سەدیق سەعید ڕواندزی
کەشتییەکان ناگەڕێنەوە، ناوی دوا ڕۆمانی (ئەحمەدی مەلا) یە و ماوەیەک لەمەو بەر، چاپ و بڵاوکرایەوە. ئەم ڕۆمانە، باسی کارەکتەرێک بە ناوی فقێ گڵناس دەکات. فقێ کوڕی مەلا کۆترە، مەلاکۆتر دوای ئەوەی بەدریەی قەیرە کچ، بە سەر غوربەتی دایکی فقێ گلناس دێنێت، ئیدی ئەویش گوندەکە جێدێڵێت و لە ڕێگەدا، ڕێکەوتی گالیسەوانێک دەکات و داوای لێ دەکات بیباتە ئەو سەری دونیا. ئەویش لەگەڵ خۆی دەیبات و گوند بە گوند دەیگێڕێت. لە ھەر یەک لەو گوندانە، کەسانێکی بە بیرکردنەوە و بە کولتوور جیاوز دەژین و ھەریەکەیان سەرۆکێکی خۆی ھەیە. تایبەتمەندی کۆمەڵایەتی و کەسی ئەم گوندانە، لە یەکتری جیاوازن, بۆ نموونە: لە گوندێکییان، پێشبڕکێی جوێن ساز دەکرێت و کامەیان جوانترین جوێن بدات خەڵات دەکرێت. لە گوندێکی دیکەیان، مەلایەک بە میزی حوشتر نەخۆشەکان چارە دەکات. لەویتریان، مەلا تەیفور خەون لێک دەداتەوە. گڵناس دەچێتە شاخ و لە نێو شۆڕش و کارەکتەرەکانی دەمێنێتەوە و دوای نا ئومێدبوونی، بە ڕێگەی قاچاع دەچێتە ئەوروپا. ھەموو ئەو ڕووداوانە، لە ژیانی گەنجی گڵناس ڕوویانداون و ئەو کاتەی لە سەر چارپایەک و بە تەنھا دەژیت، وەک یادەوەری دەیانھێنێتەوە بەرچاوی خۆی. بە بڕوای من، تیمەی ڕۆمانەکە بە شێوەیەک لە شێوەکان، ڕەخنەگرتنە لە شۆڕش و دروشمەکانی و خەباتی شاخ و دوای ڕاپەڕین، بە تایبەتیش کە ڕۆماننووس پێشتر خۆی لە شاخدا ژیاوە و ئەو کارەکتەرانە دەکاتە بیانووێک بۆ ئەوەی ڕەخنە لە ئەقڵیەت و بیرکردنەوەی سیاسییانەی تاکی کوردی و کارەکتەرە سیاسییەکانیشی بگرێت. ڕۆمانەکە وەک تیمە، بیرۆکەیەکی جوانە، بەڵام ڕۆماننووس نەیتوانیوە بە تەکنیکێکی سەرکەوتووانە و زمانێکی ئەدەبییانەی باڵا، سوود لەو تیمەیە وەربگرێت و بە شێوەیەک لە ڕۆمانەکەدا، بینای بکات، کە ببێتە جێی سەرنجی خوێنەر. بە داخەوە زمانی نووسین و گوزراشت و گێڕانەوە لەو ڕۆمانەدا، دەیان ھەڵەی تێدایە، کە لێرەدا ئاماژەیان پێ دەدەین.
ھەڵە لە گوزارشتکردن و دەربڕین:_
لە ڕۆمانەکەدا، چەندین ھەڵە لە ڕووی گوزارشتکردن و دەربڕینەوە ھەن، وەک:_
* لا ٥ نووسیویەتی:_(باڵندە لە سەر چڵ و لقە چڕەکانی دەنیشتنەوە، پاییز بوو) سەرنج لە وەرزەکە و لق و چڵی دارەکان بدەن؟
* لا ٦ نووسیویەتی:_( ڕۆژی گواستنەوەکە بە بێ شایی و ئاھەنگ بەڕێوەچوو، کۆتاییان بە زەماوەندە سارد و سڕەکە ھێنا) مادام شایی و ئاھەنگ نەبووە، زەماوەندەکە چۆن کراوە؟
* لا ١٣ نووسیویەتی:_(درەختێکی دەگمەن بوو، چەند ساڵێک بوو خودی وەزیری کشتوکاڵ لە حەوشەکەی خۆی پەروەردەی کردبوو، ھەر بە تۆوە چاندبووی) ئایا درەختەکان بە تۆ دەچێنرێن؟
* لا ١٣ نووسیویەتی:_(درەختێکی دەگمەن بوو، چەند ساڵێک بوو، خودی وەزیری کشتوکاڵ لە حەوشەکەی خۆی پەروەردەی کردبوو) کە چی دێڕێک دواتر، ئەمجارەیان دەنووسێت:_(درەختەکە تەمەنی سێ ساڵ دە بوو) سەرنج لە چەند ساڵێک و سێ ساڵ بدەن!
