وشیار ئەحمەد ئەسوەد : داکۆکی و پاڵپشتیکردن لە ڕەوتەکەی ھونەرمەند ھەڵکەوت زاھیر، لانیکەم بۆ من داکۆکی و پاڵپشتیکردن نییە لە حزبێک یان کەسایەتییەکی دیاریکراو، ئەوەندەی پاڵپشتیکردنە لە ئەقڵێک کە دەیەوێ بەڕۆحێکی گەنجی نەتەوەیی و نیشتمانییانەوە ڕەوتەکە بەڕێوە ببات، بۆ ئەمە بەڵگە و نموونەم زۆر لە بەردەستن کە لێرەدا شوێنیان نابێتەوە،
بۆیە تەنیا لەسەر ھەڵوێستەکانی ئەم ماوەیەی دوایی دەوەستم کە دەخوازێ ھونەرمەند لە ساتە ھەستیارەکاندا بەکام لۆژیک کاروبارە ھونەرییەکانی ھەڵسووڕێنێ.
قسەم لەسەر ئەوە نییە خۆپێشاندانەکانی ئەمڕۆی سلێمانی کە خەریکە سەرتاسەری وڵات دەگرێتەوە تا چەند گەشبینی یان ڕەشبینیمان پێ دەبەخشن، تا چەند دیسپلین کراون یا نەکراون، تا چەند خۆڕسک یان دەست لە پشت و ھەر شتێکی ترن.. ئەوەی پتر دەکەوێتە بەر بایەخەوە، کەتوارێکە لە کوردستان بەدوای گۆڕیندا دەگەڕێ، گۆڕین بەرەو کام ئاراستە، ئەوەشیان لەم نووسینەمدا شوێنی نابێتەوە ئەوەندەی مەبەستمە قسە لەسەر ڕۆڵی ھونەرمەند بکەم.
بێگومان کاتێک ھونەرمەندان و ڕۆشنبیران لە سلێمانی بۆ بەلاڕێدا نەچوونی خۆپێشاندانەکە و دروستنەبوونی توندوتیژی “پەرژینی ئاشتی” دروست دەکەن، ئەمەیان ڕۆڵی ئەرێنیی ھەبووە و دەھێنێ خۆشەویستی و ڕێز بەرامبەر بەھەموو ئەوانە بنوێنین کە ئەو ڕۆڵەیان دیتووە، بەڵام ئایا ڕۆڵی ھونەرمەندان تەنیا لەوەندە کورت دەکرێتەوە؟ بێگومان نەخێر، چونکە ھونەرمەند لەم ئانوساتەدا دەتوانێ ڕۆڵی کاریگەرتر ببینێت.. ھەڵکەوت زاھیر و ئەو ھونەرمەندە ئازیزانەی لەم ماوەیەی دواییدا بەچەند بەرھەمێک خۆیان ھەڵکوتاوەتە بابەتەکەوە، دیارە تاکەکەس نین و کاری تر بۆ دۆخەکە کراوە، بەڵام ئەگەر بەراوردێک بکەین لەو نێوانەدا، دەبینین بەشێکی ھونەرمەندان تا ئەم دەمەش بڕوایان بەدوو بەرەی جیاواز ھەیە و کار بۆ بەرەیەکیان دەکەن، واتە خۆ بەلاداخستن بۆ بەرەی دەسەڵات یان ئۆپۆزسیۆن، چونکە لە ئێستەدا زۆرترین قسە لەسەر بەرەی گەل و بەرەی دەسەڵات دەکرێت کە بەبۆچوونی من ئەم چەمکانە بەتەواوی ھاتوونەتە شێواندن، لەبەر ئەوەی تا ئەم دەمە بەرەی گەل بڕیاری ڕووخاندنی بەرەی دەسەڵاتی نەداوە ئەوەندەی باس لە چاکسازی دەکات، بۆیە بۆ ھونەرمەندان چوونە ناو ھەر یەکێک لە بەرەکانەوە دەیانکاتە لایەنێک و لە ئەرکە ڕاستینەکەیان دوور دەخاتەوە.
لەو بەرھەمانەی ئەم دواییەی ھەڵکەوت زاھیر و ھونەرمەندە ھاوڕێکانی ھەڵوێستی نێوان دەبینین کە بەبۆچوونی من لە ساتە ھەستیارەکانی وەک ئێستەی کوردستان ئەوە ئەرکە ڕاستینەکەی ھونەرمەندە، چونکە ھەڵکەوت و ھاوڕێکانی، یان ڕاستتر بڵێم ئەقڵە ھونەرییەکەی ھەڵکەوت خۆی لە ھەردوو بەرەکە دوور خستووەتەوە و بەدوای بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان وەک نیشتمان و کورد وەک نەتەوەدا دەگەڕێت، کەچی ڕاگەیاندنە سەقەتەکەی ئەم وڵاتەی ئێمە (بەدەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە) خوا نەکا بەشتێکەوە بیانگرێ، ئیتر ھەموو ڕۆشناییەکانی دەکەوێتە سەر و لە ھەڵوێستەکانی ترمان دوور دەخاتەوە، بۆیە سەیرە لە دیوێکدا بۆ دژایەتیکردن و بەدیوەکەی تریشدا بۆ پیاھەڵدان، ماوەیەکی زۆر ڕۆشنایی لەسەر کارە ھونەرییەکانی ھەڵکەوت زاھیر بوو، کەچی لەم دەمەدا ئەو ڕۆشناییە نابینین، لە کاتێکدا دەبوو وەک ھونەر زۆرترین ڕۆشنایی بکەوتایە سەر ئەو دوو بەرھەمەی (ئاشتی) و (سەربەخۆبوون) کە لەم ئانوساتەدا ھەڵکەوت و ھاوڕێکانی ھێناویاننە بەرھەم.
