بورھان شێخ رەئوف
ئەگەر مێژووی دێرێنی شارستانێتی و ژیاری عێراق کۆڵەکەو پێگە بەھێزەکەی ھەردوو ڕووباری دیجلەو فورات بووبێت ، وڵاتی ڕافدەین دووزێی نەمر یان کردە لانکەی شارستانێتیەکی گەورە ،کە داھێنان بکەن لە بواری فەلسەفەو ئەدەب و ھونەر ،جگە لە کشتوکاڵ و پیشەسازی و ئابوری لە ھەزاران ساڵی ڕابردوودا ، شارستانێتیەکانی بابلی و ئەکەدی و سۆمەری بەڵگەی حاشا ھەڵنەگرن .
ھەر ئەوەشە ژیانی ملێونان لە خەڵکی ئەم وڵاتە پەیوەستە بەو دوو ڕووبارەو گەورەو ڕووبارە بچووکەکانیشەوە بە شێوەیەکی ئۆرگانیکی کە ھیچ ئەڵتەرنەتیفێکی تری نیە ،تەنانەت ئەو ھەموو جەنگ و ململانێ و داگیرکارییانەی کە بەسەر عێراقدا ھاتووە لە دیرۆکی کۆن و نوێ دا نەیان توانی لە یەکیان جودا بکەنەوە ،
چونکەلە مێژە وتوویانە ئاو وئاوەدانی و ژیان بەبێ ئاویش مەحاڵە .
لە مێژووی عێراقدا ھەرگیز بارودۆخی نالەبەر و شەڵەژاوی وای بە خۆیەوە نەدیووە ،گیرۆدەی سەدان کێشەو قەیرانی کوشندە ،لەوانەش خراپتر دراوسێ موسڵمانەکانی لە پشتەوە خەنجەری ژەھراوی لێ دەدەن و پشکە ئاوەکەی دەبڕن ئەو ڕووبارانەی کە شاخوێنبەری جەستەی عێراقن .
لەوانەش مەترسیدار ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی ئاوی ئەوروپیە کە ڕاستیەکی سامناک ئاشکرا دەکات ئەویش ئەوەیە کە عێراق تا ساڵی ٢٠٤٠ ھەموو ئاوی ھەردوو ڕووباری دیجلەو فورات بەتەواوی لە دەستدەدات !
ھۆکاری وشک بوونی دیجلەو فورات
دروستکردنی پڕۆژەی گاپ لە لایەن تورکیاوە لە ناوچەی باشوری خۆرھەڵاتی ئەنازۆڵ کە پێکھاتووە لە (٢٢) بەنداو ی زۆرگەورەو ،لەوانە چواردەیان لە سەر ڕووباری فورات گرنگترینیان بەنداوی ئەتاتورکە ،ھەشت بەنداوویش لە سەر ڕووباری دیجلە گرنگترینیان بەنداوی ئەلیسۆیە کە دەتوانێت نیوەی ئاوی دیجلە گل بداتەوە ، ھەروەھا ٩٠% ئاوی فوراتیش بۆخۆی مۆنۆپۆڵ بکات .
سەرەتای ئەم پڕۆژانەی تورکیا بە شێوەیەکی خۆپەرستانەو یەکلایەنەکە ھیچ بەھایەک بۆ مافی دراوسێکانی دانەنێت لە سەر ھەردوو ڕووباری دیجلەو فورات ،دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی فەرمانڕەوایی سەرۆکی ئەو دەمەی تورکیا سلێمان دیمیریل کە وتبووی دیجلەو فورات دوو ڕووباری تورکین و سەرچاوەکانی تورکین ،چۆن بیرە نەوتەکانی عێراق و سوریان ھی ئەو دوو وڵاتەن و ئێمە ھاوبەشیان نین لە داھاتەکانیاندا ،ھەربۆیە ئەوانیش مافی ئەوەیان نیە ھاوبەشی داھاتە ئاوییەکانمان بن ، ئەمە مەسەلەی سەروەرییە .
دواتریش حوکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتی تۆرگۆت ئۆزال ساڵی ١٩٨٧ ڕێککەوتننامەیەکی لە گەڵ حکومەتی سوریا بەست ،بەگوێرەی ئەو ڕێکەوتنە تورکیا لە چرکەیەکدا (٥٠٠) م٣ ئاوی فورات بەردەداتەوە بۆ سوریا ، لە بەرامبەردا حکومەتی سوریا بەڵێنی بە تورکیا دا کە بەر لە ھێرشی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان بگرێت کە ئەو بەنداوە بتەقێننەوە ،بەڵام لە گەڵ عێراقدا ھیچ ڕێککەوتنامەیەکیان نەکرد چونکە عێراق ئەو کاتە سەرقاڵی شەڕی ئێران بوو ، لەلایەکی تریشەوە زۆر پێویستی بە تورکیا بوو وەکو ڕێگایەکی ئیستراتیجی بۆ ھێنانی کەلوپەلی جەنگی لە کاتی جەنگی عێراق و ئێراندا .
ئێران
لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ پرۆسەی ئلزادی عێراقەوە ئێرانیەکانیش سەرگەرمی دروستکردنی بەنداو گۆڕینی ڕێڕەوی ئەو ڕووبارانەن کە دەڕژێنە خاکی عێراقەوە ،وەکو ڕووباری زاب و ڕوباری ئەڵوەن لە خانەقین ،ئەمەش عێراقی بێبەش کرد لە پشکی خۆی لە ئاو ، بووە ھۆکاری وشک بوونی زۆرێک لە ڕووبارەکان .
بە گوێرەی ئاماژەکان و پێشبینیەکانی ( الاجھاد المائی ) ساڵی ٢٠٢٥ وشکەساڵییەکی زۆءر سەخت دەبێت بۆ ھەموو عێراق ،لەگەڵ شێوە وشک بوونێکی تەواوی ڕووباری فورات ،ڕووباری دیجلەش دەبێتە ڕووبارێکی کەمئاو و لاواز .
لە کۆتاییدا ئەمە ئاماژە سامناکەکانی ئایندەی عێراقە بە دەست بێ ئاوی و وشکەساڵیەوە ،ئەی حکومەت عێراق ،ئەنجومەنی نوێنەران ، سەرۆک کۆمار ، سەرۆکی دەستەڵاتی دادوەری ، حزبەکان، سوپا حەشدی شەعبی ، دەزگای ھەواڵگری عێراق ،دەبێت ھەموو ئەمانە ئەم ھەڕەشەو مەترسیانە بە جدی وەربگرن ھەنگاوی پەلە ی بۆ بھاوێژن ،ڕاو تەگبیری خێرا ، زانکۆکانی عێراق و کوردستان ڕۆڵیان چیە لەو چرکە ساتە مێژززییەدا کە عێراق و عێراقیە کان لە بەردەم مەترسی تێنوێتی و قاتی و قڕیدان ،