عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی : لەکاتێکدا دەنگۆی کۆتایبوون بە زەوی دەبیستین، زۆربەمان بە ئاگاییامان لەدەست ئەدەین و ژەهراوی دەبین. هەروەك ساڵانی پێشتر کە چەندین کەس خۆی کوشت لەبەر قسەی قەشەیەکی ئەمریکی کە ڕۆژێکی لە مانگی ١٢ دا دانا بۆ کۆتایهاتنی جیهانی سەر زەوی،
بەڵام درۆ دەرچوو. ئەم دەنگۆیانە مرۆڤەکانی لە بیرکردنەوەی دواڕۆژ وەستاندووە، گرژیەکی دەروونی زیاد لە پێویستی دروست کردووە، خەوی ملیۆنەها مرۆڤی تاڵ کردووە، مرۆڤی توڕەو نادڵنیا کردووە. لەهەمان کاتیشدا مرۆڤە ئیماندارەکان ئەوە باش دەزانن کە خوای گەورە خۆی بەتەنها باشترین ئەندازیارەو ئەزانێ ئەم کەونەی چۆن دروستکردووە و دەیپارێزێت. وە هەر کات ویستیشی لەسەر بوو بەهەر شێوەیەك و لەهەر کات و ساتێکدا لە ناوی دەبات. بەڵام ئەوە شوێنی داخە کە مرۆڤ بڕوا ناکات بەئەوەی کە خوای گەورە لە کتێبە ئاسمانیەکانیدا چۆن باسی لە کۆتایی هێنان بە دونیا دەکات کە بۆ نمونە لە قورئانی پیرۆزدا و باسکردنی ئەو ڕۆژە لەلایەن پێغەمبەری خۆشەویستمان محەمەد د.خ کە تەنها ١٤٠٠ ساڵ پێش ئێستایە. کەچی بڕوا بە ڕۆژژمێری مایەکان دەکات کە پێش چەندین هەزار ساڵ لەمەوبەر لە دونیادا بوون، هەرچەندە گومانیش لە بوونیاندا هەیە. ئەوان ڕۆژژمێرەکایەن هەتا ئەم ڕۆژە بووە. ئیتر خەڵك ئێستا ئەوەی بەتیۆریەك ناساندووە و ئەم ڕۆژەی بۆ کۆتایی هاتنی زەوی داناوە. دڵنیابن لەوەی کە ئەگەر کۆتایی دونیا هات نە کەس دەرباز دەبێ و نە ژێر زەمینی ستالین و نە خانووی لە شێوە تۆپەکانی کۆریاو نە تەیارە زەبەلاحەکانی دەوڵەماندەکان و سەرۆکەکان کە بە نیازبن بەرەو ئەستێریەکیتر بڕۆن و ژیان بکەن بەتەنها، کەسیان لە دەست ئەو مردنە دەرباز نابن. تەنانەت ئێستاش لەسەر زەویش پێغەمبەرێکمان نیە هەتا وەك نوح د.خ بتوانێ دەرباز بێت بە ئیرادەی خوای گەورە و سەرەتایەکیتر بۆ دنیا دابمەزرێنێت.
بەپێی زانیاریەکانی ناسا و لەوەڵامدانەوەی پرسیارەکانیاندا کە ئایا نیبیرۆ یان ئێریس یان هەر ئەستێرەیەکیتر لە ئێستادا هەڕەشەیە بۆ سەر زەوی؟
وەڵامی ناسا: باسەکان لەسەر نیبیرۆ یان هەر باسێکیتر کە هەڕەشە بێت بۆ سەر زەوی تەنها درۆیەکی بڵاوکراوەی ئینتەرنیتن. خۆ ئەگەر ئەو ئەستێرەیە لە زەویەوە نزیكبوایە ئەبوایە لەم دە یان بیست ساڵانەی پێشودا فەلەكناسەکان بیان بینیایە و لەبەر چاودا بوایە. بەدڵنیایەوە هیچ وجودێکیان نیە. بەڵام ئێریس وجودی هەیە و لە کۆمەڵەی خۆردا دەسوڕێتەوە، کە دووریەکەشی چوار ملیارد میلە لە زەویەوە. ئەگەر هەندێ وتەبێژ لە ناساوە ڕێنماییان دابێ وەك چارلس بوڵدن، بۆ ئەوەی مرۆڤ لە قەیرانەکاندا هەندێ کەلوپەلی ئامادەی لە ماڵەوە هەبێ ئیتر ئەمە مانای ئەوە نادات بەدەستەوە کە ئەوان ئەم زانیاریانە بەڕاست بزانن، بەڵکو ئەوان زیاتر ڕێنمای دەدەن بۆ هەر کارەساتێکی سروشتی لەو شێوانە. ئەمەو زۆر زانیاریتر ئەتوانی بخوێنیتەوە لە:
http://www.nasa.gov/topics/earth/features/2012.html