* لا ١٦ نووسیویەتی:_( سەرۆک پیاوێکی ڕەوان بێژ نەبوو، بە زەحمەت وشەی بە دروستی لە شوێنی خۆی بە کاردەھێنا، بەڵام دەیزانی چۆن ھەست و سۆزی گوێگران بە لای خۆی ڕابکێشێت) ئایا ئەو دوو گوزارشتە، لە ڕووی مانایەوە یەکدەگرنەوە؟ ئەگەر گوتاربێژێک نەتوانێت وشە بە دروستی بە کاربێنێت، کە واتا ناتوانێ وتارێکی باش و سەرنج ڕاکێش پێشکەش بکات؟ ئیدی نازانم چۆن توانیویەتی سۆز و ھەستی گوێگران ڕابکێشێت!
* لا ١٨ نووسیویەتی:_( دوعایەکی تفت و تاڵی بۆ مەلا کۆتر نارد) دوعای تفت و تاڵ چ مانایەکی ھەیە؟ چ جوانییەکی تێدایە؟
* لا ٢٢ نووسیویەتی:_(کەلە شێرەکەی لە ئاوی گەرم ھەڵدەھێنا، تاکو گەندوو مووانەی لێ بکاتەوە) ئایا پەلەوەرەکان، موویان ھەیە یان چیخ؟ تۆ بڵێی نووسەر کە کەسێکی دیاری دونیای نووسینە، نەزانێت مریشک و پەلەوەرەکان چیخییان ھەیە نەک موو؟
* لا ٢٥ نووسیویەتی:_( پاش نیوڕانێک دوای نوێژی عەسر) سەرنج لە ڕستەکە بدەن لە ڕووی زەمەنییەوە؟
* ٢٦ نووسیویەتی:_( دڵۆپە عارەقەی ھەڕاش لە سەر تەوێڵی دەلەرینەوە) بە داخەوە ئەم جۆرە لە زمانی گوزارشتکردن لە ڕۆماندا، بە تایبەتی بۆ نووسەرێکی سەنگینی وەک ئەحمەدی مەلا .
* لا ٢٧ نووسیویەتی:_( بۆنی شیری دایکت بھێنمەوە ژێر مەڵاشووت) تەنھا دەپرسین، ئەگەر شیر بێتەوە ژێر مەڵاشوو، تامی ھەیە یان بۆن؟
* لا ٢٨ نووسیویەتی:_(پەز و مەڕ) ھەردووکییان ھەر یەکن.
* لا٢٩ نووسیویەتی:_(ڕامانەکانی زۆر قووڵ نین بەڵکو تەنکە بیرۆکەیەکە) تەنکە بیرۆکە، چ داھێنانێکی تێدایە؟
* لا ٣١ نووسیویەتی:_( تا بناگوێی مرۆڤ تاریکی بوو) ئایا تاریکی تا بنا گوێی مرۆڤ دێت؟
* لا ٣٢ نووسیویەتی:_(پیاوێک دانیشتبوو ھەندێ ئاگری کردبووەوە) ھەندێ ئاگر چییە؟ ئاگر ئاگرە، ھەندێک و زۆری لە کوێ بوو؟ ئەوەی ھەیە بڵێسەی بچووک و گەورەیە.
* لا ٣٦ نووسیویەتی:_( لووتیان وەکو کفتەیەکی بچووک سوور ببوو، فرمێسکی شڵتێن بە چاویان دەھاتە خوار) لووتی کفتەیی و فرمێسکی شڵتێن، ھیچ جوانییەکییان تێدایە؟
* لا ٣٦ نووسیویەتی:_( کفنێکی سپی) کە گوتمان کفن، سپییەکە ئامادەیە، کەواتا سپی پێویست نییە.
* لا ٣٩ نووسیویەتی:_(شەش وەزیر درەختەکەیان ھەڵگرتبوو) بەڵام پێشتر لە لاپەڕە ١٣ دا، نووسیویەتی ( چوار وەزیر) .
* لا ٤٨ نووسیویەتی:_( ئەو پرسیارەی ھاتبووە سەر نووکی زمانی) ھەمیشە ناگوترێت سەری زمان و بنی زمان نەک نووکی زمان.
* لا ٥٠ نووسیویەتی:_(سڵاویان لەو بڕە کەسە دەکرد کە ھاتبوون سەیریان بکەن) ئایا بڕیش ھەمان مانای چەندی ھەیە و دەتوانیت بۆ مرۆڤیش بڕ بە کار بێنیت؟
* لا ٥١ نووسیویەتی:_(جوعە قەمبوور بە نەوازشێکەوە چەمایەوە) جا کە قەمبوور بووە، چەمانەوەی بۆ چییە؟
* لا ٥٤ نووسیویەتی:_( لە دۆڵەکەدا لە نێو مژێکی چڕدا ون دەبوو، بۆنی شێی دەکرد، ھاڵاوێک بەرزدەبووەوە نەیدەزانی چۆن وەسفی بکات) سەرنج لە شێ و ھاڵاو بە یەکەوە بدەن!
