ھەڤپەیڤین: توانا تەھا
لە وەڵامی چەند پرسیارێکی ھەفتەنامەی زاری کرمانجیدا دکتۆر کەیفی چیوەی- چاودێری سیاسی، ئاماژە بە باروودۆخی ئێستای سووریا دەکات و پێیوایە دوژمنانی کورد ھیوایان ئەوەیە کوردان لە رۆژئاوای کوردستان پەرتەوازە بکەن و دووچاری شەڕی یەکتریان بکەن”. ئەم چاودێرەسیاسیە ئەوەش دەڵێت “دەبێت کورد پەندی لەرابردوی خۆی وەرگرتبێت و باش بزانن ئەگەر جورئەتی ئەوە بکەن ئەوە راگەیاندنی مەرگی خۆیانە بەدەستی خۆیان، چونکە لەلایەکی تر دەکەونە بەر نەفرەتی سەرجەم کوردان و مێژووش، بۆیە نابێت ھیچ کوردێک بیر لەو مەسەلەیە بکاتەوەو بەخەیاڵیشیدابێت دژی یەک بووەستنەوە”.
* ئەگەر باس لە رەوشی سووریا بکەین، ئێستە بەنێو گێژاوێک توندووتیژی و تەنگ و چەلەمەدا تێپەڕ دەبێت، تێڕوانینت چییەو پێت وایە ئەم دۆخە بەکوێ دەگات؟
– دوای ١٨ مانگ لە خۆپیشاندان و رووبەڕوبونەوەی چەکداری لە نێوان رژێمی دیکتاتۆری ئەسەدو گەلانی سووریا، دەکرێت دۆخەکە تا ئێستا دابەشبکرێت بەسەر دوو قۆناغدا، قۆناغی یەکەم لە راپەڕینی خەڵکی سووریا، دژی رژێمەکەو ھاوکاتی راپەڕینی گەلانی تری عەرەبی و کە ناوزەند کرا بە بەھاری عەربی لەو قۆناغەدا شۆڕشەکە ھی خەڵکی سووریا و بەدەر لە دەستوەردانی بێگانەو ئەملاو ئەولا، ھەرچەندە ئەسەد دەیویست واپیشان بدا کە ئەمە کاتییەو بەھەر نرخێک بێت کپی بکات و دەنگی ناڕەزایەتی وەک رابردوو بخنکێنێ بێ ئاگا لە گۆڕانکارییەکان لە سەر ئاستی ناوچەکەو دنیاش، بەڵام ئەمە خەسلەتی ھەموو دیکتاتۆرەکانە ھەمیشە چاویان لە ئاست تاوانەکانیان ئەنوقێنن و لە پێناو مانەوەی دەسەڵاتە ستەمکارەکانیان سل لە ھیچ ناکەنەوە، لێرەدا بەحوکمی جیاوازی سروشتی رژێمەکەی ئەسەدو جیاوازە پێگەی جوگرافی و جیوپۆلەتیکی وڵاتی سووریا کێشەو داواکاری گەلانی سووریا درێژەی کێشاو وەک ئەوانی تر بەزووی یەک لانەبۆوە لە لایەکی ترەو بەشدارنەبوونی سەرجەم پێکھاتەکانی گەلانی سووریا لە شۆڕش و خۆپیشاندانەکان واتە ئەو راپەڕین و شۆڕشە نەیتوانی ببێتە شۆڕش و راپەڕینە سەرجەم گەلانی سووریا بەھۆی نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی بەھێزو نەبوونی بەرنامەیەکی روون کە گوزارشت لە سەرجەم خواست و بەرژەوەندییەکانی پێکھاتە جیاوازەکانی سووریا بکات. قۆناغی دووەم گواستنەوەی سەرکردایەتی راپەڕین و شۆڕش بۆ دەستێوەردانی دەرەکی لە رووی ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و