ئەلبوومی “وتووێژی چەنگ و نەی” بە ژەنیاری خاتوو “تارا جاف”، موزیکزانی کورد “فەردین لاھوورپور” و خاتوو “سومەیە عەباسی” لە ئێران بڵاوکراوە.
ئەلبوومی پێکەوەژەنینی “وتووێژی چەنگ و نەی” بە ژەنیاری خانمە موزیکژەنی کورد “تارا جاف” بە ئامێری چەنگ، موزیکزانی لاوی سنەیی “فەردین لاھوورپور” بە ئامێری نەی و خانمە موزیکژەنی ئێرانی “سومەیە عەباسی” بە ئامێری زەرب بە دابەشکردنی فەردین لاھوورپور، لە لایەن کۆمپانیای فەرھەنگی و ھونەری “ئاوای باربەد” لە تاران و شارە جۆراوجۆرەکانی وڵاتی ئێران بڵاوکراوە.
ئەلبوومی “وتووێژی چەنگ ونەی” چەندین پارچە موزیکی بێ کەلامی کوردی و تورکی لە خۆگرتووە کە بریتین لە: “ئایریلیق”، “شاخ”، “ھەڵاڵە”، “دەردی ھیجران”، “ڕاستەی خیابان”، “مەچۆ”، “میرۆ”، “ھەورامی”، “جەژنی ھەورامان”، “مەقامەکانی ھۆرە”، “بوداھەژەنینی چەنگ و نەی” و “رۆمانسی ئایریلیق”.
لە بەشی سەرەتایی ئەلبوومی “وتووێژی چەنگ و نەی” سەبارەت بە پارچە موزیکەکانی ناو ئەلبوومەکەدا ھاتووە:
ـ “ئایریلیق” وشەیەکی تورکییە بە مانای جودایی، مێلۆدییەکە لە مایەی بەیاتی ئیسفەھاندا و بە ئاوزدانەری موزیکزانی ئێرانی مامۆستا عەلی سەلیمی کە لە لایەن فەردین لاھوورپور بۆ ئامێرەکانی چەنگ و نەی موزیکی بۆدابەشکراوە.
ـ “شاخ”، ئاوازێکی فۆلکلۆرە.
ـ “ھەڵاڵە”، لە گۆرانییە کۆنەکانی کوردییە کە ٣٠ ساڵ پێش ئێستا پێشکەشکراوە.
ـ “دەردی ھیجران”، لە بەرھەمەکانی گۆرانیبێژی ناوداری کورد مامۆستا “سەید عەلی ئەسغەر کوردستانی”یە کە لە دەزگایی نەوادا پێشکەشکراوە.
ـ “ڕاستەی خیابان”، لە گۆرانییە کۆنەکانی کوردییە کە لە ئاوازی ئەفشاری و لە گۆشەی عیراقدایە کە لە مۆسیقای کۆنی ئێراندا بە مەقامی ڕاست ناسراوە.
ـ “مەچۆ”، لە پلەی ماژۆر کە دەزگای ماھووری ئێستایە و بە پێی مۆسیقای ھەورامی پێشکەشکراوە.
ـ “میرۆ”، لە مێلۆدییە شینگێڕییەکانی باکووری کوردستانە کە لە مۆسیقای دەزگایی ئێراندا لە مایەی دەشتی پێشکەش دەکرێت.
ـ “ھەورامی” و “جەژنی ھەورامان”، لە مۆسیقای ھەورامان کەڵک وەرگیراوە و بە پێی دەزگای شوور پێشکەشکراوە.
ـ “مەقامەکانی ھۆرە”، بە پێی مەقامەکانی پیاوانی ھەورامی کە بە “سیاچەمانە” ناسراوە و وەبیرھێنەرەوەی مەقامەکانی ئەو ناوچەیەیە.
خاتوو “تارا جاف” ژەنیاری بەئەزموونی ئامێری چەنگ، ساڵی پار سەردانی ئێران کرد و لە ھۆڵی
کۆبوونەوەکانی ماڵی موزیکی ئێران بۆ ھۆگران و قوتابیانی ئامێری چەنگ وۆرکشۆپی فێرکاریی یا ماستەر کلاسی ئامێری چەنگی بە ناونیشانی “پێگەی چەنگ لە موزیکی کوردی و ئێرانیدا” پێشکەش کرد. ھەر ئەو کات لەگەڵ ژەنیاری لاوی کورد “فەردین لاھوورپور” بە ئامێری نەی و خاتوو “سومەیە عەباسی” بە ئامێری زەرب لە یەکێک لە ستۆدیۆکانی تاران بە دەنگھەڵگریی ھونەرمەندی مەھابادی “ئومید ئەنساری” ئەلبوومی پێکەوەژەنینی “وتووێژی چەنگ و نەی”یان تۆمارکرد.
“تارا جاف” ساڵی ١٩٥٨ لە شاری بەغداد لە دایکبووە. لە تەمەنی ١٠ ساڵییەوە لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی بەغداد فێری ئامێری پیانۆ بوو و بنەمای فێربوونی ئەو لەسەر ئامێرە ژێدارەکان، لەوانە: گیتار، ماندۆلین چارانگۆ (ئامێرێکی ناوچەی وڵاتی چیلی) و باغڵەمە بوو. لە ساڵی ١٩٧٦ لە وڵاتی بەریتانیا نیشتەجێی بوو و سەرقاڵی خوێندن لە لقی دەروونناسی بوو. دوای تەواوبوونی خوێندن، دەرمانی دەروونی نەخۆشەکانی دەکرد و وانەکانی ئەو لقەی بە قۆتابیان دەگوتەوە.