* لا ٥٥ نووسیویەتی:_( چەند کانییەک تەقیبوون و خوڕەیان دەھات، خۆری پاییز لەو بەرزایەش ئاگری دەکردەوە) سەرنج لە تەقینی کانییەکان و وەرزەکە بدەن ؟
* لا ٥٦ نووسیویەتی:_( گزەی زەردەواڵە دەھات، دەچوو ھێلانە دروست بکات) تۆ بڵێی ڕۆماننووس، بای ئەوە لە زمان شارەزا نەبێت، کە زەردەواڵە شانە دروست دەکات نەک ھێلانە؟
* ٥٧ نووسیویەتی:_(ھەر بە تەکییەکی بێ ھەریسە و شێخی دەکرد) کەواتا دەبێت حوسێنییە بووبێت، نەک تەکییە!
* لا٦٩ نووسیویەتی:_( ئاسمانی ئەو بەیانییە زۆر شین بوو، بەڵام شینێکی کاڵ) کە زۆر شین بووە، نازانم چۆن کاڵ بووە؟
* لا ٧٢ نووسیویەتی:_( دەستی کردەوە بە گۆرانی و لە بەر خۆیەوە وشەکانی بۆ زیاد دەکرد، لەگەڵ گۆڕانییەکە ھەموولەشی دەلەرییەوە) کەسێک گۆرانی لە بەرخۆیەوە، واتا بە نزمی بڵێت، لەشی دەلەرێتەوە؟
* لا ٧٣ نووسیویەتی:_( ئارەزووی دەکرد خۆی لە ناو ئەو چڵپاوە، وەک ئاژەڵێک بگەوزێنێ) ئاژەل لە نێو چڵپاو خۆی ناگەوزێنێ، بەڵکۆ خۆی تێ وەردەدات، گەوزاندن تەنھا بۆ ناو تۆز و خۆڵە.
* لا ٧٧ نووسیویەتی:_( بروسکەکان ھێندە خێراو لە پڕ بوون) مەگەر بروسکەی ھێمن و لە سەر خۆش ھەیە!
* لا ٧٨ نووسیویەتی:_(لە پرێکدا، گوێی لە شڵپە شڵپەی جووتێک جزمە بوو، قوڕەکەی دەشێلاو لە دەرگاکە نزیک دەبووەوە، لە دەرگا درا، گەنجێک بوو، وەک کێشکە لە ئاو ھەڵکێشرابوو، جووتێ نیو پووتی لە بەر بوو) ڕۆماننووس بە وردی سەرنجی لە کەوشی کارەکتەرەی ڕۆمانەکەی نەداوە!
* لا ٩٤ نووسیویەتی:_( مەلا پاساری، لە نێو سنووقێکی بۆڕاق، سێ شەو و سێ ڕۆژ خۆی شاردبووەوە لەو ماوەیەدا نە نانی خواردبوو نە ئاو) کەچی ئەمجارە لە لاپەڕە ٩٦ دەنووسێت:_(سێ ڕۆژ و سێ شەو بوو، لەو یەک دوو پسکیتە بترازێ کە لەگەڵ خۆی بردبوویە ژوورەوە، ھیچ زادێکی تری نەخواردبوو) نازانم کە ھیچی نەخواردووە، چۆن بسکیت و زادی خواردووە؟
* لا٩٦ نووسیویەتی:_(تەرمیش تەنھا ھەندێک ئێسک و پرووسک بوو) کەواتا ڕوفات بووە نەک تەرم، چونکە تەرم، مانای وایە ھێشتا گۆشت بە ئێسقانەوەیە.
* لا ٩٧ نووسیویەتی:_( لە پێش ئەو گۆڕەی دایبنێن، کە چەندین ساڵ بوو بۆی دیاریکرابوو، دوێنێ ئێوارە بە جوانی ھەڵکۆڵدرابوو) نازانم کە گۆڕەکە ئێوارەی پێشتر ھەڵکۆڵدراوە، چۆن چەندین ساڵە بووە بۆی ئامادە کراوە؟
* لا ٩٧ نووسیویەتی:_( مەلا پاساری ھەر ئەوەندەی پێکرا، کراس و عەبا سپییەکەی لە بەر بکات) کە چی چوار دێڕ دواتر دەنووسێت:_(بایەکی مەیلە و گەرم جەمادانییەکەی مەلای دەلەراندەوە).
* لا ٩٧ نووسیویەتی:_( حەشاماتێکی بێ ئەژمار) مەگەر کە گوتمان حەشامات، مانای ئەوە نییە خەڵکێکی بێ شوماری لێ بووە؟.
