دوای ئەوەی جڵەوی کۆڕەک تیڤی لە ژێردەستی هاتە دەرەوە، هەڵکەوت زاهیر لە لێدوانەکانیدا باسی لە پرۆژەیەکی زۆر گەورەتر و کاریگەرتر دەکرد لە بەرنامە و کاری داهاتوویاندا. ئەوە سات و کاتەکان تێدەپەڕن و ئێمە هەر لە چاوەڕوانیداین و ئەو بەڕێزەش هیچ جموجوڵێکی دیار نیە. دەشێت هەڵکەوت زاهیر وەک ئاوازدانەرێکی ستایلی عەرەبی بمێنێتەوە، بەڵام مەحاڵە بەبێ بوونی ئەو داهاتەی بەشی زۆرینەی هونەری کوردی بوو لە پارەی حکومەتەکەی کاک نێچیرڤان، بتوانێت ساڵانە دەیان ئەلبومی هونەری بەرهەم بهێنێت بۆ ئەو کەسانەی بە ئارەزووی ئەو، دەنگ و ڕەنگ و توانای خۆیان بەکار دەهێنن.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە، ئایا ئەوانەی ژیانی هونەرییان بەستراوەتەوە بەم هونەرمەندەوە چارەنوسیان چی لێدێت لە دەستکورتی ئەم پیاوەدا؟ ئەوانەی دەیان ووت ئەگەر کاک هەڵکەوت نەبوایە نەدەبوومە خاوەنی ئەلبوم، ئهی لە غیابی ئەودا روو لە کوێ دەکەن؟
ئایا باشتر نییە ئەوکەسانەی دەیانەوێت هونەرمەندێکی ڕاستەقینە بن بۆ دواڕۆژ، پشت بە توانا و بەهرەی خۆیان ببەستن؟ یان ئەوانەی خاوەنی هیچ تایبەتمەندییەک نین باشتر نییە هەر زوو خۆیان لەم داوە ڕزگار بکەن؟
هونەر ئەرکێکی قورسە دەبێت ئەوکەسەی دەچێتە ژێر ئەو بارە، توانای گەیاندنی پەیامەکەی هەبێت، دەنا لە هەورازەکانی ئەو ڕێگایەدا بەردەبێتەوە و لە نشێوەکاندا وون دەبێت.
ئێستا زەمەنی خێراییە، هەموو شتەکان بە خێراییەکی بەرچاو تێدەپەڕن، ئەم یاسایە بۆ تۆی هونەرمەند تووند ترە .. گرنگ ئەوەیە لە نێوەندەکەدا کە حەزی جەماوەرە تارماییەکی ڕیشەیی جێبهێڵیت، بۆ ئەوەی لە دیارنەماندا هەر بمێنیت. یان بە بەردەوامییەکی بەرجەستەوە بوونی خۆت بسەپێنیت هەتا زیندوویی بەدەست بهێنیت. دەنا ئەوانەی هێشتا نەگەشتوون بە هونەری ڕاستەقینە، هەر زوو لەبەرچاو و گوێی و لە دڵماندا وون دەبن. وەک چۆن ئێستا زۆرێک لەو دەنگانە کاڵبوونەتەوە لە هزری زۆربەماندا..
هونەری ڕاستەقینە درووستکەری جوانی و پارە و کەسێتی و مێژوویەکی پڕ لە بەرهەمی بەپێز و شایستەیە. نەک پارە و جوانی و شتی تر بتکەن بە هونەرمەند..
ئەوانەئ بە جوانیدا دەنازن ڕۆژێک دێت پیر دەبن و جوانیی خۆیان لەدەست دەدەن.. ئەوانەی بە پارەکەیان دەنازن، ڕێی تێدەچێ ڕۆژێک سەرجاوەکەی ووشک بکات.
بگەڕێ بۆ بوون بە هونەرمەند گەر دەتەوێت درووست بیت.
ئێسپرێسۆۆۆۆۆۆۆ