تەرەف گیری دەرەوە بۆ رژێمی ئەسەد، لەلایەکو ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە لایەکی تر وەک ئەوەی شەری یەکلا کردنەوەی دەرەکیە لە سەر خاکی سووریا بە خوێن و تێکدانی ئەو وڵاتە، لێرەدا ئیرادەی شەڕو ئاشتی تارادەیەکی زۆر لە دەست گەلانی سووریا و رژێمی سووریا دەرچووە ئەوەی دواییان لە ھەموو بارێکدا واز لە دکتاتۆریەت و حوکمی فەردیانەی خۆی ناھێنێت و ھەموو باجێکیشی بۆ دەدات، ئەو ھۆکارانەی لە ھەردو قۆناغدا ئاماژەم بۆکردن بووە ھۆی درێژکردنەوەی تەمەنی حوکمڕانی رژێمی ئەسەد، لەکۆتایدا ئەو دۆخەی لە سووریادا کە ئێستا لە ئارادایە لە ھەموو بارێکدا وەک خۆی نامێنێتەوەو نابێت ئەوە لەبیر بکەین بە رووخانی ئەو رژێمە کردنەوەی دەروازەیەکی ترە لە بەرامبەر رۆژ ئاوا بۆ ھەنگاوی داھاتوو تا رادەیەکیش کۆتایھێنانە بە دواپیگەی روسیا بە تایبەتی و چینیش جارێکی تر دابەشبونەوەی بەرژەوندییەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتی و ھەرێمیەکانیش بارێکی تر بە خۆ یانەوە دەبینن، بۆیە پێم وایە خوێن رشتن لە سووریا زیاتر درێژە دەکێشی.
* بە تێپەڕ بوونی کات لە سووریا کۆمەڵێک ھێز خەریکی دروست بوونن و خۆیان بۆ سووریای دوای ئەسەد ئامادە دەکەن، چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت کە ئەو ھێزانە ببنە ھێزی وەک باشووری کوردستان لە ناوچە کوردییەکانی رۆژئاوا؟
– بیرمان نەچێت جیاوازی زۆر ھەیە لە نێوان ھێزو لایەنەکانی باشوور لەگەڵ ئەو ھێزانەی کە لە رۆژئاوادا ھەن ھەر لە پەیوەندییە نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتیەکان و تەجروبەی مێژووی لە شۆڕش و دانووستانەکان و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ململانێکان لە سەر ھەموو ئاستەکاندا، دەکرێت بڵێین ھێزەکانی رۆژ ئاوا لە دەسپێکی قۆناغێکی نوێدان بێگومان مێژوو تاقیکردنەوەکانی حزب و رێکخراوەکانی باشوور دەبنە پاڵنەرو تارادەیەکی باشیش دەتوانن ئەزموونی لێوەربگرن بەلادان و خۆتەرک کردن لە ھەلەکان و بە ھێزکردنی لایەنە باشەکانیش بۆیە ئەگەر ئەوان یەکریزی و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەیان لەبەر چاو بگرن یەک ریزی خۆیان بپارێزن شانسی داھێنانێکی نوێ بەڕێوەبردن و دەست ھێنانی مافی زیاتر و باشتر چەسپاندنیان لە دەستووری ئایندەی ئەو وڵاتە بۆ ئەوان لە بارترە .