* لا ٩٩ نووسیویەتی:_( خۆی لەو خۆرە دەپاراست، کە لێی دوورکەوتبووەوە) مادام خۆرەکە نەماوە، خۆ پاراستنی بۆ چییە!
* لا ١٠٩ نووسیویەتی:_(شەوێکییان کچە گەورەکەی موختار لە خەو ڕاپەڕی، نیوەی شەو تازە بە تازە بە دیوی سپێدەدا وەردەچەرخا، خێرا سەرپۆشێکی سپی دا بەسەریا و بەرەو ماڵی مەلا تەیفوری خەوبین کەوتە ڕێ) کاتەکە لێرەدا دیارە کە ھێشتا نەبۆتە بەیانی، بەڵکو شەوەکە تازە بەلای سپێدەوە وەرچەرخاوە، بەمەش دەبێ ھێشتا زۆری مابێت بۆ سپێدە، کەچی شەش دێر دواتر ئەمجارەیان دەنووسێت:_( یەکەم جار بوو بەو کازیوەیە، بە تەنھا بەگردەکە بێتە خوارەوە) بە مەرجێک ماڵی ڕەعنا و ماڵی مەلاش، ھێندە لە یەکترییەوە دوور نەبوونە.
* لا ١١١ نووسیویەتی:_(لە پڕێکدا ھەستم کرد دڵم نییە، دەستم خستە سەر دڵم ھیچ شتێک لێ نەدەدا، ترسێک لە سەر دڵ و دەروونم نیشت) ڕۆماننووس ھەر بە خۆی قسەکانی خۆی ڕەت دەکاتەوە، کە جارێک دەڵێت دڵی نەماوە، کەچی لە ھەمان کاتدا دڵی ھەستی بە شتێک کردووە!
* لا ١١٥ نووسیویەتی:_( مەلا تەیفور، کتێبەکەی سەرەو ژێر کردبوو، چاوی بە وشەی تەماتە نەکەوتبوو، بە خەون بینینەکەی گوت، برام بەھێت دەوێت ھەیە، ھەنارت دەوێت ھەیە، قەیسیت دەوێ ھەیە، خورمات دەوێ ھەیە، تەنانەت پیاز و ترێی ڕەش و سپیشت دەوێ ھەیە) لێرەدا، مەلا باسی سێوی نەکردووە، کەچی لەلاپەڕە ١٣٢ دا، کاتێ مەلا لە شاخدا ئەو بەسەرھاتە دەگێڕێتەوە دەڵێت:_( بە گوندییەکەم گوت، لە جیاتی تەماتە با سێوێکی سوور دابنێین) ڕۆماننووس بیری چۆتەوە، پێشتر چی نووسیوە!
* لا ١١٧ نووسیویەتی:_(مەلا تەیفور بە ڕەعنای گووت، گیانەکەم نەکەویتە دەشتی کەنعان و نەتخەنە بیرێکی قووڵەوە، کاروانیش فریات ناکەوێت، میسریش دوورە) باسەکە دیارە کە مەبەست حەزرەتی یوسفە، بەڵام ئایا، حەزرەتی یوسف مێ بوو، تا ڕۆماننووس ڕەعنا بە ئەو بچوێنێت؟!
* لا ١١٩ نووسیویەتی:_( پڕۆژەکتەرەکان بە پێی ھاتنی شەو و ڕۆژ دادەگیرسان و دەکوژانەوە) ئەم دەربڕینە، ھیچ داھێنانێکی تێدایە لە نووسین؟ مەگەر کەس ھەیە نەزانێت، ھەموو ڕووناکییەک ئەو کاتە دادەگیرسێت، کە تاریکایی ھەبوو؟
* لا ١١٩ نووسیویەتی:_( دەستی گڕ دەدا تاکو ئەو لایتە بچووکە بدۆزێتەوە کە بە دیاری بەخشیبوویە کوڕەزاکەی) مادام دەزانێت لایتەکەی کردۆتە دیاری، بە دوا گەڕانی بۆ چییە؟
* لا١٢٢ نووسیویەتی:_(کەواو چاکەتەکەی خۆڵاوی بوون) بەڵام ھەر چەند دێڕێک دواتر دەنووسێت:_(کەواو کراسەکەی فرێدا)
* لا ١٢٥ نووسیویەتی:_( سەیری ئەو بۆیاغانەی دەکرد، کە لە ھەندێ شوێن لە تەختەی گالیسکەکە وشک ببوونەوە و چەمابووەوە ڕەق ببوو) بۆیاغ کە لە تەختە وشک بووەوە، ڕەق نابێت، چونکە تەختە بۆیاغ ھەڵدەمژێ. ئەو حاڵەتەی ئەو باسی دەکات، تەنھا بۆ ماددەی ئاسنە. بۆیاغ لەسەر ئاسن رەق دەبێت و لول پێچ دەبێت.