کەوا بوو ئیستا بە ئاگاییت بەخەبەرو بەبیر بهێنەوەو بکەوەرە خۆت. بزانە چ پلانێکت هەیە یان چ ئامانجێکت هەیە و چۆن خۆت ئەبینی لە ساڵی ٢٠١٣ دا؟ هەستەکانت سەر لەنوێ و بەشێوەیەکیتر بکەرەوە کە جیاوازتر بێ لە کاتەکانی پێشترت. ئەگەر تا ئێستا هیچ ئامانجێکیشت دانەناوە بۆ ساڵی ٢٠١٣ ، ئەوا من پێشنیار ئەکەم کە لە ئێستاوە هەتا سەری ساڵ بیربکەرەوەو دوامەکەوە لە نوسینەوەیان، لەبەر ئەوەی بیرکردنەوەکانت زۆرجار وون ئەبن ئەگەر نە نوسرێنەوە. پێم باشە ئەگەر خۆت و ئەندامەکانی ماڵەوەتان هەموو دانیشن و بۆ شەوی ٢١-١٢-٢٠١٢ خواردنیکی خۆش دروست بکەن و ئیمانتان بەهێز بکەن بە خوا، وا بزانن ئەوڕۆژە وەك هەموو ڕۆژێکیتر دەڕوات و ڕوو ڕەشی بۆ ئەوانەی کە دەروونی خەڵك ئەشێوینن. کە ئەمەش جۆرێکە لە سیاسەتی بازرگانی و تۆقاندن کە شێوەیەکیترە لە تیرۆرکردنی جیهان بەگشتی. باشە بۆ نەمان بیست کە ئەوانەی لە ناسا کار ئەکەن یان سەرۆکی وڵاتێك خۆی شاردووەتەوە یان بەرەو بۆشایەکانی ئاسمان ڕۆشتووە. ئەی ئەگەر وابێ ئیتر ئەوانەی کە ئەو هەواڵە دەزانن بۆ ئەوانیش خۆیان دەرباز ناکەن وەك خۆیان وادەزانن ئەتوانن دەربازببن. بیرێك بکەرەوە لەو هەموو پلانە جیهانیانەی کە بۆ ساڵی ٢٠١٣ و بەرەو سەر داڕێژراون لە جیهاندا. بیرت لەوە کردوەتەوە کە ئایا ئەو هەموو بەرپرسانە بۆچی کۆبوونەوە لە قەتەر لە یەك دوو هەفتەیەی پێشودا سەبارەت بە کارکردن و پلانیان بۆ ژینگە پارێزی جیهان بۆ دەیان ساڵی داهاتوو. ئەی بۆچی یەکێك لەو وڵاتە بەشداربووانە نەیووت: ئەرێ ئێوە شێت بوون، باسی چی ئەکەن دونیا هەر یەك دوو هەفتەی ماوە و کار لە کار ترازاوە!
ئەوەش بزانە بەپێی ناسا هیچ کات ئەوەندە زەوی بێ مەترسی نەبووە لە بەریەكکەوتنیدا لەگەڵ ئەستێرەیەك یان هەر شتێکی لەو جۆرە کە لە ئاسماندا هەن.
ئێستا کەمێ گەشبین بە و فێری وانەیەك ببە لەم دەنگۆیەوە/ لەم ترسەوە. ڕەنگە پێویستمان بەخۆدا چوونەوەیەك هەبێ لە ئاکارەکانماندا، لە بەهێزکردنی پەیوەندیەکانمان لەگەڵ خودی خۆمان و خوداماندا، لە هەڵسوکەوت و ڕەفتارەکانماندا، لە بۆ چوونەکانماندا، لە کەڵك وەرگرتن لە زانیاریەکان بە درۆ و ڕاستەکانیانەوە، لە کردنەوەی بەئاگایمان بەرەو ڕووی دونیاو قسە خنکێنەرەکان، باشتر خۆ ناسین و خوا ناسین، ئیمان هێنان بە خودای تاك و باڵا دەست، بەهێزبوونی دەروونی بەشێوەیەك کە زوو خۆت نەدەیتە دەست هەر قسەیەك کە دەیبیستی و بتوانی دەرگای هەست و بیرکردنەوەکانت دابخەیت لەسەر ئەو هەواڵانەی کە نا دروستن و تەندروستی خراپی بەدواوەیە. تکایە ئەگەر ناتوانی گەشبینی لەم بارەیەوە بڵاوبکەیتەوە لەسەریشی قسە مەکە، لەبەر ئەوەی بڵاوکردنەوەی دوودڵی لەناو خەڵکدا جۆرێکە لەکارە ناشرین و نەفرەت لێکراوەکان کە مرۆڤ بیکات، کە دەبێتە هۆی بەجێهێشتنی کۆمەڵێ نەخۆشی و ژەهراویکردنی دەروونی خەڵك کە پاكکردنەوەی زۆری دەوێت. بەشێك بە لە گەیاندنی هەواڵی گەشبینی و پاککردنەوەی دەروونی خۆت و دەوروبەرت.
سەرکەوتوبن