ئەم سەردەمەی ئێستا ئێمە تیا ئەژین سەردەمی تەکنۆلۆژیا و پێشکەوتنە, لوتکەی سەردەمی مەعریفە و زانستەکانە. ئەگەر چی تەواوی مرۆڤایەتی سوودمەند نەبوون و بەشێکی زۆر و بەرچاو لە مرۆڤایەتی لێ بێ بەریە, بەڵام خۆشبەختانە ئێمە لە ھەرێمی کوردستان و بەھۆی کۆمەڵێک فاکتەری ئابووری و مێژوویی و فەرھەنگیەوە لەو بەشەی مرۆڤایەتین کە ئەکرێت تا ڕادەیەکی باش سوودمەند بین لەو گەشە تەکنیکی و پێشکەوتنە مەعریفی و زانستیانە.
بۆیە زۆر جێگای سەرنج و ڕامانە کە نەمان توانیوە وەکو پێویست ئەو توانا تەکنیکی و مەعریفیانە موتووربە بکەین بە ژیان و سیستەمی سیاسی و ئیداری و کۆمەڵایەتی ئەم کۆمەلگایە. ڕەنگە زۆربەمان لەو باوەڕەدا بین کە تواناسازی کادیری ئیداری و زانستی و تەکنیکی لای ئێمە لەو ئاستەدا بێت کە زۆر لە ئیستا باشتر بتوانێت خزمەت بکات. منیش لەو بڕوایە دام ئەگەر ریفۆرمێکی گشتگیری لە سیستەمی ئیداری بکرێت و میکانیزمی گونجاو و نوێ ڕەچاو بکرێت لە دامەزراندن و بەرپرسیارێتی. چی تر بوار نەدرێت بە مەحسوبیەت و مەنسوبیەت, چی تر کار بە بنەما تەقلیدیەکانی پیشوو نەکرێت, چی تر دەستی پارت و کوتلە سیاسیەکان تێکەڵ بە کاری بیرۆکراتی نەکرێت. ئیتر بواری پێویست ئەڕەخسێت بۆ پرنسیپی خەڵکی گونجاو بۆ شوێنی گونجاو. لە کۆمەڵگای ئێمە خەڵکێکی زۆر ھەیە لە مانای ئینتیما و دڵسۆزی نواندن و خزمەت پێشکەشکردن تێنەگات. بەڵام مەخابن کەم کەسی خاوەن بڕیار لەم ھەل و مەرجەی ئێستادا بەو نەفەسە کار ئەکات کە باشترین خزمەت بگەیەنێت بە زۆرترین خەڵک. چونکە ئەزانێت ئەوکاتە ھەل و مەرجەکان بە جۆرێک ئەگوڕێت کە ئەم ووردە ووردە زەربی سفر ئەبێت و ڕۆلی نامێنێت. چونکی ئەزانن تەنھا بە ھۆی حزب و کوتلەکەیانەوە شتن و شتیان پێ ئەکرێت. ئەم شێوازی بەرێوەبردنە ساڵانیکە لە ھەرێمی کوردستان پەیڕەو ئەکرێت و ئەنجامیشی روون و ئاشکرایە. کەواتە بۆ نا؟ با ھەوڵ بدەین شیوازێکی دیموکراتی نوێ بدۆزینەوە بۆ میکانیزمی ھەڵبژاردن و دابەشکردنی دەسەڵات, بۆ نمونە لابردنی شێوازی لیست.
فەلاحی شیخ رەئووف
سلێمانی ٢٠١١\٨\٢٧