* لا ١٣٢ نووسیویەتی:_ (مەلا تەیفوور، گەڕام و سووڕام لە ھیچ شوێنێکی ئەو ئیبن سیرینەم نەبینی باسی تەماتە بکات، ئەو دەم بە گوندییەکەم گوت، لە جیاتی تەماتە با سێوێکی سوور دابنێین) تا ئێرە دیارە، بەڵام با بزانین ڕۆماننووس پێشتر چی نووسیوە، ئایا باسی سێوی کردووە؟ لەڵاپەڕە ١١٥ نووسیویەتی:_( مەلا تەیفور کتێبەکەی سەرەو ژوور کرد، چاوی بە وشەی تەماتە نەکەوت، پێی گوت برام، بەھێت دەوێ ھەیە، ھەنارت دەوێ ھەیە،قەیسیت دەوێ ھەیە،خورمات دەوێ ھەیە، تەنانەت پیازو ترێی ڕەش و سپیشت دەوێ ھەیە) واتا نەیگوتوەە سێوێکی سوور دابنێین، بەمەش ڕۆماننووس بیری چۆتەوە پێشتر چی نووسیوە!
* لا١٣٩ نووسیویەتی:_( کاتێ ھەڵاتم دەمزانی شەوێک دادێت ماڵی موختار بە سەرمان دادەدەن) لێرەدا، وا دەردەکەوێت کە دوای ھەڵاتنی مەلا تەیفووری خەون بین، پیاوەکانی موختار چوونەتە سەر ماڵەکەی بۆ ئەوەی بیکوژن، بەڵام ڕۆماننووس ھەر خۆی پێشتر لەڵاپەڕە ١٢٢ دەڵێت:_( دوای ئەوەی پاسەوانەکان، موختار ئاگادار دەکەنەوە، شەوی پێش ئەوەی گڵناس و بەختەوەر بگەنە گوندەکە، دابووی بە سەر ماڵی مەلا داو مەلاش چووبوو دەست بە ئاو بگەینێت، ھەرچۆنێک بێت ھەر ئەو شەوە بۆی دەرچوو کتێبەکەی ڕزگار کرد) واتا ھەمان شەو ، بە ڕێکەوت خۆی ڕزگار کردووە. بۆیە ئەمە دوو گێڕانەوەی پێچەوانە و ھاودژی یەک ڕووداون!
* لا١٤٠ نووسیویەتی:_(دەڵێن توورەگەکەی ڕوو کردببووە سەر عەرزەکە، دە دوانزە گوێی بڕاو کەوتبوون، بەخشەوەر کەمێک پەشۆکا) بەڵام شەش دێر دواتر، ھەر خۆی ئەم قسەیەی خۆی ڕەت دەکاتەوەو دەنووسێت:_( کاتێ توورەکە گوێیەکانی ڕووکردە سەر زەوی، ھیچ مووچرکێک بە جەستەی دانەھات).
* لا ١٤١ نووسیویەتی:_( بەخشەوەری بینی زۆر نەگۆڕاوە، بەڵام سەرو ڕیشی سپی بووە) مەگەر گۆڕانی مرۆڤ چۆنە؟
* لا ١٤٤ نووسیویەتی:_( لە سەر کومبارێکی نایلۆن دانیشتبوو) نازانم کە کومبار بووە، چۆن نایلۆن بووە؟
* لا ١٥٩ نووسیویەتی:_( بە درێژایی سەدەی بیست و یەک، ڕیشاڵە تێکچڕژاوەکانی دەردەکەوتن) سەدەی بیست و یەک، تازە دوو دەیەی لێ ڕۆیشتووە، ئیدی نازانم بە درێژایی سەدەی بیست و یەک بۆ؟
* لا ١٦٦ نووسیویەتی:_( جوعە قەمبوور پیر ببوو، لە سەرووی ھەشتاوە بوو، پیری پێوە دیار نەبوو، خاوەن جەستەیەکی گردبووەوە تۆکمە بوو) بە تەنھا لەو پەڕەگرافە، ڕۆماننووس دوو ھەڵەی کردوونە. یەکەم: ئایا کەسێک تەمەنی لە سەرووی ھەشتا ساڵەوە بێت، پیری پێوە دیار نییە؟ دووەم: جوعە کە قەمبوور بووە، چۆن جەستەیەکی گردبووەوەی ھەبووە؟ بە تایبەتی کە ئەو کارەکتەرە لە زگماکییەوە، بە کووڕی لە دایک بووە؟
* لا ١٧٢ نووسیویەتی:_ (جەژنی سەربەخۆیی ئەمەریکا، ھەموو ساڵێک لە بەرواری ٤ ی گەڵاوێژ بەڕێوە دەچێت) بێگومان ئەمە ھەڵەیە، چونکە جەژنی سەربەخۆیی ئەمەریکا، لە ٤ ی تەممووزە، ئایا ئەو ڕۆژە ڕێکەوتی چواری گەلاوێژ دەکات؟
