سەدیق سەعید ڕواندزی
مێژووی سەرھەڵدان و دروستبوونی زمان، دەکەوێتە دوای دروستبوونی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی. مرۆڤ سەرەتا بە ئاماژە و لە ڕێگەی وێنە و ھەڵکۆڵینەوە، گوزارشتی لە بیر و داخوازییەکانی کردووە. دواتر زمان، وەک پێداویستییەکی ژیان و ئەڵقەی پەیوەندی لە یەکتر گەیشتن، دێتە ئاراوە.
بۆیە زمان بە گشتی، ئامرازێکە بۆ گوزارشت ودەربڕین و گەیاندنی ئەو ھزر و بیرانەی لە ھزرماندایە. نکۆڵی لەوە ناکرێت کە زمان، ڕۆڵێکی سەرەکی و بنەڕەتی لە ژیانی مرۆڤدا ھەیە و تاکە خاسییەتی جیاکردنەوەی مرۆڤیشە لە بوونەوەرەکانی تر، بەڵام دەبێ بزانین، زمان ھەموو بوونێکی مرۆڤ نییە. چونکە ئەگەر بوونی مرۆڤ ببەستینەوە بە بوونی زمان، ئەوکات دەبێ بپرسین ئەی ئەوانەی زمانییان نییە، چۆن گوزارشت لە بوون وھزر و ڕوانینەکانییان دەکەن؟ چۆن دەتوانن پەیوەندی لەگەڵ دەوروبەر و ئەوانیتر و ژیان بەگشتی ببەستن؟ من کە بۆ ماوەی سی ساڵە، ڕۆژانە و بە بەردەوامی، مامەڵە لەگەڵ مرۆڤێکی بێ زمان( کە کەڕوڵاڵە و خوشکمە) دەکەم، ئیدی زۆرباش لەوە گەیشتووم کە مرۆڤ بە بێ زمانیش ژیان دەکات و ھەرگیز بوونی مرۆڤ، بە بوونی زمانی نابەسترێتەوە. بۆیە دواجار زمان، ھەر تەنھا ئەو گەیەنەرەیە کە دەربڕینەکان دەگەیەنێت. لەوە زیاتر، لە ئاستی کەسی و کۆمەڵایتییدا، ھیچ بایەخێکی دیکەی نییە. ھاوشێوەی ئەو ھێڵەی تەزووی کارەبا دەگوازێتەوە. کە ھێڵەکە بوونی نەبوو، مانای وانییە تەزووی کارەباکە بوونی نییە. بۆیە ھزر، لە پێشەوەی زمانە. زمان نابێتە پێناسە و شوناس بۆ مرۆڤ، بەڵکو چی لە پشت ئەو زمانەوەیە، ئەوە دواجار ئاگایی و ھوشیاریی و ژیری مرۆڤ دەردەخات.
زمان ڕەنگدانەوەی ئەو ھزرانەیە کە مرۆڤ ھەیەتی. وەک چۆن سوقرات دەڵێت:_( قسە بکە تا بزانم کێی) قسەکردن لێرە، بە مانای ئەوەیە چی دەڵێیت. چونکە ئەوە ھزرە لە پشت قسەکردنەوە دەوەستێت و ئاماژە بە زمان دەدات چی بڵێت و چی دەرببڕێت. بۆیە بەستنەوەی ھەموو لێکدانەوەیەکی ژیان و ھەموو ئاماژەیەک بە زمان، تێزێکی ھەڵەیە. ئەوە زمان نییە، مانا دروست دەکات و شوناس بە شتەکان دەدات، ئەوە ھزر و بیری مرۆڤە، دیاردە و توخمەکانی ژیان دەخاتە چوارچێوەی زمانێکی ئاماژە پێدراوەوە. ئێمە کە بەردێک، دارێک، ئاو، ئاگر و دەیان و ھەزاران شتی تریش دەناسینەوە و گوزارشتییان لێ دەکەین، چونکە لە بیرماندا ئەو توخمانە ناوێکییان ھەیە و پێیانی دەناسینەوە. مەگەر مرۆڤێکی (کەم ژیر) ئەگەر زمانیشی ھەبێت، دەزانێت خێزان، تەکنەلۆژیا، فڕۆکە و سەدان شتی تر چین؟ بۆیە دەبێ بزانین زمان بەرھەمێنەری ھیچ شتێک نییە ئەگەر لە پێشدا ھزر بەرھەمھێنەری نەبێت. لەو سۆنگەیەوە کاتێ وتاری (گەڕانەوە بۆ نالی و ھەڵگەڕانەوە لە گۆران) م خوێندەوە، کە(حوسێن لەتیف) نووسیویەتی و لە ژمارە( ٢٧٧_٢٧٨) ی گۆڤاری سەنگینی (ڕامان) بڵاوبۆتەوە، وەک خوێنەرێک چەند سەرنجێکی زمانەوانی و بابەتیم لادروست بوون، کە بە بڕوای من، پێویستییان بە ھەڵوەستەکردن و ڕاستکردنەوە ھەیە. چ لە چوارچێوەی وتارەکە بە گشتی، چ لە چوارچێوەی دیاریکردنی وشەی عەرەبی لە شیعری کوردیدا. چونکە حوسێن لەتیف خۆشی، یەکێکە لەوکەسانەی دەیان وشەی عەرەبی لە شیعرەکانیدا ھەیە. کە واتا بۆچی بۆ ئەوە ڕەوا بێت، بۆ شاعیرانی تر نا؟ ئەمە لەلایەک لەلایەکی دیکەوە، نووسەرێک ئەو کاتە دەتوانێت ڕەخنە لە بەعەرەبیکردنی زمانی کوردی لە شیعردا بگرێت، کە خۆی زمانێکی کوردییانەی پەتی و ڕەسەن لە شیعرەکانیدا بەرجەستە بکات. دەنا ڕەخنەگرتنەکە ھیچ بایەخێکی نییە. نووسەر لە سەرەتای وتارەکەیدا، لە بارەی زمانەوە بە گشتی دەدوێت و دەنووسێت:_(کاتێک زمان وەک سیستەمێک لە نیشانە سەیر دەکەین، دەشێت لە نێو ئاخێوەرانی زماندا، جۆرێک لە ڕێککەوتن لەسەر نیشانەکردن بۆ شتەکان لە ئارا دابێت. ھەموومان لەسەر ئەوە کۆکین گوڵی سوور نیشانەیە بۆ خۆشەویستی و گوڵی سپیش نیشانەیە بۆ سەردانیکردنی نەخۆش، کاتێ پرسیاری ھەر جۆر گوڵێک بکەین فرۆشیارەکە دەزانێت ئەم گوڵانە نیشانەن بۆچی) وەک لە سەرەتادا ئاماژەمان پێدا، زمان پێدراوێک نییە و نیشانەیەک نییە بۆ دالەکان، ئەوا ھۆش و بیری مرۆڤە نیشانە دەداتە توخمەکان. گوڵی سوور کە نیشانەی خۆشەویستییە بە نموونە، ئەوا لە ڕێی زمانەوە ئەو مەدولولە ناناسینەوە، بەڵکو ھزر و تێگەیشتنی ئێمەیە بۆ گوڵەکە، کە وەک ھێمایەک بۆ عەشق و خۆشەویستی دەیبینێت. کاتێ گوڵێکی سوور دەدەینە دەست منداڵێکی تەمەن شەش ساڵی، ئاخۆ ئەو دەزانێت ئەم گوڵە نیشانەیە بۆ خۆشەویستی؟ کە واتا نووسەر چۆن ئەو گشتاندنەی زمان دەکات کە کاتێ مرۆڤ گوڵی سوور دەبینێت، بیری بۆ خۆشەویستی دەچێت؟ نە گوڵی سوور و نە گوڵی سپی، ھیچ دەلالەتێکییان نییە ئەگەر مرۆڤ خۆی لە ڕێی ھزرییەوە مانایەکییان نەخاتە پاڵ، چونکە ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین کە ھەر کەسێک ئەو گوڵەی بینی بیری بۆ خۆشەویستی دەچێت، کە واتا زمان تەنھا نیشانەیەکە بۆ نیشانە کراوێک بە تەنھا. گریمان ئەگەر کەسێکی کەم ژیر گوڵێکی سوور ببینێت، بیری یەکڕاست بۆ ئەوە دەچێت کە ھێمای خۆشەویستییە وەک ئەوەی نووسەر نووسیویەتی؟ نووسەر لە درێژەی وتارەکەیدا دەنووسێت_( کەسێک بە بێ ئەوەی ھیچ دەنگێکی لێ بەرز بێتەوە، دەتوانێت ئێمە تێ بگەیەنێت کە ئازارێکی ھەیە، ئەویش کاتێ دەستی لە سەر شوێنێکی لەشی دا ئەنێت) با وای دابنێین، کەسێک بە ھەڵە و بۆ مەبەستی چەواشەکردن و فریودانی بەرامبەرەکەی، دەست لە سەر شوێنێکی لەشی دائەنێت و وا خۆی دەنوێنێت کە ئازارێکی توندی ھەیە، کە لەبنەڕەتدا وانییە، ئایا تێگەیشتنی ئێمە بۆ زمانی ئاماژەی ئەو کەسە، لێرەدا ھەڵەیە یان ڕاست؟ ئەوەی ئەو گوزارشتی لێ دەکات لە ڕێی ئاماژەکانی خۆیەوە دروست و مانادارە، یان شێواندن و فریودان؟ کێشەی نووسەر ئەوەیە کە بە ھەمان ئەو دیدگا گشتییەوە دەڕوانێتە زمان، کە نووسەرانی کورد وەک پیرۆزییەک دەیبینن کە ئەویش کاتێ ھایدگەر دەڵێت ( زمان ماڵی بوونە) واتا بوون دەبەستنەوە بە زمان. لە کاتێکدا زمان ھیچ بایەخێکی نییە، ئەگەر ھزری مرۆڤ مانایەک بە نیشانەکانی ئەو زمانە نەدات. مرۆڤ دەتوانێت نماییشی جۆرا و جۆر لە ڕێگەی زمانی ئاماژە و تەنانەت زمانی دەربڕین و گوتنیشەوە بکات، بە بێ ئەوەی ھیچ پەیوەندییەکی بە ڕەھەندەکانی زمان خۆیەوە ھەبێت. ئەمە لێکدانەوەکانی مرۆڤە ڕەھەندە شاراوەکانی پشت ئەو زمانە لێکدەداتەوە و دواتر مانا بە ناوەڕۆک و گوتاری زمانەکە دەدات. ھەر لە درێژەی وتارەکەیدا، حوسێن لەتیف دەنووسێت:_( ھێماکانی ھاتووچۆ زمانێکی تایبەت نییە بە کولتوورێکی دیاریکراو بەڵکو تەواوی کۆمەڵگاکانی جیھان ڕێککەوتوون کە ئەمە زمانی نێوان شوفێر و پیادەڕۆشە) ھەڵبەتە ھێماکانی ھاتووچۆ، تەنھا ئاماژەن بۆ شوفێر و زۆرینەی ھەرە زۆریان، ھیچ پەیوەندییەکییان بە پیادە ڕۆوە نییە.
ئەمە لەلایەک لەلایەکی دیکەوە، ھێماکانی ھاتووچۆ ئاماژەی زمانەوانی نین، بەڵکو ئاماژەی وێنەیین. واتا ئەو ھێمایانە لە ڕێی بینینەوە دەناسینەوە نەک زمان. لێرەوەش بایەخی ئەو ھێمایانە بۆ کەسانێک کە نابینان ھیچ نییە، ئەگەر زمانی ئاماژە و دەربڕینیشیان ھەبێت، وەک ئەوەی نووسەر نووسیویەتی. کە واتا زمان بە گشتی، پێدراوێکی سرووشتی و فیزییکانەی مرۆڤە و لە دەرەوەی ھۆش و بیرکردنەوە، ھیچ بایەخێکی نییە. ھەموو مانا و ئاماژەکانی زمان، ئەو کاتە دەلالەتێکییان دەبێت، کە ھزری مرۆڤ ئاراستەیان بکات. دەنا بوونی زمان بە تەنھا ناتوانێت ئاماژە و شوناس بە ھیچ شتێک بدات. بەشی دووەمی وتارەکەی نووسەر، لە باری دیاریکردنی وشەی عەرەبییە لە شیعری دوو شاعیری کورد دا. دیارە ڕەنگدانەوەی وشەی عەرەبی و زمانەکانی تریش لە بینای ھونەری دەقی شیعریدا، ھەر لە سەردەمی شیعری کلاسیکەوە تاکو ئێستا، لە ئەزموونی شیعری شاعیرانی کورد بە گشتی دەبینرێت. ئەم گرفتە، بەشێکە لە گرفتێکی گەورەتر کە ئەویش نەبوونی زمانی ستاندار و نەتەوەیی و ھاوکات کوردییانەی پەتی و ڕەسەن لە شیعردا. ھەڵبەتە زمانی کوردی یەکێکە لەو زمانە ورد و ھەمە زاراوە و ھەمە ماناکانی جیھان، کە وردەکاری زمانەوانی ئەو تۆی تێدایە، کە لە زمانەکانی دیکەی جیھان بوونییان نییە. بۆ نموونە:_(جەستە، تەرم، لاشە، ڕوفات) ھەر یەکەیان ئاماژەن بۆ دۆخێکی جەستەیی دیاریکراو. ئەمە لە زمانەکانی دیکەدا (عەرەبی و ئینگلیزی)بوونی نییە مەبەستمان لێرەدا ئەوەیە، کە کورد گرفتی ھاو واتاو زاراوەسازیی نییە. بۆیە ئەگەر شاعیرانێک وشەی عەرەبی لە شیعرەکانیاندا ھەبێت، ئەوا پەیوەندی بە دنیابینی و تێگەیشتنی خۆیانەوە ھەیە، نەک خودی زمان. کاتێ شاعیرێکیش ڕەخنەی ئەوە دەگرێت کە وشەی عەرەبی لە ئەزموونی شاعیرانی تردا ھەیە، دەبێ خۆی زمانێکی تەواو کوردییانە و خاڵی لە وشەی عەرەبی ھەبێت، ئەو کاتە ڕەخنەکەی شوێنی خۆی دەگرێت.