* ئۆپۆزسیۆنی سووریا رایگەیاندووە قبوولی جیابوونەوەی کوردو ئیسماعیلیەکان و عەلەویەکان ناکات، وڵاتی داھاتوو دەکرێ فرەیی قبوول بکات یاخود دەبێتە وڵاتی ھەمان شَوەی عێراق و بەرو پارچە بوون دەچێت؟
– دەبێت فریەیی قبوول بکرێت ئەی شۆڕش و راپەڕین لە پێناو چی ئەگەر مەبەست رووخانی دکتاتۆرێکە ئەو ھێنانی دکتاتۆرێکی دیکەیە، بۆ سەردەسەڵات لە فۆڕمیکی تردا کە لەوانەیە بۆ زۆرێک لە مافەمەدەنی و یاسایەکان خۆزەگە بۆ رابردوو بخوازین، بۆیە تا ئۆپۆزیسیۆنی سووریا فرەیی قبوول نەکات و گرەنتی مافەکانی سەرجەم پێکھاتە جیاوازەکانی ئایینی و رەگەزی گەلانی سووریا نەکات ئەوا رێگاکانی سەرکەوتنی درێژ تر دەبێتەوە سەرکەوتنیش درەنگتر دەکات، ئەگەر ئەوەش نەڵێم دەبێتە ھۆی مانەوەی رژێمەکەی ئەسەد بە شێوەیەکی تر. سەبارەت بە پارچە بوونی سووریا پێم وانیە ئەوە رووبدات، بەڵام دەبێت دەوڵەتی ئایندە دەوڵەتی ھەمووان بێت وماف و بەرژەوەندی و ئازادییەکانی ھەموولایەک لە دەستورێکی دیموکراتیانە زامن بکات.
* لە راگەیاندنەکان باس لەوە کرا کە کۆمەڵێک ھێز لە باشووری کوردستانەوە نێردراون بۆ رۆژئاوا، ئەمە داگیرساندنی گڵۆپی سەوز نییە لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ھاوکاری کردنی کوردان؟
– من نازانم ئەمە تاچەند راستە، چونکە ھێزەکانی باشوور بجوولێنرێن دەبێت لە چواچیوەی یاساو نەریتە نێودەوڵەتیەکاندا بێت لەلایەک و رەزامەندی دەوڵەتی ناوەندی لەلایەکی دیکە، چونکە ئەو گومان دەکرێت بە تەداخول کردن لە کاروو باری وڵاتانی دیکە، پێویستە ئێمە ئەوەندە خۆش باوەڕ نەبین بۆ گلۆپی سەوز لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە بڕیار بە شێوەیەکی فەرمی وەر دەگیرێت لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تا ئێستا ئەو ئەنجومەنە لە سەر رەوشی سووریا چەند جارێک کۆبۆتەوە، لە ھەموو جارەکانیش ھەردوو زلھێز روسیاو چین مافی ڤیتۆیان بەکار ھێناوە، لە بەرامبەر ئەو پڕۆژە بڕیارانەی کە پێویستن بۆ چارەسەرکردنی رەوشی مرۆیی و سیاسی لە سووریا بۆ دەستێوەردانی نێودەوڵەتی، بۆیە ئێمە پێمان وانەبێت ئەگەر ھێزەکانی باشوور وەک ئەوەی دەڵێن چووبن بۆ پاڵپشتی یان بۆ ھەر ھۆکارێکی تر ئەوە ھەڵوێستی تاک لایەنانەیەو لە وانەیە بێتە مایەی سەرئێشەو گرفتیش بۆ ھەردوو لا بۆیە پێویستە زۆر ژیرانە ھەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو کەیسەدا لەلایەن ھەرێم و ھێزەکانەوە بکرێت، سەبارەت بە ھاوکاری ماددی و مەعنەوی و دابینکردنی پەناگەی ئارام لە چواچێوەی یاساو رێسا نێودەوڵەتیەکان پێویستە ھەموو تواناکان بخرێنە گەڕو براکانمان لەو ھەرێمەی خۆمان کاتێک روومان تێدەکەن واھەست بکەن کە ئاوارەنین و لەماڵی خۆیانن .