* لا ١٧٤ نووسیویەتی:_(سەرەتا دەبوو، ژەنەڕاڵ شۆرت مارت گوتارێک بە کوردی پێشکەش بکات، گوتارەکەی بە کوردی پێشکەش کردوو گووتی: لە ساڵی ١٧٧٦ سەربەکۆیی مانمان بە دەست ھێنا، دۆستایەتی پێویستی بە کوربانییە، کوربانی لە ھەردوو لاوە) ئەمە زمانی ژەنەڕاڵە ئەمریکییەکەیە کە بە کوردی دەدوێت، سەیر لەوە دایە، چەند دێڕێک دواتر ڕۆماننووس دەنووسێت:_( بە کوردییەکی ڕەوان گوتارەکەی پێشکەش کرد) سەرنج لە قسەکانی و ڕەوانییەکە بدەن، بزانن یەکدەگرنەوە؟
* لا ١٨٥ نووسیویەتی:_(دوای گەڕانەوەی قژ زەردەکەو دوو جمکانەکە، بەدریەی قەیرە بووک، لە نێو خانووێکی گەورە و چۆڵ و ھۆڵ دەژیا) لێرەدا، دیارە کە دوو جمکانەکە لە گەڵ ژنە قژ زەردەکە گەراونەتەوە ھۆڵەندا، کەچی لە لاپەڕە ١٨٦ دا ئەمجارەیان دەنووسێت:_(کاتێک جمکانەی دووەم دڵی وەستا، لەگەڵ مردنە کتوپڕەکەی مەلا کۆتر لێی تێکچوو، کاتێکیش قژە زەردەکە سواری فڕۆکە بوو بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە ھۆڵەندا، باوەشیان لەیەک نەدا) ئەمە مانای وایە، تەنھا یەکێک لە جمکەکان لەگەڵ ژنە قژ زەردەکە چووە، چونکە جمکی یەکەمیان مردووە!
* لا ١٨٨ نووسیویەتی:_( دوو گەنج بە بەھانەی کڕینی چەند شوشەیەک شەڕاب، خۆیان گەیاندە ناو دۆڵەکە، ئەم شارۆچکەیەی کە جاران پێی دەگوترا میوانخانەی شۆڕش، خێوەتەکان نەمابوون، نانەواخانەکە وێران ببوو، بارەگاکان ڕووخابوونە سەر یەک) ئەمە مانای وایە ئاسەواری ژیانی لێ نەماوە، کەچی چەند دێڕێک دواتر و لە لاپەڕە ١٨٩ دا ئەمجارەیان دەنووسێت:_(چەندین گالۆن بە نزینییان خستە ژێر دار مێوەکانەوە) نازنم ئەو گالۆنە بەنزینانە، لەو شوێنە وێران بووە لە کوێ ھاتن؟! بە تایبەتی پێشتر ڕۆماننووس باسی بەنزینی نەکردووە!
* لا ١٨٨ نووسیویەتی:_( ھەموو پاییزانێک دەیان ھێشووە ترێی ئاوسییان بە ژێر گەڵاکاندا شۆردەکردەوە) ئەمەی ئەو باسی دەکات، دەبێ ھاوین بێت، چونکە لە پایزدا، ترێ زۆر کەم دەبێتەوە و ھەر نامێنێت.
چەند نموونەیەک لە ڕێزمانی ھەڵە لە کتێبەکەدا:_
بە گشتی ڕێنووسی ئەم ڕۆمانە، لە زۆر شوێن ھەڵەیە و نووسەر ڕەچاوی ھیچ ڕێسایەکی زمانەوانی نەکردووە. بە تایبەتی لە داڕشتنی ڕستە و کردارەکانی تاک و کۆ، یاخود بکەر و کار. لێرەدا چەند نموونەیەک لە ڕۆمانەکە وەردەگرین.
* لا ٣٩ نووسیویەتی:_(سەرۆک و دارو دەستەکەشی لە ژێر کەپرێک دانیستبوو) سەرنج لە کردارەکانی تاک وکۆ لە ڕستەکە بدەن.
* لا ٤٣ نووسیویەتی:_( سەرۆک ھۆزەکان، بە پەنجەی شایەتمان ڕاوەشاندنەوە دەھاتە خەونەکانییەوە) سەرۆک ھۆزەکان کۆیە، بۆیە دەبوو بنووسێت ( دەھاتنە خەونەکانییەوە).
* لا ٤٨ نووسیویەتی:_( خەڵاتیش، یا سەرکە قەندێکە، یا شەڕواڵێکە یا کڵاوێکە) خەڵات ھەڵەیە و خەڵاتەکانیش دروستە.