حوسێن لەتیف، خۆشی لە شیعرەکانیدا، نەک تەنھا وشەی عەرەبی، بەڵکو ئایەتی قوڕئانی پیرۆزی داناوە، کە سەرتاپای عەرەبییەکی ڕاستەقینەیە و ھیچ پەیوەندی بە زمانی کوردییەوە نییە. بەو پێیەی قوڕئان بە زمانی عەرەبی دابەزیوە. بۆیە ئەویش ھاوشێوەی (دلاوەر قەرەداغی و جەمال غەمبار)، دەیان وشەی عەرەبی لە شیعرەکانیدا ھەیە. لە کۆمەڵە شیعری (جەنگ نیازی ئاوابوونی نییە)، پێنج ئایەتی قوڕئانی تێکھەڵکێشی شیعرەکانی کردووە. شاعیرە کلاسیکەکانیش ھەر ئەمەیان کردووە. ئەگەر پاساوی نووسەر ئەوە بێت، کە زمانی قوڕئان عەرەبییە و بۆیە بە عەرەبی ئایەتەکانی داناون، ئەوا پاساوێکی لاوازە، چونکە ئێستا ئایەتەکانی قوڕئان بە کوردی کراون و دەیتوانی بە کوردی دایانبنێت، ئەگەر لە خەمی زمانی کوردی دایە و لەو سۆنگەیەشەوە ڕەخنە لە شاعیرانی تر دەگرێت. ھەرلەو کۆمەڵە شیعرەی حوسێن لەتیف، ئەم وشانە ھەن کە ھیچیان کوردی نین و ھەندێکیشیان عەرەبین. ئەوانیش:_(موعجیزە، قیبلە، مستەر، گۆلف، قارداش، ستیان، مۆدێرنە، زەمھەریر، ڕەمز، حیجاب، ئیمان، ئاغا، یابە، تەوق، میتامۆرۆفۆس) ئەم وشانە، ھیچیان کوردی نینە و تەنانەت ھاو واتاشیان ھەیە لە زمانی کوردی. کەواتا بۆچی شاعیر ڕەخنە لە (غەمبار و قەرەداغی) دەگرێت، کە وشەی عەرەبی لە شیعرەکانیاندا ھەیە. ئەگەر ئەمان زمانی کوردییان لە شیعرەکانیاندا بە عەرەبی کردبێت، ئەوا حوسێن لەتیف لە یەک کاتدا لە شیعرەکانی خۆی، زمانی کوردی بە(عەرەبی، تورکی، ئینگلیزی) کردووە. سەد ھەنگاو زیاتر لەو دوو شاعیرە بۆ دواوە، گەڕاوەتەوە بۆنالی و گۆرانی جێھێشتووە.
ھاوکات لە شیعرەکانی کۆمەڵەی شیعری (دەرگاکان بە زەردەخەنە دەکرێنەوە) کە ئەویش ھەر ھی خۆیەتی، ئەم وشانە دەبینرێن (ئەجەل ، فۆتۆ، شەحاتە ، جەنەڕاڵ ، سندووق ، موبتەدا ، خەبەر ، تیلاوە ، دەفتەر) ئایا ئەمانە، لە کوێدا وشەی کوردین، تا شاعیر ڕەخنە لە شاعیرانی تر بگرێت، کە وشەی عەرەبی لە شیعرەکانییان ھەیە؟ بۆیە پرسی ڕەنگدانەوەی وشەی بیانی لە زمانی کوردیدا، پرسێکی ئاڵۆزە و ناکرێت ئەو بابەتە ببەستینەوە بە دوو شاعیری دیاریکراو. وەک خوێنەرێک لەبەر ئەوەی سەروکارێکی زۆرم لەگەڵ دنیای کتێب و خوێندنەوەدا ھەیە، ئیدی دەزانم کەم نووسەری کورد ھەیە، لە دەقەکانیدا پەنا نەباتە بەر وشەی بیانی بۆ نووسین. بۆیە ئەم دیاردەیە ئەو کاتە نامێنێت، کە زمانێکی ستاندەری یەکگرتوومان ھەبێت، یان دەزگاکانی دەوڵەت بە کوردیکردنی نووسین بە گشتی بکەنە فەرمی.
*ئەم بابەتە لە ژمارە(٢٨٨) گۆڤاری ڕامان، ڕێکەوتی ٥/١٠/ ٢٠٢١ بڵاوکراوەتەوە.