ئەوان بەدەستی پڕەوە ھاتوون و خۆیان خستووەتە ناو دۆخەکەوە و بەھونەرێکی دانسقەوە داوای ئاشتی بۆ ھەموو لایەک بێ تەرەفگیری دەکەن، کاتێک ئالان عومەر کە ئەسڵەن خۆی تەنیا گۆرانیبێژە و شاعیر نییە و شیعر بۆ ئاشتی دەنووسێت، جا شیعرەکە لە ھەر ئاستێکی ھونەری شیعرنووسیندا بێت، ئەمە لەم دەمەدا ھەستکردنە بەبەرپرسیاریەتی، بێگومان نەک وەک شاعیر، بگرە وەک ھونەرمەند لەو دەمەی لەگەڵ سریلدا بەھاوکاریی ھەڵکەوت داوای ئاشتی بۆ ھەموو لایەک دەکەن بێ ئەوەی ئاماژە بەبۆچوونی کەسیی خۆیان بدەن، لەو ھونەرەدا بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان لەبەرچاو دەگرن و ترسیان بەرامبەر شەڕێک ڕادەگەیەنن کە زۆر لە ئێمە پێشبینیی دەکەین، ئەو ھونەرمەندانە، واتە ھەڵکەوت و ئالان و سریل لەو بەرھەمەیاندا دەڵێن:
لە شەڕ گەڕێن، وڵاتی مێژوو پڕ لە جەنگ، ئاشتیی دەوێ
دوور بن لە جەنگ، وڵاتی دایکانی دڵتەنگ، ئاشتیی دەوێ
کوردستان نیشتمانمانە، دایک و پەنای ھەموومانە، ئاشتیی دەوێ
شەکەتی شەڕی خۆکوژی و ستەمی دوژمنمانە، ئاشتیی دەوێ
ڕاستیتان دەوێ ئەمە ئەرکی ڕاستینەی ھونەرمەند و پەیامی دروستی ھونەرە بۆ ئەو ساتەوەختە کە نیشتمانی پێدا تێپەڕ دەبێت.. کاتێکیش بێ قسەکردن و ھەڵوێست نواندن بەرامبەر ھەریەک لەو بەرانەی دروست بوون، ھەڵکەوت و قوتابییەکانی قسە لە سەربەخۆبوونی کوردستان لەم دەمەدا دەکەن، ئەمە تەنیا بانگەشەیەکی سۆزدارانە نییە بۆ سەربەخۆبوون، ھاوکات ئەوانیش تاکەکەس نین قسەیان لەبارەی سەربەخۆبوونەوە ھەبووبێ، بەڵام بۆ ئێستە گەیاندنی پەیامێکی دروستە و ناڕاستەوخۆ باسکردنە لە مەترسییەکانی داھاتوو، واتە ئەوان ویستوویانە ئەو پەیامە بەدەسەڵات و خۆپێشاندەران بگەیەنن کە مەترسیی گەورەتر چاوەڕێمان دەکات و ئەویش دژایەتیکردنی سەربەخۆیی ئەم پارچەیەی کوردستانە کە لە ئێستەدا کاتی ھاتووە کاری ڕژدی بۆ بکرێ، ئەوان بێ ڕۆشنایی خستنەسەر ھیچ یەکێک لە بەرەکان و لایەنگیری، وەک ھونەرمەند لە تێکستی محەمەدی حاجی قادر و بەدەنگی لۆکە و میرا و میلۆدیی ھەڵکەوت، دەڵێن:
ھاتووم دەڕژێم بۆ سەر شەقام
بەرزی دەکەم سەر بۆ ئاڵام
دادپەروەری و سەربەخۆبوون
ئاشتیخواز و دەرگا واڵام
ئەوانە ھەموو ھەڵوێستن و دەھێنێ لەم قۆناخەدا ھونەرمەندان بەم ئاراستەیەدا کار بکەن، واتە بێ تەرەفگیری لەلایەنی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، لەو نێوانەدا کارە ھونەرییەکانیان بکەن، دیارە مەبەست لە تەواوی بوارەکانی ھونەرە نەک بوارێکی دیاریکراو.. پێموانییە ئەمانە وەرگرتنی ھەڵوێستی درەنگوەخت بن، بگرە قۆناخەکە دەخوازێ ھونەرمەندان ڕژدتر بکەونە خۆ.
وێڕای ھەموو ئەوانەش دەڵێم بۆ زۆر حاڵەتی تر وەرگرتنی ھەڵوێستی درەنگوەخت کێشەی ڕژدی داھاتووی لێ دەکەوێتەوە، بۆیە دەبوو زۆر بەر لەم قۆناخە، ھونەرمەندان ڕۆڵیان لە دژایەتیکردنی گەندەڵی و نەبوونی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و کارکردن بۆ چاکسازیی ڕیشەیی ھەبووایە، لەگەڵ ئەوەشدا خۆزگە تەواوی ھونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی کورد بێ تەرەفگیری و خۆ خستنەسەر بەرەیەکی دیاریکراو، تواناکانیان لە کارە ھونەرییەکانیان بۆ بەرژەوەندییە باڵا و گشتییەکانی کوردستان خەرج بکردایە، وەک ئەوەی ئەو ھونەرمەندانەی بەناو بوونەتە نموونە لەم نووسینەدا کردوویانە.