* لا ٥٦ نووسیویەتی:_( خۆڵی ھەیوان وەکو لم وابوون) وابوون ھەڵەیە، وابوو ڕاستە.
* لا٦٠ نووسیویەتی:_( خاتوون دەمێک بوو لە تەنیشت سەرۆک دانیشتبوو، ئەمجارەیان سەرۆک ھاوارێکی کرد، خانمە سەرۆک ئاوڕی لێ دایەوە) ڕۆماننووس بە شێوەیەک ڕستەکەی داڕشتووە، وەک ئەوەی خانمێک ھەبێت و سەرۆک بێت، نەک ئەو خانمە خاتوونی ژنی سەرۆک بێت. زمانی کوردی زمانێکی وردە، یەک ھەڵەی بچووک لە نووسین، تەواوی مانای ڕستەکە دەگۆڕێت. پاشانیش، دەبوو نووسەر بزانێت، ژنی سەرۆک پێی ناگوترێت خانمە سەرۆک، بەڵکو خانمی یەکەمی پێ دەگوترێت. ئەمانە زانیاریی زۆر سەرەتایین، بۆ کەسێک کە ڕۆمان بنووسێت.
* لا ٦٦ نووسیویەتی:_( سەدەی نۆزدە و سەدەکانی خوارتر) سەدەکانی پێشوو، پێشووتر ھەن، بەڵام نەمبیستووە سەدەی خوارتر ھەبن!
* لا٧٢ نووسیویەتی:_( بەو پێغەمبەرانەی دەکرد، کە لە دەست قەومەکەی ھەڵاتبێ) بەو پێغەمبەرەی دەکرد دروستەکەیە.
* لا ٧٢ نووسیویەتی:_( دەتگوت دەرزی لای فارابی خوێندووە) ئایا دەرس و دەرزی، ھەمان مانایان ھەیە؟
* لا ٧٦ نووسیویەتی:_( بگەڕێتەوە لای باوکە پیرەمێردە پە ژمووردەکەی) مەبەست باوکە پیرەکەیەتی، بەڵام ڕۆماننووس بە شێوەیەک نووسیویەتی، وەک ئەوەی باوک و پیرەمێردێک بن!
* لا٨٠ نووسیویەتی:_( ئێوارە ڕۆژنامەوان زۆر ماندوو بوو، یەکسەر دەگەڕێتەوە ژوورەکەی بۆ ئەوەی بخەوێت، جلەکانی لە بەر داکەندو تەنھا بە دەرپێیەکەوە چووە سەر جێیەکە) مەبەست ئەوەیە، کە ڕۆژنامەنووسەکە خۆی جلەکانی دەگۆڕێت، کەچی ڕۆماننووس بە شێوەیەک نووسیویەتی، وەک ئەوەی کەسێک جلەکانی لەبەر دابکەنێت!
* لا ١٠٦ نووسیویەتی:_( زۆربەیان تا دەمە و ئێوارە دەخەوت) سەرنج بدەن، بکەر کۆیە کار تاکە.
* لا ١٣٩ نووسیویەتی:_ (پڕی لە گوێی بڕاوی موختارەکانی ئەم دەڤەرە بوو) سەرنج لە ڕستەکە لە ڕووی زمانەوانییەوە بدەن.
* لا ٢٠١ نووسیویەتی:_( زۆریان پارچە پەڕۆیان بە دەستەوە بوو، ڕای دەوەشاند) دیسانەوە بکەر کۆیە، کار تاکە.
وەسف:_
وەسف، یەکێکە لە ڕەگەزە سەرەکییەکانی ڕۆمان و لە پاڵ ڕەگەزەکانی دیکە، بینای ھونەری ڕۆمان پێک دێنن. زمانی وەسفکردن، دەبێ زمانێکی ھونەری جوان، ورد، ھاوکات بابەتی و لۆژیکیش بێت، کە بشێ وەسفەکە بکاتە جێگەی سەرنج و باوەڕی خوێنەر. وەسف لەو ڕۆمانەی ئەحمەدی مەلادا، ھێندە سەیر و سەمەرەیە، کە خوێنەر گومان دەکات ڕۆماننووس زمانێکی ھێندە ھەژاری لە ڕووی ئستاتیکی و ھونەرییەوە ھەبێت، بۆ ئەوەی وەسفی شتەکانی پێ بکات. لەو ڕۆمانەدا، خوێنەر بەرچەندین وەسفی سەیر و سەمەرە دەکەوێت. بۆ نموونە:
* لا ٨١ نووسیویەتی:_( لە پڕێکدا قاقایەکی کرد، قاقایەک بوو، گوێی گوێدرێژەکەی دەلەراندەوە، پێکەنین نەبوو، قاقا بوو، شتێک بوو لەو دیو قاقاشەوە، بە جۆگەڵەیەک قاقای دەکرد، وەک شەربەیەکی زەبەلاح سەر و قلپ کرابێتەوە) لای من بە ھیچ شێوەیەک گونجاو نییە، ئەمە زمانی وەسف بێت لە ڕۆمان، لای ئەحمەدی مەلا.
