لاوانی سلێمانی و ناوچەکانی تر. دیسان بەداخەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کارەساتی زیاتر قەوما و خوێنی زیاتر ڕژا کە خەڵکی زیاتر تووڕە کرد و نە ئەکرا بە پاساوی قەزاوقەدەر ناوزەند بکرێ.
ئێستاش پاش ئەو ھەموو ڕۆژە لە ھاوار و سکاڵای لاوان و خۆپیشاندەرانی بەردەرکی سەرا کێشەکان وەکو خۆی ماوە یان راستر بڵێین بە جۆرێکی خراپتر گۆڕا و لە ھەموولایەکەوە خۆیان تێ قورتان و قۆستیانەوە بۆ ئەجیندا و مەرامی سیاسی دژی دەسەڵاتەکانی ھەرێم. ئەکەرچی زەمینەیەک ھەبوو بۆ درووستکردن و دەربڕینی ناڕەزایی جەماوەر و لاوان بەڵام دەسەڵاتی ھەرێم بیانووی دانێ بۆ تووندکردن و درێژە پێدانی خۆپیشاندان. کەواتە بۆ نا ؟ با خەڵک داخوازی ھەبێ و خۆپیشاندان بکات مادامێک حکومەت نەیتوانیوە پێویستیەکان و خزمەتگوزاریەکان بەپێی پێویست دەستەبەر بکات.
گرژیەکان زیادی کرد و دەستەکان کەوتنە ئاڵۆزتر کردنی بارودۆخەکە و سیما و داواکانی. داواکاریەکان لە سەرەتاوە داواکاری شەقام بوون. بەڵام بە تێپەڕ بوونی کات ئەجیندای ئەم و ئەوی ئاوێتە کرا. ھەتا ئێستاش زۆر بە زەقی داواکاریەکان دیارن و ئەنلسرێنەوە. بەڵام کات ماوە بۆ بە دەنگەوە چوونی دەنگی شەقام و ئاشتکردنەوەی لاوان. لەڕاستیا سەرۆکی ھەرێم بە ھۆی سروشتی کارەکەیەوە ئەبوو خیراتر بێت بەدەنگ کێشەکەوە و پەرچەکرداری دیارتری ھەبووایە. سەرۆکی حکومەتیش بە ھەمان شێوە ئەبوو بەپێی سروشتی کارەکەی ئیجرائاتی یاسایی بکردایە و باشتر بچوایە بە دەنگ داوای خۆپشاندەران بۆ خاوکردنەوەی گرژیەکان.
فەلاحی شیخ رەئووف
falaharazu@msn.com
٢٠١١-٠٣-١٦