ئەم ژەنیارە کوردە ئامێری چەنگ بە بێی کەڵک وەرگرتن لە مامۆستا فێربوو و بۆ ئاسایش و ھێمنی خۆی و ھەروەھا بەکارھێنانی لە وانەگوتنەوەی دەرمانی دەروونی نەخۆشەکان، ئەم ئامێرەی وەکوو ئامێری یەکەم بۆ خۆی دەستنیشانکرد.
تارا جاف بە پێی ئەوەی کە پسپۆڕی لە دەرمانی دەروونناسی ھەیە لە ٥ ساڵی رابردوودا لە نەخۆشخانەکانی لەندەن بۆ نەخۆشەکان و ھەروەھا ستافی نەخۆشحانەکان کۆنسێرت پێشکەش دەکات و لە یەکێک لەو رۆژانەی کە ئەم ژەنیارە کوردە سەرقاڵی ژەنینی ئامێری چەنگ بۆ نەخۆشەکان بوو، کەناڵی جیھانی بی.بی.سی BBC دیکۆمێنتیکی لەسەر ژیانی ئەو رۆژەی ئەم ھونەرمەندە تۆمارکرد کە یەکێک بوو لە فیلمە پڕبینەرەکانی ئەم کەناڵە لە کاتی خۆیدا.
موزیکزانی کورد “فەردین لاھوورپور” ساڵی ١٩٧٥ لە شاری سنە لە دایکبووە و دەرچووی بەکالۆریۆسی موزیکە. بۆ فێربوونی ئامێری نەی و شارەزایی لە تەکنیکەکانی و ھەروەھا ناسینی زیاتری مۆسیقا لە موزیکزانی ناوداری کورد و ژەنیاری بەتوانای نەی جەمشید عەندەلیبی و ھەروەھا مامۆستایانی بەناوبانگی موزیکی ئێران، لەوانە: ژەنیاری بەئەزموونی نەی ئێران محەمەد مووسەوی، محەمەد عەلی حەدادیان، وارتان ساھاکیان و … کەڵکی وەرگرتووە.
فەردین تاکوو ئێستا لەگەڵ گروپەکانی “عارفان” بە سەرپەرەستی محەمەد مووسەوی، “کابووکێ” بە سەرپەرەستی گۆرانیبێژی ناوداری کورد شەھرام نازری، “تلوع”، “مەولانا”، “عەندەلیبان”، “راز و نیاز” و ئۆرکسترای سونەتی تەلاری وەحدەت وەکوو ژەنیاری نەی ھاوکاری کردووە و لە ئەلبوومەکانی “خداحافز” بە دەنگی گۆرانیبێژی ناوداری ئێرانی “عەلیرەزا ئیفتخاری”، “می تراود مھتاب” بە دەنگی گۆرانیبێژی لاوی ئێرانی “سالار عەقیلی”، “خروش بحر” بە دەنگی عەلیرەزا ئیفتخاری، “بادە نوشین” بە دەنگی سالار عەقیلی، “رمز مستی”، “ھەورامان تا بادینان” و … ئامێری نەیی ژەنیوە.
لاھوورپور لە فیستیڤاڵی جۆراوجۆری موزیکدا، لەوانە: فیستیڤاڵ “مۆڵتی کاڵچراڵ” لە ئوستوڕاڵیا لە ساڵی
٢٠٠٥، فیستیڤاڵی موزیکی کوردی لە ھەرێمی کوردستان، زنجیرە کۆنسێرتی جۆراوجۆر لە ئەمەریکا، کەنەدا و ئوستوڕاڵیا و ھەروەھا وڵاتانی ئەورووپی، لەوانە: فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیسپانیا و تورکیا بە ھاوڕێیەتی لەگەڵ گروپی “راز و نیاز” بە دەنگی سالار عەقیلی کۆنسێرتی پێشکەش کردووە.
“سومەیە عەباسی” ساڵی ١٩٨٢ لە شاری تاران لەدایکبووە و دەرچووی بەکالۆریۆسی مۆسیقایە. بۆ فێربوونی ئامێری تار و زەرب و شارەزایی لە تەکنیکەکانی و ھەروەھا ناسینی زیاتری مۆسیقا لە مامۆستایانی بەناوبانگی موزیکی ئێران، لەوانە: ژەنیاری بەئەزموونی تاری ئێران ھووشەنگ زەریف، جەماڵ جەھانشاد، موحسین نەفەر، وارتان ساھاکیان، خاتوو سودابە ساڵم و محەمەد تەیبی کەڵکی وەرگرتووە.
سومەیە تاکوو ئێستا لەگەڵ گروپەکانی “عیرفان”، “حاوا”، “ئۆرکسترای مێزرابی دێھلەوی”، ئۆرکسترای سونەتی تەلاری وەحدەت و “ئۆرکسترای مۆسیقای نوێی” ھاوکاری کردووە و لە ئەلبوومەکانی “زاگرۆس” بە سەرپەرەستی “عەلیرەزا مەشایخی”، “برای تو” بە سەرپەرەستی موزیکزانی کورد “جەلیل عەندەلیبی” و “وەتەن” ئامێرەکانی تار و زەربی ژەنیوە.