* لا ٨١ نووسیویەتی:_( ھەمان قاقا بە گەرم و گوڕتر و شێتانەتر، وەک بەرمیلە شەڕاب دەلەرییەوە ) بەرمیلێک شەڕابی تێدا بێت، تۆ بڵێی لە بەر قورسایی بلەرێتەوە؟
* لا ٨٢ نووسیویەتی:_( ئەو ھەموو کالۆریەی فاسۆلیا بە ھەند وەرنەگرین) کەواتا دەبێ پڕۆتین بووبێت نەک کالۆری.
* لا ٨٩ نووسیویەتی:_( ھەندێ پەنیر و ھەندێ نان و مەتارە ئاوەکە و کاڵەکێکی نۆ مانگیلەی لە سەر سفرەکە دانا) کاڵەکی نۆمانگیلە، چ مانایەکی ھەیە؟
* لا ٨٩ نووسیویەتی:_( توێکڵێکی تەنکی لە لەشی کاڵەکەکە داماڵی) سەرنج لەو وەسفە بدەن؟
* لا ٩٠ نووسیویەتی:_ ( کاڵەکەکەی درێژکردوو وەک سپرینگێکی خاوی لێ ھات) ئاخر کاڵەک لەکوێ و سپرینگ لە کوێ؟
* لا ١١٦ نووسیویەتی:_ (ئەم خەونە شێدارانە) خەونی شێدار چ مانایەکی ھەیە؟
* لا ١١٦ نووسیویەتی:_ (دەستی کرد بە فیکە لێدان، فیکەیەکی پڕ گلەیی بوو) فیکەی پڕ گلەیی چ مانایەکی ھەیە؟
* لا ١٢٧ نووسیویەتی:_( وەک گوندێکی زلی ناقۆلا، بە بێ پلان زل دەبوو) گوندی زل، چ جوانییەکی تێدایە.
* لا ١٣٢ نووسیویەتی:_ (ماڵ کاولییەکی پەتی بوو) کەس وەسفی وەھای بیستووە؟
* لا ١٣٩ نووسیویەتی:_ (بەخشەوەر ھەموو گیانی بوو بوو بە دوو گوێ) مەگەر مرۆڤ خۆی دوو گوێی نییە؟
* لا ١٧٢ نووسیویەتی:_ (پێویستیان بە بۆنی ھاڵاوی فەلسەفەی ھاوچەرخ ھەبوو) سەرنج لەو وەسفە بدەن! مەگەر ھاڵاو بۆنە یان گەرمایی؟
خاڵێکی دیکە لە بارەی ڕۆمانەکە بە بڕوای من ئەوەیە، کە ڕۆماننووس لە پێدانی ڕۆڵ بە کەسایەتییەکان، سەرکەوتوو نەبووە. بە شێوەیەک کە بگونجێت لەگەڵ پاشخانی ھزری و ڕۆشنبیریان. بۆ نموونە: کاتێ کارەکتەری مەلا کۆتر، ھەڕەشە لە ئاغا دەکات، ڕۆماننووس دەنووسێت:_( مەلا کۆتر دەستی بۆ گۆپاڵەکەی درێژ کردوو تووڕە دیاربوو گووتی: ھەی بێ نامووسی قەحپە باب، ھەی سەگی سەگباب، ھەی کاوێزی حیزباب) دەپرسین، ئەمە زمانی کەسێکە بە پیشە مەلا بێت و بەردەوام لە مزگەوت بێت؟ دواتر مەلا و ھیچ کەسێکی دیکە، قەت بوێری ئەوەیان ھەبووە بەو شێوەیە قسە بە ئاغایەک بڵێن؟
دواجار دەڵێم، ئەحمەدی مەلا، شاعیر و نووسەرێکی بە توانا و دیار، سەنگین و ڕۆشنبیرە و لای من و یەکێکە لەو نووسەرانەی بە بایەخەوە نووسینە جۆراوجۆرکانی دەخوێنمەوە. بە داخەوەم کە ئەو ڕۆمانەی بەو ئاستە نووسیوە. ھیوادارم ئەمە، ھۆکارەکەی پەلەکردن لە نووسین و بڵاوکردنەوە نەبێت، چونکە ئەو ساڵانێکی زۆر و درێژە لەوە دەرچووە تەنھا بۆ ناو و نماییش کتێب بڵاو بکاتەوە.
* پەراوێز: کەشتییەکان ناگەڕێنەوە، نووسینی ئەحمەدی مەلا، بڵاوکراوەی: ئەندێشە_ ٢٠٢٠