* ئەم دۆخە نێودەوڵەتی و ھەرێمییە لەبارە بۆ ئەوەی کوردانی سووریا داوای ھەرێمێکی سەربەخۆ بکەن؟
– بۆچی داوای نەکەن، بەڵکو ئەگەر سووریای نوێ ئەوە بۆ کورد دابین نەکات گۆڕانکاری و شۆڕش و راپەرین ھیچ مانایەک بۆ کورد ناھێڵێتەوە، بۆیە پێویستە لەو ھەل و مەرجەدا کورد بەلانی کەم گرەنتی ئەو مافەی بکات، چونکە ھەلێکی تری لەم شێوەیە بەتایبەتی لەو ناوچە ھەستیارە زۆر بە زەحمەت رێکدەکەوێتەوەو لەوانەیە دەیان ساڵی تری بوێت، بۆیە ھەر ھەڵەو کەمتەرخەمیەک لەو قۆناغەدا باجەکەی قورس دەبێت، بۆیە من پێم وایە کورد بەشێوەیەکی ژیرانە کار لەسەر ئەو پڕسە بکات، چونکە ھەر وازوو بەو حاڵەی ئێستا رژێمی ئەسەد کۆتایی نایەت ھەر وەک لەپێشەوە و پرسیارەکانیتر ئاماژەمان پێدا رەوشی حوکمڕان لە ھەموو بارەکاندا لە سووریا وەک خۆی نامێنێتەوە، بۆیە ئەگەر ھەرێمێک رابگەیەنرێت یاخود کار لەسەر فۆڕمی ھەرێمێکیش بکرێت لە ژێرەو کارو بارەکانیان لەرووی ئیدارەدانی ناوچە کوردییەکان بکرێت بۆ ئێستەو ئاییندە لە ھەموو بارێکدا دەبێتە دیفاکتۆ و ئایندەی سووریا ھەرچۆنێک بێت ناچار دەبێت کاری لەگەڵدا بکات، بەتایبەتی خەریکە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەشێک لەوڵاتانی دنیا بیر لەوە دەکەنەوە کە ناوچەی دژە فڕین پێکبھێنرێت، بۆیە من پێم وایە دەبێت خۆئامادەکردن بۆ ھەموو ئەگەرەکان لەبەردەست دابێت .
* بە دروستکردنی ھەرێمێکی سەربەخۆ لە سووریا، بێت و کوردان، دۆخی ئابووری و ھەل و مەرجە ئابوورییەکان تا چەند لەبارن بۆ پاراستنی ئەمن و ئاسایشیان؟ بە تایبەتیش بە ئەنجامدانی کۆمەڵێک رێککەوتن لەگەڵ تورکیا و وڵاتانی تر؟
-ئەو پرسیارەش تارادەیەک ھەمان وەڵامی پرسیاری پێش خۆی ھەڵدەگرێت، بێجگە لەوە کە لەرووی ئاسایش و دابینکردنی باری ئابووری ھەرێمەکە من پێم وایە ئەگەر بە شێوەیەکی دبلۆماسی و عقلانی بە شێوەیەک کورد گرەنتی بداتە تورکیا کە ھەڕەشە نییە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی ئەوان، چونکە یەکێک لە نەیارە ھەرەسەر سەختەکانی کورد تاکو ئێستاش دەوڵەتی تورکە ھەر حەساسیەی بە بوونی کورد و ھەرێم و ئازدی مەدەنیش بۆ کورد ھەیە، بۆیە پێویستە جوان دیراسەی بارەکان بکرێت بۆ وەرگرتنی بڕیار و لە دنیای سیاسیش خێر نییە، بەڵکو ھێز لە ھەموو روەکانەوە کاریگەری دەبێت لە سەر بڕیاری نێودەوڵەتی و ناوخۆو ھەرێمایەتیش ئەمڕۆش کورد ژمارەیە لە ھاوکێشە جیھانییەکان بۆیە بە حساب نەکردن بۆ کورد ناوچەکە ئارام نابێت و زەمانەتی پاراستنی ھێمنی و ئاسایشی جیھانیش ناکرێت بەتایبەتی لە رۆژھەڵاتدا و لە قۆناغە راگوزەریەی دنیای ئەمڕۆ جارێکی تر جیھان لەبەردەم گۆڕانکاری گەورەو پێش بینی نەکراویشە بۆیە کورد و سەرکردە سیاسیەکانی دەبێت زۆر ووریا بن، چونکە ئەوان زۆر رەخنەیان لە رابردووی مێژووی پێش خۆیان گرتووە .
*لەم باروو دۆخەی ئێستای ھەرێم، کوردانی باشوور و سەرکردە سیاسیەکان؟ چ رێگەیەک بگرنە بەر بۆ سەر خستنی دۆزی کورد لەم پارچەی کوردستان؟
– پێویستە کورد لە ھەرێمی کوردستان بەتەوای ھێزو کۆمەکی تەواوی مەدەنی و راوێژکاری سیاسی و پشتیوانیکردنیان لە محافلە نێودەوڵەتیەکان بۆ دابین بکات و ھاوکاریان بێت دەستی سلبی نەخاتە رێزەکانیانەوە، ھەوڵ بدات لێکترازان روو نەدات، لەھەمان کاتدا بۆ کوردانی سووریا باشوور پشتیوانێکی گەورەیە، زیاتر بواریان بۆ دەڕەخسێنێت بۆ مناوەڕاتی سەربازی و سیاسی کە ئەمەش فاکتێکی گرنگی ھەرچی زیاتر بە ھێزبوون و باشتر کارکردنە لە سەر چەسپاندنی مافەکانیان کاریگەریان لەسەر بڕیاری سیاسی ئێستاو ئایندەی ئەو وڵاتە .
* قسەیەک ھەبوو لەسەر ئەوەی کە ئەگەر ئێستا باروودۆخی سووریا بەم شێویە بەردەوامیش بێت، ئەوا بۆ کورد بە قازانج دەشکێتەوە بە مەرجێک لەم نێوەندەدا کورد لە ھەوڵی خۆ توندو تۆڵکردن و یەک دەستی دابێت، بۆچوونی بەرێزتان؟
– ھەمان بۆچونم ھەیە، بەڵام نابێت بیریشمان بچێت ھێزو لایەنی دەرەکی ھەن کار لەسەر ھەمان مەسەلە دەکەن و نەیاری کوردیشن، بۆیە دەبێت ھێزە کوردییەکان ئەو ھەڵە بقۆزنەوە بەھیچ شێوەیەک رێگە نەدەن بە تێکچوونی رێزەکانیان و بوار بۆ ھیچ لایەک نەرەخسێنن ئەوە لەم بارەدا درێژەکێشانی دۆخەکە بۆ بەرژەوەندیان تەواو دەبێت ئەویش دەبێت، بەردەوام کاریش لەسەر تەورەکانی تری بەڕێوەبردن و ئابووری و پاراستنی ھێمنی ئاسیش فەرامۆش نەکرێن، لەگەڵ گەشەپێدانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەزگانی بڕیار بەدەستی جیھانیش .
* پێتان وایە رەوشی کورد لە سووریا بچێتە قاڵبێکی شەری نێوەخۆی وەکو باروودۆخی ساڵانی رابردووی باشووری کوردستان؟
-من پێم وایە ئەوە یەکێکە لە ھیواکانی دوژمنانی کورد بۆ ھەرچی زیاتر ناشیرنکردنی کوردو مافە رەواکانیەتی، بەڵام دەبێت کورد پەندی لەرابردوی خۆی وەرگرتبێت، لەلایەکی دەبێت کوردانی سووریا باش بزانن ئەگەر جورئەتی ئەوە بکەن ئەوە راگەیاندنی مەرگی خۆیانە بەدەستی خۆیان لەلایەکی تر دەکەونە بەر نەفرەتی سەرجەم کوردان و مێژووش بۆیە نابێت ھیچ کوردێک بیر لەو مەسەلەیە بکاتەوەو بەخەیاڵیشیدابێت.